riklam

وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆنفرانسى زانستى بۆلۆنیا پرۆسێس ئەنجام دەدات

کوردستان 04:00 PM - 2022-07-19

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنفرانسێکی زانستی تایبەت بە (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە کۆتایى مانگى ئابى ئەمساڵ ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە دەستی پێکردوەو مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکان و کۆمیونیتى ئەکادیمى دەتوانن لە چوارچێوەی بابەتە پەیوەندارەکان توێژینەوە زانستییەکانیان لەڕێگەى وێبسایتى تایبەتى (bpc-krg.com) کۆنفرانسى بۆلۆنیا پرۆسێس، پێشکەشی لێژنەی زانستی کۆنفرانس بکەن.

کۆنفرانسێکی زانستی تایبەت بە (بۆڵۆنیا پرۆسێس) وابڕیارە لە رێکەوتى (28-29ى2022-8) لە شارى هەولێر بەچاودێرى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایان و توێژەران و پسپۆران و شارەزایانى نێودەوڵەتى بەڕێوەبچێت.

 تیایدا دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر بنیادنانی کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەک و هاوتەریبی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان، ئەزمونی زانکۆکانی کوردستان لە جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، کاریگەری لەسەر کواڵیتی خوێندن و بەدەستهێنانی هەلی کار لەلایەن دەرچوان تاوتوێبکرێت.

هەروەها رۆڵی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە فراوانکردنی رەهەندی نێودەوڵەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، داڕشتنی چوارچێوەی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی، داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، بەشداریپێکردنی قوتابیان و خوێندکاران و گوێگرتن لە سەرنج و تێبینییەکانیان، بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا (ICT)  لە پرۆسەی خوێندن و فێربون، رۆڵی ئۆتۆنۆمی  دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا  لە جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، سەرکردایەتیکردنی جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) و بەشداریپێکردنی هەمو کۆمەڵگەی ئەکادیمی، پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆنفرانسەکە دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکان و کۆمیونیتى ئەکادیمى ئاگاداردەکاتەوە کە دەتوانن بابەتە پەیوەندارەکان و توێژینەوە زانستییەکانیان لەڕێگەى وێبسایتى تایبەتى (bpc-krg.com)، پێشکەشی لێژنەی زانستی کۆنفرانس بکەن.

 

PUKmedia وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket