riklam

په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك پشووه‌كه‌ی دواده‌خات

کوردستان 12:30 PM - 2024-05-09
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ كۆده‌بێته‌وه‌و پشووه‌كه‌ی دواده‌خات، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"پێویسته‌ له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌رله‌مان سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت".رۆژی 7-5-2024 دادگای فیدراڵی بڕیاریدا به‌هه‌ڵوه‌شانده‌وەی‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كه ‌له‌ 27-1-2024 ده‌ریكردبوو، تێدا هاتبوو: تا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌كان له‌دادگای فیدراڵی ئه‌نجومه‌ن به‌بێ سه‌رۆك بتوانێت به‌رده‌وام بێ له‌دانیشتنه‌كانی.

دوو كاندید كێبڕ‌كێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك ده‌كه‌ن

د.بڕ‌یار ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:"بڕ‌یاره‌ دوانیوه‌ڕ‌ۆی ئه‌مڕ‌ۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ جێبه‌جێكردنی بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆببێته‌وه‌، چونكه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا پرسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یه‌كلاببێته‌وه‌".

" تا ئێستا كێبڕ‌كێكه‌ له‌نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و سالم عیساویدا به‌هێزه‌، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ری دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كاندید كه‌مه‌و پێده‌چێت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ته‌نها له‌نێوان ئه‌و دوو كاندیده‌دا ئه‌نجام بدرێت"، د.بڕ‌یار ره‌شید وایوت.

راشیگەیاند:"هه‌ر ئه‌مڕ‌ۆ له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پرسی بودجه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ ده‌بێت بۆ دواخستنی پشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق".

یەک هەفتە مۆڵەت دەدرێتە سوننەکان

 ناو ماڵی سوننە پەرتەوازەیە و شیعەکانیش یەک هەفتە مۆڵەتیان دەدەنێ، بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریبکەن.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" هێشتا ‌ناو ماڵی سووننه‌كان په‌رته‌وازه‌یه‌و رێكکه‌وتنیان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نییه‌".

" عه‌زم و حه‌سم و سیاده‌ سوورن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و كاندیدیان سالم عیساوییه‌، له‌به‌رامبه‌ردا محه‌مه‌د حه‌لبوسی و ته‌قدوم داوا ده‌كه‌ن په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌موار بكرێته‌وه‌و ده‌رفه‌ت بدرێت به‌ حه‌لبوسی كاندیدێكی نوێ پێشكه‌ش بكات، هاوكات چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان داوایان له‌سووننه‌كان كردووه‌ رێكبکكه‌ون له‌ناو خۆیانداو بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌رفه‌تیان پێدراوە‌"، كاروان یاروه‌یس وایوت.

 

نزیكه‌ی شه‌ش مانگه‌ په‌رله‌مان بێ سه‌رۆكه‌

ر‌ۆژی 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، به‌ تۆمه‌تی (ساخته‌كردنی ئیمزای په‌رله‌مانتار له‌یس دلێمی) ئه‌ندامێتیی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌وكه‌ته‌شه‌وه‌ تا ئه‌مڕ‌ۆ سوننه‌كان نه‌یاتوانیوه‌ له‌نێوان خۆیاندا كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژی  13-01-2024 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی 314 په‌رله‌مانتار ئه‌نجامدا، كه‌ موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، تێیدا شه‌علان كه‌ریم؛ 152 ده‌نگ و سالم عیساوی 97 ده‌نگ و مه‌حمود مه‌شهه‌دانیش 48 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌مه‌ش هیچ كامیان نه‌یانتوانی ده‌نگی پێویست بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن.

ئەنجومەنی نوێنەران پشووەکەی دوادەکەوێت

له‌ماوه‌ی رابردووشدا چه‌ند جارێكی دیكه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ كۆبووه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان نه‌توانراوه‌ سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان دیاریبكرێت، له‌كاتێكدا رۆژی 27-1-2024 ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕیاریدا كۆبوونه‌وه‌كانی به‌رده‌وامبێت تا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێك، به‌ڵام رۆژی سێشه‌ممه‌ 7-5-2024 دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر پرسی به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبووه‌و بڕیاریدا په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ ئاساییه‌كانی راگرێت و له‌ماوه‌ی حه‌وت رۆژدا سه‌رۆكێك بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دیاریی بكات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی یاسا رۆژی هه‌ینییه‌وه‌ 10-5-2024 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌وێته‌ پشووه‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیاندا پشووه‌كه‌ دوابخرێت هه‌تا پرسی دیارییكردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket