riklam

حكومەتی هەرێم سەرجەم رێوڕەسمە ئاینییەكانی راگرت

کوردستان 03:50 PM - 2020-03-04
.

.

حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا كە تایبەت بووە بەكۆرۆنا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەكانی بەوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار راگرت.

دەقی راگەیێندراوی حكومەت لەبارەی كۆبوونەوەكە: 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات .

• سەرجەم رێورەسمە ئاینییەكان لە ( مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاكان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار رادەگیرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/3/4 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێكار و ئامادەكارییەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەكان كرا.

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە لە سەر ئەوەی حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی  ئەركی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیكات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان . لەمڕووەوە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا:

یەكەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەكی هەموو ئاینەكان ،پاراستنی روح وجەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆماركردنی چەند كەیسێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی ، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن و راگرتنی چالاكیی شوێن وسەنتەرەكانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەكان لە (مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاكان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار رابگیرێت.

دووەم: جەختكردنەوە لە سەر بەردەوامی دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی نەخۆشخانە و كەرەنتین و بنكەكانی دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمی كوردستان.

سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنووداركردنی هاتووچۆ لە بنكەو بازگە و دەروازە سنوورییەكان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی كار لەوەستانی جموجۆڵی بازرگانی بكات.

چوارەم: بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی كە بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەكان دەكەوێت. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەكان بەجێبەجێكردنی رێكاری یاسایی پێویست  لەرێگەی چاوخشاندنەوە بە كرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانەو بەئاراستەی كەمكردنەوەیان بە جۆرێك رەچاوی زیانە داراییەكانیان بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەكان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەردەكەن.  

پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو رێكارە تەندروستییەكان لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بكرێت .

 

8874.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket