riklam

حكومەتی هەرێم: تەنها داهاتی نەوت دەدەینە بەغدا

کوردستان 06:45 PM - 2020-07-01
.

.

حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئامادەنین نەوت رادەستی بەغدا بكەین، بەڵكو داهاتەكەی دوای دەركردنی خەرجی كۆمپانیاكان و گواستنەوەو ئەو خاكەی پێیدا تێدەپەڕێت دەدەین بە بەغدا. دەشڵێت: مووچەی بۆ مانگی داهاتوو بەپێی ئەو داهاتە دابەشدەكەین كە لەبەردەستمانەو لەوانەشە بۆ مانگی داهاتوو بڕینەكە زیاتر بێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 1ی حوەزیرانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو بڕیارانەی دەریكردوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا باس لەگفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا، هەرێم بەردەوامدەبێت لەگفتوگۆكانی بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەچوارچێوەی دەستوری عیراقداو وەفدی هەرێمیش بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی چوە بەغداو لەگەڵ لێپرسراوانی بەغدا لەسەر بودجەو نەوت گفتوگۆ كراوەو لەئایندەیەكی نزیكدا وەفدەكە سەردانی بەغدا دەكاتەوەو ئەوەی لەسەر هەرێمە جێبەجێ دەكەین.

لەبارەی رادەستكردنی نەوتی هەرێمیش بە بەغدا، رایگەیاند: وەك حكومەتی هەرێم ئامادەین داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكەین، نەك نەوتەكە رادەست بكەین، ئێمە نەوت رادەست ناكەین، بەڵكو ئامادەین رێكبكەوین لەگەڵ بەغداو داهاتی نەوتی هەرێم دوای دەركردنی خەرجی كۆمپانیاكان و گواستنەوەو ئەو خاكەی نەوتی لەسەر دەگوازرێتەوە، دوای ئەوە ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە بیدەینە بەغدا.

ئەوەشی وت: بەغدا خێرمان پێناكات و سازش لەسەر ئەو شایستە داراییانە ناكەین، ئەو شایستە داراییانە موڵكی حكومەتی عیراق نیەو مافی خۆمانە.

وتیشی: ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی دەركردوە دەقەكانی بڵاودەكرێتەوە، هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا باس لەدامەرزاندنی سندوقی خانەنشینی كراوە بۆ ئەوانەی خانەنشین دەكرێن تا مافەكانیان پارێزراو بێت، چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی هەبووەو هەمووی لەیەك بەڕێوەبەرایەتیدا كۆدەكرێتەوە.

ئەوەشی وت: لەكۆبوونەوەكەدا باس لەباجی كۆمپانیاكان كراوە وەك نەوت و پەیوەندییەكان و دەبێت بەپێی رێنماییەكان باجەكانیان وەك پابەندی یاسایی بیگەڕێننەوە بۆ حكومەت و پابەند دەكرێن بەپێدانی ئەو باجەی لەسەریانە.

وتەبێژی حكومەت راشیگەیاند: لیستی میراتگری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و زیندانی و راگیراوی سیاسی بەپێی بایۆمەتری رێكدەكرێختەوەو ئەوانەی شایستە نین هەمووی هەڵدەوەشێتەوەو هەمووی بەسیستمی بایۆمەتری دەكرێت و هەمووی پاكدەكرێتەوەو كەسانی شایستەو ناشایستە جیا دەكرێتەوە هەروەاه دەرماڵەو ئیمتیازاتی پلە تایبەتەكان بەشێكە لەیاسایی چاكسازی.   

جوتیار عادل لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیش رایگەیاند: ئەوەی لەسەرەتاوە داماننا بوو 34% بوو نەك 21%، بۆ مانگی داهاتووش بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستمانەو ئەو توانایەی حكومەت هەیەتی مووچە دابەشدەكەین و بزانین بە چ رێژەیەك بڕین دەبێت، لەوانەیە بۆ مانگی داهاتوو بڕینەكە زیاتر بێت، چونكە پشت بەو داهاتە دەبەستێت كە هەیەتی.

لەبارەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمیشەوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە وتەبێژی حكومەتی راشیگەیاند:پابەندین بەدەستوری عیراقەوە، هەر شێتك لەبارەی داڕشتنی سیاسەتی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەكان و نەوت بێت پابەندین پێوەیی و بەپێی دەستور گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەین.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket