riklam

لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی یەکێتی بەغدا نەوت بۆ هەرێم دەنێرێت

کوردستان 07:33 PM - 2022-10-10

دوای شەش مانگ هەوڵدان پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغدا توانی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان دابینبکات و وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریدا بڕی (150) ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "دوای شەش مانگ لەهەوڵدان و بەدواداچون وەزیری نەوتی عیراق لەسەر داوای ئێمە بڕیاریدا نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت سلێمانی بنێرێت."

"ئەمڕۆ 10-10 هەموو ڕێکارەکان لە وەزارەتی نەوتی عیراقی تەواو بووە، تەنها ئەوە ماوە نەوتەکە لەرێگای تانکەری نەوتەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کەئەمەش دوای پشودرێژی و هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر بوو'، د. بڕیار رەشید وایوت.

ئەم پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغدا لە مانگی چواری ئەمساڵەوە لەهەوڵدایە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت سلێمانی لەلایەن وەزارەتی نەوتی بەغداوە دابین بکرێت و هەوڵەکەی گەیشتە ئەنجام.

" تیمێکی گەورەی فشارمان دروستکرد بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم "

"لەماوەی رابردوودا تیمێکی گەورەی فشارمان دروستکرد بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم، کەلەماوەی شەش مانگ هەوڵدان توانیمان بگەینە ئەنجام، کەهەوڵەکان بەم شێوەیە بوون و پێم خۆشە رونیبکەمەوە کە  چۆن ماوەی شەش مانگی خایاندووە، کەلە رۆژی  10-4 یەکەم سەردانم بۆ لای بریکاری وەزیری نەوتی عیراق د. حامد زوبیعی ئەنجامدا و دواتر لە 12-5 بە نوسراوی رەسمی وەزارەتی نەوت وەڵامی ئەرێنیمان درایەوە، کەماوەی دوو مانگی خایاند تا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە "، د. بڕیار وایوت.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت:" دواتر لە 7-8 بەتەلەفۆن لەدوبارە جێبەجێکردنەوەی بڕیارەکە ئاگادار کراینەوەو لە 2-9 لە دانیشتنێکدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق رێککەوتین لەسەر ئەوەی بەرنامەیەک دابڕێژین بۆ چۆنێتی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم، دواتر لە 4-9 لەسەردانێکدا بۆ لای وەزیری نەوتی عیراق هامشی نوسراوی رەسمی وەزارەتمان بڵاوکردەوەو بەڵێنمان پێدرا 10-10 نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان بنێردرێت."

ئەم 150 ملیۆن لیترە بۆ هاوڵاتیانەو قۆناغی یەکەمەو کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لەبازاڕدا دەبێت کەبەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە بەرزبوەتەوە

" دوای شەش مانگ چاوەڕوانی و هەوڵدان ئەنجاممان بەدەست کەوت "

"خۆشبەختانە دوای شەش مانگ چاوەڕوانی و هەوڵدان ئەنجاممان بەدەست کەوت، لەمڕۆدا بەڵێنەکە وەک خۆی جێبەجێ کراو ئەو بەشە نەوتەی بۆ هەرێم دانراوە دابینکراوەو تەنها گواستنەوەکەی ماوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا رێکاری گواستنەوەکەی دەگیرێتە بەر"، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وادەڵێت.

د. بڕیار رەشید دەڵێت:" لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تاوەکوو قۆناغی دووەمی نەوتی سپی بۆ هەرێم بنێردرێت و کار لەسەر ناردی گاز و بەنزینیش دەکەین، تاوەکوو خزمەتی هاوڵاتیانی خۆمان بکەین."

" نەوەی نوێ دەیەوێت ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی بۆخۆی ببات "

فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەیەوێت ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی بۆخۆی ببات و ئەمڕۆ تیمێکیان سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراقیان کردووە بۆ کاری خۆیان و سەرۆک وەزیران وەک مژدەیەک ناردنی سوتەمەنی بۆ هەرێم پێڕاگەیاندون، نەک ئەوان داوایان کردبێت.

د. بڕیار دەڵێت:" فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێشتریش هیچ نوسراوو داوایەکیان بۆ ئەم کەیسە نەبووەو بەڵام ئێستا دەیانەوێت ببنە خاوەنی حازری دەستکەوتەکەو لەکاتێکدا بۆ کاری خۆیان سەردانی بەڕێز مستەفا کازمییان کردوەو هەواڵەکەیان لەزاری ئەوەوە بیستوە نەک هەوڵیان بۆ دابێت."

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket