riklam

یەكێتی، حزبی سەروەرییەكان ‌و رێبەری جیاوازییەكان

بیروڕا 05:33 PM - 2024-04-03
عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەكێتی وەكو زەرورەتێكی مێژوویی لەناو هەناوی كۆمەڵانی خەڵكدا لەدوای نسكۆیەكی گەورە بەكۆمەڵێك جیاوازیی بنەڕەتییەوە لەدایكبوو. لەڕاستیدا جیاوازیی ‏یەكێتیی نیشتمانیی لەگەڵ لایەنەكانی تردا ئەوەیە، كە یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لەفۆڕمی نیمچە بەرەیەكدا، بەبیروباوەڕی جیاوازو بەرنامەی جیاوازەوە دروستبوو. ‏لەدوای ئەم دامەزراندنەشەوە شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندو دواتریش بەدروشمە گرنگەكانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ خەڵكی كوردستان‌و  دیموكراسی بۆ عیراق ‏جارێكی دیكەش خۆی لەحزبەكانی دیكە جیادەكاتەوە. هەروەك چۆن یەكێتی توانی وەكو یەكەم حزبی كوردستانی خەباتی شاخ‌و شار بەیەكەوە ببەستێتەوەو نموونە ‏دەگمەنەكانی لەچەشنی داستانی هەڵۆی سوور لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریی نیشتمانیی خەڵكی كوردستان لەمێژوودا تۆماربكات.‏

خەباتی بۆ نەتەوەو دیموكراسی
‏ هەر لەسەرەتاوە یەكێتی بڕیاری وابوو، كە بەشێوەیەكی دیموكراسییانە ئەو ناوچانە بەڕێوەببات كە لەژێر كۆنترۆڵیدا بوو. لەم پێناوەشدا ئەنجومەنی گوندەكانی ‏لەناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا دامەزراند. سەرباری ئەوەی كە یەكێتی وەكو هێزێكی سیاسیی نوێ لەخەباتی سەخت‌و دژواردابوو، بەڵام وێڕای ئەوە بڕواشی وابوو ‏كە دەبێت لەپاڵ خەباتی نەتەوایەتییدا، خەبات بكات بۆ دیموكراتیزەكردنی حوكمی عیراق‌و رووخاندنی دیكتاتۆریەت لەعیراقدا. لەپاڵ ئەمانەشدا یەكێتیی نیشتمانی ‏بڕوای بەخەباتی جیاوازیی رێكخراوە دیموكراتیەكانیش هەبوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە چەندین رێكخراوی دیموكراتی‌و پیشەیی دروستكرد. هەروەك چۆن بڕواشی ‏بەخەباتی بەرەیی هەبوو بۆئەوەی بتوانرێت بەو بۆچوونە جیاوازانەوە بەرگریی لەمیللەتەكەمان بكرێت. بێگومان هەر لەم پێناوەشدا بوو كە یەكێتی چەند ‏مینبەرێكی جیاوازی لەناو خۆیدا كۆكردەوە.‏

بەردەوامیی لە داهێنان
لەمێژوودا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر بنچینەی خەبات لەپێناوی هەژاران‌و رەنجدەران درووستبووە. واتە یەكێتی هەر لەسەرەتاكانی وێنابوونییەوە شۆڕشی ‏رەنجدەرانی بیروبازوو بووە. شۆڕشێك كەتیایدا دواتر كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لەژێر چەتری یەكێتیدا دەبێتە داینەمۆ. بێگومان روونیشە هەر لەسەرەتاوە ‏خەباتی كۆمەڵە خەبات بووە لەپێناو مافی چینە چەوساوەكان لەناو سەرانسەری كۆمەڵگەی كوردستانیدا.‏

 

لەڕاستیدا یەكێتی لەمێژووی خۆیدا نەك هەر جیاوازبووە لەلایەنەكانی تری سەر گۆڕەپانە سیاسییەكە، بەڵكو داهێنەریش بووە. دەتوانین بڵێین یەكێتی داهێنەربووە ‏لەدروستبوون‌و لەبنیاتنانی روئیای جیاوازو دەنگی جیاوازو بیركردنەوەی جیاواز. یەكێتی جیاوازبووە لەوێناكردنی فۆڕمی جیاواز لەناو كایە جۆربەجۆرەكانی حزبایەتی‌و ‏سیاسەت‌و پێشمەرگایەتی بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش. جیاوازییەك كە لەناو شۆڕش‌و لەناو كوردایەتی‌و لەناو حزبایەتیشدا بەڕۆشنی دەردەكەوێت‌و لەگەڵ خۆیدا ‏دەتوانێت حزب‌و شۆڕش‌و كۆمەڵگە بەدەوری ئازادیی‌و رزگاریدا كۆبكاتەوە. هەربۆیەشە كە دەبینین تەنانەت لەسەردەمی ئەنفال‌و كیمیابارانیش‌و لەدوای ئەو ‏سەردەمەشەوە، وێڕای هەلومەرجە هەرە سەختەكان، یەكێتی لەداهێنانی خۆی بەردەوام دەبێت‌و لەخەباتی پارتیزانیشدا دەتوانێت بەجۆرێكی‌تر خەباتی شاخ‌و شار ‏رێكبخاتەوە.‏

 

‏ رێكخستنەوەیەك كە تیایدا لەپاڵ مەفرەزە پارتیزانەكانی دوای ئەنفالدا، رێكخستنەكانی شاریش دەتوانن رۆڵێكی گەورەیان هەبێت لەهەستانەوەی رۆحی بەرگریی ‏ئینسانی كورد لەسەردەمەكانی نائومێدیی دوای ئەنفالدا. هەروەكو چۆن لەدوای ئەو مێژووەش یەكێتی دەتوانێت لەداهێنانەكانی بەردەوام بێت‌و لەوێناكردنی ‏قۆناغێكی مێژوویی گرنگدا رۆڵی سەركردایەتیكردن‌و رابەرایەتیكردن بگێڕێت، شان بەشانی لایەنەكانی ناو بەرەی كوردستانی. راپەڕینێك كە دیسان تیایدا لەسەر ‏دەستی یەكێتی‌و هێزەكانی دیكەی سەر گۆڕەپانە سیاسییەكەدا لەمێژووی نزیكدا یەكەمین هەڵبژاردنی ئازادو یەكەمین پەرلەمان‌و یەكەمین حكومەتی كوردی دێتە ‏بەرهەم‌و لەوێشەوە دەروازە راستەقینەكانی ئازادی بەڕووی ئینسانی كوردو كۆمەڵگەی كوردیدا دەكرێتەوەو پارتەكان‌و رێكخراوەكان‌و میدیاو دامەزراوەكانی دیكەی ‏كۆمەڵگەی دیموكرات‌و كۆمەڵگەی مەدەنی‌و كۆمەڵگەی ئازاد، بوونی خۆیان لەدنیای واقیعدا بەرجەستە دەكەن.‏

ئازادیی لای یەكێتی
ئێمە وەكو یەكێتی دەتوانین بڵێین نەك لەئێستادا، بەڵكو كە لەشاخیش بووین، بڕوامان بەئازادیی رادەربڕین هەبووە. لەو سەردەمانەوە بۆ راپەڕین‌و لەڕاپەڕینیشەوە بۆ ‏ئێستا بەگوێرەی پەرەسەندنەكانی میدیاو بوارەكانی لەجوگرافیای دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا، خەڵك بەئازادیی بۆچوونی خۆی دەربڕیووە، گۆڤاری خۆی هەبووە، ‏رادیۆو تەلەفزیۆنی خۆی هەبووە.

رۆژنامەی ئازادی خۆی هەبووەو نووسەران‌و میدیاكاران‌و رووناكبیرانیش بێ پەروا نووسینی خۆیان ئازادانە نووسیووەو رەخنەی توندو ‏زمانی زبریان ئاراستەی خودی یەكێتیش كردووە، لەوەش زیاتر هەندێكجار لەناو ئەم فەزا ئازادەی یەكێتیدا، چەند جیابوونەوەیەكیش روویداوەو گرووپی جۆراوجۆر ‏ئیعلانی جیابوونەوەی خۆیان لەناو یەكێتیدا كردووە. هەتا لەسەردەمی شاخیشدا ئەمە روویداوەو جاری واش هەبووە بەداخەوە بەو هۆیانەوە خوێنیش رژاوە، بەڵام ‏هەتا ئەوكاتانەش ئەگەر بەویژدانەوە حوكم بدەین، دەتوانین بڵێین یەكێتی ئا لەو كاتانەشدا هەوڵیداوە كەمترین خوێن بڕێژرێت‌و پرسەكان‌و ناكۆكییەكان لەڕێگەی ‏دیالۆگ‌و لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەربكرێن. بێگومان لەشاریشدا ئەم جیابوونەوەیە روویداوە. ئەگەر لێرەدا نموونەی گۆڕان باس بكەین كە نەهج‌و بەرنامەیەكی ‏تازەیەو خۆیان نەكردە وارسی یەكێتی‌و لەڕووی سیاسی‌و مێژووییەوە لەیەكێتی جیابوونەوەو یەكێتیان بۆ یەكێتییەكان بەجێهێشت‌و خۆیان رێبازێكی تریان گرتەبەر. ‏بۆیە لێرەدا لەگەڵ ستایش‌و مرونەتی یەكێتیدا، دەتوانین بڵێین هەم یەكێتی‌و هەم گۆڕان بەحیكمەتەوە ئیدارەی وەزعەكەیان داو بەحیكمەتەوە مامەڵەیان كرد. لەم ‏نێوەندەشدا دەتوانین بڵێین ڕۆڵی مام جەلال چ لەشاخ‌و چ لەشار لەڕابردوەوە بۆ ئێستا ڕۆڵێكی مێژوویی گەورە بووە.   ‏

سیمبولی دیموكراسی‌ و پێكەوەژیان
یەكێتی جگەلەوەی كە لەكوردستاندا لەسەردەمانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێوە بۆ ئێستا جێگە دەستی دیارە، لەپرسی دیموكراتیزەكردنی عیراقیشدا كاریگەریەكی ‏مێژوویی گەورەی هەبووە. ‏

 

مام جەلال كە سكرتێری گشتیی یەكێتیەو یەكێتیش حزبێكی كوردستانییە، ئێستا یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژیردراوی ئازادانەی ناو مێژووی كۆن‌و نوێی عیراقە، ‏بێگومان ئەمەش بەهیمەتی یەكێتی‌و هەموو باڵەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی‌و هاوپەیمانەكانی لەسەرانسەری عیراقدا. واتە تاكە سەرۆك كۆمارێكە كە بۆتە سمبوڵی ‏برایەتی‌و پێكەوەژیان‌و بنەماكانی سازان لەعیراقداو لەناو سەرۆكەكانی ناوچەكەدا لەئێستاشدا تاقانە سەرۆكێكی جیاوازە. چونكە لەبەهاری عەرەبیدا بینیمان زۆربەی ‏سەرۆكەكان لەلایەن خەڵك‌و گەلەكانیانەوە یەك بەدوای یەكدا رووبەڕووی دروشمی (ارحل) بوونەوە، بەڵام مام جەلال-مان بینی بەپێچەوانەی هەمویانەوە هەموو ‏گەلانی عیراق داوای (ارجع)یان لێدەكرد، بێگومان ئەمەش ئاماژەیەكی ئێجگار گرنگەو پێویستە لەسەری بوەستین. ‏

 

لەسەر ئاستی دنیاش كە ئێستا یەكێتی بۆتە ئەندامی كارای سۆسیالست ئینتەرناشنال كە دیسان ئەوەش بێگومان دەستكەوت‌و قازانجێكی مێژوویی‌و سیاسیی ‏گەورەیە هەم بۆ یەكێتی‌و هەم بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش، چونكە بەهۆی ئەندامبوون لەو رێكخراوە جیهانییەوە، ئێستا ئاسانتر دەتوانین دەنگی خۆمان ‏بگەیەنینە خودی ئەو رێكخراوەو رای گشتی نێودەوڵەتیش بەتایبەت كە دەزانین سۆسیالست ئینەرناشناڵ کاریگەریی گەورەو گرنگی هەیە نەك هەر لەئەوروپادا بەڵكو ‏لەسەر ئاستی جیهانیشدا. ‏

سیاسەتی هاوچەرخانە

لەئەمڕۆشدا لەسەر ئاستی رێكخراوەیی كە بێگومان وەزع‌و هەلومەرجی كوردستان تەواو جیاوازە لەوەزع‌و هەلومەرجی پێشوتر، لەڕووی كۆمەڵایەتی‌و ئابووریی‌و ‏سیاسییەوە، زۆر گرنگە یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسیی هاوچەرخ مامەڵە بكات‌و بەپێی واقیع بەرنامەكانی دابڕێژێت،  هەوڵیش بدات ئەو واقیعە بگۆڕێت. وەكو ‏دەزانین ئێستا خەبات، خەباتی جەماوەرییەو سەردەمەكە تەواو جیاوازە لەسەردەمانی شۆڕش‌و لەسەردەمانی راپەڕین‌و بگرە دوای راپەڕینیش. لەم پێناوەشدا یەكێتی ‏باشتر وایە بیر لەوەبكاتەوە نەهجی خۆی بگۆڕێت‌و هەوڵبدات لەسەردەمەكە حاڵی ببێت كە سەردەمی خەباتی جەماوەریی‌و سەردەمی هەڵبژاردنەو بۆ ئەو وەكو ‏هێزێكی سیاسیی هاوچەرخ زۆر گرنگە زۆرترین پشتیوانی كۆمەڵانی خەڵك مسۆگەر بكات‌و دەنگ كۆبكاتەوەو بەشێوە دیموكراتی‌و ئارامەكە لەخولەكانی ‏داهاتووشدا دەسەڵات بگرێتەوە دەست. ‏

 

هەربۆیە ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە، شێوازی كاری رێكخراوەییمان بگۆڕین‌و خەباتەكەمان بەشێویەك بێت لەگەڵ بارو زروفی كۆمەڵگەدا بگونجێت. پێویستە یەكێتی هەوڵ ‏بدات ببێتە حزبی دەنگدەران‌و بەپێشكەشكردنی پڕۆژەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و خزمەتگوزاریی كاریگەرو گونجاو، سەرنجی جەماوەر بەلای خۆیدا رابكێشێت‌و ‏بەهێنانی دەنگی زۆرینە جارێكی دیكەش دەسەڵات بگرێتەوە دەست‌و خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك بكات. ‏

 

لەڕاستیدا یەكێتی لەئێستادا پێویستی بەگۆڕانکاریی ریشەییە، بەڵام گۆڕانكاریی ریشەیی بە کۆنگرە دەكرێت. بۆیە پێش کۆنگرە پێویستە مەكتەبی رێكخستن خۆی ‏سازبدات‌و بەرنامەی نموونەیی بۆ كاری رێكخراوەیی پێشكەش بكات‌و بزانێت، هەروەك چۆن شێوەی خەباتمان گۆڕاوە، ئاوەهاش شێوەی كاری ڕێكخراوەیی‌و ‏زەمینەكانی كاركردنی رێكخراوەیمان گۆڕاون. ‏

كام جۆر لەحزبایەتی؟

بۆ ئەم سەردەمە دەبێت شێوازی رێكخستنەكانمان، شێوازی كاركردنمان گونجاوبێت لەگەڵ ئەو شێوە خەباتەی كە ئەمڕۆ لەئارادایە. بەتایبەت كە لەساڵانی رابردوودا ‏بەئەزموون بۆمان دەركەوت نوێبوونەوە لەناو یەكێتیدا بەبڕیارێكی سەرەوە ناكرێت‌و گۆڕانكاریی‌و نوێبوونەوە پێویستیان بەدیراسەیەكی باش‌و بەپلانێكی ‏رێكخراوەیی شایستە هەیە. لێرەدا دەكرێت سامپڵ لەئەزموونی شوێن‌و وڵاتانی جیاجیا وەربگیرێت، بۆ گۆڕینی شێوەی خەبات‌و كاری رێكخراوەییمان، بێگومان ‏ئەمەش پێویستی بەبڕیارێكی شۆڕشگێڕانەی دەستەجەمعی‌و پڕ لەجورئەت هەیە. ‏

 

كاتی ئەوە هاتووە دان بەوەدا بنێین كە كاری رێكخستن لەئێستادا زۆر جیاوازە لەبیست ساڵی پێشووتر. ئەمەش بەدەستی من‌و تۆ نییە، بابەتەكە وای لێهاتووە. ‏

 

گرنگە لێرەدا مەكتەبی رێكخستن بەهەماهەنگی لەگەڵ مەكتەبەكانی تردا هەوڵی گۆڕینی كاری رێكخراوەیی بدات، من دەزانم ئەمە دەبێت بەعەمەلی ئەزموون ‏بكرێت‌و بەبڕیار ناكرێت. من هەر لەسەرەتاشەوە بڕوام وابووە كە هەر مەڵبەندەو بەشێوازی تایبەتی خۆی كاری رێكخراوەیی بكات، چونكە مەڵبەندێك بۆ ‏مەڵبەندێكی تر كاری رێكخراوەیی جیاوازەو باشتروایە شێوەی رێكخستنەكەمان بكەینە شێوەیەكی جەماوەری‌و لەشێوازی تەقلیدیی دەربچێت، بۆئەوەی بتوانین ‏یەكێتی لەحزبی بارەگاو حزبی شێوە وەزیفییەوە بگۆڕین بۆ حزبێكی جەماوەریی.‏

 

بێگومان لەپاڵ رێكخستنیشدا یەكێتی پێویستە پەرە بەڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بدات، پێویستە گرنگی زیاتر بەڕێكخراوە مەدەنی‌و پیشەییەكان بدەین‌و ‏بایەخی زیاترمان بۆیان هەبێت‌و كادرەكانمان واڕابهێنین كە مەیدانیتربن‌و بەشێوەیەك ئیش بكەن كە تەعبیر لەداخوازییە هەنوكەییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. ‏بەجۆرێك كە ئیتر بۆ لەمەودوا خەباتی یەكێتی گرێدراوی ئەو خواستە خزمەتگوزارییانە بێت كە خەڵكی كوردستان داوای دەستەبەركردنیان دەكات. ئەمە پێویستە ‏بەجۆرێك بێت كە ئیتر یەكەمین بەرگریکاری داخوازییەكانی خەڵك یەكێتییەكان خۆیان بن. ‏

سیاسەتی خۆگونجاندن

لەم ڕوەوە دەبێت یەكێتی بزانێت كە پێویستە ئیدی سەركردەكانی، كادرو ئەندامە ئەكتیڤەكانی، كادری پیشەیی‌و مەیدانی‌و خاوەن بیرو باوەڕو دیسپلین بن. پێویستە ‏ئیتر سەركردایەتی‌و كادرانیش ئەزموون لەهەڵەكانی خۆیان وەربگرن‌و رێگە لەوە بگرن  كە هەڵەو كێماسییەكانی رابردوو، لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دووبارە ‏بكرێنەوە.‏

 

بێگومان ئەوە بەوە دەكرێت كە ستراكچەری كاری رێكخراوەیی خەباتمان بگۆڕین. من دڵنیام ئیرادە هەیە، بەڵام دەبێت بەرنامەی بۆ دابنێین. ‏

 

لەم بارەیەوە پێویستە لەئەزموونی وڵاتانی ترەوە فێرببین، بۆنموونە لەئەزموونی پارتی دادو گەشەپێدان‌و لەئەزموونی پارتی ئاشتی‌و  دیموكراتی لەتوركیا ‏لەكوردستانی توركیا یان لەئەزموونی گۆڕان كە بێگومان ئەزموونی ئەوانیش ئەزموونێكی تازەیە لەكوردستانی عیراقدا. لەم رووەوە یەكێتی هەمیشە رچە شكێن‌و ‏داهێنەربووە. هەمیشە بێ دوو دڵی خۆی گونجاندووە لەگەڵ بارودۆخەكەداو ئێستاش گرنگە یەكێتی هەر ئاوا داهێنەربێت‌و ترسی لەداهێنانە گرنگەكانی ناو حزب‌و ‏ناو سیاسەت‌و ناو كۆمەڵگە نەبێت‌و سەركردایەتی بەرنامەی نوێ‌و كاری رێكخراوەیی نوێ‌و حزبایەتی نوێ بكات. بێگومان ئەمەش بەسەركردەی نوێ‌و بەكادری ‏نوێ‌و بەعەقڵ‌و بیركردنەوەو میكانیزمی نوێ دەكرێت.‏

 

ئێستاش وێڕای ئاستەنگەكانی بەردەمیشی، بەڵام دیسان دەبینین هەر یەكێتی حزبێكی سیاسی پێشەنگ‌و هاوچەرخە. حزبێك كە خەبات دەكات بۆئەوەی ‏بەشێوەیەكی دیموكراسی دەسەڵاتی لەدەستدا بمێنێتەوە.‏

جیاوازیی‌ و هاوپەیمانی

‏ لەماوەكانی رابردووشدا یەكێتی كە بەشێك لە دەسەڵاتی لەدەستدابووەو لەهەندێك كابینەدا سەركردایەتیی حكومەتی كردووەو لەهەندێك كابینەی دیكەشدا هاوبەشی ‏راستەقینەی حكومڕانی بووە. بێگومان لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی خۆیدا پێویست بووە ئەو بەرنامانە جێبەجێبكات كە خۆی بڕوای پێی هەبووە. دیارە بەم ‏واقیعەش یەكێتی تەنها توانیوێتی بەشێك لەبەرنامە ستراتیژیی‌و خزمەتگوزارییەكانی جێبەجێبكات، دەشزانین بەشێكی گرنگی ماوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت ‏كە ئێمە شەریكین لەگەڵ لایەنەكانیتر لەفەرمانڕەواییدا، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی هاوپەیمانماندا كە رۆشنە ئێمە دوو حزبی جیاوازین‌و دوو بەرنامەو دوو ستراتیژی ‏جیاوازی خزمەتگوزاریمان هەبووەو هەیەو لەتەمەنی دەسەڵاتدارێتیماندا هێزێك نەبووین بەتەنیا حوكمی هەموو كوردستان بكەین‌و دەرفەتمان هەبێت هەرچی نەهج‌و  ‏بەرنامەی حوكمڕانییمانە جێبەجێیان بكەین، چونكە مەعلومە زۆربەی كابینەكان بەفرەلایەنی بەڕێوەبراون، جگە لەكابینەی شەشەم نەبێت كە لەسەردەمەكەیدا بۆ ‏یەكەمجار ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز دروست بوو.

لێرەوە یەكێتی ئیدی پێویستە وەكو حكومەتی هاووڵاتی‌و وەكو حكومەتی هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سەیری ‏چەمكەكانی بەڕێوەبردن‌و حوكمڕانی بكات‌و جدیانەتر داوای یەكسانیی‌و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بكات‌و لێبڕاوانەتر داوای دەستەبەركردنی بنەماكانی سۆسیال‌و ‏چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ‌و سەروەركردنی یاساو داوای ئیدارەدان‌و بەكارهێنان‌و دابەشكردنی یەكسانی لەپرسی داهات‌و ئابووریی وڵات بكات‌و زیاتر پێداگریی ‏بكات لەوەی كە ئیدی دەبێت ئەم وڵاتە لەسەر سیستەمێكی هاوچەرخانەترو دادپەروەرانەتر بەڕێوە ببەین. ‏
لیرەدا یەكێتی پێویستە دیدێكی تەواو جیاوازی هەبێت. جیاواز بێت بۆ سەرجەم ئەم پرسانە، تەنانەت لەگەڵ حزبە هاوتاو هاوپەیمانەكەشیدا كە پارتی دیموكراتی ‏كوردستانە. ئاخر دەبێت بزانین ئێمە وەكو یەكێتی جیاوازیمان هەیە، تایبەتمەندیی خۆمانمان هەیەو هەرگیز ناكرێت ئەو جیاوازی‌و تایبەتمەندیانە نەپارێزین. بەڵام ئایا ‏چۆن ئەم جیاوازی‌و تایبەتمەندییەی خۆمان دەپارێزین؟ ‏

هێزێكی حساب بۆكراو 
لەڕاستیدا من باوەڕم وایە تایبەتمەندیی یەكێتی بەوە دەپارێزرێت كە رەخنەی لێبگرین‌و لەسەری بنووسین‌و پێشنیازی جدیی بۆ بكەین‌و كاری هەرەوەزیی بۆ بكەین‌و ‏بەرنامەی یەكێتی لەچوارچێوەی كاری نوخبەو حزب دەربچێت‌و بۆ چوارچێوە بەرفراوانە جەماوەریی‌و میللییەكانی ناو هەموو كۆمەڵگە شۆڕبكرێتەوە. بەتایبەتی كە ‏یەكێتی لەئێستادا زیاد لەدامەزراوەیەكی راگەیاندنی هەیەو بەهیمەتی گەنجان‌و لاوانییش لەناو سۆسیال میدیاشدا پێگەیەكی شایستەی گرتووە بەئاسانتر لەجاران ‏دەتوانێت بەرنامەكانی خۆی بۆ خوارەوە شۆڕبكاتەوە.  ‏

ئەگەر لەڕووی گەشەكردن‌و پەرەسەندنەوە سەیری كۆمەڵگەی كوردستان بكەین، دەتوانین بەراوردی پێش راپەڕین‌و دوای راپەڕین هەم بۆ یەكێتی‌و  هەم بۆ خەڵك ‏بكەین‌و بڵێین گۆڕانێكی ئیجابی گرنگ بەسەر هەردوو ئاستەكانی ناو یەكێتی‌و ناو كۆمەڵگەدا هاتووە، هەرێمەكە پێشكەوتنێكی هەمەلایەنەی گرنگ‌و بەرچاوی ‏بەخۆیەوە بینیووەو ناوبانگ‌و پێگەی یەكێتیش لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەو جیهانیش رووی لەهەڵكشانێكی زێڕین كردووە، بەجۆرێك كە دەتوانین ‏بەشانازییەكی گەورەوە بڵێین یەكێتی ئێستاش وێڕای ئاستەنگە گەورەكانی بەردەمی، بەڵام هەر هێزێكی گەورەی حساب بۆ كراوە، بەڵام بێگومان بێ كەموكوڕیی‌و ‏بێ گرفتیش نییە. ئێستا وادەی ئەوەیە دیراسەیەكی واقیعی بۆ واقیعەكەمان بكەین‌و زووبەزوو لەهۆكارە خودی‌و بابەتییەكانی بەردەم پەرەسەندنی یەكێتی‌و ‏ئەزموونی حوكمڕانیمان تێبگەین‌و بزانین كەموكوڕییەكانمان لەكوێوەن‌و بەجدیتر وەكو یەكێتی لەخودی خۆمان بپرسین‌و ئاوڕێك لەڕابردوومان بدەینەوەو ‏بەبەرپرسیارێتییەكی مێژووییەوە هەنگاو بۆ ئایندەیەكی روونترو گەشەدارتر بۆ حزبەكەی مام جەلال بهاوێژین.

هەرچەندە ئەمە هەرگیز مانای نادیدەگرتنی ‏سەروەرییەكان‌و خەرمانی كەڵەكەبووی دەستكەوتەكانمان نییە، هێندەی ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئەگەر بەویژدانەوە پرسیار لەخۆمان بكەین‌و بڵێین ئایا ‏لەپەرەسەندنی دەستكەوتەكانی یەكێتی وەكو هێزێكی حوكمڕان رازیین؟ ئایا نەدەكرا لەمە زیاتر بۆ یەكێتی‌و بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و بۆ هەرێمی ‏كوردستانەكەمان بەدەستبهێنین؟ رەنگە هەموومان هاوڕابین لەسەر ئەوەی كە دەكرا لەمەزیاتر بكەین، بەڵام خۆ هێشتاش نەچووە بچێت‌و دەكرێت هەموومان ‏بەیەكەوە قۆڵی لێهەڵماڵین‌و قۆناغێكی دیكە بۆ یەكێتی‌و بۆ میللەتەكەمان لەئاشتی‌و دیموكراسی‌و ئازادیی‌و ئاوەدانیی‌و رەفاهییەت بەدەستبهێنین.‏

ستراتیژێك بە قازانجی كۆی ناوچەكە
دەبێت بزانین هەر بەیەكەوە كاركردنمانە وادەكات كە یەكێتی لەدەرەوەی وەزیفە رێكخراوەییەكانی خۆیشی، بتوانێت وەزیفە كوردستانی‌و وەزیفە عیراقی‌و وەزیفە ‏ناوچەییەكانیشی لەسەر ئاستە كوردستانی‌و عیراقی‌و ناوچەییەكەش بەقازانجی پرسە نیشتمانی‌و نەتەوایەتییەكانی كوردو بەقازانجی دیموكراسی‌و هێنانەدیی ئاشتییەكی ‏ناوچەیی جێگیر، بەردەوام بكات. ئەو وەزیفانەی كە لەمێژوودا شوناسێكی گەورەتریان بەیەكێتی بەخشیووەو لەلای هەڤاڵ مام جەلال-یش هەمیشە ئەم وەزیفانە وەكو ‏ئەولەویاتێكی گرنگی فیكریی‌و سیاسی‌و نیشتمانی تەماشاكراون‌و لەلایەن بزووتنەوەی كوردایەتی‌و دیموكراسیش لەپارچەكانی دیكەی كوردستان‌و لەلایەن ‏ئازادیخوازانی عیراق‌و ناوچەكەشەوە هەردەم ئەولەویاتی جێگەی هیوابوون. ئەولەویاتێك بوون، كە سەرەنجام توانراوە بەهۆیانەوە سەنگی سیاسەت‌و ستراتیژی یەكێتی ‏بەقازانجی چارەی دادپەروەرانەی كێشەی كوردو بنیاتنانی دیموكراسی‌و ئاشتی‌و برایەتی‌و پێكەوەژیان لەعیراق‌و لەسەرانسەری ناوچەكەدا بەڕوونی دەربكەوێت.‏

‏ بێگومان هەر لەو سۆنگەیەشەوە بوو كە یەكێتی لەساتێكی مێژوویی گرنگدا توانی رێككەوتنی ستراتیژیی بەقازانجی ئاشتی‌و گەشەپێدانی ئەزموونی دیموكراسی ‏هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانی هاوپەیماندا بهێنێتە ئاراوەو دواتریش لەساتێكی دیكەی مێژووییدا (لەیەكتری تێگەیشتنی دەباشان)، بهێنێتە ‏ئاراوە كە دەشێت بەهۆیەوە سەرەتایەكی گرنگ‌و دڵخۆشكەر بۆ ماڵئاواییكردن لەسەردەمی ململانێی ڕەش‌و سپی لەنێوان دوو هێزە كوردییەكەی دەسەڵات‌و سێ ‏هێزە كوردییەكەی ناو ئۆپۆزسیۆن رەنگڕێژ بكرێت‌و ئیدی لەبری ململانێی حزبیی نەرێنی، هەموومان بەو ئاقارەدا هەنگاوبنێین كە تیایدا دەتوانین خەونی ‏میللەتەكەمان كە خەونی دروستكردنی قەوارە كوردییەكە لەدنیای واقیعدا بەرجەستە بكەین. بەتایبەت كە لەدوای ئەزموونكردنی قۆناغێكی گرنگی ‏سەركردایەتیكردنی مێژوویی لەعیراقدا لەلایەن سەرۆك مام جەلال-ەوە تواناكانی كورد بەباشی دەركەوتن، چونكە ئەوە كوردێكی سەرۆك كۆمار بوو، كە توانیی ‏لەیەك كاتدا مایەی رەزامەندییەكی هاوبەشی كوردستانییەكان‌و عیراقییەكان‌و گەلان‌و دەوڵەتانی ناوچەكەو دنیاش بێت لەدژوارترین قۆناغی مێژووی عیراق‌و ‏ناوچەكەدا. ئەمە وێڕای رۆڵی مێژوویی یەكێتی‌و سەرۆك مام جەلال لەپرسی هێنانەدی ئاشتی لەباكووری كوردستان. پرسێك، كە لەهەر لایەكەوە سەرنجی بدرێت، شوێن ‏پەنجەی خەبات‌و دیپلۆماسێتی مام جەلال‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەڕوونی پێوەدیارە. هەروەك چۆن هەمان حیكمەت‌و هەمان پەرۆشی‌و هەمان ستراتیژی ‏یەكێتییانەی ڕوون، لەپرسی ڕۆژئاوای كوردستان دەتوانرێت لەئێستادا گەواهی بدرێت. ‏

پەند وەرگرتن لەهەڵەكانمان
لەڕاستیدا من پێموایە یەكێتی بۆئەوەی بتوانێت لەسەر هەموو ئەو كەیسە كوردی‌و دیموكراسییە گرنگە ناوچەییانە رۆڵی ئەرێنی خۆی بەردەوام بكات، دەبێت بەر ‏لەهەموو شتێك، ماڵە مێژووییەكەی خۆی بۆ ئێستاو بۆ ئایندەش، رێكو یەك‌و یەكگرتوو بكاتەوە.  ‏

 

بەدەستهێنانی هەموو ئەو ئامانجانەی سەرەوە بۆ یەكێتی‌و بۆ هێزێكی جیاوازی وەكو یەكێتی زۆر مومكینە، بەتایبەت كە دەزانین یەكێتی لەهەموو سەردەمەكاندا ‏خاوەنی تایبەتمەندییەكی تایبەت بەخۆیەتی‌و دەتوانین بڵێین لەئێستاشدا تایبەتمەندیی یەكێتی ئەوەیە كە دەسەڵاتیشی بەدەستەوەیە، بەڵام فۆڕمی ئۆپۆزسیۆنبوون ‏لەدەست نادات، كە فۆڕمێكی رەخنەگرانەیە. چونكە ئەوەتا دەبینین یەكێتی لەهەموو هێزە سیاسییەكانی تر زیاتر بەدوای چارەسەری كەموكوڕییەكان دەكەوێت‌و ‏هەرگیز هێزێك نییە چاو لەكەموكوڕییەكانی دەسەڵاتدارێتی‌و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات‌و تەنانەت هەڵەو كێماسییەكانی خۆیشی بپۆشێت. بێگومان یەكێتی هەر ‏لەسەرەتاوە وابووەو دەبێت هەرواش بمێنێتەوە. لەڕاستیدا هەڵەو ناتەواوییەكانی ئێستامان هەڵەو ناتەواوییەك نییە پەیوەندیی بەڕێبازو بەبەرنامەو بەفكری یەكێتییەوە ‏هەبێت. ڕاستە كەموكوڕییەكان هەن‌و هەستیشیان پێدەكرێت‌و رەنگە لەبەشێك لەبەشەكانی بەڕیوەبردنیشمان یان لەكادرەكانماندا كەموكوڕییەك هەبێت، بەڵام ‏كەموكوڕیی ئیداری‌و سیاسەتی یەكێتی نییە، بەڵكو كەموكوڕیی لەهەڤاڵانی سەرەوەیە لەناو حزبدا، یان كەموكوڕیی لەناو حكومەتدا لەئێمەوەیە، لەوەزیرەكەوەیە، ‏لەبەڕێوەبەرە گشتی‌و فەرمانبەرە بەرپرسەكانەوەیە، یان هەندێكجار ڕەنگە كەموكوڕییەكە لەخوارەوەی ئێمەو لەناو فەرمانبەرەكانی خوارەوەش بێت، بەڵام گرنگ ‏ئەوەیە ئێمە نابێت هەرگیز یەكێتی بكەینە قوربانی كەس، بیكەینە قوربانی هەڵەكانی سەركردەو كادرەكانی. بێگومان ئێمەش لەئاسمانەوە دانەبەزیوین‌و خەڵكی ئەم ‏وڵاتەین‌و لەم وڵاتەدا پەروەردەبووین‌و بەشێوەیەكی رێژەیی شتی باش‌و خراپمان وەرگرتووە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە پەند لەهەڵەكانی خۆمان وەربگرین بۆئەوەی ‏هەڵسینەوە، چونكە لەمێژوودا یەكێتی زۆرجار تووشی شكست هاتووە، بەڵام شكستەكانی زۆر كاتی بوون. بۆئەوەی ئەمەش رووبدات، دەبێت بزانین ئیدی خەباتی ‏شارو شاخ جیاوازە، خەباتی ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات جیاوازە، دەسەڵاتیش بەگۆڕانكاریی كابینەكان جیاوازیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، پێویستە یەكێتی لەم هەموو ‏جیاوازییانە پەند‌و ئەزموون وەربگرێت‌و بەردەوام بێت. چونكە یەكێتی شۆڕشێكی بەردەوامە لەسەر هەموو ئاستەكان، لەبواری فیكری‌و رێكخستن‌و كۆمەڵایەتیدا، ‏لەبواری حوكمڕانیدا.‏

شائامانجی یەكێتی چییە؟
‏ بۆ لەمەودواش پێویستە یەكێتی هەر ئەو شۆڕشە بەردەوامە بێت بۆ هەموو ئەو ئاست‌و پلان‌و پڕۆژانەی سەرەوە پێوەری تایبەت‌و بەرنامەی تایبەت‌و پلانی ‏ڕێكخراوەیی تایبەت بەخۆی هەبێت. چونكە سەرەنجام ئەمانە هەموو جۆگەن‌و دەچنە رووبارێكەوە كە دەتوانین وەكو یەكێتی خزمەتی میللەتەكەمان‌و خزمەتی ‏كەسوكاری شەهیدانمان‌و خزمەتی تێكۆشەرە دێرینەكانی شاخ‌و شارو خزمەتی گەنجان‌و لاوان‌و ژنان‌و توێژە زیندووەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستانیان پێ بكەین. ‏بێگومان هەر ئەمەش شائامانجی یەكێتی بووە لەهەموو قۆناغە جیاوازەكاندا.

شائامانجێك كە لەمێژوودا نازناوی حزبی سەروەرییەكان‌و لەئێستاشدا شانازیی ‏رێبەرایەتیكردنی جیاوازییە جوانەكانی بە یەكێتی بەخشیووە. ‏

 

*ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

*ئەم وتارە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە 6092 رۆژی 1/6/2013، بڵاوكراوەتەوە.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket