پاسپۆرتى وه‌رزشى چییه‌؟

وەرزشەکانی تر‌ 12:34 PM - 2020-12-01

 

ره‌گه‌زنامه‌ى وه‌رزشى ، كه‌ تاوه‌كو ئێسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى فراوان له‌ میدیاى كوردیه‌وه‌ بۆ بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌ر روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ زۆر كات وه‌رگرى ئێمه‌ له‌و پرسه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌ یاخود زانیاری له‌سه‌ر نییه‌ چونكه‌ كاره‌كانى گۆڕینى ره‌گه‌زنامه‌و پاسپۆرتى وه‌رزشى پرسێكى ئالۆزه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كى یاسایى جیاكراوى هه‌یه‌ .

 

ده‌بێت خوێنه‌ر راسته‌وخۆ له‌م نووسینه‌ چه‌ند چه‌مكێك جیا بكاته‌وه‌ ، یه‌كێكیان وه‌رگرتنى پاسپۆرتى وڵاته‌یه‌ یه‌كێكی تریان ره‌گه‌زاندنى وه‌رزشییه‌ .

 

مارسێل دوسای ساڵى 1968 له‌ وڵاتى غانا له‌دایك ده‌بێت به‌ڵام هه‌ر له‌ ساڵى 1972 وه‌ به‌ بنه‌ماله‌وه‌ كۆچ بۆ وڵاتى فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن و له‌وێوه‌ ئیدى به‌ پێى ده‌ستورى ئه‌و وڵاته‌ ره‌گه‌زنامه‌ى فه‌ره‌نسى وه‌رده‌گرن و كاتێكیش ئه‌و وه‌ك هاوڵاتیه‌كى فه‌ره‌نسى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌ هیچ سه‌رده‌مێك یاریزانى تۆپى پێ نه‌بووه‌ ، هاوشێوه‌ى دوسای به‌ زۆرینه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپیش رۆیشتووه‌ به‌لام زه‌قبوون زیاتر له‌ فه‌ره‌نسا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌ خۆ ئه‌وه‌تا هه‌ڵبژارده‌ى پۆرتوگالى ساڵى 1966 زۆربه‌ى یاریزانى وڵاتى مۆزه‌مبیك ده‌بن به‌ ئۆزبیۆى ئه‌فسانه‌شه‌وه‌ ، پاش ئه‌وانیش هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ به‌شێكى زۆر به‌ ره‌گه‌زى بنه‌ره‌تى پۆله‌ندى تێدایه‌ به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له‌ ته‌مه‌نى منداڵیه‌وه‌ ره‌گه‌زنامه‌یان وه‌رگرتووه‌.

 

له‌ هه‌مان كات ئاراسته‌ى دیه‌گۆ كۆستاشمان بیرنه‌چێت كه‌ ئه‌ویش له‌ وڵاتى به‌رازیله‌وه‌ هاته‌ ئیسپانیاو پاش چه‌ند ساڵێك ژیان له‌و وڵاته‌ و كاركردن توانى به‌ پێى ده‌ستورى ئیسپانى ره‌گه‌زنامه‌ى ئیسپانى وه‌ربگرێت ، به‌ڵام سیستمى به‌ریتانیا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ له‌ بریتانیا شكاوه‌ته‌وه‌و كۆت و به‌نده‌كانى وه‌رگرتنى وڵاتینامه‌ قورستره‌ ، ئه‌وه‌تا كاتێكهه‌وڵیان دا ئه‌دنان یانوزاى به‌لجیكى بكه‌نه‌ یاریزانى ئینگلته‌را به‌هۆى ته‌واونه‌كردن و جێبه‌جێ نه‌كردنى یاساكانى ئه‌و وڵاته‌ نه‌یتوانى درێس و وڵاتینامه‌ى به‌ریتانى پێببه‌خشرێت.

 

به‌شێكى تر وه‌رگرتنى پاسپۆرت و ره‌گه‌زنامه‌ى وه‌رزشیه‌ ، ‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستى یاریزانه‌كه‌ به‌ڵام به‌ پێى یاساى لیژنه‌كانى ئۆلۆمپی و یه‌كێتییه‌ وه‌رزشیه‌كان ، كاتێك ئه‌و یاریزانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئۆتۆماتێكى دوو ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌یه‌، ده‌توانێت وڵاته‌كه‌ى هه‌ڵبژێرێت كه‌ یارى بۆ بكات ، به‌ڵام له‌ یه‌كێتیی تۆپى پێى جیهان یاسایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یاریزانێك دوو ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌بێت و له‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵبژارده‌كان سێ یارى كردبێت ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت هه‌ڵبژارده‌و وڵاته‌كه‌ى بگۆرێت و داواكارى گۆرین به‌رز بكاته‌وه‌ به‌لام له‌ یارییه‌كانى تر به‌ده‌ر له‌ تۆپى پێ یاسای ترى بۆ دانراوه‌و هه‌ر یه‌كێتییه‌كى وه‌رزش په‌یره‌وێكى جیاوازى هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ یه‌كێتیی مه‌له‌وانى جیهانى كارئاسانییه‌كى زۆرى كردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ داواكار ده‌توانێت پاش یه‌ك ساڵ له‌ یاریكردنى بۆ وڵاتێك داواى ره‌گه‌زنامه‌ى وه‌رزشى بكات به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ش له‌ یه‌كێتیی تۆپى ده‌ست و ئه‌سپسوارى ئه‌و رێككاره‌ ئاسانه‌ دانراون .

 

پرسى ره‌گه‌زاندنى وه‌رزشى ( التجنیس الریاچی) وه‌ك باس ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌و ریسێرچى بۆ كراوه‌؛ له‌ ده‌یه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مى رابردووه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌ تایبه‌ت پاش جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م كه‌ به‌شێكى زۆرى خه‌ڵك له‌و كاته‌دا كۆچیان كردوو سنوورى وڵاته‌كه‌نیان له‌ ترسى جه‌نگ و ماڵوێرانى ده‌بڕى .

 

زۆرێك له‌ وڵاته‌كان كه‌ له‌و كاتانه‌دا به‌هێز بوون باجى ره‌گه‌زاندنى وه‌رزشیان ده‌دا ، له‌وانه‌ باشوورى ئه‌فریقیا كه‌ زیاتر له‌ 20 یاریزانى بوونه‌ یاریزانى وڵاتانى دیكه‌ له‌ یارى كریكت ، هه‌روه‌ها نزیكه‌ى 150 یاریزانى باسكه‌ى ئه‌مه‌ریكیش بوونه‌ یاریزانى وڵاتانى ترو رێكت به‌ده‌سته‌ چینیه‌كانیش نزیكه‌ى 50 یاریزان بوون درێسى وڵاتانى تریان پۆشى ، به‌و ره‌گه‌زاندنه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ یارى باسكه‌ وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستیش پشكیان به‌ركه‌وت وڵاتانى لوبنان و ئه‌رده‌ن یاریزانى باسكه‌یان خسته‌ ریزه‌كانیان و ئیتاڵیه‌كانیش زۆر سودیان له‌ چه‌ند یاریزانێكى ره‌كبى وه‌رگرت ، و ئیسپانیاش ئه‌ستێره‌یه‌كى گه‌وره‌و گرانبه‌هاى ئه‌و كاته‌ى هه‌نگارى برد كه‌ ئه‌ویش فرانك پۆشكاش بوو .

 

ساڵى 2015 وه‌ك یه‌كه‌م رۆژنامه‌نووسى عێراق له‌ مێژوودا به‌ فه‌رمى له‌ ده‌وحه‌ى پایته‌ختى وڵاتى قه‌ته‌ر روومالى یارییه‌كانى پاڵه‌وانێتیی تۆپى ده‌ستم ده‌كرد ، ئه‌و كات هه‌ر كه‌ دابه‌زیمه‌ خاكى ئه‌و وڵاته‌ باس له‌ به‌هێزى قه‌ته‌ر ده‌كراو هه‌ر له‌ یه‌كه‌م یارییه‌وه‌ زه‌نگى ئاگادارى بۆ هه‌ڵبژارده‌كان لێده‌دا ، ئاخر من له‌وێ بۆ ناوى جاسم و فه‌هدو عومه‌ر ده‌گه‌رام كه‌چى له‌ كۆى 18 یاریزانى ته‌نیا 7 یاریزانى به‌ ئه‌سڵ قه‌ته‌رى بوون ئه‌وانه‌ى تر هه‌موویان سربى و مۆنتینگرۆو میسرى و ته‌نانه‌ت كوبى تێدابوو كه‌ وڵاتینامه‌ى وه‌رزشى قه‌ته‌رییان وه‌رگرتبوو، به‌ڵام ئه‌و وڵاتیینامه‌ى ئه‌وان وه‌ریان گرتووه‌ ناتوانن وه‌ك مامه‌ڵه‌یه‌كى وڵاتیینامه‌یه‌كى بنه‌ره‌ت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌بكه‌ن و پاسپۆرته‌كانى بۆیان داده‌نرێت ته‌نیا بۆ وه‌رزشیه‌و له‌ كاتى نه‌مانى ئه‌ركه‌كه‌ى راسته‌وخۆ ئه‌و پاسپۆرته‌ى لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ ، به‌لام تاوه‌كو خاوه‌نى ئه‌و پاسپۆرته‌ بێت هه‌مان ئه‌و یاساو مامه‌ڵه‌ى به‌سه‌ردا ده‌سپێت و بۆى ده‌سته‌به‌ركراوه‌ كه‌ له‌ یاساكانى پێدانى ئه‌و ره‌گه‌زاندنه‌ وه‌ریده‌گرێت .

 

به‌لام له‌ چوارچێوه‌ى یارییه‌ ئۆلۆمپییه‌كان ، یاسایه‌ك هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئه‌ویش ده‌بێت ئه‌و یاریزانه‌ى داواى گۆرینى وڵاتینامه‌ى كردووه‌ ده‌بێت سێ ساڵ چاوه‌ڕوان بێت له‌ گۆڕینى وڵاتینامه‌كه‌ى له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكى تر .

 

ره‌نگه‌ له‌ ده‌یه‌یه‌ى رابردوو هیچ وڵاتێكى عه‌ره‌بى به‌ قه‌د قه‌ته‌رو به‌حره‌ین له‌ پرسى به‌ره‌گه‌زاندن سوودمه‌ند نه‌بووبن ، به‌ تایبه‌ت به‌حره‌ین له‌ یارییه‌كانى گۆره‌پان و مه‌یدان كه‌ چه‌ندین یاریزانى راكه‌رى ئه‌سیوبى و كینى كه‌ 11 یاریزانى گۆره‌پان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانى عه‌ره‌ب و ئاسیاو جیهان و ئۆلۆمپیادیش ده‌ستى باڵایان هه‌بووه‌ و له‌ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێش 5 یاریزانی بیانى پاسپۆرتى به‌حره‌نیان پێ به‌خشراوه‌ ، شانبه‌شانى ئه‌و تۆپى ده‌سته‌ى قه‌ته‌ر كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ش باسم كرد قه‌ته‌ر له‌ ساڵانى رابردوو هه‌ستا به‌ به‌خشینى پاسپۆرتى قه‌ته‌رى به‌ شه‌تره‌نجزانێكى كه‌ له‌ ساڵى 2012 مه‌دالیاى برۆنزى برده‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌ ، خۆ ئه‌وه‌تا هه‌ڵبژارده‌ى ئیماراتیش كه‌ به‌م ساڵانه‌ى دواى له‌ تۆپى پێى عه‌ره‌بى و ئاسیاى زۆر به‌هێزه‌ 5 یاریزانى بیانى تێدایه‌ به‌ڵام به‌ زۆرى ئیمارات له‌ پرۆسه‌ى پێدانى پاسپۆرتى وه‌رزشى یاریزانى یارییه‌ هونه‌رییه‌ به‌رگرییه‌كانى به‌كارهێناوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ یارییه‌كانى جۆدۆ و زۆرانبازى .

 

هه‌رچى عێراقه‌ ئه‌وه‌ى زۆر پێوه‌ى دیاره‌ خسته‌ ریزى یاریزانێكى ئه‌مه‌ریكییه‌ ، دیماریو مای فیلد، ساڵى 1991 له‌ ویلایه‌تى جۆرجیا له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌دایكبووه‌ ، ماوه‌ى 5 ساڵه‌ له‌ وڵاتى عێراقه‌و دوو ساڵ یاریزانى یانه‌ى نه‌وت بووه‌ ، له‌ ساڵى 2017 ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى وه‌رگرتووه‌و ئێستا دیارترین یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى باسكه‌ى عێراقه‌و له‌ خولى كۆسۆڤۆش یاریده‌كات ، باڵاى دوو مه‌تره‌و كێشى 210 رتڵه‌ كه‌ نزیكه‌ى 95 كیلۆ ده‌كات .

 

...................................................................................

 

هەرێز جەمال

 

بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوود له‌ چه‌ند ماڵپه‌رو چه‌ند كتێبێك وه‌رگیراوه‌ كه‌ به‌ یاسایبوونى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ روونى باس ده‌كه‌ن .

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو