جامی فیفا بۆ وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌ستپێده‌كات

عیراق 02:25 PM - 2021-11-30


ئارۆ سەنگەر

ئه‌مڕۆ له‌ قه‌ته‌ر یارییه‌كانی ده‌یه‌م پاڵه‌وانێتی وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌ستپێده‌كات كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی فیفا و به‌ به‌شداری 16 هه‌ڵبژارده‌ له‌ نێویاندا هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ دواین ئاماده‌كاری قه‌ته‌ر ده‌بێت بۆ مۆندیالی 2022 و ته‌واوی یارییه‌كانی جامی فیفا بۆ وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌و یاریگایانه‌ ده‌كرێن كه‌ ساڵی داهاتوو میوانداری مۆندیال ده‌كه‌ن.

ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌هۆی ئه‌مه‌ش پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ناونراوه‌ جامی فیفا، به‌ڵام هێشتا یه‌كێك نییه‌ له‌و پاڵه‌وانێتییانه‌ی‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ فیفا جێگیر بكرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كان توانای ئه‌وه‌یان نه‌بێت یانه‌كانی ئه‌وروپا ناچار بكه‌ن رێگه‌ به‌ به‌شداری ئه‌ستێره‌كانیان بده‌ن.

ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ له‌ مێژووی دا كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ دروست بووه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن فیفا دانی پێدانه‌درابوو زۆرێك له‌ هه‌ڵبژارده‌كان وه‌كو پاڵه‌وانێتییه‌كی بێ سود سه‌یریان ده‌كرد و ره‌تیان ده‌كرده‌وه‌، به‌شداری بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی‌ 58 ساڵی ته‌مه‌نیدا ته‌نها 9 جار به‌ڕێوه‌چووه‌و پاڵه‌وانێتی ئه‌مساڵیش ده‌بێته‌ ده‌یه‌م پاڵه‌وانێتی.
پاڵه‌وانێتی ئه‌مساڵ جیاواز ده‌بێت چونكه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی فیفا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ گرنگی زیاتری پێبدرێت و بۆ له‌مه‌ودوا به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراوتر له‌ ساڵانی پێشوو به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌ پاڵه‌وانێتی ئه‌مساڵ 16 هه‌ڵبژارده‌ به‌شداری ده‌كه‌ن كه‌ 10 هه‌ڵبژارده‌یان له‌ كیشوه‌ری ئاسیان و پێكهاتون له‌ قه‌ته‌ری رێكخه‌ر و عێراق و عومان و به‌حرین و ئیمارات و سوریا و سعودیه‌ و ئه‌رده‌ن و لوبنان و فه‌ڵه‌ستین، شه‌ش هه‌ڵبژارده‌ش له‌ كیشوه‌ر ئه‌فریقا به‌شداری ده‌كه‌ن كه‌ پێكهاتون له‌ میسر و تونس و مۆریتانیا و مه‌غریب و جه‌زائیر و سودان.
هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كانیش دابه‌ش كراون به‌سه‌ر چوار كۆمه‌ڵه‌ی چوار تیپی و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م قه‌ته‌ری رێكخه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و عومان و به‌حرین یاری ده‌كات، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش تونس و ئیمارات و سوریا و مۆریتانیا ركابه‌ری ده‌كه‌ن.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدا مه‌غریب و سعودی و ئه‌رده‌ن و فه‌ڵه‌ستین ركابه‌ری ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌میش پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی جه‌زائیر و میسر و لوبنان و سودان.
مێژووی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1962 جۆرج دباسی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان بیرۆكه‌ی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان كرد و له‌لایه‌ن پێنج وڵاتیش پێشوازی لێكرا، به‌مه‌ش ساڵی 1963 یه‌كه‌م پاڵه‌وانێتی به‌ به‌شداری پێنج هه‌ڵبژارده‌ به‌ڕێوه‌چوو تونسیش نازناوه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌.
ساڵێك دوای ئه‌وه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ له‌ كوێت به‌ڕێوه‌چوو، دوای ئه‌وه‌ی‌ شاری به‌غداد میوانداری پاڵه‌وانێتی 1966ی كرد، دوای وه‌ستانیش بۆ ماوه‌ی‌ 16 ساڵ لوبنان له‌ ساڵی 1982 جارێكی تر بڕیاری دا پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ رێكبخات، به‌ڵام به‌هۆی داگیركاری ئیسرائیل پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ نه‌كرا.

دوای سێ ساڵ جامی عه‌ره‌ب جارێكی تر به‌ڕێوه‌چوو كه‌ سعودیه‌ میوانداری چواره‌م پاڵه‌وانێتی كرد و ساڵی 1988یش ئه‌رده‌ن میوانداری پاڵه‌وانێتی پێنجه‌می كرد.
له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ دوو جار به‌ڕێوه‌چوو كه‌ یه‌كه‌میان ساڵی 1992 بوو له‌ سوریا ئه‌ویش تریش له‌ 1998 بوو له‌ قه‌ته‌ر.

دوای ئه‌وه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ وه‌ستاو ساڵی 2002 جارێكی تر له‌ كوێت به‌ڕێوه‌چوو، دواین جاریش كه‌ به‌ڕێوه‌چوو ساڵی 2012 بوو كه‌ سعودیه‌ میوانداری پاڵه‌وانێتی نۆیه‌می كرد.
له‌ كۆی ئه‌و نۆ پاڵه‌وانێتییه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق خاوه‌نی چوار نازناوه‌و له‌ پێش سعودیه‌ دێت كه‌ دوو جار نازناوه‌كه‌ی‌ بردۆته‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ مه‌غریب و تونس و میسریش جارێك جامه‌كه‌یان به‌رز كردۆته‌وه‌.

بۆ پاڵه‌وانێتی ئه‌مساڵیش جامێكی تایبه‌ت دروست كراوه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ی له‌ جامی مۆندیال ده‌چێت و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی‌ هاوشێوه‌ی گۆی زه‌وییه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی نیشتمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر كێشراوه‌ و وشه‌ی مه‌وتنی به‌ گه‌وره‌یی له‌سه‌ر نووسراوه‌.

یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش له‌ شه‌ش یاریگا ده‌كرێت كه‌ سه‌رجه‌میان ساڵی داهاتوو میوانداری یارییه‌كانی مۆندیال ده‌كه‌ن

ئەمانەش ببینە

یارى قەڵادزێ و بازیان و راگیرا
کوردستان10:33 AM - 2022-01-17

به‌ دوانزه‌ تیپ نۆ گۆڵیان كرد
کوردستان04:22 PM - 2022-01-16

زۆرترین خوێنراو