ئه‌مڕۆ جامی كیشوه‌ره‌كان كۆتایی دێت

جامی یەکێتی ئەوروپا 01:02 PM - 2017-07-02

دوای بردنه‌وه‌ی‌ یۆرۆی خوار 21 ساڵ، یاریزانه‌ لاوه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیا له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وتێكی تری مێژوویین ئه‌ویش بردنه‌وه‌ی‌ جامی كیشوه‌ره‌كانه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی هه‌ڵبژارده‌كه‌یاندا.


هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیا به‌ پێكهاته‌یه‌كی لاوه‌وه‌ به‌شداری جامی كیشوه‌ره‌كانی كردووه‌ به‌جۆرێك رێژه‌ی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانی 24 ساڵه‌، ئه‌مه‌ش گه‌نجترین پێكهاته‌یه‌ له‌مێژووی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ مانشافت توانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ یاریی كۆتایی.


یاریی كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و له‌ یاریگای كریستۆڤسكی شاری سان بترسبۆرگ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ لاوه‌كانی ئه‌ڵمانیا روبه‌ڕوی نه‌وه‌ی‌ زێڕینی هه‌ڵبژارده‌ی‌ چیلی ده‌بنه‌وه‌ كه‌ هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازن بۆ سێیه‌م ساڵ له‌سه‌ریه‌ك نازناو ببه‌نه‌وه‌.


ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی‌ چیلی به‌نه‌وه‌ی‌ زێڕینی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ داده‌نرێت كه‌ ساڵی 2015 بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژوویاندا نازناوی كۆپا ئه‌مریكایان برده‌وه‌و ساڵی 2016ه‌ش هه‌مان ده‌ستكه‌وتیان دووباره‌ كرده‌وه‌، دوای كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پرتوگالی پاڵه‌وانی ئه‌وروپاش له‌ قۆناغی پێش كۆتایی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستكه‌وتێكی تریش ببه‌نه‌وه‌.


چیلی و ئه‌ڵمانیا له‌قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانیش روبه‌ڕوی یه‌كبوونه‌وه‌و هه‌رچه‌نده‌ به‌ یاریكردن چیلی باشتر بوو، به‌ڵام یارییه‌كه‌ به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ یاریی كۆتایی چیلی ئه‌ركی ئاسان نابێت به‌تایبه‌ت ئه‌و كات ئه‌ڵمانیه‌كان بۆ دووه‌م جار بوو به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی بكه‌ن، بۆیه‌ ئێستا زیاتر یه‌كگرتون و شاره‌زای یاریكردنی یه‌كترن، به‌مه‌ش ئه‌ركی چیلی ئاسان نابێت.


له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ئه‌ركی چیلی قورستر ده‌كات ئه‌قڵیه‌ت و كه‌سایه‌تی مانشافته‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كاندا كه‌ هه‌میشه‌ پاڵێوراون بۆ بردنه‌وه‌و به‌ ئه‌قڵیه‌تی بردنه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو یاریگاوه‌و بردنه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌شیان له‌ یاریی قۆناغی پێش كۆتایی به‌رامبه‌ر مه‌كسیك متمانه‌یه‌كی زیاتری پێبه‌خشیون.


له‌مێژووی روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانیان ئه‌م 2 هه‌ڵبژارده‌یه‌ 8 جار یارییان به‌یه‌كه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا 5 یاریی بردۆته‌وه‌و چیلیش خاوه‌نی 2 بردنه‌وه‌یه‌و یارییه‌كیش یه‌كسانبوون، به‌ڵام 2 بردنه‌وه‌كه‌ی‌ چیلی له‌یاریی دۆستانه‌بوون و پێشتر ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ نه‌یتوانیوه‌ یاریی ره‌سمی له‌ ئه‌ڵمانیا بباته‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌وه‌ته‌ی‌ ئه‌ڵمانیا بووه‌ته‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی یه‌كگرتوو هیچ یارییه‌كی به‌ چیلی نه‌دۆڕاندوه‌و هه‌ردوو بردنه‌وه‌كه‌ی‌ چیلی به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا بووه‌، بۆیه‌ بردنه‌وه‌ی چیلی له‌یاریی كۆتایی ده‌بێته‌ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا.


پێش یاریی كۆتاییش یاریی دیاری كردنی پله‌ی سێیه‌م و چواره‌م له‌نێوان پرتوگال و مه‌كسیك به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ ئه‌و یارییه‌ سه‌عات 3ی عه‌سر له‌ شاری مۆسكۆ ده‌كرێت.

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو