كلیلی سه‌ركه‌وتنی به‌رازیل دۆڕاندنیه‌تی به‌ ئه‌رجه‌نتین

کوپا ئەمریکا 10:46 AM - 2017-07-29

دۆڕاندنی یاریی به‌رامبه‌ر ركابه‌ری مێژوویی یاخود ركابه‌ری راسته‌وخۆ له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كانی ناوخۆی كیشوه‌ره‌كان هه‌میشه‌ له‌ رووی مه‌عنه‌وی و هونه‌ریشه‌وه‌ دۆڕانێكی ناخۆش و سه‌خت ده‌بێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك.

ئه‌مه‌ له‌هه‌موو جیهاندا شتێكی ئاساییه‌ ته‌نیا له‌ ئه‌مریكا باشوور نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ قورسه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی وه‌ك به‌رازیل جیاوازه‌، به‌جۆرێك به‌رازیل هه‌ر كاتێك به‌ ئه‌رجه‌نتینی ركابه‌ری بدۆڕێت ئه‌وا دواتر به‌رازیل ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی ده‌باته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی دۆڕان به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین كلیلی سه‌ركه‌وتن بێت بۆ به‌رازیل.

هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل له‌ ساڵی 1958-ه‌وه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی زۆرێك له‌ چاودێرانی وه‌رزش، به‌دیاریكراوی دوای بردنه‌وه‌ی مۆندیال له‌و ساڵه‌دا، به‌تایبه‌ت ئه‌و مۆندیاله‌ دوای شكسته‌ قورسه‌كه‌ی ساڵی 1950-ی ماراكانا هات، ساڵی رابردووش توانیان قه‌ره‌بووی شكسته‌ قورسه‌كه‌ی مۆندیای 2014 بكه‌نه‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار میدالی زێڕی ئۆڵۆمپیاد ببه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌مێك باوه‌ڕیان وابوو به‌رازیل دوای ئابڕووچونه‌كه‌ی مۆندیال ناتوانێت وازو هه‌ستێته‌وه‌ سه‌رپێ.

ساڵێكه‌ پێش ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی مۆندیالی روسیا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل جارێكی تر به‌ ئه‌رجه‌نتینی ركابه‌ری دۆڕایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م شكسته‌ش چه‌ندین پرسیاری به‌دوای خۆی دا هێناوه‌، دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ ئایا سیلیساو هاوشێوه‌ی جاره‌كانی پێشوو دوای دۆڕاندن به‌ ئه‌رجه‌نتین ده‌توانێت نازناوێك بباته‌وه‌.

یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی به‌رازیل له‌مۆندیالی 1958دا بوو كه‌ توانی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسای باشترین هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام ساڵێك پێش ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ به‌رازیل له‌یاریی كۆتایی كۆپا ئه‌مریكا به‌ ئه‌رجه‌نتین دۆڕابوو.

ساڵی 1970ش پێش ئه‌وه‌ی به‌رازیل ببێته‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ 3 جار نازناوی مۆندیال بباته‌وه‌،  له‌یارییه‌كی دۆستانه‌دا له‌ مه‌كسیك رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین بووه‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ش به‌ شكستی به‌رازیل كۆتایی هات، به‌ڵام ئه‌و شكسته‌ بووه‌ مایه‌ی خێرو خۆشی بۆ به‌رازیلییه‌كان و توانیان ئه‌و ساڵه‌ مۆندیال ببه‌نه‌وه‌.

ساڵی 1993 ئه‌رجه‌نتین توانی به‌لێدانی سزای یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌به‌رازیل بباته‌وه‌و بۆ دواجار جامی كۆپا ئه‌مریكا به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڵام ناخۆشیه‌كانی به‌رازیل زۆری نه‌خایاندو دوای ساڵێك له‌و ده‌ستكه‌وته‌ به‌رازیل به‌ لێدانی سزا له‌ ئیتاڵیای برده‌وه‌و دوای دابڕان بۆ ماوه‌ی‌ 24 ساڵ جارێكی تر جامی مۆندیالی برده‌وه‌.

ساڵی 2001-ش له‌ پاڵاوتنی مۆندیالدا به‌رازیل له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا بوو، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ به‌ ئه‌رجه‌نتین دۆڕا، له‌كۆتاییشدا له‌دوا جه‌وله‌دا توانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ مۆندیال، به‌ڵام جارێكی تر شكستی به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین به‌سوودی هه‌ڵبژارده‌كه‌بوو كه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی رۆناڵدۆی دیارده‌ نازناوه‌كه‌یان برده‌وه‌.

ساڵی 2012-ه‌ش به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین له‌ جامی سوپه‌ر كلاسیكۆدا رووبه‌ڕووی یه‌كبوونه‌وه‌و یاریی دووه‌میش له‌ ئه‌رجه‌نتین بوو، یارییه‌كه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی تانگۆ كۆتایی هات، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ئه‌نجامی یاریی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ یه‌كسان بوون،  به‌رازیل به‌ په‌نالتی جامه‌كه‌ی برده‌وه‌، به‌ڵام شكستی یارییه‌كه‌ له‌كاتی یاسایی جارێكی تر بووه‌ كلیلی بردنه‌وه‌ی نازناو بۆ به‌رازیل كه‌ توانیان ساڵی 2013 جامی كیشوه‌ره‌كان ببه‌نه‌وه‌ .

PUKmedia ئاماده‌كردن/ محمد ئه‌حمه‌د

2.jpg

11.jpg

1111.jpg

111.jpg

2222.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو