riklam

چی بكرێت بۆ گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا.....؟

بیروڕا 03:07 PM - 2022-03-30

گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا گەورەترین كێشەیە كە روبەڕوی مرۆڤایەتی لەسەر هەسارەی زەوی دەبێتەوە،  لێكەوتەكانی رۆژ لەدوای رۆژ كاریگەرتر دەبێت ئەگەر بێت و هەوڵی جددی لەسەر هەموو ئاستەكان نەدرێت بۆ ئەوەی رێ لەبەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بگیرێت كە نزیكەی یەك پلە و نیوی سەدی بەبەراورد بەرابردوو بەرزبۆتەوە، ئەمە وایكردووە لەهەموو كاتێك زیاتر پێویست بكات كار بۆ ئەوە بكرێت هەموو هاوڵاتیان شارەزایی وەربگرن لەسەر هۆكارەكانی گۆڕانكاری ئاو و هەوا، بۆ ئەوەی جیهان جۆرێك لە ئۆقرەیی بەخۆوە ببینێت، بەبڕوای خۆم و پشت بەست بە ئەزمونی دەوڵەتە خوا پێداوەكان، خوێندكاران لەهەموو توێژەكان زیاتر پێویستیان بەشارەزایی و كارامایی هەیە لەسەر پاراستنی كەش و هەوا و جێگیربوونی، مافی ئەوەشیان هەیە لە فێربوونێكی باش بەهرەمەند بن، بۆ ئەوەی پەرە بە تواناكانیان بدرێت و ببنە هۆكار بۆ بەرجەستە كردنی جیهانێكی پۆشتە ، لەژێر رۆشنایی ئەو راستیە كاتی ئەوە هاتوە لایەنە پەیوەندیدارەكان بایەخی تەواو بەدەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەكان بدەن هەروەها بوارەكانیتری ژیان، وەك ئابوری و ژینگە و جومگەكانیتر، بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی مرۆڤایەتی، لە ئێستادا هەروەها بۆ داهاتوش، باشترین بنەما بۆ هێنانەكایەی جیهانێكی هاوسەنگ و زەمینەكی باش بۆ ژیانی شایستە، پابەندبوونە بەرێككەوتنامەی پاریس ماددەی (12) هەروەها پلانی پەرەپێدانی بەردەوام كە خۆی لەبەرنامەی پۆست (2015 تا 2030) نەتەوە یەكگرتوەكان دەبینێتەوە، بەتایبەت ماددەكانی (4 بڕگەی 7 ، 12 بڕگەی 8، 13 بڕگەی 3)، وەك نەخشە رێگایەك بۆ پاراستنی كەش و هەوا و رێگریكردن لەبەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو گەیشتن بە جیهانێكی ئارام و ئۆقرە و هاوسەنگ، بۆ ئەو مەبەستە: - 

1-دەبێـت حكومەت دەستەبەری فێربوونێكی باش بۆ هەموان، بەتایبەت گۆڕانكایەكانی كەش و هەوا بكات لەوبارەیەوە پێویستە : 

أ‌-گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا بخاتە ناو پرۆسەی پەروەردە و نەخشە و پلانێكی دیاریكراویشی بۆ دابڕێژێت و هەروەها بەدواداچونی جددیشی بۆ بكات . 

ب‌-دەبێت بەردەوام پەرە بە پرۆگرامی گۆڕانی كەش و هەوا بدات، بەهاوكاری یەكێتی و سەندیكاكانی مامۆستایان و خوێندكاران و رێكخراوەكانیتر . 

ج- بەرهەمهێنانی تەواو لەبواری پەروەردەی گشتی بكات، لەبەر ئەوەی باشی و بەهێزی پەروەردەی گشتی مەرجێكی بنەڕەتیە بۆ فێربوونێكی باش و بەرجەستە كردنی ئەو بنەما بنەڕەتیانەی ژیان و مرۆڤایەتی پێویستیان پێیەتی . 

2-قوتابیان و خوێندكاران، شارەزایی زۆر باشیان لە گۆڕانی كەش و هەوا هەبێت، چونكە ئەوە وادەكات رۆڵێكی زۆر گرنگ لە چارەسەرەكان و بنیاتنانی داهاتوەكی باشتر و جیهانێكی شایستەتر بگێڕن، لێرەشدا پێویستە :- 

أ‌-هەموو قۆناغەكانی خوێندن تەنانەت بازنەی یەكەمی بنەڕەتیش پرۆگرامی تایبەت بەگۆڕانكاریەكانی ئاو هەوا لەخۆ بگرێت، وەك بەشێكی بنەڕەتی لە پرۆگرامی ساڵانەی خوێندن . 

ب‌-بۆ پەرەپێدانی زیاتر بەو بوارە گرنگە دەبێت پەنا بۆ راهێنانی بەردەوامیش ببرێت، تاوەكو شارەزایی تەواو وەربگرن، لەوەی چۆن دەكرێت رێ لە گۆڕانكاری كەش و هەوا بگیرێت . 

ج- دەبێـت پرۆگرامی تایبەت بە گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا هەبێت، یان بەشێك لە پرۆگرامە جۆراوجۆرەكان خوێندن بۆ ئەو بابەتە گرنگە تەرخان بكرێت،  دەبێت رەچاوی یەكسانیش لەنێوان كوڕان و كچان بكرێت، واتە دەبێت هەموان وەك یەك فێربكرێن و رۆڵیان پێبدرێت . 

3- فێربوونی باش لەبواری ئاو و هەوا وەك بابەتێكی زانستی هەژماری لەگەڵدا بكرێت و رەهەندەكان رەوشت و رۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریش بگرێتەوە كە : 

أ‌-دەبێت پشت بەزانست و زانیاری و دراسەت و لێكۆڵینەوەی بەردەوام ببەسترێت، حكومەتیش دەبێت ئیمكانیاتی ماددی تەواو بڕەخسێنێت، لەلایەك بۆ توێژینەوە و بەدواداچون، لەلایەكیتر بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیرۆكە لەنێوان وڵاتان و لە ناوەخۆش لەبواری ئاو وهەوا . 

ب‌-دەبێت حكومەت ئەو واقیعە لەبەر چاوبگرێت، هەموو شوێنەكان وەكو یەك نین، هەندێك شوێن لەروی ژینگەییەوە زۆر لەدواوەن كە بنچینەكانی ئاو هەوایەكی هاوسەنگ و شایستە بەژیان تیایاندا فەراهەم نابێت، بۆیە دەبێت بەشی شێر لەبایەخ پێدانەكان بۆ ئەو گەڕەك و شار و شارۆچكانە بێت، چونكە ئەو راستیە دەبێت بزانرێت پیس بوونی ژینگە لەهەندێك شوێن كاریگەری لەسەر هەموو شوێنەكان دەبێت . 

4-مامۆستایان دەبێت راهێنان و پەرەپێدانی بەردەوامیان لەكەش و هەوا پێبكرێت لەو بارەیەوە زۆر پێویستە : 

أ‌-ناوەندی تایبەتی راهێنان بەو بوارە لەهەموو پارێزگاكان هەبێت، چونكە فێربوون و شارەزایی بەو زانستە رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران زۆر باش بەهرەمەندبن . 

ب‌-لەخوێندنی باڵاش پێویستە لەهەموو كۆلیژ و بەشەكان بایەخی تەواو بەو بابەتە بدرێت، زۆریش گرنگە سەنتەری راهێنانیش بكرێتەوە، باشتریشە بەشی تایبەتیش بە گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا لە كۆی پڕۆسەی   خوێندندا هەبێت . 

ئەوەی بەلای من جێگەی پرسیارە، تا ئەم ساتە حكومەت و دامەزراوەكانی تایبەت بەپەروەردە و خوێندنی باڵا، بە تەواوی غائیبن لەو بوارە، لەبیریشیان نیە كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیەكی چەندە گەورەن كە خۆی لە زۆری ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و پاڵاوگەی نایاسایی و موەلیدەی كارەبایی لەنێو شار و شارۆچكەكان و نەبوونی رێژەی پێویست لەسەوزایی لەنێو شار و دەرەوەی شارەكان، سەربار و بن باریش، ئەو پەروەردە پڕ لەكەموكوڕیەی چەندین ساڵە بەڕێوەدەچێت كە لە بنەڕەتدا گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا هەر ناخوێندرێت وەكو بابەتێك یان بەشێكی بابەتەكان، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە كاری جددی بكرێت و چیتر كەم بایەخ نەكرێت، چونكە لەوە تێپەڕی بگەینە قۆناغێك ئەو كاتە گەڕأنەوە بۆ رەوشێكی ئاسایی زۆر ئەستەم دەبێت و مەترسیەكانیش لەسەر ژینگە و مرۆڤەیەتی و ژیان هێندە كاریگەر دەبن بەری پێناگیرێت .   

ن: عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket