riklam

تونێلی تاکڕەوی و دۆزەخی ئیداری

بیروڕا 08:57 PM - 2022-11-16
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نووسینی.. ئەرسەلان مەحمود

خەڵکی کوردستان داوای ئەوە ناکەن حزب و حکومەت باڵیان بداتێ و بیانبەن بەرەو ئاسمان، ئەوان لەوەتەی هەن کوشتەی حوکمی خێڵەکی و قوربانی دەست حکومەتە تـاکڕەوە تـایفی و مـەزهەبی و حزبییەکانن، ئەوان خوازیاری ئەوەن ڕزگاریان بێت لەدەست دۆزەخی ئەم عەقڵییەتە کوێرە تاکڕەوە ئیدارییە سیاسییە بێگانەو خۆماڵییە لەئەداو ئاڕاستەو خزمەتکردندا.

دیارە هیچ حوکم و حکومەتێک نییە لەخۆیەوە بکەوێتە ژێرباری کێشەو ئاریشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان، هەروەکچۆن هیچ حوکم و حکومەتێکیش لەوەها دۆخێکدا داری سیحری نییە سادەو سانـا توانای پەڕینەوەو تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەبێت، بەڵام ئەگەر حوکمی عەقڵ و حکومەتی هاوسەنگ لەئارادا بوون، پەڕینەوەو تێپەڕاندنی تەنگژەکان هەرچییەک و هەر چۆنێک بوون ئاسان و خێراتر دەبن.

ئەم ڕاستییە پێماندەڵێت؛ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکم و حکومڕانێتی لـەهـەرێمی کـوردستان، پێویستییان بەداڕشتنەوەی بنەمـا فـەلسەفییە ئیداری و سیاسیەکەی هەیە، ئـامرازەکە بەتەنها هەر یەکتری ڕازیکردنی حزبەکان نییە، مۆدێلی ئەم پینەو پەڕۆکارییە عاقیبەتەکەی دیارە، قـاڵ و قوڵتر بوونەوەی کێشەکانەو بـەس، خـەمـەکە ئەگەر نەبێت بەخەمێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ بەمانا کردنەوەی بێمانایی لەشێوازی حوکم و حکومڕانێتی کردنی هەرێمدا، هیچ لەواقیعە تاڵەکە نەگۆڕاوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەوەی هەن بگۆی دەکەن بـەدوای ئەوەدا ناگەڕێ پارتی یان ئەم و ئەو حزب و لایەن ڕازی بکـەن، بابـەتەکە مارکێتینگی حزبی نییە، یەکێتیی خـاوەن پێـگەو ئیرادەی خـۆیەتی و هێز نییە بتوانێ ئاوتی بکات، پێداگرییەکانی سەرۆک (بـافڵ جەلال تاڵەبانی) و یـەکێتیی نیشتمـانیی کـوردستان لـەڕەگەوە ڕیشەکێشکردنی حوکمی تـاکڕەوی عورفی حزبی و نـەرێتیی خۆ بـەسوڵتان و خـەڵک بەڕەعییەت زانینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا، بێگومان لـەڕێگەی هێنانە ئاراوەی دیالۆگی نیشتمانی و هەڵێنجانی دیدگە فراوانەکان بەڕۆژی ڕونـاک نەک سات و سەودای ناو کۆبوونەوە داخراوەکان لەژورە تاریکەکاندا.

ئەو تونێلە تاریکە تاک سایدەی هەتا ئەمڕۆ دۆخی هەرێمی کوردستانی لەحکومڕانێتیدا پێدا تێدەپەڕێ، جگە لـەدەرئەنجامە خـراپە کۆمەڵایەتی و ئـابوری و سیاسیەکـانی لـەسەر ژیـان و گـوزەرانی کـۆمەڵانی خـەڵک، گەنجان و لاوانی کوردستانی بەرەو تاراوگە تاوداوەو کاریگەری هەر زۆر خراپی لەسەر ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی دانەوەو بنەماکانی یەک پارچەیی کیانە کوردییەکەمانی خستووەتە ژێر پرسیارو مەترسییەوە.

پێداگری یـه‌كێتی لەڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکم و حکومڕانی هەرێم، پێداگرییەکی جەماوەری سازشهەڵنەگری نیشتیمانییەو لەلایەن تەواوی شەقام و حزب و بژاردە جڤاکییە جیاکانەوە پشتیوانی لێدەکرێ، خەڵکی کوردستان هاوسەنگی ئیداری و دادپەروەرییان دەوێت لەحوکمکردن و حکومڕانێتیدا، داوای دیموکراسی بۆ عیراق و کـەڵـەکـەتڕەی سەپاندنی ئیرادەی حزبی و تـاکڕەوی لـەحوکم کردن و حـکومـڕانێتی خـۆجێییدا، پارادۆکسەو عاقیبەتەکەی داڕمان و داڕوخانە، حزبی روونی ڕاستەقینە، دەبێ وەک یەکێتیی ڕاشکاوو ڕاستگۆبێ لەگەڵ پەیام و دروشمەکانی خۆی و خەڵکدا.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket