riklam

97 ساڵه‌ سلێمانی پارێزگایه‌

کوردستان 05:24 PM - 2020-04-30
.

.

ئه‌مڕۆ 30 نیسان یادی به‌ 97 ساڵه‌ی به‌ پارێزگابوونی شاری سلێمانییه‌، كه‌ له‌ ساڵی 1923 دا به‌ره‌سمی بووه‌ به‌ پارێزگاو یه‌كه‌م پارێزگاری ئه‌مشاره‌ش ئه‌حمه‌د تۆفیق به‌گ بوو كه‌ له‌ ساڵی 1925 وه‌ك یه‌كه‌مین پارێزگار ده‌ستبه‌كاربووه‌.

سلێمانی 97 ساڵه‌ پارێزگایه‌
سلێمانی 97 ساڵه‌ پارێزگایه‌و له‌ ئێستادا به‌هۆی ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ فراوانه‌ی كه‌ له‌م پارێزگایه‌دا هه‌یه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی یونسێفی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ شاری داهێنه‌ر له‌ بواری ئه‌ده‌ب ناسێنراوه‌و له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ پایته‌ختی رۆشنبیری ناسێنراوه‌.

له‌ رووی كارگێڕییه‌وه‌ سلێمانی گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراقه‌
شاری سلێمانی مه‌ركه‌زی لیوای سلێمانیه‌و ده‌كه‌وێته‌ نێوان هێڵی پانی (34–36) پله‌ له‌سه‌ر هێڵی كه‌مه‌رو هێڵی درێژی (45–46) پله‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زه‌وییه‌وه‌، واته‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری رۆژئاوای كیشوه‌ری ئاسیاو باكوری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی عیراقه‌وه‌، رووبه‌ره‌كه‌ی 21 هه‌زار كیلۆمه‌تر دووجایه‌، ژماره‌ی دانیشتوانی 2 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سه‌و رووبه‌ری زه‌وی كشتوكاڵی 8 ملیۆن دۆنمه‌، رووبه‌ری زه‌وی شیاو بۆ كشتوكاڵكردن 3 ملیۆن دۆنمه‌و ژماره‌ی خێزان 475 هه‌زار خێزانه‌ ژماره‌ی ناحیه‌كانی 46 ناحیه‌و 16 قه‌زایه‌و 2 هه‌زارو 248 گوندی هه‌یه‌ خاوه‌نی 800 گه‌ڕه‌كه‌و 13 زانكۆی تێدایه‌ كه‌ 6 یان حكومین و 7 یان ئه‌هلین و سه‌رجه‌میان به‌شێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی باوڕپێكراون، به‌ پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم، رێژه‌ی بێكاری له‌ 9%ه‌و رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ 4.5% ه‌، له‌رووی یه‌كه‌ی كارگێڕییه‌وه‌ له‌ ئێستادا سلێمانی گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراقه‌. 

له‌رووی په‌روه‌رده‌و زانسته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیش پێشه‌نگه‌
له‌رووی په‌روه‌رده‌و زانسته‌وه‌ ده‌توانین بڵێین سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان پێشه‌نگه‌و له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عیراقیش له‌ پله‌یه‌كی باشدایه‌، به‌وه‌ی كه‌ له‌ مێژوودا یه‌كه‌م خوێندنگای كچان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له‌ سلێمانی كراوه‌ته‌وه‌و یه‌كه‌م زانكۆ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، سلێمانی یه‌كه‌م پارێزگابووه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ و به‌نداوی كارۆئاوی تێدا بنیاتنراوه‌، له‌رووی ئه‌ده‌ب و رۆژنامه‌گه‌ریی و رۆشنبیرییه‌وه‌ له‌مێژه‌ سلێمانی پێشه‌نگ بووه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می داگیركاری ئینگلیزو پێش ئه‌و مێژووه‌ش تا ئێستا سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌و پارێزگایانه‌ی هه‌رێم و عیراقیش كه‌ زۆرترین رۆژنامه‌و گۆڤاری تێدا ده‌رچووه‌.

هه‌میشه‌ لانكه‌ی كه‌ڵه‌ پیاوانی شاعیرو رۆشنبیره‌ گه‌وره‌كان و شوڕشگێڕان بووه‌
سلێمانی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تائێستا هه‌میشه‌ لانكه‌ی كه‌ڵه‌ پیاوانی شاعیرو رۆشنبیره‌ گه‌وره‌كانی مێژووی كوردو شۆڕشگێڕان بووه‌.
شوێنی هه‌ڵكه‌وته‌ی سلێمانی له‌رووی فراوان بوونی جوگرافیا و زووته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دانیشتوانه‌كه‌ی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پته‌وی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، هۆكاری سه‌ره‌كی و دیاربوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رله‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ سلێمانی بكرێت به‌ پارێزگا.

هه‌رده‌م ملی بۆ ژێر ده‌سته‌یی و زوڵم نه‌داوه‌
 زیندوێتی ئه‌م شاره‌و ئازایه‌تی و ملنه‌دان بۆ ژێر ده‌سته‌یی و زوڵم و زۆر له‌ مێژووی گه‌لی كوردو شاره‌كه‌دا هۆكاربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كان و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراق ئه‌م شاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر سه‌یر بكه‌ن و ناو بێنن، بۆ نموونه‌ زۆرجار به‌هۆی كێشه‌ی سیاسییه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق پارێزگاری عه‌ره‌بی بۆ داده‌نا، به‌ڵام زۆربه‌ی جار پارێزگاره‌كانی ئه‌م شاره‌ كورد بوون.

زۆربه‌ی كات له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سزادان و سه‌ركوتكردن بووه‌ته‌وه‌
هه‌ر به‌هۆی ملنه‌دان بۆ سه‌رشۆڕی و داگیركاری له‌مێژه‌ سلێمانی و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌و داگیركاری و ژێرده‌سته‌یی و كۆیله‌ییان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، هه‌رله‌ سه‌رده‌می داگیركاری ئینگلیزه‌كان له‌سه‌ر عیراق شاری سلێمانی یه‌كه‌م شاربووه‌ له‌ عیراقدا كه‌ دژی داگیركاری ئینگلیزه‌كان خۆپیشاندانی كردووه‌و ژێرده‌سته‌ی و سه‌رشۆڕی قبوڵ نه‌كردووه‌و ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌و پێناوه‌دا چه‌ندین قوربانی داوه‌و چه‌ندین هاووڵاتی ئه‌م شاره‌ شه‌هیدبوون وه‌ك خۆپیشاندانی ساڵی 1931 ی به‌رده‌ركی سه‌را كه‌ له‌ مێژووی سلێمانی و عیراقدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ وێنه‌بووه‌، له‌ هه‌موو راپه‌ڕین و شۆڕشه‌ كۆن و نوێیه‌كانی گه‌له‌كه‌ماندا سلێمانی پێشه‌نگ بووه‌، ئه‌م هۆكارانه‌ش وایكردووه‌، له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراقه‌وه‌ به‌ مه‌دینه‌ "سه‌عبه‌" شاره‌ قورسه‌كه‌ و چه‌ندین ناوی تر ناوی بنرێت، له‌ مێژووی نوێی گه‌له‌كه‌مانیشدا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕش و قوربانیدان و داهێنانه‌كانییه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌وه‌ به‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ناوبراوه‌.

زۆربه‌ی جار ملنه‌دان بۆ داگیركاری و ره‌تكردنه‌وه‌ی زوڵم و زۆر له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌وه‌ وایكردووه‌، كه‌ زۆربه‌ی كات له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕووی سزادان و سه‌ركوتكردن بێته‌وه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket