riklam

نەتەوە یەكگرتووەكان:كۆتایی بەدۆخی نالەباری ئێزدییەكان بهێنرێت

کوردستان 10:40 AM - 2022-08-03

نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق لەیادی كارەساتی شەنگالدا رایگەیاند: هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان و شوێنیان نادیارە زۆرێك لە ئێزدییەكان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە، بەهۆی بەردەوامی گرژییەكان، ئەركی هەمووانە كار بكەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ كۆتایی بەدۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەكان بێت، نابێت هیچ ئێزدییەك ببێتە قۆچی قوربانی كێبڕكێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی، دەشڵێت: بەبێ دواكەوتنی زیاتر رێككەوتنی شەنگال بەتەواوی جێبەجێ بكرێت. 
نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق لەیادی هەشتەمین ساڵەدا جینۆسایدی ئێزدیەكان لەشەنگال پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە: دوای هەشت ساڵ لە هێرشێكی دڕندانە داعش، كۆمەڵگای ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە كە بەڕاستی شایەنیەتی.
رونیشیكردوەتەوە: هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان، تائێستاش شوێنیان نادیارە، زۆرێك لە بەركەوتەكان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشكەنجەدان و توندوتیژی سێكسی و كۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەوپەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەكی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێكی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەكەیان، زاڵنەبوونە. 
نەتەوەیەكگرتوەكان لەعیراق راشیگەیاند: زۆرێك لە ئێزدییەكان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە، بەهۆی بەردەوامی گرژییەكان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشن لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی كە پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو: دەبێت ئەوە روون بێت كە ئەركی هەمووانە كە بێوچان كار بكەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ كۆتایی بەدۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەكان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ خەڵكی شنگال بڕەخسێت، دەوڵەت چەترێكە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەكەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی، هیچ ئێزدییەك و هیچ عیراقییەكی تریش، نابێت ببێتە قۆچی قوربانی كێبڕكێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی.
ئەوەشخراوەتەڕوو: دەبێت رێككەوتنی شەنگال بەتەواوی جێبەجێ بكرێت، بەبێ دواكەوتنی زیاتر، حوكمڕانی جێگیرو پێكهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە، رێگە بە ئاوارەكان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە خێراتر بكرێت، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بكرێت.
باسی لەوەشكردوە كە  نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان بەڕێكارەكانی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش دژی ئێزدییەكان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن، ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەكردن دەڕوات.
دەشڵێت: دەستخۆشی لە خۆڕاگری ئێزدییەكان دەكەین لە پاراستنی كلتورو میراتەكەیان سەرەڕای هەوڵەكانی داعش بۆ سڕینەوەیان و سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە بێشومارانەی كە كۆمەڵگاكە بەردەوام روبەڕووی دەبێتەوە، ئەوانەش لەبیر ناكەین كە كوژراون یان بریندار بوون یان زەبریان بەركەوتووە، هەروەها ئەوانەش كە بێسەروشوێنن، گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت تا ئەم بابەتە بە ئازارە كۆتایی پێدێت، لە كاتێكیشدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عیراق دەكەینەوە، پابەندیی خۆمان بەئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزدییەكان و خەڵكی شنگال نوێ دەكەینەوە.
PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket