riklam

فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا سنوورەكانیان دەكەنەوە

جیهان 11:11 PM - 2020-06-15
.

.

دوای چەند مانگ داخستنی سنوورەكان لەبەردەم هاتووچۆی گەشتیاراندا كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەنجامدرابوون، ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی زاڵبوونیان بەسەر پەتاكە، سنوورەكانیان بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا دەكەنەوە.

ئیمانۆیل ماكرۆن لەمیانی وتارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند لەمەودوا و لەرۆژی دووشەممە 15 ی حوزەیرانەوە رێگە بە هاووڵاتیانی فەڕەنسا دەدرێت هاتووچۆ لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا بكەن، هەروەها رێگەش دەدرێت لە رۆژی 1 ی  تەمووزی داهاتوەوە هاووڵاتیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی دەرەوەی ناوچەی شینگن كە زاڵبوون بەسەر پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا بكەن.

وڵاتی فەڕەنسا كە بە یەكەم رووی گەشتیاری لەجیهان دادەنرێت، حكومەتەكەی داوای لەهاووڵاتییەكانی دەكات بۆ بەسەربردنی پشووەكان، لەوڵاتەكەیان بمێننەوە، ئەوەش بەمەبەستی بووژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزاری وڵاتەكەیانە، هەروەها وەك رێگەیەك بۆ خۆپارێزی لەتوشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە تا ئێستا قەیرانی تەندروستی كۆتایی نەهاتووە و پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بنبڕ نەكراوە.

لە ئەمڕۆشەوە فەڕەنسا ئامادەكاریی كردووە بۆ پێشوازیكردنی گەشتیاران لە ئەوروپاوە و بەبێ‌ كەرەنتینەكردن دەكات.

 واش بڕیار دراوە بورجی ئیڤڵ لە 25 ی ئەم مانگەوە لەبەردەم سەردانیكەراندا بكرێتەوە، گەشتیاران دەشتوانن لە رۆژی 6 ی تەمووزەوە سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەر بكەن.

پێشتریش وڵاتەكانی توركیا و كرواتیا و سربیا سنوورەكانیان لەبەردەم گەشتی هاووڵاتیاندا كردەوە.

لە ئەمڕۆشەوە، هەریەك لەوڵاتانی ئەڵمانیا و بەلچیكا و یۆنان و نەمسا سنوورەكانی خۆیان لەبەردەم گەشتی هاووڵاتیاندا كردەوە.

وڵاتی ئیسپانیا بڕیاریداوە لە رۆژی 21 ی حوزەیرانەوە هەموو ئەو رێكارانە هەڵبگرێت كە لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا سەپاندبوونی.

هەرچەندە تا ئێستا ئیسپانیا سنوورەكانی بەداخراوی هێشتۆتەوە، بەڵام رێگە بە گەشتیارانی ئەڵمانیا دەدەن سەردانی دوورگەی بلیار بكەن، لەمیانی سەردانەكانیاندا بەگوێرەی رێنمایی توندی تەندروستی پشكنین بۆ پلەی گەرمای گەشتیارەكان دەكرێت.

دوای چەند هەفتەیەكی تر رێگە بە هاووڵاتیانی ئیسپانیا دەدرێت سەردانی شوێنە گەشتیارییە دیارەكانی وڵاتەكەیان بكەن.  

وڵاتی بەریتانیاش كۆتوبەندی كەرەنتینە بۆ ماوەی 14 رۆژی بەسەر ئەوانەدا دەسەپەێنێت كە لە دەرەوە دێنە ناو بەریتانیا، ئەمەش وەك رێكارێك بۆ روونەدانی توشبوونی نوێ‌ بە پەتای كۆڤید-19.

لەلایەكی ترەوە، حكومەتی بەریتانیا بەنیازە پردێكی هەوایی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دروست بكات كە ژمارەی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا تێیدا كەمبووە.

هێشتا لەبەریتانیا هۆتێلەكان نەكراونەتەوە و تا ئێستاش چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەكان بەداخراوی هێڵراونەتەوە.

وڵاتای ئیتاڵیاش لە 3 ی ئەم مانگەوە سنوورەكانی بەڕووی گەشتیاراندا كردۆتەوە و دەیەوێت بۆ جارێكی دیكە كەرتی گەشتیاریی ببووژێنێتەوە.

هەرچەندە لە مانگی رابردوەوە ئیتاڵیا ژمارەیەك شوێن و جێگەی مێژوویی بەناوبانگی كردۆتەوە، لەوانە كاتدرائیەی قەدیس بوترس لە فاتیكان و كولۆسیۆم لە رۆما.

پێش چەند رۆژێك وڵاتانی نەمسا و سویسرا رەزامەندییان نیشاندا لەسەر كردنەوەی  سنوورەكانیان لەگەڵ ئیتاڵیا.

هەروەها لەئەمڕۆشەوە وڵاتی یۆنان  سنوورەكانی لەبەردەم گەشتیارانی وڵاتانی ئەوروپا كردەوە، هەروەها رێگەش بەهاووڵاتیانی ئوسترالیا و یابان و نیوزیلندا دەدرێت كە سەردانی یۆنان بكەن.

لە ئەمڕۆشەوە، هەردوو فڕۆكەخانەی سەرەكی ئەسینا و تسالۆنیكی لە یۆنان بەڕووی گەشتیارانی 29 وڵات دەكرێنەوە، هەروەها سەرەتای وەرزی گەشتیاریشە لەو وڵاتە.

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە رێگەی دەریایی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا دەكرێتەوە، جگە لەكردنەوەی سنووری وەشكانی لەگەڵ وڵاتانی بەڵقان.  

جێی ئاماژەشە، ئەو گەشتیارانەی سەردانی یۆنان دەكەن، دەتوانن سەردانی هەموو شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، لەنێویشیاندا مۆزەخانەكان و شوێنەوارەكان.

هەروەها چەندان شوێنی تری وەك سینەما و یانە شەوانەكان و كافتریاكان كراونەتەوە.

PUKmedia فرانس 24

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket