riklam

هاوخەمییەكان بۆ كۆچیدوایی عەلی شامار پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین

ی ن ک 05:15 PM - 2024-04-22
عەلی شامار PUKMEDIA

عەلی شامار

عەلی شامار فەرماندە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆچیدوایی کرد و لە مەراسیمێکدا لە گردی سەلیم بەگ لە سلێمانی بەخاک سپێردرا و سبەینێ 23-4-2024 پرسەکەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی بەڕێوەدەچێت، بەو بۆنە خەمناکەوە پەیامی پرسە و هاوخەمییەکان ئاڕاستەی خانەوادەکەیان دەکرێت.

 

پەیامی هاوخەمی سەرۆکی یەکێتی...

 

‎كۆچی دوایی هەڤاڵ عەلی شامار، تێكۆشەری دێرین و فەرماندەی رۆژە سەختەكانی خەبات و كوردایەتی، لەدڵەوە نیگەرانیكردم.

‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کاک رێبوار عەلی شامار، بنەماڵە سەربەرزەكەی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەكەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم.

‎كاك عەلی شامار پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و سەرڕاستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لە تەمەنی لاوییەوە چووە ریزی شۆڕش و كۆڕی خەباتەوە. یەكێكبوو لە رۆڵە ئازا و بەجەرگەكانی گەرمیان و مێژوویەكی پڕ لە شانازی و شكۆمەندی بۆ خۆی و یەكێتییەكەی تۆماركردووە.

‎لەم ماتەمە گەورەیەدا یاد و یادەوەریی خاتوو وەسفیەی هاوسەری و كاك كاروانی جوانەمەرگ وەبیردەهێنینەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بە ناو و ناوبانگی هەڤاڵ عەلی شامار و خێزانە سەربەرزەكەیەوە دەكات كە نموونەی باڵای دڵسۆزی و وەفادارین بۆ خاكی كوردستان.

‎  رۆحی هەڤاڵی کۆچکردوومان شادبێت و خوای گەورە سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.


‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

پەیامی هاوخەمی کۆسرەت رەسوڵ عەلی


بەڕێزان کەسوکارو خانەوادەی کاک عەلی شامار


بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەرو پێشمەرگەی دانەبڕاو و مەفرەزە سەرەتاییەکان عەلی شامار-م بیست، دڵگران و خەمباری کردم، هاوبەشی خەمتانم.

کاک عەلی شامار پێشمەرگەیەکی ئازاو تێکۆشەر بوو، ژیان و خەباتی لەپێناو گەلەکەی سەرف کرد، فەرماندەیەکی بەورەو قارەمان بوو، بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرو قارەمانە، خوای گەورە سەبووری هەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی

 

پرسەنامەی مەكتەبی سیاسی

كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین و ماندونەناسی كوردایەتی لە گەرمەسێر و گەرمیان، فەرماندەی خەباتی سەختی شۆرشی نوێی گەلەکەمان كاك عەلی شامار دڵگرانی كردین. 

كاك عەلی شامار لە هەرەتی لاوێتیەوە بەشدارییەکی كارای هەبووە لە نێو كاروانی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی گەلی كوردستاندا زۆر بەجوامێریی چەندین ئەركی لێپرسراوێتی لە ناو هێزی پێشمەرگەدا بەسەركەوتویی جێبەجێكردوە، لە پاش راپەرین چەند ساڵێك قائمقامی خانەقین بووە لەناوچەی مەیدان، لە سنوورەکانی مەڵبەندی گەرمیان و كەركوك چەندین ئەرکی لێپرسراوێتی رێکخستن وکاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ گرتووە.
 
لە یەزدانی مەزن داواكارین رۆحی کۆچکردوو كاك عەلی شامار بە بەهەشت شاد بکات وسەبوری و ئارامی بەکاک رێبوار عەلی شامار و نەوەکانیان و خانەوادە و كەسوكارە سەربەرز و تێكۆشەرەكەیان ببەخشێت.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

پرسەنامەی خاتوو گەلاوێژ بۆ كۆچی دوایی عەلی شامار

هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆڵەی قارەمانی گەرمەسێر و پێشمەرگەی دانەبڕاوی خەباتی گەلەكەمان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان "كاكە عەلی شامار" خەمبار و نیگەرانی كردم.

 

لەدڵەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دەكەم و هەمان خەمی خاتوو وەسفیە بەنی وەیس-ی خستە دڵی هەموومانەوە.

لەخوای گەورە داواكارم گیانی كاك عەلی شامار بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی و سەبووریش بە كەسوكار و خانەوادە سەربەرزەكەی و هاوسەنگەرەكانی ببەخشێت.

گەلاوێژ

 

پەیامی هاوخەمی قوباد تاڵەبانی...

 

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو فەرماندە عەلی شامار

بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی فەرماندە و تێکۆشەری دێرین (عەلى شامار)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو عەلی شامار تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی شۆڕش و کوردایەتی، فەرماندەیەکی ئازاى پێشمەرگە و کوڕى خانەقین و گەرمەسێربوو، کۆچکردنی جێگاى داخی هەمووانە.
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی لەئێوە و خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. 
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 

پەیامی هاوخەمی لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری... 

 

کەسوکارو خانەوادەی هەڤاڵ علی شامار

بەداخ و پەژارەیەکی ئێجگار زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرمان کاک (علی شامار)بیست ،
کاک علی شامار یەکێک بوو لە پێشمەرگە هەرە ئازا و چاونەترسەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەمیشە گیان فیدا و نەبەردانە ئامادەی جێبەجێ کردنی هەموو ئەو ئەرکە سەختانە بوو کەپێی دەسپێدرا ، ئەو جگە لە پێشمەرگە وەک فەرماندەیش هەمیشە لە پێشی پێشەوەی نەبەردییەکان بووە و لە خانەقینەوە بۆ گەرمیان و شارەزوور و سلێمانی و تەواوی کوردستان ئامادەیی گیان فیداکردن بووە ، وە لەبواری ئیداریشدا پیاوێکی حەکیم و خزمەتگوزار بووە و جێگا دەستی لەهەموو ئەو شوێنانەی ئیشی تێدا کردووە دیارە ، کاک علی شامار لەبواری کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتیدا مرۆڤێکی ڕاستگۆ و بەئەمەک بووە و هاوشان لەگەڵ خاتوو وەسفیەی هاوسەریدا چ لە شاخ و چ لە شار ماڵ و دیوەخانیان لە خزمەتی هاوڕێ و هەڤاڵانیدا بووە ، بۆیە بەلەدەستدانی هاوڕێ و برایەکی وەک کاک علی لە ناخی دڵەوە دڵتەنگ و نیگەران بوین ، لەم کۆستە گەورەیەدا هاوبەشی خەمی تەوای کەسوکار و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی هاڤاڵی کۆچکردومان دەبین ، لە پەروەردگار دەخوازین ڕۆحی پاکی کۆچکردوو بەبەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووریی و دڵنەوایی بەهەموان ببەخشێت.

 عیماد ئەحمەد 
لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ک)

 

پەیامی هاوخەمی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ...

 

پرسەنامەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەلی شامار
بەڕێزان/ کەسوکاری فەرماندەی کۆچکردوو کاک عەلی شامار

 

بەداخ و پەژاریەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک عەلی شامار، تێکۆشەری دێرین، فەرماندە و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانــــمان پێگەیشت، هاوبەشی خەم و پەژارەتانین، پرسە و سەرەخۆشیی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییاتان پێڕادەگەیەنین، رۆڵ و خەباتی کاک عەلی شامار و خێزان و بنەماڵەکەی لە شۆڕشەکانی گەلی کورد بەرزدەنرخێنین، لە خوای گەورەش داواکاریین سەبووری بە هەموو لایەکتان ببەخشێت و دوا ناخۆشیتان بێت و جێگەی کاک عەلیش بەهەشتی بەرین بێت.
انا لله وانا الیە راجعون

 

باڵیۆز د. محەمەد سابیر

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket