riklam

جیاوازی نێوان نیشانەكانی توشبوون بە جۆرەکانی ئۆمیكرۆن چییە؟

کوردستان 06:05 PM - 2022-07-19

پسپۆڕێكی بواری تەندروستی ئەمڕۆ سێ شەممە ئاشكرایكرد, جیاوازی نییە لەنێوان نیشانەكان لەتوشبوویەك بەئۆمیكرۆن “BA5” و كۆنەكە مەگەر لەهەندێك خاڵی سادەدا نەبێت.

 

ئوسامە عانی دكتۆری دەرمانساز بە PUKmediaی راگەیاند: بەنزیكەیی نیشانەكان لەتوشبوویەك بەڤایرۆسی ئۆمیكرۆنی "BA5" و ئۆمیكرۆنە كۆنەكە لەیەكتری دەچن، رونیشیكردەوە كە زۆربەی جار نیشانەكان زیاتر بەشی سەرەوەی هەناسەدان دەگرێتەوە كە بریتین لە ئازاری قوڕگ و هەڵامەت، سەرئێشە، كۆكە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گۆڕانی تۆنی دەنگ و دەنگ نووسان، ئارەقكردنەوە لەشەودا، ماندووێتی و بێهێزی جەستە.

عانی باسی لەوەشكرد: رەنگە نیشانەی دیكەی وەك ئازاری ئێسك و جومگەكان دەربكەوێت بەتایبەتیش لەبەشی خوارەوەی پشت و هەوكردنی گوێیەكان لەهەندێك جاردا، هەروەها لەهەندێك لەتوشبوەكاندا نیشانەكان لەكۆئەندامی هەرسدا دەردەكەوێت.

جەختیشیكردەوە: ڤاكسینە چالاكەكان وادەكات نەخۆشییەكە سوك ببێت و ماوەی نیشانەكانیش كورت بێت بەڵام ئەو ڤاكسینانەش وردە وردە ب تێپەڕبوونی كات كاریگەرییەكەیان كەم دەبێتەوە، بۆیە بەتوندی ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەكات بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایەو بەرگری لەشیان لاوازە ژەمی بەهێزكەر وەربگرن تاوەكو بەدوور بن لەنیشانە درێژخایەنەكان.

ئەو پسپۆڕەی بواری تەندروستی جەختدەكاتەوە: لەسەر پێویستی بەردەوامی پابەندبوون بە رێوشوێنە خۆپارێزییەكان بەمەبەستی بەرگرتن لە توشبوون و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داواش لەهاووڵاتیان دەكات ژەمەكانی یەكەم و دووەمی ڤاكسینەكان و ژەمە بەهێزكەرەكانی دژ بەكۆرۆنا وەربگرن.

 

لای خۆیەوە، د.هێرش حەیدەر سەرۆكی تیمی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: لەئێستادا لە شەپۆلێكی نوێی بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆنی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆناداین.

راشیگەیاند: جیاوازی نێوان گۆڕاوە نوێیەكەی ئۆمیكرۆن و گۆڕاوەكانی دیكە تەنها لە خێرایی بڵاوبوونەوەكەیدایە، ئەم جۆرە نوێیەی نەوەی ئۆمیكرۆن خێراییەكەی بەڕێژەی لە 30% زیاترە لە گۆڕاوەكانی دیكە.

 

روونیشیكردەوە: رێژەی گیانلەدەستدان لەجیهاندا زیادیكردووە بەراورد بەهەرێمی كوردستان رێژەكە لەنزمترین ئاستدایەو رێژەی وەرگرتنی نەخۆشیش لەنەخۆشخانەكان لە 1% كەمترە.

ئاماژەی بەوەشدا: لە نیشانەكانی ئەم جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بریتیە لە تا، هەوكردنی قوڕگ و خاوبوونەوەی جەستەو سەرئێشە و ئەنفلۆنزاو گۆڕان لەتۆنی دەنگی توشبووەكەو لاوازیی بەرچاو لە توانای جەستەدا، پشتڕاستیشی كردەوە لەحاڵەتەكانی توشبوون بە گۆڕاوە نوێیەكە لەدەستدانی كاری هەستەوەرەكانی تامكردن و بۆنكردن یەكجار كەمەو ژمارەیەكی زۆر كەمیش لەتوشبوەكان تووشی سكچوون دەبن.

د.هێرش حەیدەر جەختیشیكردەوە: باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا پابەندبوونە بە رێنماییە تەندروستییەكان و بەكارهێنانی دەمامك هەروەها رووكردنە مەڵبەندە تەندروستییەكان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاكسینەكانی دژ بەڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەشارەكانی هەرێمی كوردستان رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە، لەو بارەیەشەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدواین ئاماریدا رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتدا 1072 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، لەلای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵ دوێنێ دوو شەممە رایگەیاندبو، بەپێی نوێترین ئامار لەماوەی 24 سەعاتدا 4445 حاڵەتی نوێی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرانسەری عیراقدا تۆماركراون.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket