فه‌رمانده‌یه‌ك: شه‌ڕی موسڵ درێژه ده‌كێشێت و پێشمه‌رگه شه‌ڕی شار ناكات
چاوپێکەوتن 11:42 AM - 2016-10-20.
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای پێشمه‌رگه: شه‌ڕی موسڵ درێژه ده‌كێشێت و پێشمه‌رگه شه‌ڕی شار ناكات
هه‌ر كه حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنی موسڵی راگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقی له چه‌ند قۆڵێكه‌وه به‌ره‌و ئه‌و شاره كه‌وتنه هێرشبردن.
ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه 17ی تشرینی یه‌كه‌م روویدا، به‌روونی هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش رووداوێكه له‌دوای 2003ه‌وه وێنه‌ی كه‌م بووه.
لیوا مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی دووی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه سه‌ر به هێزه‌كانی 70ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه، بوونی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌و له‌باره‌ی قۆناغی دوای كۆتایی هاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌وه ده‌ڵێت "پێشمه‌رگه به‌شێك نابێت له ناكۆكییه سیاسییه‌كان".
لیوا مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌یی هێزێك ده‌كات كه ژماره‌یان 11 هه‌زارو 250 پێشمه‌رگه‌یه، له ئێستادا حه‌وت هه‌زاریان له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی موسڵن، ئه‌و هێزه سه‌ر به یه‌كه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌یه كه ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و یه‌كه‌یه له هه‌شتا هه‌زار پێشمه‌رگه پێكهاتوون.
لیوا مه‌ریوان ئێستا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی له میحوه‌ری خازرن (37كم باكوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ)، ئه‌م هێزه خاوه‌نی چه‌ندین چه‌كی قورسن له تانك و زرێپۆش، به‌ڵام خۆی وه‌ك نهێنییه‌كی سه‌ربازی ژماره‌یان باس ناكات.
لیوا مه‌ریوان باس له‌وه ده‌كات پاككردنه‌وه‌ی موسڵ له چه‌كدارانی داعش كاتی پێویسته‌و شه‌ڕه‌كه درێژخایه‌ن ده‌بێت، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێشمه‌رگه به‌شداری شه‌ڕی ناو شاره‌كان ناكات.
به‌شێكی زۆری هێزه‌كه‌ی لیوا مه‌ریوان له ده‌وروبه‌ری حه‌ویجه بووه‌و بۆ ئه‌م شه‌ڕه جوڵه‌ی پێكراوه، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی حه‌ویجه‌وه ده‌ڵێت "كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واو بووه، ته‌نها ماوه‌ته‌وه فه‌رمانی هێرشكردنمان پێبگات تاكو ده‌ست پێبكه‌ین".
*له‌ناوخۆی كوردستان مقۆمقۆی زۆر هه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداری پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی موسڵ، چۆن بڕیاری به‌شداریكردنتان دا؟
لیوا مه‌ریوان: دوای سه‌ردانیكردنی وه‌فدێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداو كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌وێ بڕیاردرا هێزی پێشمه‌رگه به‌شداری شه‌ڕی موسڵ بكات، له‌هه‌ر شوێنێك هێزه عێراقیه‌كان پێویستیان به هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه هه‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆر، دڵنیایی هه‌موو هێزه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه كه پێشمه‌رگه ئاماده‌ی به‌شداریكردنی هه‌یه به مه‌رجێك ڕێكه‌وتن هه‌بێت له‌نێوانماندا.
*له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز نه‌بووه، ئێستا هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه بۆ ئه‌م شه‌ڕه؟ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوانتاندا دروست نه‌بووه؟
لیوا مه‌ریوان: پلانه‌كه دابه‌شكراوه به‌سه‌ر چوار میحوه‌ردا، میحوه‌ری خازر كه هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ی لێییه، میحوه‌ری گوێرو به‌نداوی موسڵ هێزه‌كانی 80ی پێشمه‌رگه لێیه، میحوه‌ری گه‌یاره سوپای عێراقی لێیه، تاكو ئێستا هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانمادا زۆر باشه‌و به سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه ده‌چێت به تێكڕای نزیكه‌ی 35 هه‌زار پێشمه‌رگه‌و چوار هه‌زار سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری سوپای عێراقی به‌شداریان له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا كردووه.
*پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژدا به‌ته‌واوی موسڵ پاك بكرێته‌وه؟
لیوا مه‌ریوان: پاككردنه‌وه‌ی موسڵ له چه‌كدارانی داعش كاتی پێویسته‌و درێژخایه‌ن ده‌بێت، واته ناتوانین له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ی كه بۆ ناوچه‌كانی موسڵ ئه‌نجام دراوه بڵێن ده‌توانین موسڵ به‌یه‌كجاری له‌داعش پاك بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه ده‌توانین بڵێن شكست به چه‌كدارانی داعش ده‌هێنێت كه توانای هێرشبردنیان نه‌مێنێت‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه كه‌م بكاته‌وه.
*له‌كاتی هێرشه‌كاندا چیتان به‌دیكرد؟ داعش توانای هێرشی پێچه‌وانه‌ی ماوه؟
لیوا مه‌ریوان: به‌دڵنیاییه‌وه داعش توانای هێرشبردنی له‌ده‌ستداوه‌و ئێستا له‌دوو قۆناغدایه: هه‌ڵهاتن و به‌رگری كه به ئاماده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌و هاوكاری سوپای عێراقی و فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان، له ئاینده‌دا شكست به‌و دوو قۆناغه‌شیان ده‌هێنین.
*ئه‌وه‌ی تائێستا پێی گه‌یشتوون چییه؟ ئایا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه تا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌رده‌وام ده‌بێت؟
لیوا مه‌ریوان: پانتاییه‌كی فراوانی ده‌وروبه‌ری موسڵ به‌ڕووبه‌ری نزیكه‌ی 200 بۆ 250 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه كۆنترۆڵ كراوه‌ته‌وه كه نۆ گوندی سه‌ره‌كی بۆ نزیكبونه‌وه له سه‌نته‌ری شار له‌خۆی گرتوه، ئه‌وانیش بریتین له گونده‌كانی (به‌ده‌نه‌ی گه‌وره‌و بچوك، باسه‌خڕه، بازگرتان، شاقۆڵی، شێخ ئه‌میر، قه‌ره‌ته‌په‌ی شه‌به‌ك، كه‌ڤه‌رلی، خه‌رابه سوڵتان، ته‌رجه‌له)، هه‌روه‌ها سه‌دان چه‌كداری داعش كوژراون، به‌ڵێ پلانه‌كه به‌رده‌وامه‌و هێزه به‌شداره‌كان ناوه‌ستن تا ئامانج ده‌پێكن.
*ئاماژه‌ت به كوژراوانی چه‌كدارانی داعش كرد، ئه‌ی قوربانیه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقی تائێستا چه‌ند بوون؟
لیوا مه‌ریوان: ته‌نها قوربانیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌م لایه كه 10شه‌هیدو 22 بریندارمان هه‌یه.
*باس له‌وه ده‌كرێت چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌شی دووه‌می پلانه‌كه له خازره‌وه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یان چییه؟
لیوا مه‌ریوان: له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش درێژه‌ی ده‌بێـت كه له میحوه‌ری خازره‌وه هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه به پاڵپشتی ئالیاتی میكانیكی سه‌ربازی و كه‌تیبه‌ی ده‌بابات و ئه‌ندازه‌یی سه‌ربازی و پیاده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی دوو به‌شدار ده‌بن، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی به‌رگری و فریاكه‌وتنی هه‌رێم و لیوای یه‌ك و سێی پاراستنی سلێمانی و لیوای تایبه‌تی كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و هێزی كۆماندۆو هێزی تایبه‌تی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی، ئه‌مه‌ش درێژكراوه‌ی پلانی یه‌كه‌مه بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ.
*له‌م شه‌ڕه‌دا گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی به‌رده‌م هێرشه‌كانی پێشمه‌رگه چین؟
لیوا مه‌ریوان: داعش له‌م شه‌ڕه‌ی ئه‌مجاره‌دا له‌ڕووی هێزی پیاده‌وه ژماره‌ی كه‌م بووه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆمبی چێنراوو ئۆتۆمبێلی گوله‌نبڕی بۆمبڕێژكراو وایكردوه قوربانی بده‌ین، هه‌رچه‌نده وه‌ك ئاسته‌نگ ته‌ماشای ناكه‌ین و به‌ڵكو هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ین، هه‌رچه‌نده تائێستا چوار ئۆتۆمبێلیان ته‌قاندۆته‌وه.
*دوای موسڵ پێشمه‌رگه خه‌ریكی كام به‌ره‌ی جه‌نگ ده‌بێت؟
لیوا مه‌ریوان: هێزی پێشمه‌رگه شه‌ڕی شار ناكات، به‌ڵكو شه‌ڕی بنبڕكردنی تیرۆر ده‌كات، ئه‌وه‌ی گرنگه له‌ناوبردنی چه‌كدارانی داعشه، به‌ڵام كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ كۆتایی هێنانه به‌پایته‌ختی گروپه تیرۆرستیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
*پێشمه‌رگه ده‌كشێته‌وه له‌و ناوچانه‌ی ئازادی ده‌كات؟
لیوا مه‌ریوان: پێشمه‌رگه به‌شێك نابێت له‌ناكۆكییه سیاسیه‌كان، ده‌بێت به‌رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غداد بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌نه بكرێت كه هێزی پێشمه‌رگه كۆنترۆڵی كردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌سته‌مه پێشمه‌رگه له‌ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم (ناوچه جێناكۆكه‌كان) بكشێته‌وه.
*بۆ شه‌ڕی موسڵ به‌شێك له هێزه‌كانتان له ده‌وروبه‌ری حه‌ویجه كشانده‌وه، كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له ده‌وروبه‌ری قه‌زای حه‌ویجه مانای وایه ده‌ستبه‌رداری حه‌ویجه بوون؟
لیوا مه‌ریوان: هێزی پێشمه‌رگه له‌و 35 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه پێك نه‌هاتووه كه له‌ئێستادا به‌شداری كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن، هێزێكی سه‌ره‌كی پێشمه‌رگه له ته‌واوی میحوه‌ره‌كانی كه‌ركوك له‌ئاماده‌باشیدایه بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه.
*جوڵاندنی ئه‌م هێزانه هیچ كه‌لێنێك دروست ناكات له میحوه‌ره‌كانی كه‌ركوك؟
لیوا مه‌ریوان: پێش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانمان جوڵه‌یان پێبكرێت به‌ره‌و میحوه‌ری خازر، ته‌واوی سه‌نگه‌ره‌كانمان له میحوه‌ره‌كانی كه‌ركوك به هاوكاری فه‌رمانده باڵاكانی هێزی پێشمه‌رگه پته‌و كردووه ئه‌و كات به‌ره‌و به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌ڕێكه‌وتین.
*ئاماده‌كارییه‌كانتان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه گه‌یشتۆته كوێ، ده‌كرێت بڵێین دوای موسڵ نۆره‌ی حه‌ویجه‌یه؟
لیوا مه‌ریوان: كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واو بووه، ته‌نها ماوه‌ته‌وه فه‌رمانی هێرشكردنمان پێبگات تاكو ده‌ست پێبكه‌ین.
*ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به فه‌رمانه‌كه‌ی ئێوه‌وه هه‌یه، كه‌ی ده‌توانین بڵێین ئیتر كه‌ركوك و كوردستان مه‌ترسیان له‌سه‌ر نه‌ماوه؟
لیوا مه‌ریوان: له‌ئێستادا مه‌ترسیه گه‌وره‌كه له‌سه‌ر كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه، به‌ڵام تاكو ناوچه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعش به‌ته‌واوی پاك نه‌كرێته‌وه ئه‌سته‌مه بڵێن هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه.
PUKmedia س/ نيقاش
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ھەولێری کرد
10:28 PM - 2024-04-22 -
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق و تورکیا بەرزدەبێتەوە
09:50 PM - 2024-04-22 -
دارا خەیلانی: یەکێتی پابەندە بە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی خۆیدا
08:40 PM - 2024-04-22 -
كونسوڵخانەی ئەمریكا: پشتیوانی لە ئازادی میدیا دەكەین
05:20 PM - 2024-04-22
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ: پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین
02:17 PM - 2024-04-22
فراکسیۆنی یەکێتی داوای چارەسەری پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە سەردانەکەی ئەردۆغان دەکات
11:02 AM - 2024-04-22
قوباد تاڵەبانی: پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری دەبین
09:32 AM - 2024-04-22
مەکتەبی سیاسی: لەساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی‌دا پشتیوانی رۆژنامەنوسان دەکەین
07:47 PM - 2024-04-21
زۆرترین خوێنراو
-
كونسوڵخانەی ئەمریكا: پشتیوانی لە ئازادی میدیا دەكەین
کوردستان 05:20 PM - 2024-04-22 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچیدوایی عەلی شامار پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین
ی ن ک 05:15 PM - 2024-04-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا: کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن
عیراق 03:19 PM - 2024-04-22 -
سەرۆک بافڵ: پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین
کوردستان 02:17 PM - 2024-04-22 -
سەرۆکایەتی هەرێم رێزلێنان بە PUKMEDIA دەبەخشێت
کوردستان 12:05 PM - 2024-04-22 -
فراکسیۆنی یەکێتی داوای چارەسەری پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە سەردانەکەی ئەردۆغان دەکات
کوردستان 11:02 AM - 2024-04-22 -
پیرۆزباییەکان بۆ رۆژی رۆژنامەگەری کوردی
کوردستان 10:42 AM - 2024-04-22 -
پێشانگای بزووتنەوەی رۆژنامەگەری ژنان-ی تابان گەرمیانی دەکرێتەوە
کوردستان 09:41 AM - 2024-04-22