riklam

محەمەد کوردۆ: لەھەرێم چاپ و بڵاوکردنەوە لەئاستێکی خراپدایە

ئەدەب وهونەر 05:55 PM - 2016-12-30
.

.

محەمەد کوردۆ بەڕێوەبەری چاپەمەنیەکانی حکومەتی ھەرێم لە سلێمانی: لەرووە بازرگانیەکەوە کوالێتی کتێب و نامیلکەکان لە ئێران چاپ بکرێت باشترە

محەمەد کوردۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و ھونەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا تیشکی خستەسەر گرنگی ئەو جۆرە سەردانانەو بە پێویستی ئەم قۆناغەی زانی کە سوود وەربگیرێت لەو پێشکەوتنەی کە لەبواری چاپەمەنیدا لە ئێران ھەیە.

- گەشەی چاپەمەنی لە ھەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
+ لە ئێستادا چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، پێش ئەم قەیرانانەش کە روو لە ھەرێمی کوردستان بکات چاپ و بڵاوکردنەوە لە فەوزادا بوو، ئەگەرچی کتێبی باشیش چاپ ئەکرا بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئاستێکی خراپدایە، دامودەزگا رەسمیەکانی حکومەتی ھەرێم یان کتێب چاپ ناکەن یان کەمترین کتێب چاپ ئەکەن.
ئێستا زیاتر چەند دەزگایەکی ئەھلی کتێپ چاپ ئەکەن، ئەوانیش راستە کتیبەکانیان ھەم لەرووی کوالێتیەوە باشن ھەم لەرووی ناوەڕۆکەوە، بەڵام زیاتر دیوە بازرگانیەکەی ئەبینن، لەو بەینەیا کۆمەڵێک نوسەری باش ھەیە ئێستا نازانن کتێبەکانیان بەرن بۆ کوێ بۆ چاپکردن.

- بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئێوە لە رابردوودا چۆن بووەو ئێستاش کارو چالاکیەکانی چیە؟
+ ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی ئێمە لە ساڵی ١٩٩٩ و لەلایەن شێخ محەمەد سۆڵەییەوە دامەزراوە دواتر پێنج فەرمانگەی تری ھاتە سەر لەوانە "خانەی وەرگێڕان و خانەی سمۆرەو چەند فەرمانگەیەکی تر.
لەوماوەیەدا ساڵ ھەبووە (١٠٠) کتێبی جۆراوجۆرمان چاپ کردووە، گۆڤارێکمان ھەبوو بەناوی (ھەنار) بۆ ماوەی (١٠) ساڵ بێ دابڕان دەرچووە، ھاوکات ئەو فەرمانگانەی تریش کە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەدا بوون بۆ خۆیان کتێب و نامیلکەو گۆڤاری جۆراوجۆریان چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
بەڵام لەوەتەی قەیرانی ئابوری و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و شەڕی داعش سەریھەڵداوە کە (٣) ساڵ ئەبێت ھیچ جۆرە کتێب و وەرگێڕان و گۆڤارو نامیلکە چاپ نەکراوەو بڵاونەکراوەتەوە.

- ئەگەر قەیرانی ئابووری درێژە بکێشێت و چاپخانەکان بوەستن ئایا سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری چارەنوسی بە کوێ ئەگات؟
+ بەداخەوە قەیرانەکان کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر ئاستی رۆشنبیری سلێمانی، بەڵام حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری ئەگەر نەتوانێت موچەی فەرمانبەرەکانی بدات ئەی چۆن ئەتوانێت کتێب چاپ بکات.

- تائێستا لە بەڕێوەبەرایەتیەکەتاندا کتێبی فارسیتان وەرگێراوە بۆ سەر زمانی کوردی یان بەپێچەوانەوە؟
+ ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی نەخێر بەڵام خانەی وەرگێڕان کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمانن بەڵی کتێبی فارسیان وەرگێڕاوە بۆ کوردی و لەبەرنامەشدایە ئەگەر بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە ھەندێک لە کتێبی نوسەرانی کورد وەرگێڕانیان بۆ بکەین بۆ فارسی.

- لە ھەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی ھەیە ئایا لە ئێران ئەو کتێبانە چاپ بکەن ھەرزانتر ناکەوێت لەسەر حکومەتی ھەرێم؟
+ راستی ئەوە دوو بیرکردنەوە لەبارەیەوە ھەیە بیرکردنەوەی یەکەم ئەوەیە "ئەگەر کتێبێک زیاتری تێبچێت واتە بۆ چاپکردنی کتێب پارەیەکی زیاتر سەرف بکرێت ھەر لە ناوەوە بوخلێتەوەو چاپخانەو کریکاری چاپخانەکان دووبارە سوودی لێ ببینن باشترە لەوەی ئەو بڕە پارەیە بچێتە دەرەوە.
بیرکردنەوەی دووەم دیوە بازرگانیەکەیەتی و ئەڵێت "نەخێر با کتێبەکان پارەی کەمترو کوالێتی باشتر بێت و لە ئێران چاپ بکرێت، بۆیە پرۆسەکانی لە چاپدانی کتێب و نامیلەکە لە ئێراندا لەوپەڕی گەشەسەندندایە تاوەکو چاپخانەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە خوێنەران و بەتایبەتیش نوسەرانی ھەرێمی کوردستان ئەوە بە باشتر ئەزانن بە پارەیەکی کەم و بە کوالێتی بەرز کتێبەکان لە ئێران چاپ بکرێت.

- لەم سەفەرەتاندا بۆ دەزگا میدیاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامتان چیەو چی بکرێت خزمەتە بە کلتوری ھەردوولا؟
+ بەدڵنیاییەوە پەیامی یەکەم و کۆتای ئەدەب دروستکردنی پەیوەندییەکی دۆستانەیە، ئەمەش سەرەتا لە تاکەکان و نەتەوەکان و دواتریش بۆ ئەو کەسانەیە کە جیاواز بیرئەکەنەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمجۆرە سەردانانە کاریگەری خۆیان ئەبێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام ھەموو ئەوانەش ئەکەوێتەسەر جۆری وەڵامدانەوەی ھەردوولا بۆ ئەمجۆرە سەردانانە، بینیویشمانە ھەندێکجار ئیشی باش ئەکرێت بەڵام دواتر ئیشی باشی بەدوادا نایەت، بۆیە نابێ ئەمجۆرە پرۆژانە لە یەکەم ھەنگاودا بوەستێت، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەمجۆرە پەیوەندیانە زۆر زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی مرۆڤە رۆشنبیرو میدیاکارەکان روانینیان فراوانتر بێت، لە دنیاشدا ھەموو سەردان و ئەزمونێکیش ئەتوانرێت لە ھەردوولا سودی لێ وەربگیرێت، با یەکێکیان بچوکتربێت و ئەوی تریان گەورەتربێت، بەڵام ئەتوانن ھاوکارو یارمەتیدەری یەکتربن لە گۆشەنیگای جیاوازەوە.

- دواین پەیام و پێشنیاری تۆ بۆ ئەمجۆرە ھەماھەنگیانە چیە؟
+ پەیامی من ئەوەیە تا بتوانین پەیوەندی قوڵتر دروست بکەین، نزیکتربینەوە لەیەک بەدەر لە سیاسەت و بیروباوەڕی جیاواز، ئیشی ئێمە پەیامێکی ترە، ئیشکردنە لەسەر جوانیەکان، لەسەر ژیان لەسەر پێکەوە نزیکبونەوەی مرۆڤەکان لە یەکتر، لەبەرئەوە پەیامی گەورەی ئێمە ئەوەیە ئەم پەیوەندیانە زیاتر پەرە پێبدەین و بە شێوەیەک بێت کە ھەردوولامان کەڵکی لێ وەربگرین، سوپاسی ھەموو لایەک ئەکەم بۆ ئەمجۆرە سەردان و دیدارانە.

PUKmedia جام کوردی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket