riklam

ئەركی دوای كۆنگرە ..

ی.ن.ک‌‌ 01:20 PM - 2020-05-13
.

.

 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەركەوتوویی بەسترا و پرسی پاش كۆنگرەش دەبێتە ئەو ئەركەی لە بڕوا و متمانەی هەموو ئەو یەكێتییانەی دەنگیان دایە یەكێتی دێتە بەرهەم و لەمەودواش هەموو بنكە فراوانەكەی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دڵنیان و پشت ئەستوورن كە یەكێتی ئەمڕۆ لە دنیای شارستانیدا بە گوڕێكی تر و هەنگاوی تیژتر و جیهان بینینێكی ترەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و حوكمی بەڕێوەبردن و بزاڤی دوا هەنگاوی رزگاریدا كار دەكات.

   كۆنگرە، كۆمەڵێك گەنجی دڵسۆز و بە تواناو لێهاتووی بەخشییە سەركردایەتی یەكێتی، ئەمانە گەنج و دڵسۆز و خۆنەویست و جوامێرن .. دەبێت هەمووان هاوكاریان بین تا یەكێتی بكەنەوە بە یەكێتییەكەی ( مام ) .. هەڤاڵانی دێرینی یەكێتی خاوەن ئەزموون و دڵسۆز و بە وەفا بۆ رێباز و هزری ( مام )، دەكرێت پاڵپشتێكی تەواوی ئەم سەركردە گەنجانە بن تا ئەو ئەركەی ساڵەهایە هەڤاڵانی دێرین ماندوو بوون لە پێناویدا، ئەم سەركردە نوێیانە تەواوی بكەن. خۆشبەختانە ئەمڕۆ یەكێتی هەموو هەڤاڵانی خاوەن ئەزموون و قاڵبووی خەبات و بەرخۆدانی هەیە، هەم سەركردە و خەباتگێڕی مۆدێرنی شارستانی هەیە كە دەتوانن لەگەڵ رەوشە نوێكاندا هەنگاو بنێن و یەكێتی بەرە و گەشەكردن و پێشڤەچوونێكی بێ وێنەی بەرن. هەستانەوە و گەشەسەندنی یەكێتی نەك هەر ئەركی هەمووانە، بەڵكو دیارییەك و سامانێكی رێكخراوەییە دەكرێت وەك چەپكە گوڵەكەی رابەری گەورەی گەلەكەمان، شكۆی نیشتمان، رەوانشاد ( مام جەلال ) پێشكەش بە گەل و رەوشی ئەمڕۆی كوردستان بكرێت. 

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەركی ئەمڕۆی لە جاران گرانترە .. كوردستان لە بارودۆخێكی ناسك و هەستیار دایە، قەیرانە جۆراوجۆرەكان بەرۆكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیان گرتووە .. میللەت لە ئازار و بێزارییەكی زۆردایە و سەركەوتنیش لەوە دایە دڵسۆز بە بۆ ئێش و ئازارەكانی میللەت، تا جەماوەر بەریتەوە و جڵەوی گۆڕانكارییەكان بگرە دەست تا ئومێد و هیواكان بە یەكێتیدا هەڵبواسرێنەوە.

   یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئەزموونێكی تەواوی هەیە و بە ئاسانی دەكرێت زۆرینەی جەماوەری كوردستان لەخۆی كۆ بكاتەوە، ئەمڕۆش كاتی ئەوە هاتووە ئەم سەركردایەتییە نوێیە، خاڵبەندی پیتەكان بكات و هەروەك چۆن ناسراون بەوەی گەنجانێكی دڵسۆز و پاك و بێ بەرژەوەندن و هەرگیز جەماوەریان بە هیچ بەرژەوەندییەك نەگۆڕیوەتەوە، كاروانی گەشەكردن و بەرەوپێشچوون بخەنە گەڕ بەرەو ئاسۆیەكی روون .. ئەو ئاسۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەزاران شەهید و قوربانی لە پێناودا داوە.

هیوا سەرهەنگ- هۆڵەندا

PUKmedia  تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket