riklam

کوردو کوردستان لە بەڵگەنامەکانی دەزگا هەواڵگریەکاندا

بیروڕا 10:21 PM - 2024-02-14
سڵێمان مستەفا حەسەن

سڵێمان مستەفا حەسەن

لەماوەی رابردوودا، چەندین بیرەوەری و لێكۆلینەوە و ڕۆمان و کتێبی مێژوویی لە سەر شۆرش و بەرخودانی كورد و دەوریان لە ناوچەکەدا بە چاپ گەیەنراون. هەموو ئەو كتێبانەی بەردەستم کەوتوون و تا ئێستا دەرفەتی خوێندنەوەیان هەبووە، باندۆرێكی زۆریان لەسەر جێ‌ هێشتووم، لەوانە بیرەوەرییەكان ئاپێ موسا عەنتەر و ڕۆمانی داگیركردنی تاریکی بەختیار عەلی و كچانی  دووكەڵ و ئاگر لە نوسینی ئاڤا هوما، مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد لە نوسینی مامۆستا (سۆران حەمە رەش )، ئەمەش وایکرد بگەرێمەوە بۆ هەندێ سەرچاوەی تر کە پێشتر خوێندبوونمەوە، لەوانە كتێبەكەی (گێرتروویدا مارگرێت)کورد لە نامەکانی ( مس بێل) و کتێبی کورد لەگەمەی سوڤیەتدا، کە نووسینی ڕەوانشاد نەوشیروان مەستەفا و کتێبی بیرەوەرییەکانی سەرۆک بۆش ، کتێبی بیرەوەرییەکانی ساڵەکەم لە عێراق لە نوسینی حاکمی کاتی عێراق ( پۆل بریمەر ) و کوردستان و بزاڤی نەتەوەی کورد لە نووسینی خوا لێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال. لە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە چەندین پرسیارم لا دروست بوون، ئەمەش وایکرد بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا بگەڕێم، لە كۆتایی تێگەیشتم پێویستم بەسەرچاوەی دیکە هەیە، سەرچاوەی جیاواز و لە نموونەی بەڵگەنامەیی، بۆ ئەمەش باشترین سەرچاوە کە بەباشم زانین دوو نامەی دکتۆرا لەگەڵ کتێبێکی تر کە بەزمانی ئینگلیزی نوسراوەن بەڕێز شەفیقی حاجی خدر وەرگیڕاونەتە سەر زمانی کوردی ، لەوانە کتێبی(شای ئێران و كوردی ئێراق و شیعەی لوبنان) نوسینی ئارەش رەئیسینەژاد، کە نامەی دكتۆرایەتی لە زانکۆی کالیفۆرنیا ساڵی ٢٠١٧  هەروەها نامەی دكتۆرای (براین ڕۆبرت گیبسن) بەناوی (سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا عێراق -کورد – جەنگی سارد ) وەرگێڕ لەبەرگی کتێبەکە پرسیاری کردوە ئەرێ کورد بونەتە بەردەباز ، هەروەها كتێبی هێڵێك بە ناو لمدا ( ململانێی بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ) لە نوسینی ( جێمس بار ) ، لەگەڵ کتێبی (دیداری تەمەن ، لەلاویتیەوە بۆکۆشکی کۆماری و بروسكە نامە) لە ئامادەكردن بەرێزصلاح رشید . 

لێرەدا نەم ویستوە بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکان و سەردەمی ململانێی سەفەوی و عوسمانی، بەڵکو لە ئەزموونی مەلیکی کوردستانی جنوبییەوە بۆ‌ ئەزموونیكۆماری مهاباد و شۆرشی كورد لە 61 – 75 و شۆرشی نوێ‌ و ئەزموونی حكومڕانی 30 ساڵەی خۆمان لە باشوور و ئەزمونی باكور و پارتی کرێکاران و حزبەكانی دیکە و ئەزمونی خەباتی دیموكراتی لە ناو پەرلەمانی تورکیا، هەروەها ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان چیمان پێدەڵێت و چیمان بۆ  بەیان دەكات .

پرسیارێكی دووبارە و سەدبارە:
 ئەرێ بۆ کورد نەیتوانی دەوڵەتی خۆی هەبێت؟ ئایا بۆ كورد نەبووتە خاوەن دەستكەوت؟،ئایا بۆ کورد دەکرێتە قوربانی هەر هەموومان لە گۆشەی جیاجیاوە دنیایەک وەڵامی حازربەدەست دەڵێینەوە، ئەگەر پرسیارێكی دیکە بکەین بۆ (ڕوسیا و تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا ) دژی ئەزمونی كوردن لەهەر پارچەیەک بێت؟

لێرەدا بە باشم زانی بگەڕێمەوە سەر سەرچاوەکان، سەرچاوەكان و بەڵگەنامەكان پێمان دەڵێن ئیمپریالیزمی ئەورپی لە پێدانی مافی كورد وەك لە رێكەوتنی سیڤەردا هاتووە پەشیمان بوویەوە، لە لۆزان مۆری دابەشكارییان لە هیوا و ئاواتی گەلی کورد دا، هینری کیسنجەر لە کتێبەکەیدا سەردەمی نوێبوونەوە لەبەشی  پاكانەنامەی خۆیدا دەلێت:
بەڵێ‌ لە دوای شەری یەكەمی جیهان و دابەشكاری رێكەوتنی سایكس پیكۆ  دوای لۆزان، كورد لە وڵاتی نەتەوەیی خۆی بێ‌ بەشكرا و بە رەسمی بە پێی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەسەر (ئێران و عیراق و سوریا و توركیا و روسیا )  دابەشكرا ،كە بە ڕای بەندە هۆكاری هەموو ماڵوێرانی و جینۆساید و نەبوونی قەوارە و هەموو ئەو زۆڵمەی لە هەر پێنج پارچە لە كورد دەكرێت بۆ ئەو دابەشكارییە دەگەرێتەوە ، هەروەها ئەزموونی سەد ساڵە پێمان دەڵێت ، سەپاندن و دروستکردنی ئەم شێوە دەوڵەتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرابترین و شکستخواردو ترین ئەزموون بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەتایبەتی دابەشکردنی کورستان و نەتەوەی کورد بەسەر سێ نەتەوەی دژبەیەک و پێنج دەوڵەتدا ، کە ئێستا هاوشانی کێشەی (فەلەستین و ئیسرایل ) گەورەترین ساختانگی ناوچەکە و جیهانە . 

زۆر جار بیستومە لۆمەی سەرکردە و شۆڕشەکانی هەر چوار پارچە دەکەین و بەدواکەوتوو خۆخۆر و خائین تاوانباریان دەکەین، هەندێ جاریش دەڵێن خەتای جیوپۆلیتیک و جوگرافیایە!!

 بەڵام ئایا ڕاستە؟

ئەگەر لە شۆرشی شێخی نەمرەوە دەست پێبکەین، لەم بارەیەوە ( گێرتروود مارگرێت ) کورد لە نامەکانی میس بێل کە ( محمد  حەمە ساڵح تۆفیق ) لە ئینگلیزی  وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی لە نامەیەکی دا دەڵێت (14 ی ئابی 1921 كوردەكان دژی ئینگلیز نین بەڵام حكومەتی كوردی سەربەخۆیان دەوێت )هەرەوها لە نامەیەکی تریدا هاتوە لە 24/10/1923هەروەك دەزانن دەوڵەتی عەرەبی نایەتە بوون بە بێ‌ ناوچەكانی باكور بەغداش زۆر  نزیكەوە پشتی بە موسڵ بەستووە بۆیە بەبێ‌ موسڵ پەیمانەكە بێنرخ دەبێت.
لە دوای ئەو دابەشكاریە كورد بەسەر ئەو پێنج دەوڵەتە دابەشكرا لە هەر پارچەیەك كورد بوبێتە خاوەنی ئۆتۆنۆمیێک یان هەر مافێک، ئەوا  چوار وڵاتەكەی تر كەوتونەتە خۆیان شكستیان بە ئەزمونەكە هێناوە.

بابێنە سەر کۆماری مهاباد ،کورد لەگەمەی سۆڤیەتدا : ئەزموونی كۆماری مهاباد، ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا لە لێکۆڵینەوەی كورد لە گەمەی سۆڤیەتدا ڕونكردۆتەوە چۆن ئەم كۆمارە كرایە قوربانی بەرژەوەندیی ئابوری ، لەکۆتاییدا سۆڤیەت دەستبەرداری کۆماری مهاباد بوو لەبەرامبەر ئیمتیازی نەوت لە ئێران، هەروەها ئامادە نەبوو بەرژەوەندیەکانی بخاتە مەترسی دڵی ئێران و ئێراق و تورکیا بێشێنێت ،   هەرچەندە کێشەی نێوان ئێران و ئێراق قوڵ و لە مێژینەنن  لەسەرتای دروست بونی ئیراقیش ، ئێران لە ساڵی 1929 دانی بە حكومەتی عێراق داناوە و لە یەکەم سەردانی مەلیك فەیسەڵ بۆ ئێران لەساڵی  1932 سێ‌ پرس خرانە بەر باس ( كێشەی جیاكردنەوەی شط العرب نەوت كورد )ساڵی 1937 رێكەوتی سنور لە نێوان ( عێراق و ئێران ) ئیمزا كرا.

ئینجا گەر بپرسین ئایا كورد بەكارهێنراون لە کۆماری مهاباد و شۆڕشی ئەیلول، ئایا لەشۆرشی ئەیلول پەنجەمۆری سۆڤیەت و شەڕی سارد دەوری باڵایان هەبوو لە هەڵگیرسانی، دوای ئەوەی بەرەی عەرەب و ناتۆ هاتنە مەیدان چۆن كێشەی كورد بەكاربهێنێت هەریەك لە ( ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا )كارتی كوردیان بەكارهێنا بۆ لغاوكردنی بەرەی سۆڤیەت لە لایەك و سەرقاڵكردنی عەرەب لە لایەكی تر و دەست كەوتن و ملكەچكردنی دەوڵەتان بۆ دەستكەوتی ئابوری و ڕێڕەوی ئاوی .

هنری كیسنجەر لە کتێبەکەی (ساڵانی نوژەنبوونەوە) 1999   لەسەر شۆڕشی کورد دەڵێت ( خواوەندەكان لە بەهاری 1970 بەرووی دۆستەكانی ئەمریكا دا پێنەكەنین، تراژیدیای كورد بە شێوەیەكی بەرچاو ، بە هۆی مێژوو جوگرافیاوە قەوما، بەڵام پرسەکە بە هۆی دابەشبوونی نیشتمانیانەی ناوخۆشی قەبەتر بوو.

کیسنجەر بەردەوام دەبێت وەک دڵدانەوەیەکی کورد دەڵیت لەو كاتەی دەوڵەتی نەتەوە لە كۆتای جەنگی یەكەمی جیهاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدابوو، ئەوان خۆیان بە دابەشكراوی لە نێوان (عێراق - سوریا - -توركیا - یەكێتیی سۆڤیەت وئێرانەوە بینیوە.

بەستنەوەی بەڵگەوبەند و بەڵگەکان لێرەدا بە پێویست دەزانم، بۆیە لەم نوسینەمدا ئەم میتۆدەم بە پەسەند زانی، با بگەرێنەوە بۆ بەڵگەیەکی تر لەمەر سیاسەتی ئێران لە زەمانی شا (كۆلۆنێل موجتەبا پاشایی ساڵی 1958دەڵێت لەسەر ئێمە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی كەناراوی دەریای سپی ناوەراستدا بجەنگین و بەر بە هەڕەشەكان بگرین تا رێگر بین لەوەی خوێن لەسەر خاكی ئێران بڕژێ،  گەر بپرسین ئێران هاوكاربوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی 1958، هاوكاری هاتنە سەر تەختی ڕژێمێکی کۆماری بوو ، ئەگەر ئەو بژرادەیە ڕاستیش بێت، دەوری باڵا لەم کارەدا سۆڤیەت بوو، ئەم کودتایەش کۆتایی بە پەیمانی بە‌غدا هێنا، لەو رۆژەوە ئێران دەستیکرد بە پەیڕەوكردنی ستراتیجی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ كورد و شیعە ئەمەش سەری كێشا بۆ ستراتیژیەت بە ئاراستەی قەوارە نادەوڵەتییەكان.

دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كاراكتەرە نێودەوڵەتیەكان ئەمەش لە رێگای میكانیزمی پشتەوەی سیاسەتی دەرەكی وکارکردن لەسەر هیلالی شیعی و ئەم سیاسەتی ئیران لە ماوەی شەری سارد دروست بوو، ئێرانی پەهلەوی سیاسەتێكی نادەوڵەتیانەی كارای بۆ بەرزەفتكردنی هەرەشەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی لە خۆ گرتبوو، کۆماری ئیسلامیش بەردەوامە لەسەر ئەم سیاسەتە .

ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە مەیدانی بە هێزی ركابەرەكان بوو لە جەنگی ساردەوە تا ئێستا شەڕی ئابوری و دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی درێژەی هەیە، لەم بارەیەوە ئەسەدوللا ئەعلەمی ڕاوێژكاری باڵای شا  و سەرۆكی هۆبەی ساواک لەبەشێك لە یاداشتەكانی دەڵیت: نزیكبوونەوەی ڕژێمەكانی عێراق لە مۆسكۆ و دروست كردنی كۆماری كوردستان و ئازەربایجان وهەڵگیرسانی شەری كورد لە 1961 لە باكوری عێراق شمشێرێكی دوو سەرە  بوو بۆ ئێران، بەردەوام دەبێت و دەڵیت هیچ كاتێ‌ سوڤیەت راستگۆ نەبوو لەگەڵ كورد و پشتی كوردی نەگرتوە .

هەر لەم بارەیەوە ، خالد بەگداش سکرتێری گشتی حزبی شوعی سوریا ،دەڵێت كورد لە ڕوسیا نزیكە بەڵام ڕوسیا ( ئێران و عێراق و توركیا ) پەست ناكات گەر كورد لە ئەفریقیا بوایە دەوڵەتی بۆ دروست دەكرد .

لوتکەی تاران و هاوکاری کورد :
لە لوتكەی تاراندا 1972 سەرۆكی ئەمریكا نیكسن ڕێگەی بە (CIA) لەگەڵ ساواك و موساد  دا هاوكاری كورد بكەن و دەست و پێی حكومەت و جەیشی عێراق ببەستن.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن كورد تا ڕادەیەك لەگەڵ ئێران بوون نامەکەی شێخ محمود بۆ پەهلەوی و ئیحسان نوری پاشاش هاتۆتە زمان لەم بارەیەوە، لەلاپەرە (١٨٦) کتێبی شای ئێران و کوردی عێراق و شیعەی لوبناندا هاتوە خوا لێخۆشبو مستەفا بارزانی گوتی:
 (کورد لەهەر کوێیەک بژێ ، ئەوێ ئێرانە ) لەهەمان سەرچاوە و هەمان لاپەڕەدا هاتوە ،خوالێخۆشبوو مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) لێدوانی دا ( کورد لەهەر کوێیەک بژین ، ئێرانین  ).

لەبارەی پشتگیری کورد لە قاسم ، مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد )لە پشتگیریكردنی عبدالكریم قاسمدا دەڵێت، ئێمە بە هەر سێ‌ دەوڵەتی ( ئیران - توركیا  - عێراق ) دەورەدراوین ، ئێمە پێمان وانەبوو كەسێك لە نوری سەعید بەدتر بێ‌ ، هەر بۆیە یارمەتی قاسممان دا .

لەکاتی سەردانی وەفدی کوردی بۆ لای جەمال عبدلناسر بە سەرۆکایەتی مام جەلال، ناسر بە مام جەلال دەڵێت  (محمد رەزا شا) دوژمنی كوردە ئەو خاوەنی بەشێكی زۆری خاكی كوردە ، خۆ ئەو گەر پشتی ئێوە بگرێ ‌ئەوا لەبەر ئەوەیە دژ عەرەب بەكارتان دێنێ‌ .

لەدانپێدانانی دەزگا سیخوریەکاندا هاتوەو پێمان دەڵێن چۆنیان بەكار هێناین..
با بگەرێینەوە بۆ بەڵگەنامەكانی  ( موساد ) و ( سی ئای ئەی ) و سۆڤیەت
دەرئەنجام دوای رێکەوتنی شاو سەدام، پشتیان لە شۆرشی کورد کرد، ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایانگەیاند شا كوردی فرۆشت بەڵام خۆیان پێ‌ بێبەری كرد.
هەر لە بەڵگەنامەکانی سی ئای ئەیدا هاتوە براین رۆبەرت گیبسن  - لە تێزی دكتۆراکەیدا ساڵی 2015  كردوویەتی بە كتێب ، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا – عێراق كورد جەنگی سارد 14 / 1958  - 1975، نووسەر بۆ پێشەكی وەرگێرانە کوردیەكەی دەڵێت :كورد لە چەقی مێژووی ڕووداوەكە دا بووە ، ئەم كارە مێژووی كوردان نییە ، بەڵام پەردە لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی كورد لە لایەن ئیران و ئیسرائیل و ئەمریكا هەڵدەداتەوە .

لەم بارەیەوە دەڵێت، ڕەگ و ریشەی ململانێی كورد بۆ پاشماوەی جەنگی یەكەمی جیهانی دەگەرێتەوە لەو كاتەی هاوپەیمانان لە رێكەوتنامەی سیڤەر بەڵێنیان بە كورد دا كە لە گۆشەی باشووری توركیا دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكەن - كە جیا لە بری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە رێكەوتنامەی لۆزان كوردیان بە سەر توركیا و عێراق و سوریا دا دابەشكرد ڕوسیا لە لایەك هاوكاری رژێمی قاسمی كرد و لە لایەك هانی كوردی داوە لە ساڵی 1961 دەست بەشۆڕش بکەن ، بەمەش سۆڤیەت كوردی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە بە گوێرەی ئاراستە شەری سارد .

بەڵگەنامەکانی سۆڤیەت (ڤلادیسلاڤ زەبوك  -  راپەرینی كورد لە ساڵی 1961 لەگەڵ ستراتیجی سۆڤیەت دابوو بۆ ئەوەی سەرنجی ئەمریكاو هاوپەیمانی لەسەر مانۆرەكەی بەرلین وەرگیرێ ،بە پێی بەڵگەی (KGB) كە ( ئەلێكسەندەر ) ی سەرۆكی KGB بۆ ( خۆرۆشۆف) نوسراوە لە 29 ی تەمووز 1961 تێیدا رادەسپێرێ‌  ( سەختانگ ) ئەزمە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان دروست بكات بۆ بەلاڕێدابردن سەرنجی هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكا .

سۆڤیەت لە گەمەی دووفاقی بەرژەوەندیخوازی بەردەوام بوو ، لە لایەک چەک و جبەخانەی دایە رژێمی بەعس لە لایەکی ترەوە دڵنەوایی كوردی دایەوە، رژێمی عێراقی بە پیادەكردنی جینۆساید دژ بە كورد تاوانبار دەكرد ، بۆ یەکەم جار سۆڤیەت داوای لە مەنگۆلیای هاوپەیمانی دەكات سكاڵایەك لە نەتەوە یەكگرتوەكان تۆمار بكات لە ساڵی 1963 بەوەی رژێمی عێراق شەڕی جینۆساید دژ بە كورد دەكات، لە تەموزی 1963 سكاڵاكە تۆمار كرا و لە 11 تەمووز سۆڤیەتیەكان نامەیەكیان دایە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش . لەسەر كۆرەوی كورد، بەڵام دوای بە پاساوی نا لۆژیکی سکاڵاکەیان کێشایەوە.

ئەوەی لە بەڵگەنامەکانی دەزگا سیخوڕیەکانی ( سۆڤیەت، ئەمریکا ، ئێران، تورکیا ، ئێراق ، ئیسرائیل، سوریا ) بەیانکراوە و مۆری نهێنی بوونیان لەسەر هەڵگیراوە، ئەوەمان پێدەڵین، کە یەک شتیان لا گرنگە، ئەویش بەرژەوەندیی خۆیانە لەگەڵ درێژەدان بە داگیرکاری و زەوتکردنی مافی چارەی خۆنوسین، لەگەڵ درێژەدان بەم سنورە دەستکردانە .

گەر سەرنج بدەین بە درێژایی ٩٠ ساڵی ڕابردوو عێراق یارمەتی كوردی ئێران و توركیا و سوریای داوە و بەكاری هێناون، توركیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەمیشە بە پلانی نهێنی كاری كردوە بە ئاشكرا یارمەتی كوردی نەداوە بۆ نموونە لە شەری 1991 ڕێگای نەدا بە بەكارهێنانی بنکەی ئەنجەرلیک، ئێران بەدرێژایی ٩٠ ساڵەی ڕابردوو یارمەتی کوردی ئێراق و تورکیا دەدات و بەکاریان دەهێنێت، سوریا یارمەتی کوردی پارچەکانی تری داوە، سۆڤیەت یارمەتی کوردی ئێران و ئێراق و تورکیای داوەو بەکاریان دینێت، ئەگەر پرسیارێكی حسابی بکەین؛ باشە بۆ نایەن یارمەتی كوردانی ژێردەستەی خۆیان بدەن و دان بەمافەکانیاندا بنێنن؟ وەڵامەکەی دیار و ئاشکرایە !!!!

ئەی بۆ كوردی هەر پێنج پارچە ئەو مەتەڵەیان بۆ هەڵ نایەت؟
لە شەڕی ئازادكردنی كوێت تا رووخانی رژێمی سەدام ، دەوری ئێران و سوریا و عیراق دیارە بەڵام تا ئەو سنوورەی لەگەڵ بەرژەوەندیەكانیاندایە، پاشان دژایەتی دەكەن و بەمەترسی دادەنێن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان .

لە نووسینەوەی رەشنوسی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دەستوری عێراق و كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆن نیاز و نیەتی عەرەبی عێراقیشمان بۆ رون دەبێتەوە..

 گەر بگەرێیتەوە سەر بیرەوەرییەكانی جۆرج بۆشی كوڕ و پۆل بریمەر ئەوا چەند وەڵامت دەست دەكەوێت ، لەکاتی نوسینەوەی رەش نوسی قانونی ئیدارەی دەوڵەت، کورد پێداگربوون لەسەر دانانی مافی ڤیتۆی سێ‌ پارێزگا لەکاتی ریفراندۆمی دەستوری هەمیشەیی بەڵام شیعەکان دژبوون، لە دانوستاندنەکاندا نوێنەری سیستانی و وەفدی دانوستانکاریان بە حاکمی کاتی عێراق دەڵێن ئایا ڕەشپێستەكانی ئەمریكا دەتوانن ڤیتۆ لە دژی دەنگدانی گەلی ئەمریكا بكەن، جا بێنە بەرچاوی خۆت، بەڵام کورد سوربوون لەسەر ئەو داوایەیان تا چەسپاندیان بۆ زەمانەتی مافەکانیان لەماددەو بڕگەکانی دەستور.

لەدوو توێی ئەم نووسینەمدا ، دەمەوێت بڵێم ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە سیاستوانانی کورد ستراتیجی خۆیان بگۆڕن، دڵنیام هاوڕان کە لە ئێستادا ئێمەی كورد بەسەر (5) دەوڵەتدا دابەشكراوین ، ئەو دەوڵەتانە خاوەن سیادە و سەروەری خۆیانن، ئەو سنورانە بە بێ‌ رەزامەندی ئێمە كراون و سەپێنراون، ئێمە هێزمان نیە ئەم سنورانە هەڵوەشێنینەوە، سیاسەتی جیهان لەگەڵ ئەوەدا نیە سنوری (5)دەولەت دەستکاری بکات، چونكە بەرژەوەندییان ئەوە ناخوازێت، ئەوەش ڕاستییە و دیارەو مەعلومە .

- ئەوەشمان بۆ مەعلوم بوو توركیا و ئێران و سوریا و روسیا دژی ئەزموونی هەرێمی كوردستانن
- ئەوەشمان بۆ مەعلومە ئێران لە دلسۆزی هاوكاری کوردی ئێراق و تورکیا ناكات.
- ئەوەشمان لا مەعلومە تورکیا بە هەموو هێزیەوە دژی ئەزمونی باشور و ڕۆژهەڵاتە و دژی مافی کوردانی باکوریشە .
- ئەوەشمان لا مەعلومە رۆژئاوا و ئەمریكا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هاوكاریی حزبەكانی رۆژ هەڵات دەكەن .
- ئەوەشمان لا مەعلومە غەرب و روسیا شەڕی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرێوە دەبەن.

بەڵی ئەوە ڕاستییەكی تاڵە وەک قاوە، شەهید قاسملۆش لەسەر قاوە و بەختی کورد و ڕاستی گوتن قسەیەکی جوانی هەیە و دەڵێت:( قاوەیەکم بۆ بێنن وەک بەختی کورد ڕەش بێت، وەک ئەشق شرین بێت، وەک ڕاستیگوتن تاڵ بێت) كەواتە كورد بە بێ‌ هاوكاریی وڵاتانی داگیركەری كوردستان خەباتی چەكداریان پێناکرێت و کارێکی قورس و گرانیشە درێژەی پێ بدات ، هاوكاریی ئەوانیش سنوردارە تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیانە، کۆماری مهاباد و شۆڕشی کورد لە ١٩٦١ -١٩٧٥ ئەو ڕاستیەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە. 

بەرای بەندە بۆ ئێمەی كورد بۆ سیاسەت وانان و لێكۆڵەرانی كورد لە هەر پێنچ پارچە دەرس و پەند لە مێژوو وەربگرین بە شێوەیەك کە لە قازانجی دۆزی ڕەواماندا بێت ، بۆیە دەكرێت ئێمەی كورد دەست بە شرۆڤە و لێكۆلینەوە بكەین با چیتر نەمانكەن بەبەردەباز و با چیتر نەمانكەنە پرد ، باچیتر بەبێ ئاگایی نەمانكەنە خاڵی لاوازی ئەو دەوڵەتانە ، بێگومان سیستەمی سیاسی جیهانی جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان هیچی تری لێبەدی ناکرێت، گەر لە ناوخۆی خۆمان تەبا و کۆک بین، دەکرێت بەرژەوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز یەکبخەین کە ئەنجامی بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان بێت، لەم بارەیەوە خوالێخۆشبوو مام جەلال لەساڵی ١٩٩٠نامەیەک بۆ سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی و ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا دەنوسێت، داویان لێدەکات بەشداری پرۆسەکە بکەن ، بۆیەکەم جار ئەمریکیەکان داوادەکەن کورد بەشدار بێت ، لە لاپەرە (١٩٥-١٩٧ ) دیداری تەمەن بەدرێژی باسی لێوەکردوە ، تەنانەت ئەمریکەکان وتویانە تاڵەبانی یاری پۆکەر دەزانی گەر  یاریکەربیت بەشت دەبێت گەر نا بەشتان نابێت لەگەڵ ئێمەش بن براوەدەبن، گەرنا مافی هیچتان نابێت ، لەکتێبی بروسکەنامەکانێش لە لاپەرە (٢٥ -٦٤) دەقی نامەکان بلاو کراونەتەوە ، بەداخەوە لەوکاتەدا وەڵامی بەرەی کوردستانی بۆ مام جەلال ئەوەبوە کورد بەشداری پرۆسەکە نابێت، سود وەرگرتن لەدەرفەت و خوێندنەوەی راست و دروست گرنگن بۆ خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەکەمان.

لە نەوەدەکانیش خولێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال نامەیەکی دورو درێژی بۆ (عەبدولڵا ئۆجەلان) نارد کە پێشەکیەکەی
بەم شێوەی خوارەوە دەست پێدەکات

برای‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان ئازیزم ئاپۆ* سڵاوێكی‌ گه‌رمی‌ برایانه
به‌ ئه‌ركی‌ خۆمی‌ ده‌زانم ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنێرم بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ت بۆ بخه‌مه‌ڕوو:- یه‌كه‌م: پێویسته‌ سه‌ركردە و‌ به‌رپرسه‌كانی‌ كورد له‌ سیستمی‌ نوێی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تێبگه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیتسمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ نوێیه‌، كاركردنێكی‌ گرنگه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ سیاسه‌تی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ستنیشانکردنی‌ شێوازه‌كه‌شیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هۆكارێكی‌ گرنگه‌ له‌ ده‌ستنیشان كردنی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ دۆزی‌ كورد‌ و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌باتی‌ گه‌لی‌ كورد، جیهان كوتوپڕ گۆڕا به‌ هه‌ره‌سی‌ بلۆکی سۆڤێتی ‌‌و سه‌ركه‌وتنی‌ دیموكراسیی لیبراڵی‌ له‌ ئه‌وروپای‌ خۆرهه‌ڵات‌ و هه‌ڵكردنی‌ شنه‌بای‌ گۆڕان به‌ ئاراسته‌ی‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ مرۆڤ له‌ جیهاندا.

لەئێستادا مافی خۆمانە پرسیار بکەین ، ئایا ئەزمونی شێخی نەمرو کۆماری مهاباد و شۆڕسی ١٩٦١-١٩٧٥ دووبارە دەبنەوە ؟ ئایا کورد لەکوێی یاریەکاندایە ؟ ئایا کورد بەکاردەهێنرێت ؟.

ئایا رۆژانە پرسیار لە چارەنوسی ئەزمونی رۆژئاوا ناکرێت لەناو گەمەی کۆماریەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکا و روسیا و ئێران و کارە دوژمنکاریەکانی تورکیا ؟ گەلۆ پشتەوانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت ؟ گەلۆ کاتی دانوستاندن نەهاتوە لەگەڵ حکومەتی سوریا ، گەلۆ مامەڵەی کوردانی رۆژئاوا لەنوخۆیان چۆنە؟ لەگەڵ باکور وباشور چۆنبن .

مافی خۆمانە پرسیار بکەین ئەزمونی باکور بەرەو کوێ ؟ ئایا پارتی کرێکاران بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم شێوازی خەباتە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە پارتی کرێکاران رەچاوی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکات و دەرفەتیش بداتە دەم پارتی لەناو پەرلەمانی تورکیا خەباتی نوێ بەدیدی نوێ دەست پێبکات .

مافی خۆمانە بپرسین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەنیازی چین ، ئایا بێ ئومێد بوونە لە حکومەتی عێراق ؟ گەر بەڵێ ئەی هەنگاوەکانیان چین ، بۆ ڕاشکاوانە بە میللەتەکەیان ناڵین بەرنامەو پلانیان چیە لەبەر ڕۆشنای گۆرنکارەکانی ناوچەکەو جیهان ؟ گەر نەخێر هێشتا دەرفەت ماوە بۆ چارەکردنی گرفتەکان ، مافی هاوولاتیانە داوا لە دەسەلاتدارانی هەرێم بکەن ، بەسیاسەتی کوردانە و واقعبینانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن ، کێشەکان لە موچەو نەوت کۆنەکەنەوە ، بەڵکو کێشەکە کێشەی میللەتێکە بەپێی دەستور مافەکانی دەستەبەر بکات ، ناکرێت بەسیاسەتی کەسی و حزبی مامەڵە بکرێت ، ناکرێت بەکاربهێنرێین بەبێ ئاگایی .

مافی خۆمانە بپرسین ، خەباتی کوردانی رۆژهەڵات بەرەو کوێ ، خوێندنەوەکان چین ، لەناوخۆیاندا پێویستیان بە چیە ؟ پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەزمونی باشوردا بکەن؟

بۆیە دەبێت پرسیار بکەین و لیکۆڵینەوە بکەین، تێڕامان بکەین و بوەستین، دەبێت سنوری هەست و سۆز تێپەرێنن، ڕەخنە لە خۆمان  بگرین ، دروستکردنی ناوەندی ستراتیجی کوردستان گرنگە، گەڕان بەدوای بەڵگەنامەکان گرنگە، دەبێت بەئاگاییەوە سیاسەت بکەین، دەبێت خەبات بۆ سەربەخۆیی کورد و کوردستان لەچوارچێوەی بانگەشەو سۆزی ئاشقانە و کەف وکوڵی کوردانە دەربێت و بخرێتە چوارچێوەی سیاسەتی ڕاست و دروست و خەباتی یاسایی و مەدەنی و فەرهەنگی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ و قۆناغ بەندی، ناکرێت بڵێین یان هەمووی یان هیچ ،ناکرێت تایبەتمەندیی هەر پارچەیەک رەچاونەکرێت و هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو نەگیرێت ، بێگومان ناکرێت بەبێ بەهەند وەرگرتنی پەیامی خانی و حاجی قادرو بێکەس و شێرکۆ هەنگاو بهاوێن ، لێرەدا دەبێت ڕەوەندی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات بەئەرکی خۆیان هەڵسن ، دەبێت ڕەوەندی کورد لەدەروە سەنگەر بباتە بەردەم سەفارەت و ناوەندەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکان ، دەبێت پەنا ببرێتە بەر خەباتی دیموکراسی .

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket