جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ
جیهان 06:50 PM - 2021-12-10
٧٣ساڵ لەمەوبەر جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکرا، دوای تێپەڕبوونی ٧٣ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هەندێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، نە تەنیا باشتر نەبووە، بەڵکو لە هەندێک ڕووەوە خراپتر بووە.
پاش هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی و شکستهێنانی کۆمەڵەی گەلان لە پاراستنی ئاشتیی جیهانیی و پێکهێنانی پەیوەندییەکی ئاسایی و دوور لە جەنگ لە نێوان دەوڵەتانەدا، بۆ یەکەمجار (فرانکلین د. روزفیلت)ی سەرۆکی ئەمریکا ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنا لەو ڕاگەیاندنەی کە تێیدا ٢٦ حکوومەت بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە بەگژداچوونەوەی هێزەکانی ” میحوەر”.
کاتێک کۆنگرەی نەتەوەیکگرتووەکان کە لە (٢٥-٢٦ی نیسانی ١٩٤٥ لە سانفرانسیسکۆ بەسترا) ٥٠ دەوڵەت بەشداریان لە دانانی میساقەکەیدا کرد، ئەویش بە پێی ئەو پێشنیارانەی نوێنەرانی یەکێتی شۆرەوی و چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئابی (١٩٤٤)دا کردبوویان. لە رۆژی (٢٦)ی حوزەیرانی (١٩٤٥)دا، هەر (٥٠) دەوڵەتەکە و پۆڵەندا، کە نوێنەری لە کۆنگرەی دامەزراندندا نەبوو، واژۆیانکرد، بەو پێیە بوونە (٥١) دەوڵەت…
قەوارەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەمی(١٩٤٥) بە ڕەسمی ناسرا، ئەویش دوای ئەوەی هەریەک لە ” یەکێتی شۆرەوی و چین و فەڕنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتەکانی تریش واژۆی خۆیان لەسەردانا..
لە پێشەکی بڕوانامەکەیدا کە بە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان دەناسرێت هاتووە: ” ئێمە گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدەین نەوەکانی داهاتوو لە جەنگ و کارەساتەکانی بپاریزین، لەهەمان بواریشدا پەیمان نوێ دەکەینەوە و باوەڕبوونمان بە مافەکان و بەوەی کە پیاو و ژن و نەتەوە، بە گەورە و بچووکیانەوە، مافی یەکسان و چۆن یەکیان هەیە”.
ساڵانەش لە (٢٤)ی تشرینی یەکەمدا، بەو بۆنەیەوە لە هەموو دونیادا ئاهەنگ سازدەکرێ، ئێستا ژمارەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە(١٩١) دەوڵەت.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لەپاڵ چەندین ئامانجی خۆیدا، دوو ئامانجی سەرەکی هەیە:
١- ئاشتییەک، لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان گەلان و مافی چارەنووسیان بنیات بنرێ.
٢-بێ جیاوازیکردنی” ڕەگەز، زمان، ئایین، ڕەنگ یان نەتەوە، مافی مرۆڤ بچەسپێنرێ.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە (١٩٤٨/١٢/١٠)دا، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی، لە (٣٠) بەنددا ڕاگەیاند، کە ئەم مافانەی لەخۆ گرتبوو:( مافی ژیان، سەربەستی، سەلامەتی کەسێتی، یەکسانی لەبەردەم یاسا، دوورکەوتنەوە لە گرتنی هەڕەمەکیانە، دادگاییکردنی ئاشکرا، ئازادی هاتوچۆکردن، مافی پەنابردنە بەر هەر وڵاتێک، مافی ڕەگەزنامە، هاوسەرێتی، مۆڵکداری، مافی ڕادەربڕین، بەشداربوون لە بەڕیوەبردنی وڵات، ئازادی دەنگدان و خۆپاڵاوتن).
ساڵی (١٩٤٩)لەشاری ژنێف ڕیککەوتننامەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی پاراستنی مافی مرۆڤ لەکاتی جەنگدا واژۆکرا کە گرنگترین خاڵەکانی بریتی بوون لە پارێزگاریکردنی ” برینداری شەڕ، دیل، شوێنە پیرۆزەکان و شوێنە مەدەنییەکان، ئەم خاڵانە پاش دەستکاریکردنی ڕێکەوتننامەی(لاهای)ی ساڵی(١٨٩٩)هات، کە بەندە بە پارێزگاریکردنی مافی مرۆڤ، لەکاتی شەڕۆشۆڕدا و باس لە پارێزگاریکردنی دیل و زامداران دەکات.
دواتریش لە ساڵی(١٩٥٥-١٩٦٦)، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لێکۆڵینەوەی تێرۆتەسەلیان لەمەڕ مافە مەدنی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، تا لە ١٩٦٦/١٢/١٦ دوو ڕێکەوتننامەی جیاواز و پرۆتۆکۆلێکی ئارەزوومەندانەیان ڕاگەیاند، ڕێکەوتننامەی یەکەم تایبەتە بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان و لە (٥٣) بەند پێکهاتووە و (١٢٤) دەوڵەت واژۆیان کردووە و
پایبەندێتی خۆشیان پێوەی ڕاگەیاندووە… ئەم ڕێکەوتننامەیە بانگهێشتی وڵاتان دەکات بۆ دانانی ڕێوەشوێنی گونجاو لە پێناو پاراستنی ئەو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییانەی، لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا دەژین. بەپێی چەند بەندێکی ڕێککەوتننامەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان” کۆمەیتەی مافی مرۆڤ”ی بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە پێکهێناوە و وەرگرتنی سکاڵای هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەی کە ڕێکەوتننامەکە و پڕۆتۆکۆلە ئیختیارییەکەیان واژۆکردووە، پیسپێردراوە..
دووەم ڕێکەوتننامە، تایبەتە بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکان، لە دیباجەیەک و(٣١) بەند پێکهاتووە، کە باس لە (مافی کارکردن و ئاستی باشی گوزەران، دادوەری لە دەستکەوتنی کاردا، مافی خێزان و منداڵ لە رووی پاراستن و پەروەردە و فێکردن…هتد) دەکات.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەستەبەرکردن بەجێهێنانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی، وەک ئامانجێکی سەرەکی دیاریکردووە. وڵاتان بە دەستەبەرکردن و پاراستنیانەوە، پایبەند دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین دەزگای تایبەتی بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی هەیە، کە بریتین لە:
ئەلف: ئەنجومەنی ئاسایش.
بە: کۆمەڵەی گشتیی.
جیم: ئەنجومەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی.
هە: دادگای دادی نیوەدەوڵەتی.
زێ: ڕێکخراوی کاری نێودوڵەتی.
دال: ئەنجومەنی ڕاسپاردەکان(مجلس الوصایا).
کە کۆمەڵێک لیژنەیان هەیە، بریتین لە:
لیژنەی گەشەپێدانی بەردەوام، لیژنەی مافی مرۆڤ، لیژنەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لیژنەی پێگەیاندنی ژنان، لیژنەی نەهێشتنی تاوان و دادپەروەریی جیهانیی، لیژنەی زانستی و تەکنەلۆژیا و لیژنەی کۆمەڵە مرۆییەکان.
بۆ چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ نەتەوە یەکگرتووەکان بە چەند ئاراستەیەک کاردەکات:
یەکەم: بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن و بنەما و ڕاسپاردەکانی مافی مرۆڤ بۆ نموونە:
* جاڕی جیهانی مافی مرۆڤ(١٩٤٨).
* ڕاگەیاندنی مافی منداڵ(١٩٥٩).
* ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدان بە گەلان(١٩٦٠).
* ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لەناوبردنی جیاوازیکردن(١٩٦٣).
* ڕاگەیاندنی لەناوبردنی جیاوازیکردن دژی ژن(١٩٦٧).
* ڕاگەیاندنی لەناوبردنی برسێتی(١٩٧٤).
* ڕاگەیاندنی مافی گەشەکردن(١٩٨٦).
* ڕاگەیاندنی پاراستنی کەمینەکان(١٩٩٢).
* ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نێوەدەوڵەتی بۆ لەناوبردنی تۆندڕەویی و جیاوازیکردن(٢٠٠١).
دووەم:
سەرپەرشتی کردنی هێزی ئاشتی پارێز و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکان لە کاتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا:
پاش ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە بواری پەیوەندییە نێوەدەڵەتییەکاندا هاتە کایەوە نەتەوە یەکگرتووەکان توانی سەرکەوتووانە سەرپەرشتی هێزی ئاشتی پارێز بکات لە چەندین دەوڵەتی جیادا بە مەبەستی نەهێشتنی جەنگ و پاراستنی خەڵکانی مەدەنی لە دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافەکانیان، هەروەها لە کاتی پێشێلکردنی ترسناکی مافەکانی مرۆڤ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی بە خۆی داوە کە دەست وەربدات لە کاروباری ناوخۆی دوڵەتان تەنانەت ئەگەر پێویستیشی کرد هێز بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان، وەک بڕیاری (٦٨٨)ی دژە فڕینی فڕۆکەی حکوومەتی بەعسی عێراق بە سەر باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٩١)
هەندێک لە وڵاتان ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێن، بەپێی ئاماری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا، ملێۆنان مرۆڤ لە جیهاندا ئاوارەن، بەسەدان هەزار منداڵ لە جیهاندا بە زۆر چەکدارکراون و لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێن، ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا کاری زۆرە ملێیان پێدەکرێت، بەپێی پێناسەی نوێی کۆیلە نزیکەی ٤٥ ملیۆن کۆیلە لە جیهاندا هەیە، لە هەر ١٤ ژنیش یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبێتەوە.
تائێستاش ڕۆژانە لە وڵاتانی جۆراوجۆر مرۆڤ بە هۆی جیاوازی ڕەگەزی و بیروبۆچوون و هەروەها بەهۆی جیاوازی ئایینی و نەتەوەییەوە دەبنە قوربانی، هەموو ئەو پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیان ئیمزا کردووە.
مافەکانی مرۆڤ چین؟
لە جیهاندا کە مافی ڕەهای هەر تاک و کۆمەڵێکە لە لەدایکبوونەوە تاوەکو مردن بێ گوێدانە جیاوازی زمان، ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، نەتەوە و ڕەنگی پێست هەیانبێت. مافەکانی مرۆڤ پەیوەندیدارن بە هەر تاکێکی کۆمەڵگاوە، نەک تەنیا ئەوانەی کە دووچاری سەرکوتکردن و جیاکاری دەبنەوە. ئەم مافانە یارمەتیمان دەدات لە پاراستنی ژیانی تایبەت و خێزانیماندا و یارمەتیشماندەدات کە چێژ لە میدیای ئازاد وەربگرین. مافەکانی مرۆڤ مافی ئەوەمان پێدەدات بە ئازادانە هاوبەشی ژیانمان هەڵبژێرین، بە ئازادانە خۆپیشاندان بکەین و ڕای خۆمان دەربڕین. نەک تەنیا ئەمانە، بەڵکو لە ڕاستیدا مافی ئەوەشمان پێدەدات کە لە دەنگدانێکی ئازاد و دادپەروەرانەدا دەنگبدەین، مافی ئازادی بیرکردنەوە و خوێندن و ئایین و لە کۆتایشدا مافی ژیانمان پێدەدات کە بە یەکێک لە گرگترین و سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. دەتوانرێت بوترێت
کە مافەکانی مرۆڤ هەیکەلی هەرکۆمەڵگایەکن و پارێزگاری لە شێوازی ژیانمان دەکات لە وڵاتەکانماندا، گەرەنتی ئازادییەکانمان دەکات و رێگەمان پێدەدات کە بەرەوپێش بچین و بە شێوازێکی شکۆمەندانە و دادپەروەرانە ژیان بکەین. مافەکانی مرۆڤ پارێزەری خۆمان و خێزان و هاوڕێکانمانە لە زۆر شوێنی ژیانی ڕۆژانەماندا و بە درێژیی ژیانمان بێ جیاکاری هەر لە لەدایکبوونمانەوە تاوەکو مردن. بەبێ ئەوەی بزانین پەیوەندییان هەیە و پشتدەبستن بە مافەکانی مرۆڤ، لە ژیانی رۆژانەماندا زۆر شت ئەنجامدەدەین کە بۆ نمونە، کاتێک نەخۆش دەکەوین بەهۆی چوونە تەمەنەوە هەموومان مافی ئەوەمان هەیە کە گرنگیمان پێبدرێت و ڕێزمان لێبگیرێت. لە کۆتاییدا، دەکرێت بوترێت کە مافەکانی مرۆڤ بریتین لە مافی ژیان و ئازادی، ئازادی ڕادەربڕین، دەنگدان، مافی خوێندن، کارکردن و چەندین مافی تر کە هەمووان بێ جیاوازی دەبێت هەیانبێت.
رۆژی (15/9/2021) لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، (پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025ی پەسند کرد، کە لە لایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئامادە کراوە.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی (پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی
مرۆڤ 2021 - 2025)ی پەسند کرد، کە لە لایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکرابوو، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 6/5/2021 دەسپێکردنی پلانەکە راگەیەنرا.
حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی سەرەتایی دانانی پلانی نیشتیمانی تاکو پەسەند کردنی بەشێک بوو لە داڕشتنی ناوەڕۆکی هەنگاوەکان، بە هەمان شێوەش پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ هاوشێوەی پلانی نیشتیمانی ئامادە کرا بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو راسپاردانەی لە میانەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان (UPR) ئاراستەی هەرێم کرا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانەکە گوتی: پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری و راوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت، فەرمانگە، دەستە، کۆمەڵگای مەدەنی، رێکخراوە ناحکومییەکان، سەندیکا پەیوەندیدارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، وەک لایەنی چاودێر لە جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کراوە، پلانەکە لە (27) بەش پێکدێت و گشت بوارەکان لە خۆ دەگرێت، لە هەمان کاتدا دەبێتە نەخشەی رێگای بەهێزکردنی بنەماکانی مافەکانی
مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا، بەتایبەتی یاسا و سیاسەتەکانی تایبەت بە حوکمڕانیی باش و شەفافیەت کە بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دیندار زێباری زیاتر گوتیشی: ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیاره بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا لە بواری حوکمڕانیدا بەدیهاتوون و بونیادنراون، هەروەها پتەوکردنی توانای دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمە لەو بوارە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەدی دەهێنرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر تەحەدییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە راشیگهیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین تەحەدی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆتەوە، بەڵام حکومەت هەرێم پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ئیلتیزاماتی خۆی و دەستکەوتی زۆری بەدەستهاتوون بەتایبەتی لە دەرکردنی یاسا و رێنماییەکان لەوانە: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پشووە رەسمییەکانی پێکهاتەکان، نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، پاراستنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، کاری رۆژنامەوانی، رێکخستنی خۆپیشاندان، زمانەکان، دەستەی نەزاهە، پێکهێنانی کۆمەڵەکان و چەندین یاسای تر.
سەبارەت بە ستراتیژیەتی پلانەکە دیندار زێباری ئاماژهیپێكرد: پلانەکە پشت بە کۆمەڵێک ئیجرائات و کاری پێشینە لە جێبەجێکردن دەبەستێت لە ماوەیەکی دوورمەودادا لەوانە: پێداچوونەوەی یاساکان و پێشنیار کردنی هەموارکردنەوەیان لە کاتی پێویست، فەراهەم کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، دانانی بەرنامەی مەشق و راهێنان بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و کار کردن بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواو بۆ تاکەکان لە دابینکردنی دەرفەتەکان و پیادە کردنی گشت مافەکانیان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژهیپێكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ زامنکردنی پاراستن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی لە دەستوور و یاسای بەرکارەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەردوو بەڵێننامەی نێودەوڵەتی و پرۆتۆکۆلەکان و بەڵگەنامەکانی تری پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە.
PUKmedia ئامادەكردنی.. كاوان ئەحمەدحەمە ساڵح هەڵەبجەیی
هەواڵی زیاتر
-
دوای 77 ساڵ له جاڕنامهی جیهانیی هێشتا دۆخی مافی مرۆڤ له مهترسیدایه
12:17 PM - 2025-12-10 -
پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمەوە لە بارەی لافاوەکەی ئەمڕۆ
10:59 PM - 2025-12-09 -
سەرۆکایەتی کۆمار:لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن
09:53 PM - 2025-12-09 -
قوباد تاڵهبانی: یهكێتی كاندیدی بۆ پۆستی سهرۆككۆمار دهبێت
01:02 PM - 2025-12-09
ئەمانەش ببینە
سودانی بڕیاردەدات هاوکاریی هەرێم بکرێت
10:16 AM - 2025-12-10
هەشت ساڵ بەسەر رزگارکردنی عیراق لەدەستی داعش تێدەپەڕێت
09:52 AM - 2025-12-10
سەرۆک بافڵ: دامودەزگا و ئۆرگانەکانمان راسپاردووە خزمەتی هاوڵاتییان بکەن
11:55 PM - 2025-12-09
مەکتەبی سیاسی: بە کاری پێکەوەیی و بەزوویی کۆنترۆڵی زیانەکانی لافاوەکە بکرێن
09:17 PM - 2025-12-09
زۆرترین خوێنراو
-
پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمەوە لە بارەی لافاوەکەی ئەمڕۆ
کوردستان 10:59 PM - 2025-12-09 -
سەرۆکایەتی کۆمار:لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن
عیراق 09:53 PM - 2025-12-09 -
مەکتەبی سیاسی: بە کاری پێکەوەیی و بەزوویی کۆنترۆڵی زیانەکانی لافاوەکە بکرێن
کوردستان 09:17 PM - 2025-12-09 -
ڕفعەت عەبدوڵا: مەڵبەندەکان رووی گەشی یەکێتین
کوردستان 04:34 PM - 2025-12-09 -
باڵیۆز د. محەمەد سابیر پۆستێكی گرنگی جیهانی وەردەگرێت
کوردستان 03:12 PM - 2025-12-09 -
سەرۆككۆمار: عیراق رۆڵی لەدانانی بناغەی گفتوگۆی بنیاتنەری نێوان گەلاندا هەیە
عیراق 02:27 PM - 2025-12-09 -
پەیامنێرانی بێسنوور: ئەمساڵ 67 رۆژنامەنوس کوژراون
جیهان 01:07 PM - 2025-12-09 -
قوباد تاڵهبانی: یهكێتی كاندیدی بۆ پۆستی سهرۆككۆمار دهبێت
کوردستان 01:02 PM - 2025-12-09







دابەزێنە

