riklam

سەرۆک بافڵ لە میونشن پەیامی چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکان دەخاتەڕوو

کوردستان 07:42 PM - 2024-02-18
کۆبوونەوەکانی سەرۆک بافڵ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا PUKMEDIA

کۆبوونەوەکانی سەرۆک بافڵ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ

بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تاکە سەرکردەی حزبی کوردستان بوو، کار و چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) دوای سێ رۆژ کۆتاییهات، هەروەها زیاتر لە 450 بڕیاردەری باڵا و سەرکردەی وڵاتان لە سەرانسەری جیهان تێیدا بەشداربوون، سەرۆک بافڵ لە سەرجەم دیدارە سیاسی و دیپلۆماسیەکانیدا کە لەسێ رۆژی کۆنفرانسی میونشن ئەنجامیدان تەئکیدی لە "چارەسەری ئاشتیانەو زاڵکردنی زمانی دیالۆگ بۆ کێشەکان کردەوە".

 

تەنها سەرکردە کاریگەرەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن

بەشداربووانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بریتیبوون لە سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ كاریگه‌رەکانی ناوچەکانیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی، لەو چوارچێوەیەشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداربوو، کە وەک تاکە سەرکردەی حزبی لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوو.

لە کۆبوونەوەکانیشیدا سەرۆک بافڵ تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ چارەسەری کێشەکان خستەڕوو، راشیگەیاند: "ئەرکی هەموولایەنەکانە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و رێگریی لە فراوانبوونی گرژییەکان بکرێت".

سەرۆک بافڵ ستراتیژی یەکێتی بۆ سەقامگیری ئاشتی خستەڕوو

لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک بافڵ ژمارەیەک دیداری سیاسیی گرنگی لەگەڵ سەرکردە و لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجامدا و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرامبەر پرسە هەنووکەیی و چارەنووسسازەکاندا خستەڕوو.

هەروەها لە دیدارەکانی سەرۆک بافڵ دا، پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان و عیراق لە گرژییەکانی ناوچەکە، هەروەها پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان تاوتوێ کران.

کۆبوونەوەکانی سەرۆک بافڵ

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ، هەروەها دەیڤد میلیباند، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی بەریتانیا، سیناتۆر جۆ لیبرمان سیناتۆری پێشووی ئەمریکا و  هاوسۆزی گەلی کورد و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال، محەمەد بن ئەحمەد بن عەبدوڵا ئەلمەسنەد راوێژکاری میری قەتەر بۆ ئاسایشی نیشتمانیی، ده‌يڤد كاميرۆن وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا، دکتۆر ئەنوەر قرقاش راوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان، هەروەها عه‌بدوڵا عه‌لى ئه‌ليه‌حيا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى کوەیت کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکانیشیدا سەرۆک بافڵ پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەشی زیاتر لەنێوان لایەنەکاندا بەشێوەیەک خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی زیاتر بکات و ئاماژەی بە کاری پێکەوەیی زیاتر کرد بەشێوەیەک هەموو لایەک هاوکاربێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا چونکە دۆخەکە هەستیارە و پێویستی بە بڕیاری دروست و سیاسەتی حەکیمانە هەیە.

کۆنفرانسەکە دەرفەتی گرنگی بۆ گفتوگۆ رەخساند

(MSC) لە پاییزی ساڵی 1963 لەلایەن ئیڤاڵد ڤۆن کلایستەوە دامەزراوە، هەروەها لە یادی 60 ساڵەی خۆیدا دەرفەتی گرنگی رەخساند بۆ گفتوگۆی جددی لە ئاستی باڵا لەسەر كێشە ئەمنییەکانی جیهان جارێکی دیکە بڕیاردەران و سەرکردە بیرمەندە باڵاکانی لە سەرانسەری جیهان کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زەقترین نیگەرانییە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆنفرانسەکەدا لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی غەززە، سەرۆکی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین، شای ئوردن، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی میسر ئامادەبوون و گفتووگۆ لەسەر رێگاکانی دەربازبوون لە ململانێکان کرا.

رۆژی هەینی 16-2-2024 لە میونشنی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆش 18ـی 2ـی 2024، کۆنفرانسەکە کۆتاییهات.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket