riklam

پلانی گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی هەرێم بۆ زێدی خۆیان جێبەجێدەكرێت

کوردستان 05:18 PM - 2024-02-04
ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان PUKMEDIA

ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان

سەرۆككۆماری عیراق داوا لە نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەكات، هاوكاریان بێت لە خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران لە عیراق و كۆتاییهێنان بە دۆسێی ئاوارەكان و گەراندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

هاوكات وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە جێبەجێكردنی پلانێكدایە چارەسەری بنەرەتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بكات كە زۆرترین ئاوارەش لە شارەكانی هەولێر و دهۆكن، هەر خێزانێك بگەڕێتەوە بۆسەر زێدی خۆی 4 ملیۆن دیناری دەدرێتێ و قەرەبوویان دەكاتەوەو دەرگای دامەزراندن لەوەزارەتە جیاوازەكان بۆ ئاوارەكان دەكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسێیەی كەمپی ئاوارەكان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسیگەی رۆژنامەوانی سەرۆككۆماری عیراق كە وێنەیەكی بۆ PUKMEDIA نێردراوە، د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ جۆن نیکۆلا بۆز نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران كە 4/2/2023 لەكۆشكی كۆمار بەڕێوەچوو، جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسێی ئاوارەکان بە یەکجاری". بۆیە جۆن نیكۆلا پشتیوانی لە بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق دەکات بۆ "چارەسەر و كۆتاییپێهێنانی دۆسێیەی ئاوارەكان".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پلانێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كە وێنەیەكی PUKMEDIA نێردراوە، پلانێكی گشتگیر بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەكان داڕێژراوەو دوا وادەش كۆتایی مانگی تەمووز دەبێت.

4 ملیۆن دینار بۆ گەڕانەوە

بەپێی پلانەكە، بڕی 4 ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێكی نیشتەجێی كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان تەرخاندەكرێت و راستەوخۆ لەڕێی چەكی بانكەوە دابین دەكرێت وەك هاندان بۆ گەڕاندنەوەیان، هەروەها رێژەی %2 ی ئەو كەسانە دادەمەزرێندرێن، بۆ سەرجەم وەزارەتەكان و بەرنامەیەكی تایبەت بۆ خستنەكاری بێكارەكانیش دەستپێدەكات لەكەرتی تایبەت، هاوكات بەدەر لە رێنماییەكان، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی موچەی بیمەی كۆمەڵایەتی و هاوكاری و تەفەروغ و كەمئەندامی قەرزی ئاسانكاری بێ سوود بۆ خێزانە گەڕاوەكان دابین دەكات.

مانەوەی ئاوارەكان لە هەرێم مەترسی بۆسەر دیموگرافیا هەیە

هەنگاوەكەی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی هەرێم بە گرنگ دەزاندرێت و پێویستە حكومەتی عیراق راستگۆبێت لە گەڕاندنەوەیان، چونكە مانەوەیان مەترسی بۆسەر دیموگرافیا هەیە.

داود كالۆ جوندی لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراق بە گرنگ دەزانێت و بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "حكومەتی عیراق بۆ چارەسەری كێشەی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆسەر زێدی خۆیان بودجەیەكی تایبەتی دیاریكردووە و وەك هەنگاوی یەكەمیش 10 هەزار خێزانی ئاوارەی هەرێم قەرەبوو دەكرێنەوە".

"ئەو هەنگاوەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بۆ چارەسەركردنی كەیسی ئاوارەكانی هەرێم و گەڕاندنەوەیان زۆر گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە حكومەتی عیراق راستگۆ بێت لە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ زێدی خۆیان، چونكە مانەوەیان لە هەرێم مەترسی بۆسەر دیموگرافیا هەیە" داود كالۆ جوندی وادەڵێت.

هەروەها لەبەیاننامەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەراندا هاتووە: "وەزارەتەكە لیستی ناوی دانیشتووانی كەمپەكان رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەكات تاوەكو وردبینی و ئاسانكاری بۆ گەڕاندنەوەیان بكرێت، هاوكات چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتی و خێڵایەتییەكانی ئاوارەكان بكرێت لەپێناو ئاسانكاری گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان".

هەربەپێی بەیاننامەكە، سندوقی بنیاتنانەوەی شەنگال و دەشتی نەینەوا راسپێردراون بۆ تەرخانكردنی زەوی پێویست بەمەبەستی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ ئەو خێزانەی ئاوارانەی دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان هاوكات، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە قەرەبووی ئەو خانوو گەڕەكانە بكاتەوە كە بەهۆی شەڕەوە داڕوخاون و وێران بوون.

بەگوێرەی نوێترین ئامار تا ئێستا 24 كەمپی ئاوارەی پارێزگای موسڵ لە هەرێمی كوردستان ماون و 32 هەزار خێزان تێیاندا نیشتەجێن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket