riklam

نە لەعەربەت پەکەکە هەبوو نە لە هەولێر مۆساد

بیروڕا 12:07 AM - 2024-01-19
وەهاب هەڵەبجەیی

وەهاب هەڵەبجەیی

وەهاب هەڵەبجەیی

هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرباری هەموو قەیرانێکی ناوخۆیی و کێشە و ململانێی بەردەوامی لایەنەکان، ڕووداوگەلێکی نامۆ بە کوردستان بەرۆکی گرتووە و وەک مۆتەکەیەک خەریکە ببێتە مەترسییەکی ترسناک و بەردەوام لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.

تا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، هەمووان شانازیمان بە ئارامی و سەقامگیری کوردستانەوە دەکرد، وەک تاکە پارچەی ئارامی ناوچەکە مابوویەوە و دەستی تیرۆر و هێرشی پێنەگەیشتبوو، هەرچەندە ئێستاش بە بەراورد بە چواردەورمان ئاسایشی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، بەڵام خەریکە دەگەینە ئەو قۆناغەی کە ئیدی جەنگی درۆنەکان و موشەکە بالیستییەکان خەریکە وەک هەورێکی ڕەش ئاسمانی کوردستان دادەپۆشن و هەرێمەکەمان دەکەنە مەیدانی ململانێیەک کە دوور و نزیک پەیوەندی بە کوردەوە نییە.

بەڵام ئەوەی ئەم برینە زیاتر بە سوێ دەکات، ناکۆکییە ناوخۆییەکانە، کە بە چاوی خۆمان شاهیدی ئەوە بووین لە هەندێک لە هێرشەکاندا کە دەکرانە سەر خاکی کوردستان، بەبێ جیاوازی ئەوەی کە هێرشەکە لە کوێ ئەنجامدراوە، ڕەوایەتی دەدرایە لایەنی پشت هێرشەکە، لە کاتێدا ئەوەی دەبووە قوربانیی کورد بوو و ئەوەشی کە ڕەوایەتی دەدا بەم کارە هەر کورد بوو.

بۆیە لە هەر بارێکەوە بینەری ئەم دۆخەبیت، دەگەیتە ئەو بڕوایەی کە قۆناغی یەکەمی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و مەترسییەکانی بەردەم کوردستان، سەقامگیری سیاسی نێوماڵی کوردە، پشکی شێری ئەمەش لە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکانە بەبێ جیاوازی، ئەمە جیا لەو بەرپرسیارێتییە مێژوویەی دەکەوێتە سەرشانیان بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونەی کە بە خوێنی دەیان هەزار ڕۆڵە و شەهید ئەم نیشتیمانە بەدیهاتووە.

کاری لەپێشینە لەم بارودۆخە سەختەدا، بریتییە لە هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ، لە پێناو کەس نا لەپێناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چونکە گەلەکەمان دەیان جۆر قەیرانی قوڵی تێپەڕکرد، ناشکرێت ئێستا بە قەیرانێکی دیکە و دۆخێکی سەختی دیکە تێپەڕبن کە ئەویش نەمانی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان بێت و هەموو ڕۆژێک خاکەکەمان لەبەردەم رەحمەتی درۆن و موشەکدا بێت، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەم پاساوانەی بۆ ئەم هێرشانە دەهێنرێتەوە، هیچ راستییەکی هەبێت.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket