riklam

ئەزموون لە رۆژانی جەژندا نمایشدەكرێت

ئەدەب و هونەر 09:29 AM - 2022-05-01

نمایشی فیلمی سینەمایی ئەزموون لە دەرهێنانی شەوكەت ئەمین كوركی لە ٌرۆژانی جەژنی پیرۆزیی رەمەزانەوە لە سینەمای شارەكانی كوردستان دەستپێدەكات.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركی، لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەكتاش، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر كە تا ئێستا لە كۆمەڵێك فێستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیهاندا نمایشكراوە و چەندین خەڵاتی پڕ بایەخیشی بەدەستهێناوە، نمایشە گشتییەكەی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزیی رەمەزانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و لە درێژەی نمایشی خۆشیدا لە شارەكانی عیراق دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان.

ئەزموون بەرهەمی كۆمپانیای میتۆس فیلمی بەرلین و كۆمپانیای مەستی فیلمی سلێمانی كە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن كۆمپانیای ئەڵمانی ئاڕت هوود، ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

فیلمی سینەمایی ئەزموون لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لە سینەماكانی ئێمپایر و فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر، لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی، لە سینەما دهۆك مۆڵ" لە شاری دهۆك و لە سینەما تایم سەنتەر لە شاری كەركووك لە هەرێمی كوردستان دەچێتە سەر پەردە.

لەم فیلمە سینەماییەدا كۆمەڵێك ئەكتەری بەئەزموونی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەندین ئەكتەری گەنجی كوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەمال، ڤینا سالار، حسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، كاوە قادر، عادل عەبدوالڕەحمان، حەمەڕەشید هەرەس و یانا توانا.

ئەزموون لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كاڕلۆڤی ڤاری Karlovy Vary لە وڵاتی كۆماری چیك نمایشكرا و توانی خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رەخنەگرانی فیلم واتە فیپێڕشی FIPRESCI ئەم رووداوە گرینگ و پلە یەكەی سینەمای جیهان بەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە كوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەكانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سانتا باڕباڕا Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریكا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕكێی سەرەكی لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تیرانا Tirana لە وڵاتی ئەلبانیا، خەڵاتی سندووقی جەماوەری رێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان UNFPA لە بەشی پێشبڕكێی پانۆرامای نێودەوڵەتی لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی قاهیرە Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی لە بەشی سەرەكی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤیكتۆریا Victoria لە وڵاتی كەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنس Mons لە وڵاتی بەلژیكا بەدەستهێناوە.

PUKmedia مەنسوور جیهانی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket