riklam

ساڵح موسلیم لەبارەی داعش و رۆژئاوای كوردستان بۆ PUKmedia دەدوێت

چاوپێکەوتن 06:02 PM - 2016-06-17
.

.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رایدەگەیەنێت: ئەوان دەخوازنن پەیوەندیەكی باشیان لەگەڵ تەواوی هێزە كوردستانیەكانی باشوری كوردستان هەبێت، دەشڵێت لەنێوان لایەنە كوردستانیەكاندا پەیوەندییەكی جیاوازتریان لەگەڵ یەكێتی هەیە، چونكە یەكێتی لەسەرەتای شۆڕشی رۆژئاوای كوردستانەوە پشتیوانی ئەوبەشەی كوردستان بووەو هاوكاری كردون.

ئەوەش دەخاتەڕوو كە پەیوەندیی سەربازیی گرنگ لەنێوان شەڕڤانان و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش هەیە، بەڵام هیچ هاوكاری و رێكەوتنێكی سەربازییان لەگەڵ روسیا نیە.

ساڵح موسلیم لەبارەی پەیوەندیان لەگەڵ یەكێتی رایگەیاند:پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمان پەیوەندییە لەگەڵ هەر حزبێكی تری كوردستانی كە هاوكارمان بێت و  پشتیوانیمان لێبكات، سوپای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین كە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانەو هیواخوازیشین تەواوی حزبە كوردستانیەكانی تریش لەگەڵمان بن.

موسلیم ئاماژە بەوەشدەكات كە خۆشحاڵن بەهەڵوێستی یەكێتی لەبارەی شۆڕی رۆژئاوای كوردستان، هەروەها تەواوی هەڵوێستی گەلی كورد لەباشوری كوردستان، بەڵام هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی رۆژئاواوە زۆر جیاوازە، پشتیوانمانن و پێداویستیان پێشكەش كردوین. جەختلەوەشدەكاتەوە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەواوی حزبە كوردستانیەكان لەئاستێكی زۆر باشدایەو پێكەوە چالاكییان هەیە، تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت كە لەهەندێك كاتدا پەیوەندییەكانیان باش نەبووە، ئەوان هیوادارن  لەگەڵ تەواوی لایەنەكان پەیوەندیان باش بێت. 

لەسەر داخستن و كردنەوەی دەروازەی سنوری سمێلكا لەنێوان باشورو رۆژئاوای كوردستانیش كە ئاسا پەیوەندی بەهۆكاری سیاسیەوە هەیە؟ دەڵێت: ئەو دەروازە سنورییە لەئێستادا كراوەیەو بۆ داخستنیشی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار دەدات، پێشمانوایە پەیوەندیییەكانی نێوان پارتی و توركیا كاریگەری لەسەر كردنەوەو داخستنی دەروازەی سنوری سمێلكا هەیە، تا لەو رێگەیەوە حكومەتی توركیا دەیەوێت گەمارۆ بخاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.  

موسلیم لەبارەی پاڵپشتی وڵاتانی ئەورپا بۆ رۆژئاوای كوردستان لەشەڕی دژ بەداعش، بەتایبەت بوونی هێزی ئەمریكی و فەرەنسی و بەریتانی دواتریش ئەڵمانی لەرۆژئاوای كوردستان و پشتیوانیكردن لەشەڕڤانان و هێزەكانی سوریای دیموكرات و داهاتووی ئەو پشتیوانیە، رایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا بۆ شەڕی داعش زۆر باشە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانكارییانەی ئەمدواییەو شەڕی دژ بەتیرۆرستانی داعش، جگە لەوەش پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش هەیە، پەیوەندی و هاوكاری نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعشیش لەچوارچێوەی كاركردنەی پێكەوەییە.

 لەبارەی پێدانی گرەنتی بەردەوامی پشتیوانی وڵاتان دوای شەڕی داعش، ئەوەدەخاتەڕوو كە قۆناغی دوای داعش بارودۆخێكی نوێ دەبێت بۆ هەموان، بۆ ئەو قۆناغەش دوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش قسەی خۆمان دەبێت.

لەوەڵامێكی پرسیارێكیشدا لەبارەی پەیوەندی نێوان رۆژئاوای كوردستان و مۆسكۆ كە نوێنەرایەتی رۆژئاوا لەوێ كراوەتەوەو روسیا پشتیوانی سەربازی پێشكەشی شەڕڤانان دەكات یان تەنها سیاسیە؟، ساڵح موسلیم رایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ مۆسكۆ مێژووییەو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی قەیرانی سوریا، هەروەها پەیوەندی دوو قۆڵیشمان بۆ لێكتێگەیشتنی دیاریكراو دەگەڕێتەوە، ئەوان بارودۆخی كورد دەزانن، ئەوان لەپرۆسە سیاسی و ئیدارەدانی خۆبەڕێوەبەری فیدراڵی رۆژئاوای كوردتسان تێدەگەن، لەگەڵمانن و هەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانیشمان دەدەین، بەڵام هیچ رێكەوتنێكی سەربازی لەنێوان ئێمەو روسیادا نیە، ئەوان تەنها پشتیوانی رژێمی بەشار ئەسەد دەكەن.

هاوسەرۆكی پەیەدە هەر لەو چاوپێكەوتنەدا، رونیشیدەكاتەوە ئەوان لەگەڵ توركیایەكی ئارامدان و هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆشیان لەگەڵ ئەنكەرە نیە، پێشتریش كە سەردانی توركیایان كردوە، لەلایەن توركیاوە هەوڵدراوە ئەو سەردانانە بقۆزێتەوە، چونكە توركیا بەئاشكرا شتێكی دەوت و بەنهێنیچش شتێكی تر، لەكاتێكدا پێشوازی لەئێمە دەكردو لەلایەكی تریشەوە هاوكاری داعشی دەكرد، بۆی بۆمان دەركەوت پەیوەندییەكانی لەگەڵمان تاكتیكییە نەك ستراتیجی. 

لەبارەی گفتوگۆكانی جنێف لەبارەی قەیرانی سوریاو بەشداریكردنی كورد لەگفتوگۆكان، ساڵح موسلیم وتی:ئێمە ئۆپۆزسیۆنی سوریاین، بەڵام ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەك لەئیستەنبوڵ ناونراوەو دروستكراوە، چونكە پێمانوایە ئەوان نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناكەن، ئەوانەشی بوونی ئێمە لەجنێف رەتدەكەنەوە نایانەوێت چارەسەری سیاسی لەسوریا بەئەنجام بگات، چارەسەری سیاسیش بەدینایەت و سەركەوتوو نابێت ئەگەر ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەكانی رۆژئاوای كوردستانی تێدا نەبێت و نوێنەری كوردو رۆژئاوای كوردستان لەكۆبوونەوەكاندا بەشداری نەكەن.

 PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket