riklam

پارێزگاری سلێمانی: رێكخستنه‌وه‌ی نوێ بۆ رێگه‌ پێدانی هاووڵاتییان و رێنماییه‌كان ده‌كه‌ین

کوردستان 09:19 PM - 2020-04-04
.

.

له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا هه‌ریه‌ك له‌ د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی و د. سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پێویسته‌ هاوڵاتتیان دوای ته‌واوبونی ئه‌و 48 سه‌عات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامبن له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، چه‌نكه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆرۆنادا، به‌ پابه‌ندبوونی ئه‌ون ده‌بێت به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌.

سه‌ره‌تا د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: ده‌بێت به‌ ئاگاییه‌كی باشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بین و به‌ره‌وامبین له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت، ئه‌بێت خۆمان بپارێزین، به‌ پاراستنی خۆشمان هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌پارێزین.

پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاند: سه‌ركه‌وتنی پلانه‌كه‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ پابه‌ندبوونی هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و خۆپارێزیان له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، وتیشی: دوای 48 سه‌عات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ زۆر پێویستن وه‌كو ماركێت و نانه‌واخانه‌و سه‌مونخانه‌كان و هه‌ندێك شوێنی تر، به‌ڵام به‌پێی رێنمایی نوێی و توندوتۆڵ.

راشیگه‌یاند: دوای هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ش رێنماییه‌كانی خۆپاراستن ده‌بێت به‌رده‌وامبێت، دڵنیایشی دایه‌ هاووڵاتییان كه‌ جموجۆڵی بازرگانی به‌رده‌وام ده‌بێت، هیچ قه‌یرانێكی خۆران و سوته‌مه‌نی نییه‌و دروستیش نابێت و دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وامده‌بێت.

وتیشی: له‌ هه‌ر شوێنێك قه‌ره‌باڵغی هه‌بێت داده‌خرێت و هیچ رێگه‌ پێدان و مۆڵه‌تێكی هاتوچۆو هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ نادرێت و ئه‌وانه‌ی پێشوش كاری پێناكرێت و رێكخستنه‌وه‌ی نوێی بۆده‌كرێت و به‌شێوه‌یه‌كی باش رێكده‌خرێته‌وه‌.

پاشان ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: سوپاسی پابه‌ندبوونی هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌و ئه‌وه‌ بۆ پاراستنی گیانی خۆیانه‌و پێویسته‌ پێوه‌ی پابه‌ندبین، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی نوێیه‌ بۆ كارو پلانه‌كانی ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وتیشی: پێویسته‌ هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه‌كانبن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا له‌ بازنه‌ی مه‌ترسیداین و پێویسته‌ پابه‌ندبین و به‌ ئاگاییه‌كی زۆره‌وه‌ رێنماییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ین.

 دواتر د. سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی وتی: رێكاره‌كان كاریگه‌ری باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پاراستنی هاوڵاتییان و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو پێویسته‌ به‌رده‌وامبین له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان .

د. سه‌به‌ح ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ به‌ داخه‌وه‌، 112 حاڵه‌تی توشبوو به‌ كۆرۆنا سلێمانی بوونی هه‌یه‌و ئه‌ماۆش كه‌سێكی تر كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، دوا وه‌رگرتنی سامپڵ له‌ ته‌رمه‌كه‌ی و ده‌رچوونی ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تۆشی كۆرۆنابووه‌و هۆكاری مردنه‌كه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بووه‌، وتیشی: له‌ ئێستادا سێ حاڵه‌تی مردن به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سلێمانی تۆماركراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ به‌ گشتی بارودۆخی ته‌ندروستی توشبووانی كۆرۆنا جێگیره‌و له‌ ژێر چاودێری و چاره‌سه‌ری پێویستی ته‌ندروستیدان.

PUKmedia تایبه‌ت

 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket