riklam

پەیامی مەڵبەندی 6ی سۆران بۆ ساڵیادی كیمیابارانی شێخ وەسانان و بالیسان

ی.ن.ک‌‌ 10:30 PM - 2020-04-15
.

.

مەڵبەندی 6ی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 33 هەمین ساڵیادی كیمیابارانی شێخ وەسانان  و بالیسان-ەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەتی:

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەكان
جەماوەری خۆڕاگر و تێكۆشەری دۆڵی بالیسان

سەرەتا سەری رێز و نەوازوش لەبەردەم كێلی پیرۆزی شەهیدانی كیمیابارانی شێخ وەسانان و بالیسان و خۆشناوەتی دادەنەوێنین و بەڵێن دووپاتدەكەینەوە خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی ئەم دەڤەرەی لانكەی شۆرش و بەرخودان بكەین، لەكاتێكدا ئەمساڵ ئەم یادە دەكەینەوە جیهان بە گشتی و ناوچەكە و لەهەرێمی كوردستانیش رێكارەكان گیراونەتەبەر لەمەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بڕیاردراوە كە كۆبوونەوە و قەرەباڵغی نەكرێ و بەمیكانیزمی نوێ یاد و بۆنەكان بەرز رابگیرێن.

 لەهەمان كاتدا بەئەركی مێژوویی و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەزانین كە هاوخەم و لەگەڵ ئازار و ژان و ژینی خەڵكی خۆماندابین و پشتیوانی داوا رەواكانی كەسوكاری سەربەزی شەهیدانبین، هەروەها بیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەتی فیدراڵ دەخەینەوە كە تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر خەڵكی بێ تاوان و سڤیل و ژن و منداڵ كراوە و پێویستە ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسرێن و قەرەبووی ماددی و معنەویان بكرێنەوە .

33 ساڵ لەمەوبەر ‌رژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی لەتۆڵەی شكستەكانی ‌بەرامبەر بە تۆماركردنی داستانی ڕزگاری و دەیان نەبەردی و چالاكی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە سەركردەو فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەكانی (ی.ن.ك) كونە مشكیان لە دوژمن كردبووە قەیسەری و ناوچەی خۆشناوەتیش بنكەو بەرەگای شۆڕش و پەناگەو ناوچەی ئارامی هێزی پێشمەرگەو هەواری حەوانەوەی سەرۆك مام جەلال بوو، عینادی و كەللەرەقی سەرانی ڕژێمی لەناوچوو گەیشتە ئەوپەڕی لوتكەی دڕندەیی و تاوانێكی هەرە چەپەڵی دەرهەق بە خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچەیە ئەنجامدا كە یەكەمین جار بوو چەكی قەدەغەكراوی ‌‌نێودەوڵەتی ‌لەسەر ئەو خەڵكە كوردپەروەرو شۆڕشگێرەی ناوچەكەمان تاقی كردەوە و دەیان ژن و منداڵ و پیرو پەككەوتەی كردە قوربانی .
ئێوارەی ڕۆژی 16-4-1987 دوانزە فڕۆكەی جەنگی دوژمن، بەگازی خەردەل و سیانید بۆردومانی دۆلی بالیسانیان كردو 263 هاووڵاتی شەهید و ‌620 یشیان بریندار بوون كە لەناویاندا 72 پیاوی تێكۆشەریان شوێن بزر كران.

لەو بۆردومانە دڕندانەی دوژمنداو بەبێ ڕەچاوكردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكان زۆرینەی گوندەكانی ناوچەی خۆشناوەتی زیانی گەورەیان بەركەوت كە لەقۆناغی یەكەم هەردوو گوندەكانی (شێخ وەسانان و بالیسان ) ، لەقۆناغی دووەم گوندەكانی (كانی بەرد، توتمە،خۆران، شیرێ، بێراوە، باروكاوە، بێرۆ، دەراش، سپیلكە) لەقۆناغی سێهەم لەگەڵ كیمیابارانكردنی گوندەكانی (خەتێ، قاسماوە، بلەی سەرێ، بلەی خوارێ، دۆڵی مەلەكان ، دۆڵی هیران و نازەنین) كە سەدان شەهیدو برینداری لێكەوتەوە و ئەنفالی خۆشناوەتی و باڵەكایەتی و دۆڵ ئاكۆی ڕواندزیشی ئەنجامدا.....

جەماوەری بەشەرەفی كوردستان:
رژێمی سەدامی خوێن ڕێژ لەناوچەی كوردپەروەری ئێمەوە كیمیاباران و ئەنفالی دەستپێكردو زۆرینەی لادێ و شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە........
لەساڵوەگەری ئەم ‌كارەساتەداو لەساڵی 1988 قۆناغ بەقۆناغ پرۆسەی ئەنفال وكیمیابارانی ناوچەكانی كوردستان دەستی پێكرد، كە بەسەدان هەزار هاووڵاتی بێ سەرو شوێن كرد و لەهەڵەبجەی پایتەختی ئاشتیدا 5 هەزار هاونیشتمانی خنكاندین، ژوورەكانی زیندانی بە پاڵەوانانی یەكێتیی سیغناخ كرد، زیاتر لە 5 هەزار گوندی خاپور كردین، سەرچاوەكانی ئاوو كارێز و كانیاوی ووشك كردین، درەخت و ڕەزو باخی سوتاندین، بەونیازەی مۆركی نەتەوەیی كورد و نەخشەی كوردستان بسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانی !جونكە ئیرادەو هەستی نەتەوایەتی كوردیمان زۆر لە پیلانی گڵاویان بە هێزتر بوو.
 هەروەك چۆن نەشیتوانی جوگرافیای كوردستان بشێوێنێت و مێژووی گەلەكەمان هەڵگێڕێتەوە ، نەیتوانی ناسنامە و شوناسی میللەتەكەمان بسرێتەوە !

لەسایەی ڕوباری خوێنی شەهیدان و لەژێر سێبەری گڵكۆی پیرۆزی شەهیدەكانمان، خەباتی ڕەوای گەلەكەمان سەركەوت و خەون و خەیاڵی سەدام و دارو دەستەكەی لەگۆڕ نران.
ئەم كارەساتە بەدناوە لەلایەك پەڵەیەكی ڕەشە بەناوچەوانی ڕژێمی ڕوخاو و ئەوانەیشی هاوكاری بوون و ئەوێ رۆژێ بێدەنگیان هەڵبژارد، لەلایەكی تریشەوە لوتكەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگریە بۆ گەلەكەمان و خەڵكی كوردپەروەری خۆشناوەتی .
لێرەوە ڕووی دەممان دەكەینە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان دەستی ئاوەدانی گەیشتۆتە ناوچەكەمان و ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بالیسان بەراورد بەناحیەكانی دەورووبەری كەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كراوەو داواكارین لە حكومەتی هەرێم و ‌لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی زیاتر بەم ناوچە خاوەن قوربانیە بدەن و خزمەتكردنی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لە ئەولەویەتی كارەكانیاندا بێت ،كە بەداخەوە تا ئێستاش بەركەوتوانی چەكی كیمیایی برینەكانیان ساڕێژ نەبوەو بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیان لەدەست دەدەن، هەروەها بەشێكیان ئەو مینحەیەشیان بۆ نەبڕاوەتەوە كە شایستەی ژیانێكی باشترو پاداشتن نەك سزا.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال وكیمیابارانی گەلەكەمان دەنێرین

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان .........

 سەربەرزی و سەربڵندی بۆ كەس و كاری شەهیدە نەمرەكانمان

 مەڵبەندی 6ی سۆران
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان

PUKmedia تایبەت



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket