riklam

دەبێت تەڤگەری ئازادی بۆ ئەم هەڵبژاردنە چی بکات؟

بیروڕا 01:17 PM - 2021-10-06

سیروان ڤیان 
لە عێراق و کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت. ئەو هەڵبژاردنە تەنها هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو زۆر شت لە خۆ دەگرێت و نیشانەی زۆر شتە. راستە بەپێی سنوورەکانی سیستم بژاردەیەک دیاری دەکرێت و تیایدا نوێنەران و بەڕێوەبەران دەستنیشان دەکرێن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە ئەم سنوورانە تێدەپەڕێنێت و لە حکومەت و پەرلەمانتاران ئەنجامی زیاتر و ئەولاتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بژاردە و هەڵوێست و داوای گەل یەکلاکەرەوەیە و سنوورەکانی سیستم تێدەپەڕێنێت. لەم هەڵبژاردنەشدا ئەم سنوورانە تێدەپەڕێندرێن، چونکە هەوڵەکان و گەڕان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە خۆی لە ناو سیستمی دەوڵەتدا نادۆزێتەوە و چارەسەریان ناکات، چونکە سیستمی دەوڵەت پشتبەستووە بە دەسەڵاتخوازی.

ئەو کەس، یان لایەن و گروپانە، کە دەسەڵات دەگرنە دەست هەوڵ دەدەن دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە. لە رێگەی ئەو سیستمەوە و بەپێی ئەو سیستمە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن. هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی بەو شێوەیە لە ژێر دەست و چەتری سیستمی دەوڵەتدا ژیاوە و ئەو سیستمە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە. هەڵبژاردن لە ناو سیستمی دەوڵەتدا گوزارشت لە دیموکراسییەکی سنووردار دەکات، چونکە سیستمی دەوڵەت خۆی لە خۆیدا خۆبەڕێوەبەریی تیادا نییە.  

لە سەردەمی ئێمەدا هەڵبژاردن بە دامەزراندنی سیستمی کۆماری و نەتەوە – دەوڵەت  سەریهەڵدا. چینی بۆرژوازی بە هۆی کێشەی دەسەڵاتداری و بە قازانج و بەرژەوەندیی خۆی هەڵبژاردنی خستووەتە ناو سیستمی دەوڵەتەوە. بەم شێوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا دەستە و گروپەکانی  دەسەڵات، یان ئەوەی کام گرووپ و چین دەبنە دەسەڵات، دیاری دەکرێت. تەنانەت ئەگەر هەندێک جیاوازیش لەنێوانیاندا هەبێت، ئەوا هەڵبژاردن لەناو سیستمی دەوڵەتدا بە "دێموکراسی نوێنەرایەتیکردن" ناودەبرێت. واتە نوێنەرەکانمان حوکممان دەکەن و ئێمە بەڕێوەدەبەن. بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و یەکسان پێویستی بە حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبەرییەکی ڕاستەوخۆ و دێموکراسییانە هەیە. ئەوەش بەڕێکخستن و جوڵاندنی کۆمەڵگایەک دەکرێت. هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئیرادەی خۆت دەبێت بەم شێوەیە و لەم واتایەدا ببینیت.

هەموو سیستم و سیاسەتێک گوزارشت لە عەقڵییەت و زهنیەتێک دەکات. مرۆڤ دەتوانێت بەو گوزارشتکردنە بڵێت پارادیگما. لە باشوور تەڤگەری ئازادی لەسەر بنەمای پارادایگمایەکی جیاواز دامەزراوە. تەڤگەری ئازادی ئەمە بە "پارادایگمای کۆمەڵایەتی" پێناسە دەکات. سەرەکیترین خەسڵەتی ئەم پارادایگمایە ڕێکخستنکردن و خۆبەڕێوەبردنی جەوهەرییە. پارادیگمایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت و دەسەڵات دامەزراوە، ڕاستەوخۆ کۆمەڵگا بە رێکخستن ناکات و ئەو بەڕێوەبەرییەی، کە دروستی دەکات بەرژەوەندیی کۆمەڵگا بە بنەما ناگرێت. دەوڵەت بە پێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت خۆی رێدەخات و کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات. بێگومان گروپێک لە ناو کۆمەڵگا دێتە دەرەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگرێتە دەست. هەروەها لە بنەڕەتدا بەرژەوەندیی دەوڵەت هەر بەرژەوەندیی خودی ئەو کەس و گرووپانەیە، کە دەسەڵاتی دەوڵەتیان گرتووەتە دەست. ئەو دەستە و گرووپە دەسەڵاتدارانە لە مێژووی کۆنەوە تا ئەمڕۆ لە گۆڕێدان و هەن.

لەگەڵ پەرەسەندن و پێشکەوتنی خەباتی کۆمەڵگا بۆ ئازادی و یەکسانی لە سەردەمی هاوچەرخدا سیستمی دەوڵەت لاواز بوو و لە بەرامبەردا دەسەڵاتی سروشتیی کۆمەڵگا لە ڕووی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە بەهێز بوو، بۆیە بەبێ رەزامەندیی کۆمەڵگا دەسەڵات و سیستمی دەوڵەت ناتوانێت وەک جاران دەسەڵاتێکی تاکلایەنە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت و کۆمەڵگا بەڕێوەببات. لەبەر ئەوەش  سیستمی دەوڵەتی پێوێستیی بە کۆمەڵگا هەیە، بەڵام بەم شێوەیە کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر نابن، کۆمەڵگا ئازاد نابێت، کێشەکانی ئازادی و دێموکراسی بەردەوامییان دەبێت، چونکە سیستمی دەوڵەت لەو رێگەیەوە کێشەی شەرعییەتبوونی خۆی چارەسەر دەکات، بەڵام کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر نابن و چارەسەریشیان ناکات. بۆ ئەوەی ئازادکردنی کۆمەڵگا، چارەسەرکردنی کێشەی ئازادی و دێموکراسی رووبدات پێویستە کۆمەڵگا خۆی ڕێکبخات و خۆبەڕێوەبەریی جەوهەری دابمەزرێنێت. مەبەست لە پارادیگمای کۆمەڵایەتی جێبەجێکردنی ئەو ئامانجەیە. تەڤگەری ئازادیش ئەمە بە گرنگ دەزانێت و بەم پێیە سیاسەتی خۆی دادەڕێژێت. واتە هەڵبژاردن خۆی بە تەنها شتێکی ستراتیژی نییە.

تەڤگەری ئازادی ڕێکخستنێکی هەڵبژاردن نییە. تەڤگەری ئازادی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتییە و سیستمی کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگرێت.  ئەگەر تەڤگەری ئازادی هەڵبژاردن بە ستراتیژی بزانێت و لەو چوارچێوەیەدا نزیک ببێتەوە ئەوا دەکەوێتە هەڵە و ناکۆکییەوە. بابەتە ستراتیژییەکە بۆ تەڤگەری ئازادی ئەوەیە، کە سیستمێکی جەوهەریی کۆمەڵگا دروست بکات. ئەوەش بە کۆمۆنە و ئەنجوومەن و هاوئاهەنگی سیاسی، واتە سیستمی کۆنفیدراڵ و شتی تر بەدی دێت. هەڵبژاردن و بابەتەکانی تر ئامڕازن بۆ ئەو ئامانجە. لە سیاسەتدا بەوە دەوترێت "تاکتیک". کەواتە، ئایا هەڵبژاردان هیچ گرنگییەکی بۆ ئیدارەی دەوڵەت نییە؟ بێگومان گرنگیی هەیە و زۆریش گرنگیی هەیە. هێزە کۆمەڵایەتییەکان وەک تەڤگەری ئازادی دەتوانن بە رێبازی راست ئەنجامێکی ستراتیژی پێکبهێنن. دەتوانن لە کوردستان کۆمەڵگا و هێزە نیشتمانپەروەرەکان و دیموکراتیکەکان بەهێز بکەن و هێزەکانی دژە کۆمەڵگا و هاوکارانی داگیرکەران و وابەستەکان و ملهوڕەکان (دەسپۆتیک) لاواز بکەن.

لەم گێژاو و قەیرانە سیاسییەی ئێستادا ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. ئەگەر تەڤگەری ئازادی و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە رێبازی ڕاست و دروست لە هەڵبژاردن نزیک ببنەوە ئەوا دەتوانن ئەنجامێکی ستراتیژی بخوڵقێنن، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەک نزیک ببنەوە و بڵێن، "با چەند پەرلەمانتارێکمان هەبێت" ناتوانن ئەنجامێکی باش بخوڵقێنن. بابەتەکە ئەوە نییە، کە چەند پەرلەمانتار هەبن و بڕۆن بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەمە بە تەنها بێ مانایە. ئەگەر هێڵی هاوکاریکەری داگیرکەران لە ناوچەکانی سۆران و سلێمانی بەهێز بکرێت، ئەوا دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانەدا کاریگەریی خۆی دروست دەکات و هێڵی نیشتمانپەروەری لاواز دەبێت. لەو کاتەدا بوونی چەند پەرلەمانتارێک هیچ مانایەکی نابێت.

ئەگەر ئەوە ڕووبدات راستەوخۆ کۆمەڵگا و هێزە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن. لەو کاتەدا هێڵی هاوکاریکەر کاریگەریی خۆی دروست دەکات و داگیرکاری بەهێز دەبێت. بە کورتی هێزی دوژمنی گەل و کۆمەڵگا، دوژمنی هەبوونی گەلی کورد کاریگەریی دەبێت و بەهێزتر دەبێت. ئەمەش لاوازبوونی لایەنە کۆمەڵایەتی و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەرەکانی لێدەکەوێتەوە. پێویستە تەڤگەری ئازادی و لایەنگرانی دیموکراسی لەو چوارچێوەیەدا لە هەڵبژاردنەکان نزیک ببنەوە. ئێستا گەورەترین و نزیکترین مەترسی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا هێڵی هاوکاریکەر بەهێز ببێت. پێویستە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بەپێی ئەو ڕاستییە و لەو چوارچێوەیەدا بێت. ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە هەڵبژاردنەکاندا لاواز ببێت ئەو مەترسییە ڕوودەدات. هێڵی هاوکاریکەری داگیرکەران لە باشوور بەهێز دەکرێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سۆران و سلێمانی. ئەمە بۆ تەڤگەری ئازادی و بزووتنەوەی گشتیی کورد و هەموو گەلی کورد و پارچەکانی کوردستان باش نییە و زیانی دەبێت. بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، پێویستە تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردنەکاندا پشتگیری لە یەکێتی بکات.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket