riklam

ئیرغو فوكاس: راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت له‌م قۆناغه‌دا مه‌ترسیداره‌

چاوپێکەوتن 03:19 PM - 2016-08-23
.

.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكدا بۆ وڵاتی كرواتیا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، خاتوو مینا جه‌ناب و ره‌وا ئه‌نوه‌ر دیدارێكیان له‌گه‌ڵ ئیرغو فوكاس سازدا له‌ شاری زگرب كه‌ پێشتر باڵیۆزی كرواتیا بووه‌ له‌ عیراق، ئێستاش باڵیۆزی وڵاته‌كه‌یه‌تی له‌ كوه‌یت.

له‌و دیداره‌دا چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌شمان ده‌ستكه‌وت له‌نێوان میللـه‌تی كوردو میللـه‌تی كرواتیاو باسكردنی كێشه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

له‌كاتێكدا ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی PUKmedia ئه‌نجامدرا، حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كرواتیا هه‌ڵوه‌شابووه‌وه‌ (راگیرابوو)، وڵات بێ حكومه‌ت بوو، به‌ڵام یاساو سیستمی وڵات وه‌ك خۆی به‌ڕێوه‌ده‌چوو به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س كه‌مته‌رخه‌م بێت له‌ ئه‌رك و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت كاتی پشووی هاوینه‌ش بوو، به‌ڵام وڵات ئارام و كه‌سه‌كان پابه‌ندی یاسای وڵاته‌كه‌یان بوون.

وڵاتی كرواتیا له‌ 8ی ئۆكتۆبه‌ری 1991 بانگه‌وازی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاند به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ سلۆڤینیاو سربیا، له‌كاتێكدا پێش جه‌نگی جیهانی دووه‌م ساڵی 1918 یه‌كێكبووه‌ له‌ پێكهاته‌كانی كۆماری یوگسلافیای یه‌كگرتووی ئیشتراكی.

له‌نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردو كرواتیا چه‌ندین خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه‌، كرواتی هاوشێوه‌ی كورد چه‌ندین ساڵ خه‌باتیان كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان، هه‌روه‌ها رۆشنبیرن و حه‌ز به‌ پێشكه‌وتن و تازه‌گه‌ری ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پابه‌ندی كه‌لتورو شارستانیه‌تی كۆنی خۆیانن و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام له‌كێبڕكێدان له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری ئه‌وروپیدا بۆ پێشكه‌وتنی زیاترو خزمه‌تكردنی زیاتری وڵاته‌كه‌یان، ته‌نانه‌ت له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاو له‌ساڵی 2013ـه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌ چه‌سپاندنی یاساو دیموكراسیه‌ت.

كرواتییه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان ناخۆشی و ده‌ربه‌ده‌ری زۆریان بینیوه‌، ده‌بینین له‌كاتی هاتنی ئاواره‌و په‌نابه‌ره‌كاندا هه‌ر كه‌سه‌و هه‌ر ماڵه‌و به‌پێی توانای خۆی گه‌ر به‌ به‌شێكی كه‌میش بووبێت هاوكاری و كۆمه‌كی په‌نابه‌رانی كردووه‌.

هه‌ندێك له‌هاووڵاتیانی گه‌لی كرواتیا سیاسین و كاری سیاسی خۆیان ده‌كه‌ن و كه‌سانی تر هه‌ن بازرگانن یان كاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تن، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ هه‌ریه‌كه‌و كاری خۆی ده‌كات، گه‌ر سیاسی نه‌بێت وه‌ك سیاسی بیرناكاته‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك بازرگانێك بیرده‌كاته‌وه‌ (بۆنموونه‌). به‌ڵام گه‌لی كرواتیا رۆشنبیرن و به‌بێ ڤیزا ده‌توانن هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا بگه‌ڕێن و هۆكاری داغڵنه‌كردنی بۆ سیستمی شینگنی ئه‌وروپاش تائێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌هۆی خه‌باتی به‌رده‌وامی بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی چه‌نده‌ها شۆڕشگێڕیان به‌ تاوانباری جه‌نگ دیاریكراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كرواتیا ئاماده‌ نیه‌ ده‌ستبه‌رداریان بێت بۆ دادگایی كردن، به‌ڵام كرواتیا توانی ئه‌وه‌ بچه‌سپێنێت كه‌ هه‌وڵی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌كه‌ی داوه‌و به‌رگری له‌ خاكه‌كه‌ی كردووه‌ نه‌ك تاوانی كردبێت، بۆیه‌ ئێستا كارده‌كات تا له‌ساڵی 2017 داغڵی سیستمی ڤیزای شینگنی ئه‌وروپا بێت.

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی PUKmedia كه‌ له‌گه‌ڵ ئیرغو فوكاس باڵیۆزی كرواتیا له‌ كوه‌یت ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ عیراق باڵیۆز بووه‌:

جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كان داده‌نێت

پ/ رات چیه‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی كورد؟ چۆن هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنیت؟

* سه‌ركردایه‌تی و قیاده‌ی سیاسه‌ت له‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردیدا كارێكی قورسه‌و كه‌سانی سیاسه‌تمه‌داری كوردی له‌ حاڵه‌تێكدان كه‌ به‌غیلی یان پێنابرێت، له‌كاتێكدا (جه‌لال تاڵه‌بانی) به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كان داده‌نێم كه‌ هه‌میشه‌ به‌شێوازی خۆی هه‌وڵیداوه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن. ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنم كه‌ هاوڕێ و دۆستی نزیكمه‌و چه‌ندجارێك میوانداری كردووم.

له‌هه‌موو دونیادا نابێت گه‌لێكی 50 ملیۆنی بیت، به‌ڵام خاوه‌ن وڵات و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، من وه‌ك خۆم پشتگیرییان ده‌كه‌م و دووپاتیشم كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كورد مافی خۆیه‌تی سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌روه‌ها له‌كاتی كاره‌ساتی ئه‌نفال-دا چه‌ندین وانه‌م له‌سه‌ر وتووه‌ته‌وه‌و باسی ئه‌و كاره‌ساته‌م كردووه‌.

له‌ یاده‌كانی نه‌ورۆزدا كاتێك باڵیۆزی كرواتیا بووم له‌ عیراق – به‌غدا، هه‌روه‌ها (گه‌وره‌ باڵیۆز) بووم، له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ بانگهێشت كرام و وته‌م پێشكه‌شكرد، وتم: هه‌موو گه‌لی كوردو سیاسه‌تمه‌داره‌كانیشیان به‌جددی كارده‌كه‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن و نیشتمانپه‌روه‌رن، كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌مووكات پشتگیری گه‌لی كوردم كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان.

حكومه‌تێك به‌سیستمی پارله‌مانی باشترین جۆری حكومه‌ته‌ بۆ كوردستان

پ/ به‌ڕای ئێوه‌ چ جۆره‌ سیستمێكی حوكمڕانی بۆ كوردستان گونجاوه‌؟

* گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمێكی جێگیر هه‌بێت و دادوه‌ره‌كان له‌ دادگاكاندا ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بن بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌ن، پاشان حكومه‌تێك به‌سیستمی پارله‌مانی باشترین جۆری حكومه‌ته‌ بۆ كوردستان.

له‌ كوردستان گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌

پ/ ئایا ئه‌مه‌ بۆ كورد سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟

* سیستم دیموكراتی نابێت ئه‌گه‌ر ده‌ستوورو دادگاكانی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، ئه‌م كارانه‌ش به‌ قۆناغ ده‌بێت سه‌رله‌نوێ بینابكرێته‌وه‌ له‌ عه‌قڵ و ویژدانی خه‌ڵك و سیاسییه‌كانیشدا، واتا ده‌بێت بینای عه‌قڵه‌كان بكه‌یته‌وه‌ پاشان بینای هه‌موو شتێكی تر.

هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رگری له‌م كیانه‌ی ئێستای كوردستان بكه‌ن و بیپارێزن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌ی ئێستای له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌هیچ ده‌وڵه‌تێكی تری دونیادا نه‌بووه‌، كوردستانیش ئیمكانیاتی خۆی هه‌یه‌، راسته‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی چه‌وساوه‌و ناڕازین له‌وشێوه‌ حوكمڕانییه‌ی ئێستا، به‌ڵام ده‌بێت بینای ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان بكه‌ن، چونكه‌ (دادگا پارێزراو بێت وڵاتیش پارێزراو ده‌بێت)، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌نێو ماڵی خۆتانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆنموونه‌ بۆچی كێشه‌و دووبه‌ره‌كی هه‌بێت له‌نێوان سلێمانی و هه‌ولێردا! ئه‌مه‌ زیانێكی گه‌وره‌یه‌ گه‌لی كورد ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت ئێوه‌ خۆتان رێكناكه‌ون، من خۆم گه‌لی كوردم خۆشده‌وێت، ده‌زانم ژیانێكی قورس ده‌ژین و قوربانی زۆری داوه‌و خاوه‌نی شه‌هیدێكی زۆرن، به‌ڵام بۆ تائێستا پێشنه‌كه‌وتووه‌! ئه‌وه‌ ده‌بێت خۆتان وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌و كاری بۆ بكه‌ن، ده‌بێت گه‌ل خۆی چاره‌سه‌ری برینه‌كانی خۆی بكات.

هه‌ڵكردنی چرای سه‌ربه‌خۆیی له‌ كوردستانی عیراقه‌وه‌ ده‌بێت

پ/ چ پارچه‌یه‌كی كوردستان به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت به‌ هه‌ڵكردنی چرای سه‌ربه‌خۆیی؟

* بێگومان له‌ كوردستانی عیراقه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت كاتێك كێشه‌ی سوریا كۆتایی دێت، زلهێزه‌كانی دونیا (عیراق و وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌) به‌كارده‌هێنن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كوردیش وه‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ی تر به‌كارده‌هێنرێن. به‌ڵام له‌كۆتاییدا دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داعش چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردیش دێت. بۆنموونه‌ ئه‌مریكاو وڵاتانی ئه‌وروپا دژی ئێران بوون، به‌ڵام له‌ كه‌یسی داعشدا له‌گه‌ڵین، به‌ڵام دوای هاتنی روسیا بۆ سوریا بۆ پشتگیری (ئه‌سه‌د) به‌تایبه‌تی دوای به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی هه‌ماهه‌نگی ئێران له‌گه‌ڵیدا (ئێران به‌ هاوبه‌ش هه‌ژمارده‌كرێت)، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و پلانه‌ی بۆ ناوچه‌كه‌ دانرابوو له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو وڵاتانی رۆژئاواوه‌ دانرابوو گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات و هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ بۆچی! له‌به‌رئه‌وه‌ی پۆتین كه‌ چووه‌ سوریاو ئێران و چینیش پشتگیریان كرد، ئه‌وانه‌ش بووه‌ هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی پلانه‌كه‌یان و ئێستا له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئێران (المستفید والمرغوب فیه‌) كه‌واته‌ سیاسه‌تی ئێران بوو به‌ به‌شێكی گرنگی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هیچ پاساوێك نیه‌ ئۆجالان له‌ به‌ندیخانه‌ بێت

پ/ بۆچی ئۆجالان له‌ به‌ندینخانه‌یه‌؟

* ئۆجالان نزیكه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ به‌ندینخانه‌یه‌و هیچ پاساوێكی یاسایی نیه‌، هه‌روه‌ها كوردانی توركیا هیچ مافێكیان نیه‌ له‌ناو توركیا، به‌ڵام ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت توركیا به‌ئارامی بمێنێته‌وه‌و نایه‌وێت بشێوێت، هه‌ربۆیه‌ ده‌وترێت كه‌ ئه‌وروپا پشتگیری توركیا ده‌كات.

ئێستا كاتی ئاشكراكردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیه‌

پ/ ئایا ئێستا به‌ كاتێكی گونجاو ده‌زانیت بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان؟

* راسته‌ گه‌لی كورد ئه‌و خه‌بات و شۆڕشه‌ ده‌كات و قوربانییه‌كی زۆریشی داوه‌و مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، به‌ڵام له‌كاتێكی وه‌كو ئێستادا كاتی ئاشكراكردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیه‌، كاتی ئێستا گونجاو نیه‌.

جیهان به‌گشتی دادپه‌روه‌رانه‌ سه‌یری مافه‌كانی گه‌لی كورد ناكه‌ن

پ/ ئایا كێشه‌ی كوردو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ك پێویست سه‌یركراوه‌؟

* كێشه‌ی كورد به‌شێكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تێكن سیستمی حوكمڕانی یان پێشكه‌وتوو نیه‌و دووره‌ له‌ دیموكراتییه‌ته‌وه‌، واتا بیروبۆچوونیان دووره‌ له‌ ئازادی و دیموكراتی و مافه‌كانی گه‌لانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ كاره‌كه‌ ئاسان نیه‌و به‌ڵكو زۆریش قورسه‌، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سوریاوه‌و كاره‌كه‌ش ئاسان نیه‌و جیهانیش به‌گشتی له‌سه‌ر كوردستان دادپه‌روه‌رانه‌ سه‌یری مافه‌كانی گه‌لی كورد ناكه‌ن، بۆیه‌ كێشه‌ی كوردی چاره‌سه‌ر ده‌بێت دوای چاره‌سه‌ری هه‌موو گۆڕانكارییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌و كاته‌دا كورد ده‌توانێت داوای مافه‌كانی خۆی بكات له‌ سه‌ربه‌خۆیی.

توركیا ده‌یویست كورده‌كان به‌ حوكمی زاتی رازی بكات

پ/ ئایا ئه‌وه‌ی له‌ عیراق و سوریا روویدا له‌ ئێران و توركیاش رووده‌دات؟

* ئه‌گه‌ر له‌ ئێران رووبدات ئه‌وا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌، به‌وپێیه‌ی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا نایانه‌وێت توركیا بشێوێت، به‌ڵام له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆگان رازی نین، بۆیه‌ مه‌به‌ستیان توركیایه‌ زیاتر وه‌ك له‌ كوردو ده‌بێت توركیا به‌ جێگیری بمێنێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێڕه‌وی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازه‌ بۆ ئه‌وروپا، توركیا ده‌یویست رژێمی ئه‌سه‌د له‌ناوببات و كورده‌كان به‌ حوكمی زاتی رازی بكات و به‌ بیانووی توركمانانی كه‌ركوك بێته‌ عیراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بپارێزێت، توركیا به‌ عه‌قڵیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كۆن بیرده‌كاته‌وه‌ له‌به‌ر (نه‌وت) به‌هه‌مانشێوه‌ ئێرانیش، ده‌توانین بڵێین هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت به‌هه‌مان مێشك بیرده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئامانجه‌كانیان نایه‌ته‌دی.

پێگه‌ی سوریا گرنگه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی گاز

پ/ ئایا بۆچوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سویسرا راسته‌ كه‌ باسی شه‌ڕی سوریای كردووه‌؟

* به‌ڵێ بۆچوونه‌كه‌ی راسته‌، له‌ شه‌ڕی سوریادا به‌شار ئه‌سه‌د گرنگ نیه‌، به‌ڵام پێگه‌ی سوریا گرنگه‌، ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا پێگه‌ی سوریایان ده‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، روسیاش سوریا به‌هی خۆی ده‌زانیت و ئاگاداری رۆژئاوای كردووه‌ كه‌ ده‌ست له‌ سوریا مه‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ شه‌ڕی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوایه‌و ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازییه‌ی هه‌یه‌تی ساڵانه‌ نزیكه‌ی (دوو ملیار دۆلار) قازانجی لێ ده‌ستده‌كه‌وێت له‌ڕێی مه‌شقی سه‌ربازی و بازرگانی چه‌كه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ سوریا سه‌رچاوه‌ی قازانج و ده‌ستكه‌وته‌كانی روسیایه‌ له‌ڕووی ئابووری و سه‌ربازی و بازرگانی و سیاسییه‌وه‌، لێره‌دا پێگه‌ی سوریا گرنگه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی گاز بۆ رۆژئاواو ئه‌وروپا كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستای سوریایه‌.

كێشه‌ی نێوان ساسییه‌كانی كورد مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆ گه‌لی كورد به‌گشتی

پ/ دوا قسه‌ت چیه‌؟

* من ده‌ڵێم زیانێكی گه‌وره‌یه‌ ناكۆكی و هاندان بۆ دووره‌په‌رێزی نێوان كوردانی پارچه‌كانی كوردستان و دروستكردنی كێشه‌ له‌نێوان سلێمانی و هه‌ولێر، راسته‌وخۆش به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستانم وتووه‌ كه‌ كێشه‌ی نێوانیان زیانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها شه‌ڕی نێوان سوننه‌و شیعه‌ش زیانێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا هه‌موویان موسوڵمانن، گه‌لی كورد ژیانێكی قورس ده‌باته‌سه‌رو هه‌رده‌م شه‌هیدو قوربانی داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت یه‌كبن و كێشه‌كه‌ له‌ماڵی خۆیاندایه‌و كه‌س ناتوانێت گۆڕانكاری بكات، چ له‌ سه‌ركرده‌كاندا یان له‌ سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ئه‌گه‌ر گه‌ل خۆی نه‌یكات، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بكات گه‌ل مافی چاره‌ی خۆنوسین له‌ده‌ستده‌دات.

PUKmedia  ئاماده‌كردنی: مینا جه‌ناب ، ره‌وا ئه‌نوه‌ر
كرواتیا - زوغرب

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket