پەیامێك لە پەرلەمانی كوردستانەوە
kurdistani 02:22 PM - 2013-05-19
پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی ئازادانە ئاڕاستەی گەلی كوردستان و كەسوكاری سەربەزی شەهیدان دەكات، رایدەگەیەنێت كە ئەو هەڵبژاردنە قۆناغێكی نوێ بوو لە خەباتی گەلەكەماندا، كە ئەویش خەباتی دیموكراسییانەو مەدەنییانەو خۆبەڕێوەبردن بوو لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی گەلی كوردستانەوە، هەروەك هیوادرە هەلبژادرنی داهاتووی پەرلەمان بەهەمان گیانی نیشتمانی و جۆش و خرۆشی جەماوەری و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
بەبۆنەی ساڵیادی یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992 دا، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی كوردستان وكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هێزو لایەنە سیاسییەكان دەكەین،21 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە رۆژێكی مێژوویی و لە قۆناغیكی هەستیارو چارەنووسسازدا، گەلی كوردستان بەهەموو چین و توێژو پێكهاتەكانیەوە، بەشدارییان لە یەكەمین پرۆسەی دەنگدانی ئازادانەو دیموكراسییانەدا كرد، لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان لەعیراقدا، بەم هەنگاوەش یەكەم بەردی بناغەی دیموكراتییەتیان لەم وڵاتەدا دانا.
ئەو هەلبژاردنە دواتر بووە بڵندگۆی دامەزراندنی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 4 تەممووزی سالی 1992دا، بەمەش قۆناغێكی نوێ لە خەباتی گەلەكەماندا دەستیپێكرد، كە خەباتی دیموكراسییانەو مەدەنییانەو خۆبەڕێوەبردن بوو لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی گەلی كوردستانەوە، ئەو هەلبژاردنە نەك هەر لەئاستی ناوخۆی گرنگبوو، بەڵكو لەسەرئاستی ناوچەكەو دنیاش بووە جێگەی گرنگی و بایەخپێدانی ناوەندەكانی بڕیارو میدیاكان و رای گشتی جیهانی.
پەرلەمانی كوردستان كە زادەی خەبات و فیداكاری وخوێنی شەهیدانی ئەنفال و كیماباران و قۆناغە سەخت و جیاوازەكانی خەبات و شۆڕشەكانی گەلەكەمانە، لەماوەی 21 ساڵی تەمەنیدا بە گەلێك قۆناغی هەستیاردا تێپەڕیوە، وێرای ئاستەنگ و لەمپەرەكانی بەردەمی، بەڵام هەمیشە نوێنەرانی گەل لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی گەل كاریان كردووە، بەتایبەتی لە خولی یەكەم كە بەردی بناغەی كاری پەرلەمانیان و حوكمڕانی كوردستانیان داناو خولی گواستنەوە، كە قۆناغی یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و خولی سێیەمیش خولی رێكخستنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، خولی چوارەمیش قۆناغێكی نوێ لە خەباتی پەرلەمانی و گەمەی دیموكراسی راستەقینە دەستیپێكرد.
لە هەرسێ خولی هەلبژاردنەكاندا پەرلەمان سەدان یاسا و بڕیاری گرنگ وهەڵوێستی نیشتمانی ونەتەوەیی بەرچاوی وەرگرتووە، هەر لە راگەیاندنی (بڕیاری فیدڕالیزمەوە تا دەگاتە ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان - یاسای دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان - یاسای وەبەرهێنان - یاساكانی چاپەمەنی و كاری رۆژنامەگەری - یاسای دەسەڵاتی دادوەری- یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان- یاسای باری كەسێتی و نەهێشتنی توندوتیژی خێزان - یاساكانی بواری پەروەدەیی وخویندنی باڵا- تەندروستی و كۆمەلایەتی- یاسای نەوت و گاز - یاساكانی خۆپیشاندان ورێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی) مشتێكن لە خەروارێكی دەوڵەمەندی كار و خزمەتە یاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە رۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی ئاستی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فراوانبوونی ئازادییەكانی میدیا و رادەبڕین و گەشەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی گەلی كوردستان هەبووە.
لە خولەكانی دووەم و سێیەمی هەلبژاردنەكاندا، پەرلەمان، گفتوگۆی جدی و كراوەو شەفافانەی لەبارەی بودجەی ساڵانەی هەرێم كردووە، هەروەك لەبواری چاودێرێكردنی كارەكانی حكومەت و بەداوداچوونی خواستەكانی گەل، لەڕێی لیژنەكانەوە چاودێری و بەداوداچوونی وردیان هەبووە، لەكاتی پێویستیشدا سەرۆك و ئەندامانی كابینەكانی حكومەتی هەرێمیان بۆ لێپرسینەوە وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران بانگهێشتی پەرلەمان كردووە.
پەرلەمانی كوردستان ساڵ بە ساڵ ئەزموونی زیاتری پەیداكردووە، خول لەدوای خولیش رۆڵ و پێگەی یاسایی و سیاسی و جەماوەری پەرلەمان لەلای خەڵكی كوردستانەوە بەهێزتربووە.
دوای چەند مانگێكی تر خولی سێیەمی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە 5/12/2012 نووسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی هەردوو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران كرد بۆئەوەی رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر تا هەلبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان وهەلبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاكان لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێن، كە دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 21/9/2013 ی بۆ خولی چوارەمی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.
بەردەامبوونی هەلبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا پرۆسەی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات ئەزموونەكەمان لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بەهێزتر دەكات، هیوای دوا رۆژێكی گەشتر و هەنگاونانی جدییانە بۆ مسۆگەركرنی تەواوی مافە نەتەوەییەكانمان بە گێرانەوەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە دینێتە پێشەوە.
هیوادرین هەلبژادرنی داهاتووی پەرلەمان بەهەمان گیانی نیشتمانی و جۆش و خرۆشی جەماوەری و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت، پاراستن و گەشەپێدانی ئەزموونەكەمان و دەستكەوتە یاسای و دەستوورییەكانمان لەعیراقدا، بەندە بە بەهێزكردنی گیانی هاوخەباتی و یەكترقبوڵكردن و هەماهەنگی و سازانی نیشتمانی لەسەر پرسە چارنووسازەكاندا، بۆ ئەمەش پەرلەمانی كوردستان وەك هەمیشە ماڵی هەموو كوردستانیان و هێزە سیاسییەكانە و مەرجەعی بڕیارە چارەنووسازەكانی گەلەكەمان دەبێت.
جارێكی تر ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان پیرۆز دەكەین.
بژی كورد - بژی كوردستان
نەمری وسەربەرزی بۆ شەهیدانی گەلەكەمان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
وانەیەک لە کۆڵنەدان؛ هاووڵاتییەکی بەتەمەن لە راپەڕین سەرنجی هەموان ڕادەکێشێت
08:55 PM - 2026-06-09 -
هەرێم کاردەكات بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغداد
05:23 PM - 2026-06-09 -
هەڵمەتی پاککردنەوە بۆ سەیرانگای زێوێ ئەنجامدەدرێت
03:43 PM - 2026-06-09 -
لەسێ ڕووداوی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەس برینداربوون
01:20 PM - 2026-06-09
ئەمانەش ببینە
جیهان 08:18 PM - 2026-06-09 ترەمپ: هەلیکۆپتەرەکەمان لەلایەن ئێرانەوە بەئامانج گیراوە و وەڵام دەدەینەوە
قوباد تاڵهبانی و ئالیسیا ڕیكۆ پێرێز: دهبێت ههرێم و عیراق پێكهوه هاوكاربن
05:06 PM - 2026-06-09
وەزارەتی ناوخۆ چاودێری ئەلیکترۆنیی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەکات
02:03 PM - 2026-06-09
وەزارەتی دارایی وەڵامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە
11:28 AM - 2026-06-09
ترەمپ:ئیسرائیل جارێکی دیکە جەنگ لەگەڵ ئێران ناکات
08:54 AM - 2026-06-09
زۆرترین خوێنراو
-
هەڵمەتی پاککردنەوە بۆ سەیرانگای زێوێ ئەنجامدەدرێت
کوردستان 03:43 PM - 2026-06-09 -
وەزارەتی ناوخۆ چاودێری ئەلیکترۆنیی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەکات
عیراق 02:03 PM - 2026-06-09 -
لەسێ ڕووداوی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەس برینداربوون
کوردستان 01:20 PM - 2026-06-09 -
لە عیراق 145 حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە
عیراق 11:37 AM - 2026-06-09 -
وەزارەتی دارایی وەڵامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە
کوردستان 11:28 AM - 2026-06-09 -
كوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 10:57 AM - 2026-06-09 -
هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان نرخی نەوت دادەبەزێنێت
جیهان 10:57 AM - 2026-06-09 -
هەلیکۆپتەرێکی جەنگیی ئاپاچی ئەمریکی لە نزیک گەرووی هورمز کەوتەخوارەوە
جیهان 10:53 AM - 2026-06-09



.jpg)
.jpg)

.png)
دابەزێنە

