riklam

دووساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێت

عیراق 11:42 AM - 2020-05-12
.

.

دوو ساڵ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی په‌رله‌مانی عیراق بۆ خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق تێده‌په‌ڕێت و ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا، به‌ڵام ئه‌نجومه‌ن كاری باشی كردوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.ته‌ها حه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی كه‌ به‌رۆكی عیراقی گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا توانیویه‌تی هه‌نگاوی باش بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و شه‌فایه‌تی زیاترو یاسای نوێ بۆ خزمه‌تی گه‌لی عیراق ده‌ربكات.

وتیشی: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران توانی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 په‌سه‌ند بكات، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند مانگێك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌دا توانراوه‌ به‌شێكی زۆری وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی پێشوو بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بهێنرێنه‌ ئه‌نجومه‌ن و داوای زانیاریان لێبكرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق توانیویه‌تی چه‌ند دانیشتنێك بۆ خۆپیشاندانه‌كان ئه‌نجامبدات و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌خوێنڕشتنی خه‌ڵك ده‌ستگیر بكرێن.

چه‌ند زانیاریه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی 2018 ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا له‌كۆی 37 ملیۆن هاووڵاتی عیراقی، 24 ملیۆن و 349 هه‌زارو 357 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقیش 8 هه‌زارو 959 ناوه‌ندی ده‌نگدان كه‌ 55 هه‌زارو 323 وێستگه‌ی له‌خۆگرتبوو.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا 320 حزب و هاوپه‌یمانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق پێشبڕكێیان ده‌كردو دوو هه‌زار و 456  چاودێری بیانی چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كرد.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بۆ یه‌كه‌مینجار بوو له‌ مێژووی عیراقدا هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش 1600 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كرانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی كورد ده‌نگبده‌ن.


PUKmedia ئا / دیار ستار

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket