riklam

مالیكی: سەركردایەتی هەرێم هۆكاری بڕینی بودجەیە نەك یەكێتی

چاوپێکەوتن 02:11 PM - 2016-11-17
.

.

نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی كۆتایی ئەو تۆمەتانەی دایەوە كە بۆ ماوەیەكی دورودرێژە دەخرێنە پاڵ بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیی نیتشمانیی كوردستان سەبارەت بەبڕینی بودجەی كوردستان، دەشڵێت: "لەسەر داوای ئەو سەركردانەی یەكێتی بو كە بودجەی مانگێكم بۆ هەرێم نارد، هۆكاری بڕینەكەش خودی مەسعود بارزانی وحزبەكەیەتی نەوەك سەركردەكانی یەكێتی".

مالیكی لەكاتێكدا بۆ یەكەمجارە لەم دیدارەدا دان بەوەدا دەنێ كە خۆی سەركردەی حەشدی شەعبیە، جەختی كردەوە دوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش هێزەكانی حەشد، سوپای توركیا لەسەر خاكی عیراق وەدەردەنێ كە بەفەرمانی مەسعود بارزانی هاتونەتە ناو خاكی عیراقەوە، سوربونی خۆشی دەربڕی لەسەر رێگریكردن لەهەر هەوڵێكی كوڕانی نوجەیفی لەسەر كۆنترۆڵكردنی مەلەفی ئەمنی موسڵ، راشیگەیاند: ئەوان سەبەبی كەوتنی موسڵ بون كە بەبەرنامە تەسلیمی داعش كرا.

ئەمەی خوارە دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكەیە:

پرسیار: پێتانوایە شەڕی موسل كۆتایی بەرێكخراوی توندڕەوی داعش دەهێنێ، گریمانی دروستبونی رێكخراوێكی توندڕەوی هاوشیًَوەی داعش لەئایندەدا چۆن دەبینن؟.

نوری مالیكی:  لەسەرەتای دروستبونیەوە داعش نەیدەتوانی بەم هێزو كاریگەرییەوە لەناو عیراقدا شوێن پێی خۆی توندو تۆڵبكات ئەگەر چەندین هۆكاری سیاسی و ئەمنی هاوكاری نەبونایە، لەوانەش خۆپیشاندانەكانی سوننە لەفەلوجەو حەویجەو موسڵ، پێشتریش پلانێك هەبو بۆ تێكدانی رەوشی عیراق لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا كە پرۆژەیەكی سیاسی تائیفی بو بەهاوكاری و یارمەتی هێزە ئیقلیمیەكانەوە، بۆیە بینیمان ئەم پلانە وایكرد زۆربەی هێزە عیراقییە چەكدارەكان  لەسەرەتای شەڕی موسڵ بكشێنەوە دواوە، ئەمانەش هەموی بەفەرمانی چەند سەركردەیەك بون. ئەمڕۆ داعش لاواز بوەو خەڵكی موسڵیش پشتیان تێكردوەو حەشدو سوپاش گورزی گەورەیان لێوەشاندون، بۆیە دەتوانم بڵێم داعش كۆتاییهات، ناشزانین دوای ئەو چی دەبێ، بەڵام بەدوری نازانم هەوڵێك هەبێ بۆ دابەشبونی موسڵ یاخود دەستگرتن بەسەر نەوتەكەی، چونكە ئێستا توركیا لەهەوڵی ئەوەدایە جێنفوزی خۆی لەم ناوچەیەدا دروستبكات. چەند ئاماژەیەك هەن دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بكەین، وەك بوونی هێزەكانی توركیا لە نزیك موسڵ، چۆن ئەو هێزە هاتون بەبێ رێككەوتن، چۆن لەدەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، زاخۆ، دهۆك، موسڵەوە پەڕینەوەو هاتنە باشیك؟ شێوازی مامەڵەكردنی مەسعود بارزانی جێگەی داخێكی زۆرە، كە ئەمەی بە دەرفەت زانیوە بۆ فراوانخوازی لەپارێزگای نەینەوادا، بەڵام كاتێك چەكەكان بێدەنگ دەبن، ئەوكات داواكاری دەرچوونی هێزەكانی توركیا دەستپێ دەكەنەوە". 

پرسیار: ئێستا توركیا لەنەغمەیەكی تازە دەخوێنێ بەوەی دەیەوێ توركمانی تەلەعفەر بپارێزێ، ئەمەش پاساوێكە بۆ مانەوەی لەسەر خاكی عیراقدا، ئێوە چی دەكەن لەمبارەیەوە؟.

نوری مالیكی: ئەمە بەشێكە لەسیاسەتی تەماعكاری توركیا لەسەر خاكی عیراق، ئەوان پێیانوایە بەداگییركردنی تەلەعفەرو شەنگال رێگری لەوە دەكەن ئەمنی قەومییان بەدەست هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بكەوێتە مەترسییەوە، بەڵام ئەمە خەیاڵە توركیا بتوانێ تەلەعفەر داگیر بكا كە ئێستا بەدەست حەشدی شەعبیەوەیە، پێموانیە بتوانن هیچ جوڵەیەك بكەن بەئاڕاستەی تەلەعفەرەوە، چونكە هێزە عیراقییەكان بەرامبەریان دەوەستنەوەو بەرگری لێ دەكەن.

پرسیار: دەوترێ تۆ سەركردەی حەشدی شەعبی؟.

نوری مالیكی:  بەڵێ من حەشدم دامەزراندوە، بەڵام حەشد سەركردەی مەیدانی خۆی هەیەو كارەكان ئەوان بەڕێوەی دەبەن، بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم هێزەش لەلای من كاتێك گەڵاڵە بوو كە عیراق روبەروی هەڕەشە ببوەوە لەكۆتایی ساڵی   2012و گەشتنی چەك و تەقەمەنی لەرێگای سوریاوە بۆ رێكخراوە تیرۆرستەكان لەبەشی خۆرئاوای عیراق، ئەوكات وتم عیراق روبەروی شەڕێكی تائیفی دەبێتەوەو پێویستیمان بەخۆسازدانە، حەشد بەر لەكەوتنی موسڵ دامەزراو رۆڵێكی باشی هەبو لەپاراستنی ناوچەكانی عیراق، ئەگینا دوای تەسلیمكردنەوەی موسڵ لەلایەن فەرماندە عەسكەرییەكانەوە بەفەرمانی ئەملاو ئەولا، مەترسی كەوتنی زۆربەی ناوچەكانی عیراقیش لەئارادابو بە بەغدای پایتەخیشەوە، بەڵام بونی حەشد رێگری لەپێشڕەویەكەیان كرد.

پرسیار: كەواتە حەشدی شەعبی لەئاییندەدا جێگای سوپای نیزامی عیراق دەگرێتەوە؟.

نوری مالیكی: بەتەئكید دەبێ چارەسەرێك بۆ ئەم هێزە بدۆزرێتەوە، ئێستا لەناو پەرلەماندا بۆچونێك هەیە كە پاڵپشتی لەحەشد بكرێت و ببێتە هێزیكی نیزامی لەسەر شێوەی هێزی دژە تیرۆرو یاسای تایبەتی خۆی هەبێ و سەر بەوەزارەتی بەرگری عیراق بێت و ژمارەیان 110 هەزار كەس بێ كە 30 هەزاریان سوننە بن، یاساكەش بەمزوانە لەپەرلەمانی عیراق دەر دەچێت و ئەم هێزە رێكدەخرێتەوە.

پرسیار: پێتوانیە دوای داعش عیراق پێویستی بەئاشتبونەوەیەكی سیاسی راستەقینە هەبێ؟

نوری مالیكی: بەڵێ زۆریش پێویستیەتی، من خۆم كارم بۆ ئەوەكرد، لیژنەیەكمان لە هاوپەیمانی نیشتمانی دامەزراند بۆ ئەم مەبەستەو گەیشتینە داڕشتنی وەسیقەیەكی نیشتمانی و دواتر دامان بەنوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەبەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ برایانی سوننەدا تاوتۆیی بكەن و ئێستا كارەكان لای ئەوانەو پێشكەوتنیش هەیە، مەبدەئە ئەساسییەكانی وەسیقەكەش بریتیە لەجەختكردنەوە لەسەر پاراستنی یەكێتی خاكی عیراق و رەتكرنەوەی سیاسەتی تائیفی، چەك تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، رێگریكردن لەهەر دەستوەردانێكی هێزە دەرەكیەكان، وەبەرهێنانی راست و دروست لە بواری سەروەت و سامانەكانی عیراق.

پرسیار: هەندێ تۆمەت ئاڕاستەی تۆ دەكرێ لەسەر ئەوەی دەسەڵاتت هەیە بەسەر ئەنجومەنی باڵای قەزاوە، ئەمە تا چەند راستە؟

نوری مالیكی: ئەمە قسەی ئەو كەسانەیە كە دەدرێنە دادگا لەسەر تاوانەكانی گەندەڵی، لەجیاتی ئەوەی وەڵامی مەلەفەكانی گەندەڵی بدەنەوە كە ئاڕاستەیان دەكرێ، دێنە سەر تەلەفزیۆنەكان و باسی بەسیاسی بونی ئەنجومەنی دادوەری دەكەن، من خۆم دەعوایەكم هەبو لەم دادگایە سەبارەت بەلەسەركار لابردنم وەك جێگری سەرۆك كۆمار، دۆسیەكەم ساڵێك زیاتری خایاند، خۆ ئەگەر من تەئسیرم بەسەر ئەم دادگایەوە هەبوایە، دەبو بە یەك دوو رۆژ حەسمبكرایە، بەڵام ئەمە هەموی نابێتە ئەوەی پاكانە بۆ ئەم ئەنجومەنە بكەم، چونكە مەعلومە خەڵكانێك دەستوەردانی تیا دەكەن بەتایبەتیش لە میلیشیاو باندی مافیاكان.

پرسیار: مەسەلەیەكی زۆر گرنگ پەیوەست بەهەرێمی كوردستانەوە ئەویش قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانە كە تۆ تاوانباری بەبڕینی بودجەی هەرێم و سەبەبكاری ئەم قەیرانە قوڵەی دارایی لەهەرێم، تۆ چی دەڵێی لەمبارەیەوە؟.

نوری مالیكی: ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ رێكەوتنێك هەیە لەسەر ئەوەی 17% بودجەی عیراق بدرێتە هەرێمی كوردستانەوە، ئەم بەشەش لەبودجەی عیراق جێگیركراوە، خۆی لەئەساسدا بودجەی عیراق لەو داهاتانەوە پێكدێت كە لەعیراقدا هەیە بەتایبەتیش نەوتی خواروو ناوەڕاست و كوردستانی عیراق، ئەم داهاتانە كۆدەكرێنەوەو دواتر دابەشدەكرێن بەسەر عیراقییەكانەوە، هەرێمی كوردستانیش بەشەكەی خۆیان دەبەن كە سەدا حەڤدەیە، ئێمە بەپرس نین لەسەر ئەوەی ئەم بەشە پارەیەی هەرێم چۆن سەرف دەكرێ، ئایا دەدرێتە موچەو پرۆژە یاخود دەدزرێت، شتێك نیە لای ئێمە ناوی موچەی فەرمانبەران بێ، بەڵكو شتێك هەیە ناوی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە، بەپێی رێكەوتنەكانمان دەبوایە دەسەڵاتی هەرێم داهاتی نەوتەكەی تەسلیم بە بودجەی عیراق بكردایە تا بەشەكەی خۆی وەربگرێ، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم نەوتەكەیان نەدا، من كاتی خۆی پێموتن تەنانەت ئەگەر ئێوە 100 هەزار بەرمیل نەوتمان رادەست بكەن ئێمە بودجەتان بۆ دەنێرین، بەڵام ئەوەشیان نەكرد، لیژنەمان دامەزراند بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنە نەوتیەكانمان، بەڵام دەسەڵاتەكەی مەسعود بارزانی ئەوەشیان نەهێشت، ئیدی كاتێك نەوتی بەسرە دەچێتە ناو بودجەی عیراقەوە مافی خەڵكی بەسرەیە بپرسن لەپای چی پارەی نەوتی ئێمە دەدەنە هەرێم كە ئەوان پارەی نەوتەكەی خۆیان دەخۆن. ئەمە بڕیاری خودی سەركردایەتی هەرێمە كە نەیهێشت بودجەكە بەردەوام بێ.

پرسیار: تۆ دەڵێی ئێمە بودجەمان دەناردو لێپرسینەوەشمان لێنە دەكرد، ئایا ئەمە بەرپرسیاریەتی حكومەتی ئیتیحادی نیە لێكۆڵینەوە لەو داهاتە بكات و بزانێ چۆن سەرف دەكرێ؟.

نوری مالیكی: بەڵێ هەقوابو كەشفی حیسابیان بناردایە، دیوانی چاودێری دارایی بەدواداچونی دەكرد، پێموتن دەبێ ئێمە دڵنیابین لەوەی ئایا ئەم پارەیە دەگاتە دەست خەڵكی كوردستان وەك چۆن دەگاتە دەست خەڵكی بەسرەو پارێزگاكانی تر، وەڵامی سەركردایەتی هەرێم ئەوە بو كەوا ئەمە كاری ئێوە نیە، ئێوە پارە بنێرن ئێمەش خۆمان تەسەروفی پێوە دەكەین، نەیاندەهێشت هیچ وردبونەوەیەك لەو پارانە بكەین و بزانین ئەم پارانە دەگەنە دەست كێ و چەندیشی لێ دەدزرێت.

پرسیار: ماوەیەكی زۆر تۆمەتی ئەوە دەدرایە پاڵ دكتۆر لەتیف رەشیدو عادل موراد بەوەی ئەوان داوایان لەتۆ كردبێ بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕی، ئەمە تا چەند راستە؟.

نوری مالیكی: ئەمە تۆمەتێكی زۆر ئاست نزمە، ئایا دەچێتە عەقڵی كێوە سەركردەی كورد بێتە بەغداو داوای بڕینی موچە لە میللەتەكەی خۆی بكات؟، زۆر بەپێچەوانەوە ئەم دوو سەركردەیە هاتنەلام زۆر شێلگییرانە داوایان لێكردم كەوا موچەی فەرمانبەران بنێرم، لەسەر داوای كاك عادل مورادیش بوو بودجەی یەك مانگم نارد كە 700 ملیۆن دۆلار بو، وتم بەڵكو ئەمە رێخۆشكات بۆ جێبەجێ كردنی رێكەوتنە نەوتیەكەمان، ئەگەر هەرێم پابەند بو ئەوا بەردەوام بودجە دەنێرین بۆیان، بەڵام خودی دەسەڵاتەكەی مەسعود بارزانی و حكومەتی هەرێم بوون كە رێنەكەوتن لەگەڵمان و بونە سەبەبی بڕینی بودجەكە، من ئەم قسانەم لەئیفادەی دادگاشدا نوسیوەو، بۆ مێژوش دەڵێم ئەم دوو سەركردەیە هاتنە لام بۆ هاوكاریی و یارمەتیدانی میللەتەكەی خۆیان نەوەك بڕینی موچەكانیان، ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵیان هیچ ئەسڵ و ئەساسیان نیە.

پرسیار: ئێستاو لەم قەیرانە قووڵەی دارایی لەهەرێمدا، ئەركی حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران نیە بەهانای خەڵكی كوردستانەوە بچن، بەتایبەت هەرێم تا ئێستاش بەشێكە لە عیراق بەپێی دەستور؟.

نوری مالیكی:  بەڵێ من لەگەڵتام، هیواداریشم حكومەتی بەغدا بتوانێ یارمەتی خەڵكی كوردستان بدات،بەڵام مەسعود بارزانی ناهێڵێ بەهیچ شێوەیەك تەداخول لەكاروباری هەرێمدا بكەین، سوپای عیراق قەدەغەیە بچێتە ناو ناوچەكانی هەرێمەوە لەكاتێكدا سوپای توركیا تەراتێن دەكات، ئەگەر فشارەكانی ئەمریكا نەبوایە تەنانەت نەیدەهێشت سوپاكەمان بەناو خاكی هەرێمدا بۆ شەڕی موسڵیش بەوێدا بڕوات. نەحكومەتی عیراق نەپەرلەمانەكەشمان ناتوانێ بەبێ رەزامەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم هاوكاریتان بكات، ئەوان سورن لەسەر ئەوەی بەكەیفی خۆیان تەسەروف بەنەوتی میللەتەكەیان بكەن، ئێستا بەرپرسیارێتی موعاناتی میللەتەكە كەوتۆتە سەرشانی خودی سەركردایەتیەكەیانەوە، هەر كاتێك وتیان فەرمو ئەوە نەوتەكەمان ئێمەش دەڵێین فەرمون ئەوەش بەشەكەتان لەبودجە، جارێكیتر دەڵێم لای ئێمە شتێك نیە ناوی موچەی فەرمانبەران بێ، بەڵكو لای ئێمە بەشە بودجەی هەرێم هەیە ئەویش بەندە بە تەسلیمكردنەوەی داهاتە نەوتیەكانی هەرێمەوە.

پرسیار:  تۆ دەڵێی ئێمە ناتوانین تەداخول لەكاروباری هەرێمدا بكەین، چونكە سەركردایەتی بارزانی نایەڵێت، بەڵام خۆ كەركوك پارێزگایەكی سەر بەعیراقە بۆچی رێگا دەدەن نەوتەكەی بكەوێتە دەست خەڵكانی ترەوە؟.

نوری مالیكی:  ئەم پەیامەت دەبێ ئاڕاستەی حكومەتی ئیتیحادی و وەزارەتی نەوتی عیراق بكرێ، دەبێ نەوتەكەی كەركوك بەپێی یاساو دەستورو ئیدارە بدرێ، ئەوەی ئێستا هەیە پێچەوانەی یاساو دەستورە.

پرسیار: سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ چی لەوەزعی عیراق دەگۆڕێ، پێتوایە پرۆژەكەی جۆ بایدن بەدابەشكردنی عیراق بۆ سێ هەرێمی كوردو سوننەو شیعە كۆتایی پێهاتبێ؟

نوری مالیكی:  ئەمریكا دەوڵەتێكی گەورەیەو وڵاتێكی دامەزراوەییە، پێموانیە شتی گەورە روبدات لەسیاسەتەكانیان، رەنگە هەندێ گۆڕانكاری بچوك هەبێ، بەڵام شتی گەورە رونادا، راستە كۆمارییەكان بایەخی زۆرتر بەعیراق دەدەن و، هەر ئەوانیش رژێمی سەدامیان روخاند، ئێستا هیوادارین سەرۆكی تازەی ئەمریكا رێكەوتننامە ستراتیژییەكەی نێوان عیراق و ئەمریكا كارا بكاتەوە كە لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا مرێندرابو، چونكە ئێمە پێویستمان بەهاوكاری ئەمریكایە، ئێمە كاتی خۆی داوای چەكمان لەئیدارەی دیموكراتەكان كرد بۆ روبەرو بونەوەی داعش بەڵام پێیان نەداین، ئاواتەخوازین سیاسەتی ئەمریكا بگۆڕدرێت بەشێوەیەك ئارامی بۆ عیراق مسۆگەر بێ. سەبارەت بە پڕۆژەكەی بایدنیش من پێموایە ئەم بیرۆكەیە هێشتا لای هەندێ ئەمریكیەكاندا ماوە، ترسم لەوەیە هێشتا كەسانێكی سیاسی لەئەمریكا هەبێ بیر لەوە بكەنەوە كە دابەشبونی عیراق باشترە لەوەی بكەوێتە ناو فەوزاوە ببێتە هۆی ناسەقامگییری لەناوچەكەدا،جارێ نازانم ئایا كۆمارییەكان ئەم پرۆژەیە دادەخەن یا كارای دەكەنەوە.

PUKmedia  شێرزاد شێخانی- ساراپرێس و ئیلاف

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket