riklam

ئایا چاوەڕوانی قەیرانێكی گەورەتر بین؟

بیروڕا 06:21 PM - 2024-01-31
ئارێز عەبدوڵڵا

ئارێز عەبدوڵڵا

ئارێز عەبدوڵڵا

‎كاتێك لەسەر هەر ئاستێك قەیرانێك دروست دەبێت دوو پێشهاتی لە پێشن:

‎یەكەم: دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر.
‎دووەم: ئەنجام و لێكەوتە خراپەكانی.

‎هەندێك قەیران هەن مرۆڤ خۆی دروستیان دەكات و هەنێكیشیان هەن بێ دەستی مرۆڤ دروست دەبن، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەكەدا ئەركی لایەنی بەرپرسە كە هەوڵی چارەسەركردن، یان لانی كەم كەمكردنەوەی لێكەوتە خراپەكانی بدات.

‎ئێستا هەرێمی كوردستان لەناو قەیرانێكی گەورەدایە، چونكە قەیرانەكەی چەند رەهەندییە: ئابووری، دارایی، سیاسی، كارگێڕیی و واخەریكە كۆمەڵایەتیشی دەچێتە سەر. كۆی ئەو قەیرانانە ئەگەر بەیەك قەیرانی گەورە یان چەند قەیرانێك ببینین ئەنجام هەر یەكە، چونكە یەكەیان كاریگەری لەسەر ئەوی تریان هەیە. ناكرێ بڵێین ئەو قەیرانانە دەستكردی خۆمان نین، چونكە هەموویان بەهۆكاری كارەساتی سروشتی و هێزی لە ڕادەبەدەری مرۆڤ سەریان هەڵنەداوە. ئەگەر بە وردی سەیری نەخشەی سیاسی بكەین دەبینین ناكۆكییەكان لە ئاستێكدان، كە چاوەڕوانی بەغدا دەكەین بەنموونە كێشەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانمان بۆ چارەسەر بكات، لە كاتێكدا خۆمان دەمانتوانی لێرە كوردستان بكەین بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و لەسەر كۆتاكانیش ڕێكبكەوین. كەواتە سەرەڕای ئەوەی قەیرانەكە دەستكردی خۆمانە ناشمانەوێ چارەسەری بكەین!
‎لەلایەكی دیكەوە بەهۆی نەدان و دواكەوتنی مووچە، مانگرتن و نیگەرانی و ناڕەزایەتیەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بەئاشكرا و هەولێر و دهۆكیش لە ژێرەوە واتە بە پەنهانی گەیشتونەتە ئاستی تەقینەوە. ڕەنگە هەبێ ئۆباڵی نەبوونی مووچە بخاتە ئەستۆی دەوڵەتی عیراق، ئەوەش لەم قۆناغەدا تا ڕاددەیەك ڕاستە، بەڵام كێ ڕۆژەكەی بەم ڕۆژە گەیاند، كێ بەرپرسیارە كە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو لەداهاتی كوردستان بایی سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی دانەكرێ و ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش هەڵنەگیرێ؟

‎بەهەر حاڵ كۆی ئەو قەیرانانە یان قەیرانە گەورەكەی كوردستان مەترسییەكی گەورەیە و پێویستە بەهەند وەربگیرێ، بێگومان لە جیهان  هەر كوردستان نییە روبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەڵام جیاوازی ئیمە و وڵاتانی تر ئەوەیە.. لە كاتی قەیران ئەوان زوو بەدوای هۆكارەكاندا دەگەڕێن، ڕێگاكانی چارەسەر دەدۆزنەوە و لێپرسراوە باڵاكان و حكومەت یەكسەر ئۆباڵەكە ئەخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە ئامادە نین ئۆباڵی تەنانەت ئەو شكستانەش هەڵگرین كە بەهۆی هەڵەكانمانەوە دێنە پێشەوە و زیان بە گەلەكەمان دەگەیەنین، بۆیە لە جیاتی دۆزینەوە هۆكاری ڕاستەقینە و ڕێگاچارەی گونجاو پەنا بۆ تومەتبەخشینەوە و ئۆباڵخستنە ئەستۆی ئەوی تر دەبەین، ئەو جۆرە سیاسەتكردنەش هەرگیز دادمان نادات.

‎بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەوڵێكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و خستنە ناو بازنەیان نابیندرێ، كەواتە لەو حاڵەتەدا دەبێ چاوەڕوانی دوو ئەگەر بین:

‎یەكەم: تەقینەوە بارودۆخەكە و لە كۆنتڕۆڵ دەرچوونی بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، كە ئەوەش جگە لە ماڵوێرانی زیاتر چاوەڕوانی ئەنجامێكی باشتری لێ ناكرێ.

‎دووەم: پەنا بردنە بەر دروستكردنی قەیرانێكی گەورەتر. ئەوەش بۆ ئەوەی قەیرانەكانی تر لەبیر بچنەوە. بێگومان ئەوەش چارەسەر نییە، بەڵام پەردە پۆشكردن و خۆ دزینەوەیە لە ئەركی ڕاستەقینەی سەرشان، لە پێناوی مانەوە و درێژەدان بەهەمان سیستمی سەقەتی حوكمڕانی كوردستان!

‎ئێستا بەش بەحاڵی خۆم ئەگەری دووەم بەدوور نازانم، گوێی شەیتان كەڕ بن.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket