riklam

رۆڵی سیاسی سەرۆک مام جەلال لەتێزێکی دکتۆرا دا گفتوگۆ دەکرێت

کوردستان 07:10 PM - 2024-02-22
ئەندامانی لێژنەی گفتوگۆ راگەیاندنی زانکۆی کۆیە

ئەندامانی لێژنەی گفتوگۆ

سەرۆک مام جەلال

تێزێکی دکتۆرا سەبارەت بە ژیان و ڕۆڵی سیاسیی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری زانکۆی کۆیە بەناونیشانی "جەلال تاڵەبانی:ڕۆڵی سیاسی و پەیوەندییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ١٩٧٥-١٩٩١" لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە گفتوگۆ کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە و مامۆستایانی زانکۆی کۆیە و میوانانی بەرچاو لە چین و توێژە جیاوازەکان، گفتوگۆی خوێندکاری دکتۆرا "کێوان جبار عبداللە" سەبارەت بە ژیان و ڕۆڵی سیاسیی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەناونیشانی "جەلال تاڵەبانی:ڕۆڵی سیاسی و پەیوەندییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ١٩٧٥-١٩٩١" بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی گفتوگۆ پێکهاتبوون لە بەڕێزان پ.د دڵشاد عمر عبدالعزیز سەرۆکی لێژنە و لە زانکۆی کەرکووک، پ.د جمال فتح اللە طیب ئەندامی لێژنە و لە زانکۆی کۆیە، پ.ی.د عبداللە محمد علی عەلیاوەیی ئەندامی لێژنە، پ.ی.د اسماعیل عبدالرحمن سعید ئەندامی لێژنە و لە زانکۆی کۆیە، پ.ی.د شوان محمدامین طە ئەندامی لێژنە و لە زانکۆی سەلاحەدین و پ.د هۆشمەند علی محمود ئەندامی لێژنە و سەرپەرشتیاری توێژینەوە. 

ئەم توێژینەوەی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە یەکەمین توێژینەوەیە لە بواری مێژوو و لە ئاستی کوردستان و عێراق کە هەوڵیداوە ئاکادیمییانە لایەنی سیاسیی ژیانی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی و ڕۆڵی لە ڕەوتی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٩١ بخاتەڕوو لەو بارەیەوە سەرۆکی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.د هۆشمەند علی محمود کە هاوکات سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەشە باسی لەوەکرد ئەوان لە دوو لایەنەوە بۆیان گرینگ بووە توێژینەوەیەکی لەمجۆرە سەبارەت بە ژیانی سیاسیی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئەنجام بدەن یەکەم لەبەرئەوەیکە سەرۆک تاڵەبانی دامەزرێنەری زانکۆی کۆیە بوو و هاوکات ناوبراو ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان هەبووە و سیمایەکی دیاری ئەو جوڵانەوەیەشە.

د. هۆشمەند لەدرێژەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەوان هیوادارن و هەوڵیش دەدەن کە وەک بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە توێژینەوەی زیاتر و لە بوارەکانی ماستەر و دکتۆرا سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئەنجام بدەن و دەخوازن دەرفەتی لەبار بۆ پێکهێنانی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیی زانستی بۆ گەنگەشەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و ڕۆڵی سیاسیی سەرۆک تاڵەبانی بڕەخسێت.

ئەندامانی لێژنەکە لە ماوەی دیاریکراودا هەڵسەنگاندن و ڕاوبۆچوون و تێبینیی خۆیان لەسەر توێژینەوەکە خستەڕوو و خوێندکاری ناوبراویش لەگەڵ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان شرۆڤەی پێویستی لەمەڕ سەرنجەکانی لێژنە خستەڕوو و بەمجۆرە توێژینەوەکە پەسەندکرا.

 

PUKMEDIA

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket