riklam

داوادەکرێت حکومەتی هەرێم مووچەی دوو مانگی رابردوو دابەش بکات

کوردستان 05:36 PM - 2023-09-17
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیناری عیراقی PUKMEDIA

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیناری عیراقی

حکومەتی عیراق بڕیاریدا 2 ترلیۆن و  100 ملیار دینار وەک پشکی هەرێم بە قەرز بۆ سێ مانگی داهاتووی هەرێم بنێرێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت، "حکومەتی هەرێم سەرپشکە ئەو پارەیە بۆ چ مانگێک بەسەر مووچە خۆرانیدا دابەش دەکات"، سەرۆکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستە حکومەتی هەرێم لەو پارەیەی بەغدا، مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9 دابەش بکات".

مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگ لەدوای مووچەخۆرانی عیراقەوەن

د. بریار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "راستە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاردراوە 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار وەک پشکی هەرێم بە قەرز بۆ مانگەکانی 9 و 10 و 11 بنێرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم سەرپشکە لەسەر ئەوەی مووچەی چ مانگێکی پێ دابەش دەکات".

"پێویستە حکومەتی هەرێم لەو پارەیەی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن عیراقەوە بەدەستی دەگات، مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9ـی پێ دابەش بکات، چونکە فەرمانبەرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، دوو مانگ لەدوای مووچەخۆرانی عیراقەوەن"، د. بڕیار رەشید وادەڵێت.

داوای دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9 دەکرێت

ناردنی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم، بەرهەمی یەک بوون و یەک دەنگی کوردە لە بەغدا، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی رابردوو دابەش بکات تا مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای مووچە خۆرانی عیراقیان لێبێت.

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا وەک قەرز بۆ هەرێمی بنێرێت، حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی تەواوی هەیە کە بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9 دابەشی بکات و رێگە نەدات مووچەی هیچ مانگێکی فەرمانبەران بفەوتێت".

"بە دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی رابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، مووچەخۆرانی هەرێم لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان هاوتای مووچە خۆرانی عیراقیان لێدێت و هیچ مووچەیەکیان پاشەکەوت نابێت، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمە لەو پارەیەی بەغدا کە بە دەستی دەگات مووچەی مانگەکانی رابردووی پێ دابەش بکات نەک مانگەکانی داهاتوو"، زیاد جەبار وادەڵێت.

وتیشی: "ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم، بەرهەمی یەک بوون و یەک دەنگی کوردە لە بەغدا و پێویستە لەسەر لایەنە کوردستانییەکان بۆ پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکی کردن لە مافی گەلەکەیان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و رێگا نەدەن مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت".

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا، بۆ سێ مانگ، مانگانە 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێم بنێرێت، بۆئەوەی لەوماوەیەدا هەولێر و بەغدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و لە ساڵی ئایندەشدا بەپێی یاسای بودجە پشکی هەرێم دەنێردرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket