لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا، نابێ شەهید نەجۆ لە بیر بکرێ!
بیروڕا 04:46 PM - 2026-04-22
نەجۆ، سیاسەتمەدارو خەباتگێڕو كولتوورپەروەری ناوداری كوردستان، ناوێكی دیارو سیمبولی پرشنگداری خەباتی كوردستانییە، ئەو كوردستانی وەك یەك خاكو یەك نیشتمانو یەك نەتەوە دەبینی، هەر بۆیەش لە باكوورەوە دەستی بەخەبات كردو ڕۆژئاواو باشووریشی كردە مەیدانی تێكۆشانی كوردستانیو چەند ساڵێكی تەمەنی بۆ تێكۆشان لە ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەرخانكردو ڕۆڵی دیارو كاریگەرو جوامێرانەی لە پشتیوانیكردنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی كوردستاندا هەبوو، لە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستاندا بە شانازییەوە تۆمار دەكرێت.
د.كەمال فوئاد لە پێشەكی كتێبی (كوردستان، یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی، دەورەی سێیەم 1917-1918، لە بارەی نەجۆوە نووسیوویەتی لە كۆتایی ساڵی 1975 بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەیەكی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی شامم كرد، لەوێ مام جەلال لە ماڵی خۆیان نەجۆی پێناساندم، كە لەناو یەكێتیدا بە سەڵاح ناسرابوو، مام جەلال وتی: (كاك سەڵاح یەكێكە لە ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕەكانی كوردستانی باكوور، زۆر دۆستی ئێمەیە، حەز ئەكەم بیناسی).
د.كەمال فوئاد دەڵێت: (لە ڕێی مام جەلالەوە نەجۆم ناسی، تا لە شام بووم، چەند جارێك بینیمو قسەمان كرد. لە ئەیلوولی 1976 جارێكی تر سەردانی شامم كردەوە، لەوێ چاوم بە نەجۆ كەوتەوەو پێی وتم لە كوردستانی باكوورەوە، كۆمەڵێك كتێبو گۆڤارو ڕۆژنامەم لە لەگەڵ خۆمدا هێناوە، كە ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، حەز ئەكەم سەیریان بكەیتو لە ناوەڕۆكەكانیان ئاگادارم بكەیت،بۆ ڕۆژی دواتر باوڵێكی مام ناوەندی لەگەڵ خۆی هێنا،لە ناو باوڵەكەدا چاوم بە كۆمەڵێك گۆڤارو ڕۆژنامە كەوت، لەوانە 11 ژمارەی پێشتر نەبینراوی ڕۆژنامەی كوردستانی ساڵانی 1917-1918 بوو، تكام لێكرد كۆپیان بكەم، ئیدی نەجۆ بە خۆشحاڵییەوە هەر 11 ژمارەكەی خستە بەردەستمو كۆپیم كردن).
ساڵی 1980، د.كەمال فوئاد لە ژمارە 3ی تشرینی دووەمی 1980ی گۆڤاری چریكەی كوردستان، كە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە لەندەن دەریدەكرد، وتارێكی نووسیو مژدەی دۆزینەوەی ئەو 11 ژمارەیەی ڕۆژنامەی ( كوردستان)ی بڵاوكردەوەو ساڵی 1998، لەیادی سەدەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستاندا، ئەو 11 ژمارەیەی لە دوو توێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (كوردستان، یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی، دەورەی سێیەم 1917-1918) لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو وەك وەفاو ڕێزێك بۆ شەهید نەجۆ، ئەو كتێبەی پێشكەش بە شەهید نەجۆ كردووەو نووسویەتی:پێشكەشە بە گیانی شەهید نەجمەدین بیووك كایا (نەجۆ)، كە ئەم ڕۆژنامەیەی لە فەوتان ڕزگار كردو ڕێگای خۆشكرد بۆ بڵاوكردنەوەی.
نەجۆ خولیایەكی دیكەشی هەبووە، ئەویش وێنەگرتن بووە، ئەو كاتەی لە ناوزەنگو تووژەڵە بووە، بەكامێرەكەی خۆی دەیان وێنەی ڕەنگاوڕەنگی سەركردەو پێشمەرگەكانی شۆڕشی نوێو دیمەنی ئەو ناوچانەی گرتووەو وەك یادگاری ئەوو ئەرشیفی شۆڕشی نوێ ماونەتەوە.
وەك ڕێزلێنان لەم كەسایەتییە مەزنە، باخچەیەك لە شاری سلێمانی كراوە بە ناوی شەهید نەجۆوە.
دروودی ڕێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی شەهید نەجۆ، ئەو شۆڕشگێڕەی سەرانسەری كوردستانی كردە مەیدانی تێكۆشانی نیشتمانیو نەتەوەییو كولتووریو گیانیشی لەو پێناوەدا بەخشی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
تیرۆرستێکی داواکراو لە دووزخورماتوو دەستگیرکرا
10:29 PM - 2026-06-15 -
وەفدێکی باڵای چین: سەرۆک مام جەلال کاریزما و کۆکەرەوەی عیراقییەکان بوو
05:41 PM - 2026-06-15 -
سەرۆککۆمار: جەخت لە ژینگەیەکی ئارام بۆ رۆژنامەنوسان دەکەینەوە
05:32 PM - 2026-06-15 -
محەمەد سدیق: بەرۆحیەتی سەرۆک مام جەلال خزمەتی گەلەکەمان دەکەین
04:20 PM - 2026-06-15
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بۆ ئەمریکا و ئێران: هەمیشە یەکێتی پشتیوانی ئاشتی و دیالۆگ بووە
کوردستان 02:35 PM - 2026-06-15 -
تۆم باراک دەگاتە بەغداد و پشتگیریی واشنتن بۆ حکومەتی نوێی عیراق دووپاتدەکاتەوە
جیهان 01:46 PM - 2026-06-15 -
رێباز بێرکۆتی سەردانی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عیراق و جیهان کرد
کوردستان 01:32 PM - 2026-06-15 -
زانکۆى سلێمانى بڕوانامەى ئایزۆى نێودەوڵەتى بەدەستهێنا
کوردستان 11:26 AM - 2026-06-15 -
جنێو
بیروڕا 10:55 AM - 2026-06-15 -
رێككهوتنی ئێران و ئهمریكا لهسویسرا ئیمزا دهكرێت
جیهان 10:27 AM - 2026-06-15 -
نرخى زێڕ بەرزدەبێتەوە
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-15 -
178هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:18 AM - 2026-06-15




دابەزێنە

