riklam

دوای هەشت ساڵ پرسی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران دەجوڵێندرێت

کوردستان 02:52 PM - 2024-03-26
دیناری عیراقی PUKMEDIA

دیناری عیراقی

وەزارەتی دارایی ھەرێم داوا لە وەزارەتەکان دەکات لەگەڵ ئامادەکردنی لیستی مووچە، لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ئامادە بکەن کە ماوەی ھەشت ساڵە راگیراوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: "یەکێک لە سوودەکانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانە، کە ماوەی هەشت ساڵە بەنایاسایی حکومەتی هەرێم رایگرتووە" .

پلە بەرزکردنەوە لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانە

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی ھەرێم کە ٢٤ی٣ ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی کردووە و ئیمزای ئاوات جەناب وەزیری دارایی لەسەرە، تیایدا سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە لەگەڵ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ٣ی٢٠٢٤ لیستێکی تریش ئامادە بکەن کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا بێت.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "بەوپێیەی لە داهاتوودا حکومەتی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین دەکات، هیچ ئەرکێکی دارایی ناکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم بۆیە دارایی هەرێم لەم کاتەدا داوای لیستی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی لە وەزارەت و دەستەکان کردووە".

"هەشت ساڵە حکومەتی هەرێم ستەم لە مووچەخۆرانی دەکات و بەنایاسایی پلەبەرزکردنەوەی راگرتووە، لەئێستاشدا یەکێک لە مەرجەکانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران دەبێت، کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانە"، شیروان میرزا وایوت.

مووچە بچێتە سەر بەغدا راگرتنی پلەبەرزکردنەوە نامێنێت

ئەمەش لەکاتێکدایە دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵای ژمارەیەک فەرمانبەر، کە بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاڕاستەیان کردبوو، ئاماژەی بەوەداوە: "لەگەڵ ئەوەی ئەو پرسە تایبەتمەندی دادگاکەمان نییە، بەڵام بە دروستبوونی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە ئاسایی پلەبەرزکردنەوەش دەستپێدەکاتەوە و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عیراق شتێک نامێنێت بەناوی راگرتنی پلەبەرزکردنەوە".

ماوه‌ی هەشت ساڵه‌ به‌هۆكاری قه‌یرانی دارایی‌ له‌ هه‌رێم پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی هه‌رێمی كوردستان راگیراوه‌ كه‌ بۆ زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌ران دوو یان سێ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ ده‌كات، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی PUKMEDIA ش هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ به‌پێی خشته‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ بڕی 5 ملیۆن و 700 هه‌زار دینار هه‌تا 9 ملیۆن و 600 هه‌زار دینار زیانی به‌ركه‌وتووه‌.

مووچەخۆران بەدوو شێوە پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە

راگرتنی پلە بەرزکردنەوە كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مووچه‌ و پله‌ی مووچه‌خۆران كردووه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای خزمه‌تی شارستانی ده‌بوایه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێم 4-5 ساڵ جارێك پله‌كه‌ی به‌رزبكرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك دوو یان سێ پله‌ به‌رزكردنه‌وەیان راگیراوه‌.

به‌گوێره‌ی سیستمی بایۆمه‌تری حكومه‌تی هەرێمی كوردستان ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم (یه‌ك ملیۆن و 249 هه‌زار و 481) مووچه‌خۆره‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش (483 هه‌زار) مووچه‌خۆری مه‌ده‌نییه‌، كه‌ هەشت ساڵه‌  پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان راگیراوه‌ .

پسپۆڕێكی ژمێریاریی به‌وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA ی وت: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بڕ‌یاری پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانه‌ران جێبه‌جێ بكات ئه‌وا هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك مانگانه‌ (60 بۆ 100) هه‌زار دینار به‌پێی پله‌ی وه‌زیفی له‌مووچه‌كه‌ی زیاد ده‌كات".

"بەپێی یاسا مووچه‌خۆران به‌ دوو جۆر پله‌یان به‌رزده‌كرێته‌وه‌، پله‌ 1 تا 5 ، پێنج ساڵ جارێك و پله‌ 6 بۆ 10، چوار ساڵ جارێك پله‌یان به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌مجۆره‌ هه‌م پله‌ی وه‌زیفی له‌ قۆناغێکەوە‌ بۆ قۆناغێکی دیكه‌ بۆ به‌رزتر ده‌گۆڕ‌ێت، هاوکات مووچه‌كەشی‌ زیاد ده‌كات" ئه‌و پسپۆره‌ وایوت.

راگرتنی پلە بەرزکردنەوە فەرمانبەرانی خستووەتە هێڵی هەژارییەوە

به‌پێی به‌دواداچوونێكی وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ له‌ رۆژی (1/1/2016)ـه‌وه‌ بڕ‌یاره‌كه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هەشت ساڵه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌و ماوه‌یه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران دوو یان سێ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یان فه‌وتاوه‌".

د. خالید حەیدەر مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری تایبەت بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "راگرتنی پلە بەرزکردنەوە کاریگەری زۆری لەسەر بژێوی ژیانی فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستکردوەو بەجۆرێک ئەگەر پێشتر بارودۆخی مووچەخۆران لەڕووی ئابوورییەوە لە پلەی مامناوەندیدا بووبێت، لەئێستادا هاتوونەتە هێڵی هەژارییەوە".

"لە کابینەکانی هەشتەم و نۆیەمدا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە پابەندییەکانی بەرامبەر بە فەرمانبەران و مووچەخۆران جێبەجێبکات، کە پلە بەرزکردنەوە یەکێکە لەمەرجەکانی راژەی فەرمانبەران"، د. خالید حەیدەر وای وت.

نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی درێژکردەوە

سه‌باره‌ت به‌ راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌، رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی ژماره‌ی 11ی ساڵی 2016ـ هه‌یه‌و ده‌ڵێت: "پێویسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رێكی پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتییه‌كان پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یان رابگیرێت، هه‌تا په‌سندكردنی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2016)، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2017 ش به‌ درێژكردنه‌وه‌ی راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ پشتی به‌هه‌مان رێنمایی به‌ست و ئه‌و ساڵه‌ش درێژه‌ به‌ راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ دراوه‌، له‌م كابینه‌یه‌شدا حكومه‌ت ئاماده‌نه‌بوو بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، به‌مه‌ش درێژه‌ به‌راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ درا".

له‌ (1ی1ی2016) پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ڕ‌اگیراوه‌و به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی PUKMEDIA ئه‌و داهاته‌ی به‌هۆی ڕ‌اگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه‌وه‌ له‌ساڵانی ڕ‌ابردوودا له‌هه‌ردوو كابینه‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌مدا بۆ حكومه‌تی هه‌رێم گه‌ڕ‌اوه‌ته‌وه‌ نزیکەی 6 ترلیۆن دینارە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket