riklam

بەغدا بڕیاریدا مووچەی پێشمەرگە خەرج بکات

کوردستان 05:33 PM - 2020-02-24
.

.

بەغدا بڕیاریدا شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگه بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ساڵانی دواتریش بنێردرێت.

لەراگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی بۆ PUKmedia نێردراوە، هاتووە: ئەمڕۆ ٢٤/٢/٢٠٢٠ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراقی فیدڕاڵ، گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوانیان و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە، بڕیار درا شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگه بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ساڵانی دواتریش بنێردرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزیری بەرگری حکومەتی ناوەند،  بەهەنگاوێکی بوێرانە و سەرەتایەکی باشی پتەوکردنەوەی  زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەقەلەم دەدات.

بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن عیراقەوە، جێگەی پێزانینی زۆر و پابەندبوونی نیشتیمانیانەیە بەدەستووری هەمیشەیی.

لەکاتێکدا و لەساڵانی رابردوو، هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق، بێ بەش کرابوو لەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆی بوون، لەئێستاشدا بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان و جێبەجێ کردنی، گەڕاندنەوەی متمانە و پەرەدانی زیاتر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکان و ئامادەسازی باشتریش  بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەستپێشخەری کردووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە دەرئەنجام سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستاش لەئارادایە بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت.

کۆبوونەوەی وەفدی باڵای نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ، بەسەرۆکایەتی نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق، کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو و قبوڵکراوی هەردوو لایەن بوو، وێڕای بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان، بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوان هەردوولا  رێگای چارەسەری تەواوی کێشەو گرفتە هەڵواسراوەکان کورتترو خێراتر دەکاتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لەهاتنی وەفدی باڵای وەزارەتی بەرگری عیراق دەکات، کە بڕیارە بەم نزیکانە سەردانی هەولێر بکەن.

PUKmedia وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket