riklam

یەکێتیی مامۆستایان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

کوردستان 12:25 AM - 2020-05-15
.

.

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی یادی ٥٨ مین ساڵیادی دامەزراندنیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی راگەیەنراو:

 


بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان 

بەبۆنەی (58)ەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە

        

جەماوەری كوردستان 

 مامۆستایانی دڵسۆز 

           یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە (15/5/2020)دا، پەنجاو هەشت ساڵ لە تەمەنی پڕ لەخەبات و نەپساوەی خۆی تەواو دەكات، بەدرێژایی ئەو ماوەیە بۆ یەك چركەش لەهەوڵدان و كاركردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە پیشەیی و نیشتمانی و نەتەوەییەكان درێغی نەكردووە، قۆتاغ بەقۆناغ چ لە ریزەكانی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردستان و خەباتی شار و شاخ چ لەدوای راپەڕین و كێشانەوەی دام و دەزگا ئیداری و پەروەردەییەكان لەلایەن رژێمی دكتاتۆری گۆڕبەگۆڕو ساڵەكانی دواترەوە . 

          بەڕێزان 

          هەموو لایەك ئەو راستیە دەزانن، لە سەرەتای ساڵی (2014)وە بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی مەركەزی و شەڕی تیرۆرستانی داعشەوە سەرباری دواكەوتنی موچە و پاشەكەوتكردنی زۆرەملێ، بەڵام مامۆستایان بەهزرێكی پاراو و بە روحیەتێكی پڕ لە میهرەبانی و لە روانگەی پەرۆشیان بۆ چارەنوسی نەوە و لاوە خوێن گەرمەكان، درێژەیان بە ئەركە پەروەردەییەكانی خۆیاندا و كۆششی ساڵانەی قۆتابیان و خوێندكارانیان مسۆگەر كرد، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیەی ئەوانە هیچ دەستێكیان لەو پێشهات و ئاڵۆزیانە نەبووە،نابێت ببنە قوربانی . 

           خۆشەویستان 

           دوای پێنج ساڵ لە دواكەوتن و پاشەكەوتی زۆرە ملێ تەنها یەك ساڵ پشو درا و لەو خەمە رەخسان، كەچی بەداخەوە جارێكیتر بۆ ماوەی دوو مانگە موچەكان زۆر دوادەكەون، راستە كۆڤید-19 هۆكاری بەشێكی سەرهەڵدانی ئەو كێشەیە، بەڵام بەشەكەیتری حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندیە كە لەلایەك دەبوو حكومەتی ناوەندی موچە و بژێوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران تێكەڵاو بە ئەجێندای سیاسی و ململانێ لابەلاكان نەكات و موچەی رەوانە كردبا، لەلایەكیتر دەبوو حكومەتی هەرێم هەژماری وردی بۆ رووداو و پێشهاتەكان بكردبا و پلانی جێگرەوەی دابڕشتبا و لێنەگەڕابا ئەم بارود‌وَخە ناهەموارە بەرۆكی هەموانی بگرێت. 

          مامۆستایان 

          یەكێتی مامۆستایانی كوردستان تەئكید لەسەر ئەو راستیە دەكاتەوە لە رابردوودا ئەگەر بەرامبەر بەماف و داخوازیەكان كاردانەوەی توند و خێرای نەبوو بێت،هەرگیز لەبەر هیچ كەس و لایەنێك نەبووە، تەنها و تەنها لەبەر بەرژەوەندی خوێندكاران و قوتابیان بووە، بەپێچەوانە هەموو هەنگاوەكانی خەباتی مەدەنی بەڕەوا زانیوە و ئێستاش كە لەبەر دەم قەیرانێكیترداین كە خۆی لەدواكەوتنی موچەكان دەبینێتەوە، هیچ دوو دڵ نیە لە بەكارهێنانی ئەو رێكار و پێدراوانە هەروەها ئاگاداركردنەوەی هەموو رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان بۆ بەرجەستە كردنی مافە رەواكان، بۆیە بە پێداگیریەوە داواكارە لە حكومەتی هەرێم : - 

1- رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بكات، بۆ ئەوەی بەپێێ‌ دەستور ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و چیتر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران نەكەوێتە بەر مەترسیەوە .

2- مانگانە موچەكان لەكاتی خۆیدا بدات و چیتر دوای نەخات، ئەوەش لەبەر یەك راستی ئەویش ئەوەیە، نابێت وەك خۆیان دەژین سەیری مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەش مەینەت بكەن، ناكرێت لە هاتنە پێشی هەر گریمانە و ئەگەرێك موچەخۆران قوربانی دۆخەكە بن ناشبێت لەوە زیاتر دوابخرێت بەپێچەوانەوە هەڵوێستی توندمان دەبێت . . 

3- بەفەرمی بڕی پاشەكەوتی مامۆستایان و فەرمانبەران دیاری بكرێت و لەهەژماری تایبەت بۆیان جێگیر بكرێت و لەكاتی گونجاودا بتوانن بەكاری بهێنن بۆ دانەوەی قەرز و باج و كرێ و رسوماتی خزمەتگوزاریەكان . 

4- لە ئایندەدا لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی رەوشی دارایی پرۆسەی پلە بەرزكردنەوەی وەزیفی دەست پێبكاتەوە ئەوەشی لەسەرو بەندی وەستاندنیەوە نەدراوە، هەژماربكرێت و بە قۆناغ خەرجی بكاتەوە. 

5- كار بكات بۆ ئەوەی ئەو رەوشە دەرونیە نالەبارەی بەهۆی كۆڤید – 19 روداو و پێشهاتەكان بەرۆكی كۆمەڵانی خەڵك و تاكەكان گرتۆتەوە تا ئاسایی بێتەوە، چونكە خەڵكی كوردستان شایستەی ژیانی زۆر باشترن لەوەی ئێستا تیایدان لەبەرئەوەی كەمیان نەكردووە تاوەكو لەوە زیاتر جەزرەبە بدرێن.

6- كاری لێبڕانەوە بكات بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بۆ ئەوەی ئەوانەی چەندین ساڵە لەخێر و بێری ئەم هەرێمە و لەسەر حسابی موچەخۆری شایستە دەژین، چیتر بواریان پێ نەدرێت و هەر یەكە و بە قەد ماندووبوونی خۆی بەهرەمەند بێت.

7- خزمەتی وانەبێژان لە بەرچاو بگرێت كە چەندین ساڵە پارسەنگی پرۆسەی پەروەردەیان راگرتوە و نەیان هێلاوە كەلێنی تیا دروست بێت فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەر بكات.

8- دەست بەدابەشكردنەوەی زەوی نیشتەجێبوون بكات، بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایانەی تا ئێستا وەریان نەگرتووە و شایستەن، لێیەوە سودمەندبن . 

9- دەبێت دەستكاری یاسای خانەنشینی بكات، لەبەر ئەوەی جیاوازیەكی زۆر لەهەرێم لەنێوان خانەنشینان هەیە بەشێوەیەك ئەوانەی شایستەن و بە خزمەتی خۆیان خانەنشین بوون موچەكانیان زۆر كەمترە لەوانەی كە بەناهەق خانەنشین بوون هەروەها لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش.

10- بایەخی تەواو بە پرۆسەی پەروەردە و مامۆستایان لەناوچە دابڕێنراوەكان بدات كە لە ئێستادا جیاوازیەكی زۆر لە مافە پێدراوەكانی هەرێم و ئەو دەڤەرانە هەیە و هەست بە پەراوێزخستن دەكەن . 

          بەڕێزان یەكێتی مامۆستایان لە پەنجاو هەشتەمین ساڵیادیدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی گەلی كوردستان بەگشتی و مامۆستایانی شەهید و شەهیدانی روبەڕوبوونەوەی تیرور دەنێرێت هەروەها درودیش بۆ گیانی پاكی مامۆستا كۆچكردووەكان، هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستایانی خانەنشین دەخوازێت، رێز و تەقدیریش لە یەك بەیەكی مامۆستایان دەگرێت، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە نابێت ماندووبوون و بێ هیوایی هیچ یەكێك سارد بكاتەوە و دەبێت بەردەوام لەكاردابن، لەلایەك بۆ مسۆگەر كردنی مافەكان لەلایەكیتر بۆ خزمەتكردنی نەوەكان. 

پیرۆزە ئەم یادە هەر بژین و سەركەوتوبن 

 

 

 یەكێتی مامۆستایانی كوردستان         

  مەكتەبی سكرتاریەت 

 14ی ئایاری 2020 

 

 

PUKmedia  راگەیەنراو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket