سەرۆک بافڵ وەک تاکە سەرکردەی حزبی لە کوردستان بەشداری کۆنفرانسی میونشن دەکات
کوردستان 11:45 AM - 2024-02-17سەرۆک بافڵ
بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تاکە سەرکردەی حزبییە لە کوردستان، دووەمین رۆژی
کار و چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بەردەوامە کە تێیدا زیاتر لە 450
بڕیاردەری باڵا و سەرکردەی ووڵاتان لە سەرانسەری جیهان بەشدارن.
سەرۆک بافڵ لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال ئاشتی دەوێت
دارا
خەیلانی لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەمەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "سەرۆک بافڵ لەسەر رێبازەکەی
سەرۆک مام جەلال وەک تاکە سەرکردەی حزبی لە کوردستان گرنگی بە بواری دیموکراسی و
بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە دەدات، لەم
ڕوانگەیەشەوە بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات".
"چاوپێکەوتنەکانی
سەرۆک بافڵ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەلمێنەری ئەو
ڕاستیەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکەش سیاسەتێکی
دروست لەپێناو ئاشتی پەیڕەودەکات و بووەتە حزبێکی مۆدێرن لە ناوچەکە، ئەمە جگەلەوەی
کە ئەو چاوپێکەوتنانە رۆڵی بەرچاودەگێڕن لە بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ
هەرێمی کوردستان و عیراق"، دارا خەیلانی وادەڵێت.
رۆڵی سەرۆکی یەکێتی و کۆنفرانسی میونشن
سەرۆکی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک تاکە سەرکردەی حزبی لە کوردستان بەشداری کۆنفرانسی
میونشن لە ئەڵمانیا دەکات، ئەمەش بۆ ئەو رۆڵە کاریگەریەی دەگەڕێتەوە کە لەسەر
ئاستی عیراق و کوردستان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان گێراویەتی.
فریال
عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند:
"بەشداریکردنی سەرۆکی یەکێتی وەک تاکە سەرۆکی حزبی کوردی لە کۆنفرانسی
ئاسایشی میونشن بۆ ئەو رۆڵە کاریگەریەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە کە لەپێناو
ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عیراق بینیویەتی، ئەمە جگەلەوەی کە
هەمیشە سەرۆک بافڵ هەوڵی چەسپاندنی یاسای داوە".
"پرسێکی
دیکەی گرنگی کۆنفرانسی میونشن تایبەتە بە بواری ئابوری، لەم بوارەشدا کە هەوڵەکان
بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی خستنەناو خشتەی وڵاتانی ئابورییەوەیە، کە
بە هەناردەکردنی غاز ببێتە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنانی وزە، لەم روانگەیەشەوە
بۆچوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیارە کە دەیەوێت غازی
هەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەتی گشتییەوە"، فریال عەبدوڵڵا وادەڵێت.
ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی دەکرێت
لە
یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرکردە،
نێردەی وڵاتان و کەسایەتییە سیاسییەکان لە پەراوێزی بەشداریكردن لە کۆنفرانسی
ئاسایشی میونشن، لەگەڵ سیناتۆر جۆ لیبرمان، سیناتۆری پێشووی ئەمریکا، هاوسۆزی گەلی
کورد و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال و دەیڤد میلیباند، سەرۆک و
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی و وەزیری
پێشووتری دەرەوەی بەریتانیا و جۆن کێری،
نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کۆبووەوە.
لە دیدارەکانیشیدا سەرۆک بافڵ درێژەدان
بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆک مام جەلالی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی
كێشەكان بەتایبەت کە لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، لەم روانگەیەشەوە رایگەیاند:
"هەوڵی ئێمە بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرترە، دیالۆگ و
گفتوگۆی بونیادنەرانەش فاكتەری بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەیە".
سەرۆکی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوایین پێشهات و
گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەرچاوڕوونیداوە و ئاماژەی بەوەداوە: "ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت
و پێویستی بە دیالۆگ و هەنگاوی بەرپرسیارانە هەیە، هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستانیش بۆ رێگریكردنە لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە و دوورخستنەوەی وڵات لە
ململانێكان"، هەروەها لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا کە لەگەڵ جۆن كێری بوو،
ناوبراو ستایشی هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك بافڵی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و وتی:
"جێگەی دڵخۆشییە بەهەمان رۆحیەتی سەرۆك مام جەلالەوە درێژە بە كاری سیاسی
دەدەن و هەنگاوەكانتان لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندای".
سەرۆک بافڵ ستراتیژی یەکێتی بۆ سەقامگیری ئاشتی دەخاتەڕوو
هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک بافڵ ژمارەیەک
دیداری سیاسیی دیکەی گرنگ لەگەڵ سەرکردە و لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجامدەدات و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی
كوردستان لەبەرامبەر پرسە هەنووکەیی و چارەنووسسازەکاندا دەخاتەڕوو.
هەروەها تەوەرێکی
دیکەی دیدارەکانی سەرۆک بافڵ، پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان
و عیراق دەبێت لە گرژییەکانی ناوچەکە، جگەلەوەی پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و
فراوانکردنی هەماهەنگییەکان تاوتوێ دەکرێن.
کۆنفرانسەکە دەرفەتی گرنگ بۆ گفتوگۆ دەرەخسێنێت
کۆنفرانسەکە جارێکی دیکە دەرفەتێکی گرنگ دەرەخسێنێت بۆ
گفتوگۆیەكی جددی لە ئاستی باڵا لەسەر كێشە ئەمنییەکانی جیهان، سەرەڕای ئەوەش (MSC) کە
لە پاییزی ساڵی 1963 دامەزراوە، هەروەها یادی 60 ساڵەی خۆی
دەکاتەوە.
دوای شەش دەیە لە دامەزراندنی لەلایەن ئیڤاڵد ڤۆن
کلایستەوە، (MSC) جارێکی
دیکە بڕیاردەران و سەرکردە بیرمەندە باڵاکان لە سەرانسەری جیهان کۆبوونەتەوە بۆ
گفتوگۆکردن لەسەر زەقترین نیگەرانییە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.
رێگاچارەکان دیاریدەکرێن
لە کۆنفرانسەکەدا هیچ دانوستانێکی رەسمیی ئەنجام نادرێت، بەڵام
زۆرجار رێگاکان نەخشەیان بۆ دادەنرێت، بڕیارەکان ئامادە دەکرێن، چارەسەرەکان
لەبەرچاو دەگیرێن، ئەمەش لە ژوورەکانی پشتەوەی ژوورەکانی هۆتێلی (بایریشەر هۆف) دەبێت،
کە دەیان ساڵە چالاکییەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت.
رۆژی هەینی 16-2-2024 لە میونشنی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆنفرانسی
ئاسایشی میونشن (MSC) دەستیپێکرد
و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت واتە رۆژەکانی 16و17و18ـی 2ـی 2024.
ئەمساڵیش
لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی غەززە، سەرۆکی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین، شای
ئوردن، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی میسر ئامادەن و گفتووگۆ لەسەر ئەوە
دەکرێت دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی دەربازبوون لە ململانێکان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ژمارهو ناوی كاندیدانی یهكێتی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان
12:50 PM - 2024-09-25 -
ئاساییش بکوژی هاووڵاتیەک دەستگیر دەکات
08:51 PM - 2024-10-05 -
شێخ جەعفەر: مامۆستایان رۆڵی خۆیان لە گۆڕانکاریی هەرێمدا ببینن
06:13 PM - 2024-10-05 -
قوباد تاڵەبانی: تەنها یەکێتی توانای گۆڕینی شێوازی حکومڕانی هەیە
02:25 PM - 2024-10-05
ئەمانەش ببینە
هەژماری من لەبەرژوەندی بنەماڵەیەک و دژی مووچەخۆرانە
05:08 PM - 2024-10-05
سەرۆک بافڵ: (هەژماری من) هی مەسرورە
03:30 PM - 2024-10-05
سەرۆک بافڵ لە کەرنەڤاڵی لیستی ١٢٩ لە کۆیە دەبێت
11:57 AM - 2024-10-05
لیستی ١٢٩ی یەکێتی: بەپێی دەستور پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان یەکلایی دەکەینەوە
09:06 AM - 2024-10-05
زۆرترین خوێنراو
-
هەژماری من لەبەرژوەندی بنەماڵەیەک و دژی مووچەخۆرانە
کوردستان 05:08 PM - 2024-10-05 -
سەرۆک بافڵ: (هەژماری من) هی مەسرورە
کوردستان 03:30 PM - 2024-10-05 -
قوباد تاڵەبانی: تەنها یەکێتی توانای گۆڕینی شێوازی حکومڕانی هەیە
کوردستان 02:25 PM - 2024-10-05 -
پەیامی هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ خانەوادەی مەلا حەمەئەمین کەلاری
پرسەنامە 02:19 PM - 2024-10-05 -
سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران: سەرۆک مام جەلال پارێزەری یەکێتی خاکی عیراق بوو
کوردستان 12:44 PM - 2024-10-05 -
بکوژانی گەنجەکەی هەولێر دەستگیرنەکراون
کوردستان 12:20 PM - 2024-10-05 -
سەرۆک بافڵ لە کەرنەڤاڵی لیستی ١٢٩ لە کۆیە دەبێت
کوردستان 11:57 AM - 2024-10-05 -
لەژێر سێبەری حکومەت ٧٠٠ کەس لەهەولێر بێکاردەکرێت
کوردستان 11:49 AM - 2024-10-05