riklam

سەرۆک کۆمار: رۆڵی دڵسۆزیی کارمەندانی تەندروستی لەیادەوەرییەکانی مێژودا دەپارێزرێت

عیراق 10:34 PM - 2020-04-14
.

.

سەرۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ۲۰۲۰/٤/۱٤ لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کارمەندانی تەندروستی بەئامادەبوونی  د.جەعفەر سادق عەلاوی، وەزیری تەندروستی و ژینگە، و د. ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەعێراق.


لەدیدارەکەدا، سەرۆک بەرهەم دووپاتیکردەوە کە هەوڵ و هەڵوێستە بێ وێنەکانتان لەبەرەی پێشەوەی بەگژداچونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رۆڵی دڵسۆزیی و بێ وێنەی ئێوە لەیادەوەرییەکانی مێژودا دەپارێزرێت، کە بە یارمەتی و ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئێوە بۆ هاوونیشتمانیان، توانیمان تائێستا ئەوەی لێی دەترساین تێیبەڕێنین سەرەڕای دۆخی سەخت و کەمی تواناکانی کەرتی تەندروستی. 


ھاوکات سەرۆک کۆمار رایگەیاند، کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و ژینگە و کۆمەڵێک خۆبەخش و سەرمایەگوزار و بانکە عێراقییەکان رێککەوتووین کە پێکەوە هەستین بەهەوڵێکی نیشتمانی لە دەرەوەی حکومەت بۆ پشتیوانیکردنی کارمەندانی تەندروستی، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی کە تیمی نیشتمانی کاردەکات لەپێناو دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، کە لەڕێگای وەزارەتی تەندروستییەوە کارەکانی بەڕێوەدەبرێت.


سەرۆک بەرهەم، ئاماژەی بەوەشکرد کە شەڕ کۆتایی نەهاتووە و ئاڵەنگاریەکی زۆرمان لە پێشە و سەرکەوتنی کۆتاییش بەسەر پەتای کۆرۆنا جارێ بەدەست نەهاتووە، ئەوەی پێویستە لەئێستادا  ئەوەیە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بین، ھەروەھا رۆڵی کارمەندانی تەندروستی بەرزنرخاند لەبەگژداچوونەوەی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوونیشتمانیان لەم پەتایە.


هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە تیمەکانی تەندروستی روووبەڕووی ئەم پەتایە بوونەوە و قوربانیشیاندا وەک چۆن گەلانی عێراق بەرەنگاری تیرۆر بوونەوە، سەرۆک کۆمار بەچەپڵەڕێزان ڕێزی لە کارمەندانی تەندروستی و رۆڵی مەزنیان گرت لە ڕێگاگرتن لەبڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.


لەلای خۆیەوە، وەزیری تەندروستی و ژینگە، دووپاتی لە ھەوڵە بەردەوامەکانی  وەزارەت و کارمەندانی تەندروستی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک بە ھاووڵاتیانی عێراق، هاوکات کارەکانی وەزارەت و ڕێوشوێنەکانی ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی پەتاکە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیانی خستەڕوو، بەتایبەتی پابەندنەبوونی هەندێک ناوچە بە قەدەغەکردنی هاتووچۆوە.


لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆک بەرهەم، گوێبیستی روونکردنەوەی کارمەندانی تەندروستی و بەرپرسانی فەرمانگە تەندروستییەکان بوو، سەبارەت بەدوا پێشهاتەکانی بڵاوبوەنەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و ژمارەی چارەسەرکراون و ئەو ئاستەنگانەی کە دێتەپێشیان.

 

PUKmedia راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عیراق

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket