riklam

مەڵبەندی خانەقین پەیامێكی بڵاوكردەوە

کوردستان 11:49 PM - 2020-04-27
.

.

لەشەشەمین ساڵیادی كردەوە تیرۆرستیەكەی بەردەم مەڵبەندی خانەقینیی یەكێـتیی نیشتمانی كوردستان كەتیایدا زیاتر لە 100 شەهیدو برینداری لێكەوتەوە، مەڵبەندی خانەقین پەیامێكی بڵاوكردەوە.

 

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەڵبەندی(8)ی رێكخستنی خانەقین

لەشەشەمین ساڵیادی كردەوە تیرۆریستییەكەی بەردەم بارەگای مەڵبەنددا.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردسستان ، جەماوەری شاری خانەقینی خۆڕاگر.

بۆ لەباربردنی دیموكراتی و كپ كردنی دەنگی ئازادی خەڵك لەپێش شەش ساڵ لەرۆژی 28/4/2014 لەكاتێكدا جەماوەری خۆڕاگری شاری خانەقین و دەوروبەری سەرقاڵی بانگەشە بون بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی (ی.ن.ك) بۆ پەرلەمانی عێراق، ئا لەوكاتەدا تیرۆریستێكی خۆكوژ لەبەردەم بارەگای مەڵبەنددا هاتەناو ئاپۆرای جەماوەرو لەكردەوەیەكی تیرۆریستیدا خۆی تەقاندەوەو خۆشییەكانی ژیانی دیموكراسی خەڵتانی خوێن كردو كۆستی خەڵكی شارەكە كەوت و هەموان لەنێو خەم و پرسەو ماتەمینیدا نوقم بوین، بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە پۆلێك لەڕۆڵە دڵسۆزو گەنجانی خوێن گەرم و تێكۆشەرانی(ی.ن.ك)ی شاری خانەقین شەهید بوون، كە(38) هەڤاڵ شەهیدو زیاتر لە(80) هەڤاڵی دیكەش برینداربون ،  بەڵام جەماوەری شاری خانەقین و كەسوكاری سەربەرزی ئەو پۆلە شەهیدە نەمرانە و بریندارانی كارەساتەكە بەورەیەكی بەرزەوە بۆ رۆژی دواتر بەبەشداریكردنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا بەخوێنی جگەر گۆشەكانیان دەنگیانداو رۆحی شەهیدەكانیان شادو ئاسودە كردو وەڵامی دڕندە خۆكوژەكانیان دایەوەو هەموو پیلانی دوژمنان و تیرۆریستانییان زیندە بەچاڵ كرد. 

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی هەڵبژاردن لەخانەقین.

 بەم بۆنە خەمناكەوە لەساڵیادی ئەو كارەساتە دڵتەزێنەدا، بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین و هەزاران سڵاوو درود ئاڕاستەی ڕۆحی فریشتەیی ئەو پۆلە شەهیدو بریندارانەو  تێكڕایی شەهیدانی گەلەكەمان دەكەین.

 سڵاوی رێزو وەفاداری ئاڕاستەی كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەكەین، ئەوان لەپێناوی خاك و خەڵكی كوردستان و ماف و ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی و سەقامگیریدا شەهیدبون، ئەوان بەخوێنی گەشیان سەروەری و سەركەوتنێكی گەورەیان بۆ یەكێتی و گەلەكەیان و كوردستانی بونی خانەقین تۆماركرد. 

وەكو هەموو لایەك دەزانن یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەر لەسەرەتایی دامەزراندنییەوە ، بنیاتنەرو داینەمۆی سەرەكی بیروباوەڕی دیموكراسی و فیدراڵی و ئازادییە لەكوردستان و خاوەنی ڕابردوی پڕ لەسەروەری و خەباتی درێژخایەنە لەپێناوی بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و گەشەسەندنی گیانی لێكتێگەیشتن و بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگە و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دەستەبەركردنی ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیان، بەبیروباوەڕی ( كەم بژی و كەڵ بژی ، تاگەل بژی ) خەرمانی سەروەرییەكانی بەقوربانیدان هەڵچنیوەو لەو رێگایەشدا بەردەوامە تابەدیهێنانی تەواوی ئامانجە بەدی نەهاتوەكانی گەلەكەمان.

 كەچی تیرۆریستان لەشەوەزەنگی تاریكیدا ژیان دەگوزرێنن و لەئاستی ئازادی خەڵك و ژیانی دیموكراسیەت و خۆشگوزەرانی چاویان هەڵنایەت، بۆیە بەو كردەوە قێزەونانەیان بەشێوەیەكی دوور لەئاكاری ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسیش بێت، دەیانەوێت و ویستیان بەم كردەوە ناجوامێری و مرۆڤ كوژییەیان وورەی پۆلاًَینی خەڵكی ناوچەكە بڕوخێنن، بەڵام بەدڵسۆزی و هەڵوێستی هەمیشەیی خەڵكی خانەقین و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان سەلماندیان كەیەكێتی نیشتمانی كوردستان نوێنەری راستەقینەو خەمخۆری هەموو ماف و داواكارییەكانی خەڵكی ناوچەی گەرمەسێرەو  هەموو مەرام و پیلانەكەیان زیندە بەچاڵكرا.

كەئەم پیلانە قێزەونەی تیرۆریستان و نەیارانی خەڵكی خانەقین دەربڕینی داخیانە بەرامبەر یەكێتی چونكە لەكاتی پرۆسەی ئازادی و روخاندنی رژێمدا سیاسەتی (تەعریب و تەرحیل و تەبعیس و تەهجیر)ی ڕژێمی فاشی بەعسی پوچەڵكردەوەو  كوردستانی بونی خانەقینی سەلماندەوە. 

جەماوەری خۆڕاگری ناوچەی گەرمەسێر.

ئاشكرایە گەلەكەمان و (ی.ن.ك) لەمەیدانی خەبات و تێكۆشانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان دا لەپێناوی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا دەیان سەركردە و سەدان فەرماندەو هەزاران پێشمەرگەی نەبەردو ڕۆڵەی قارەمان و بەئەمەك لەڕیزەكانیدا گیانی خۆیان بەختكردوەو قوربانی زۆر گەورەو ڕوبارێك خوێنی گەشی بەكوردستان بەخشیوە، كەهەموو قۆناغە سەختەكانی خەباتی بڕیوەو تائێستاش سەرقافڵەی كاروانی تێكۆشان و خزمەت و قوربانیدانەو بەحزبی شەهیدان ناوزەدكراوە.

وەك ئاشكرایە كەسەرەڕای سەختی ئەو هەموو هەورازو كەندو كۆسپ و تەگەرانە، پەیڕەوانی ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان لەخەبات و تێكۆشان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەكانی گەلی كوردستان.

 هەروەها بەپاراستنی گیانی تەبایی و یەكڕیزی و پێكەوە ژیان لەنێوان پێكهاتەجیاوازەكان و بەگەڕانەوەی شاری خانەقین و تەواوی ناوچە دابڕاوەكانی دیكە بۆ سەر كوردستان بەپێی چەسپاندنی دەستوری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ خەباتی گەلەكەمان درێژەی هەیەو ئەم ئازادی و ئاشتی و ئارامی و دەستكەوتەكانی ئەمڕۆمانیش بەری رەنج و تێكۆشان و خوێنی گەشی شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە دێرین و قارەمانەكانە.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی هەڵبژاردن:

مێژوو شاهیدە كەجەماوەری كوردستان، یەكێتیی باش دەناسن كەخاوەنی ڕێبازێكی ڕون و ئامانجێكی ڕەوایە، كەمەرگەساتی ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و تەعریب و تەرحیل لەنێو سەنگەری خەباتدا كوردایەتییەكەی پێنەگۆڕی ، بەڵێن دوپات دەكەینەوە كەهەردەم وەكو پێشمەرگەو كادیری (ی.ن.ك) درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال و تێكرایی شەهیدە نەمرەكان دەبین و لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان لەخەبات بەردەوامین ، ئێستاش لەقۆناغی خەباتی دیموكراسیدا بەپشت و پەنای كۆمەڵانی خەڵك هەردەم یەكێتییەكەتان  بەرەو سەركەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، لەم یادەدا بەتوندی ئەو كردەوە چەپەڵەی تیرۆریستان ڕیسواو مەحكوم دەكەین، هەزاران سڵاوو درود  بۆ گیانی پاكی شەهیدان و پرسەوهاوخەمی خۆمان بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری ئەم دەڤەرە زوڵم لێكراوە دەردەبرین و لەخوای گەورە داواكارین گیانی پاكی شەهیدان بەبەهەشتی بەرینی خۆی شادبكات و سەبوری هەموولایەك بدات،.

                                                                                        مەڵبەندی(8)ی رێكخستنی خانەقینی(ی.ن.ك).

 

PUKmedia راگەیەنراو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket