نازم ده‌باغ : كوردستانی گه‌وره دروشمی ئێمه نییه
تاراوگە 03:34 PM - 2016-06-06.
رۆژنامه‌ی "همدلی" یه‌كێك له رۆژنامه به‌ناوبانگه‌كانی ئێران، له ژماره‌ی 6-6-2016 خۆیدا وتووێژێكی تایبه‌تی كردووه له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تاران كه تیایدا باسی گرنگترین رووداوه‌كانی كوردستان و عیراق و ناوچه‌ی كردووه.
هه‌روه‌ها ئه‌م رۆژنامه‌یه وتووێژه‌كه‌ی وه‌كوو وێنه‌و مانشێتی یه‌كه‌می خۆی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌كه داناوه كه ده‌قه كوردییه‌كه‌ی ده‌توانن له‌خواره‌وه ببینن.
نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له ئێران، كوردستانی گه‌وره دروشمی ئێمه نییه.
همدلی، مه‌یسه‌م سالخورده: بارودۆخی عیراق، وه‌كو وڵاتیك كه دوای رووخانی سه‌دام و حزبی به‌عس، سه‌رده‌مێكی پڕ له ئاڵۆزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی سیاسی هێزێكی نوێ به‌ناوی داعش، تووشی ئاڵۆزی زیاتر بووه. له كاتێكدا كه حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالكی سه‌رقاڵی دانانی بنه‌ما سیاسییه‌كانی وڵات بوو و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش ببووه شوێنی كێشه قه‌ومی و سیاسییه زۆر‌و زه‌وه‌نده‌كان، به‌ره‌وپێشچوونی له‌ناكاوی داعش، عیراقی كرده یه‌كێك له پڕقه‌یرانیترین شوێنه‌كانی جیهان. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌و له كاتێكدا كه حكومه‌تی ناوه‌ندیی عیراق و حكومه‌تی حه‌یده‌رعه‌بادی تووشی كێشه‌و ئاڵۆزییه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باكووری ئه‌م وڵاته، هێمنی و ئاسایشی زیاتری هه‌یه. ئه‌مه‌ش وایكرد پێشمه‌رگه‌كانی كورد زیاتر و باشتر دژی داعش بوه‌ستنه‌وه و به‌رگری بكه‌ن. له‌م نێوانه‌دا رۆڵی ئێران كه ٦٠٠ كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش‌دا به‌رچاو و گرنگ بووه و هه‌یه.
جگه له هاوكاری له شه‌ڕی دژی داعش، ئێران و هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ربڵاویان هه‌یه. له كاتێكدا كه له ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن باس له سه‌فه‌ری مه‌سعود بارزانی و وه‌فدی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران ده‌كرێت، وتووێژێكمان كرد له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێم له ئێران.
وادیاره دوای سه‌رهه‌ڵدانی له‌ناكاوی داعش له مانگی 4ی 2013 و دوای پاشه‌كشه‌ی سوپای عیراق له‌و ناوچانه‌ی داعش هێرشی كردبووه سه‌ر، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بوو. له‌م ناوچانه‌دا سه‌ركه‌وتنه باشه‌كانی پێشمه‌رگه، سه‌ركه‌وتنی سیاسی هه‌رێمیشی به‌دوای خۆیدا هێنا. رای ئێوه چییه؟
داعش بارودۆخێكی نوێی له عیراقدا هێنایه ئاراوه. هێرشی داعش بۆ شاره‌كانی فه‌لوجه، ئه‌نبار، موسڵ، كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه، كشانه‌وه‌و پاشه‌كشه‌ی سوپای عیراقی لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌خوشحاڵییه‌وه توانییان به كه‌مترین چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ست بگرن به‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌داو هێزه‌كانی داعش دووربخه‌نه‌وه.
ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت له رووی مێژوویی و بنه‌ماوه، به‌شێكن له خاكی هه‌رێم. ئه‌و ناوچانه بوون كه چه‌ندین ساڵ پێشتر حزبی به‌عس له هه‌رێم جیای كردبوونه‌وه. له بارودۆخی نوێ‌دا ئه‌م ناوچانه به "ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر" ناسراون. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌كان توانییان ناوچه‌ی زیاتریش بگرنه‌وه. ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه بارودۆخێكی نوێی هێنایه ئاراوه‌و سه‌ره‌تایه‌كیش بوو بۆ كشانه‌وه‌ی داعش له ناوچه داگیركراوه‌كان.
له هه‌واڵه‌كاندا هاتبوو كه پێشمه‌رگه‌كان له ناوچه‌ی نه‌ینه‌واش ئاماده‌بوونێكی به‌رچاویان هه‌یه و به ئازادكردنی ٩ دێهاتی داگیركراو، سه‌ره‌تایه‌ك دروست بووه بۆ ئازادكردنی نه‌ینه‌وا؟
سه‌باره‌ت به نه‌ینه‌وا، موسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه، تاڕاده‌یه‌ك هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی هاوكارن بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، له‌م په‌یوه‌ندییه‌شدا پێشمه‌رگه‌كان توانییان چه‌ندین دێهات ئازادبكه‌ن و پاشه‌كشه‌یان به داعش كردووه و چاوه‌ڕوانی ئازادكردنی نه‌ینه‌واین.
یه‌كێك له راوێژكاره‌كانی ئاغای بارزانی باسی دۆزینه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی سێكرێتیان كردووه كه تیایدا ئه‌لبه‌غدادی باس له كشانه‌وه‌ی داعش بۆ لیبیا ده‌كات، سه‌باره‌ت به راستی و دروستی ئه‌م نامه راتان چییه؟
من له راگه‌یاندنه‌كاندا بیستم و راسته‌وخۆ ئاگاداری نیم. به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی بزانم یه‌كێك له راوێژكاره‌كان ئه‌مه‌ی وتووه و سه‌رچاوه‌كه‌ی ناسراوه. ئێستا ده‌بێت بزانین ده‌قی نامه‌كه چییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئێستا راستییه‌ك له عیراقدا ده‌بینین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه داعش رۆژ له‌دوای رۆژ تووشی شكست له ناوچه جیاوازه‌كان ده‌بێت و له زۆربه‌ی ناوچه‌كاندا له پاشه‌كشه‌دایه.
سه‌باره‌ت به هه‌رێم باسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و به‌ڕێوه‌چوونی رێفراندۆم كه له لایه‌ن ئاغای بارزانییه‌وه له 2014 باسكرا، باسی بنه‌ڕه‌تییه. وادیاره ئه‌مه له‌و بابه‌تانه‌یه كه خواستی دراوسێكان وه‌كو ئێران و توركیا نییه. له كاتێكدا كه ئیسراییل به شێوه‌یه‌ك پشتیوانی لێ‌كرد. ئه‌م خواسته له چ قۆناغێكدایه؟ وادیاره كورده‌كان له‌م باره‌وه، جۆرێك دوودڵییان هه‌یه؟
باسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له ئارادا نییه، چونكه ئێستاش ئێمه هه‌مانه. باسی سه‌ربه‌خۆیی و رێفراندۆم بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسه. به گشتیی ناكرێت ئه‌م مافه له خه‌ڵك زه‌وت بكرێت، هیچ كوردێك نییه كه ئه‌مه‌ی نه‌وێت و ئاواتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت كه چاره‌نوسی كورده‌كان له‌ده‌ست خۆیاندا بێت. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی كوردستان، ده‌بینین كه كوردستان هیچكات دابه‌ش نه‌بوو به‌ڵكوو یه‌ك جوگرافیا بووه و ورده ورده دابه‌ش كراوه و حكومه‌ته‌كانی عوسمانی و عه‌باسی و سه‌فه‌وی، ته‌نانه‌ت دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیی، بوونه هۆی دابه‌شبوونی كوردستان به‌سه‌ر دوو به‌شی كوردستانی عیراق و سوریا. ئه‌م بابه‌ته، لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و باسی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێستا كه ئێمه ئه‌م باسه ده‌كه‌ین به‌و مانا نییه كه هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه بین. به‌ڵام باسی ئه‌وه‌یه كه رێفراندۆمێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانینن خه‌ڵكی كورد چی‌یان ده‌وێت. كه به‌نده به چه‌ند هۆكارێكه‌وه و ده‌بێت بارودۆخه‌كه‌ی ئاماده بكرێت، كه تا ئێستا ئاماده نه‌كراوه كه بتوانین رێفراندۆم به‌ڕێوه به‌رین و بزانین كورده‌كان چی‌یان ده‌وێت.
ئه‌م بارودۆخه كه باسی ده‌كه‌ن چییه؟
ئێمه ناتوانین له ناوچه‌یه‌كدا سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین كه دراوسێكانمان په‌سه‌ندی نه‌كه‌ن و دوژمنی بكه‌ن له‌گه‌ڵی. دراوسێكانی ئێمه، ئێران، توركیا، سوریا و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق. بمانه‌وێت هه‌ر كارێك بكه‌ین ده‌بێت به دانوستان و وتووێژ و رێككه‌وتن بێت، تاوه‌كو بتوانین دراوسێی باش بین بۆ یه‌ك.
به گشتیی وادیاره حكومه‌تی هه‌رێم به تایبه‌ت له ئاستی سه‌ركردایه‌تی‌دا به باشی توانیویه‌تی كێشه ناوخۆییه‌كان و بڕێك كێشه‌ی ناوه‌كی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. حزبه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكرات سه‌ره‌ڕای جیاوازی سیاسی، توانیویانه له سه‌ركردایه‌تی‌كردنی هه‌رێمدا، رۆڵی خۆیان بگێڕن؟
به‌ڵێ وایه. به‌ڕاستی سه‌ركردایه‌تی كورد سه‌ره‌رای هه‌موو كێشه‌و گرفته‌كان توانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت كه بارودۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێم به باشی نیشانی ده‌دات.
كورده‌كان له ناوچه‌كانی دراوسێی هه‌رێمیش هه‌ن؛ له سوریا و ئێرانه‌وه بگره تاوه‌كو توركیا.له بارودۆخێكدا كه هه‌رێم ئه‌م مافه بۆ كورده‌كانی عیراق به ره‌وا ده‌بینێت كه له بارودۆخێكی فیدراڵ‌دا چاره‌نوسی خۆیان دیاری بكه‌ن، هه‌ڵوێستی هه‌رێم سه‌باره‌ت به كوردی ناوچه‌كانی دیكه چییه؟
ئێمه له چوارچێوه‌ی عێراقدا قسه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین و خواسته‌كانمان باس ده‌كه‌ین. ئێمه هیچكات نه‌مانوتووه"كوردستانی گه‌وره"، به‌ڵكوو ده‌ڵێین "كوردستانی عیراق". بابه‌تی كورده‌كانی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆیان و خۆیان بڕیارده‌رن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه وه‌كو كێشه له نێوان هه‌رێم و پ.كا.كا له‌سه‌ر شنگال و كۆبانی هاته ئاراوه‌و بابه‌تی له‌م جۆره، ئایا نابێته هۆی لاوازبوونی كورده‌كان به گشتیی و به‌هێزتربوونی داعش؟
به‌ڵێ، به‌گشتیی ئه‌م كێشانه ئاسه‌واری نه‌رێنی ده‌بێت و له كاتێكدا كه دوژمنێكی هاوبه‌ش به‌ناوی داعش بوونی هه‌یه، ده‌بێته هۆی لاوازبوونی به‌رگری. به‌ڵام به گشتیی پێموایه ئه‌م بابه‌تانه لاوه‌كین و به درێژایی كات، به‌رده‌وام نابن و چاره‌سه‌ر ده‌بن.
توركیا له هه‌مان سه‌ره‌تای دروستبوونی داعشه‌وه، هه‌ڵوێستی جیاواز و ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌كی گرت. له كاتێكدا كه سه‌ره‌تا باسی رووبه‌روونه‌وه‌ی داعشی ده‌كرد، به‌ڵام دواتر هاوكاری توركیامان بۆ داعش‌مان بینی. هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌سه‌ر توركیا و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان چییه؟
هه‌روا كه پێشتر باسم كرد سه‌باره‌ت به داهاتووی سیاسه‌ته‌كانی توركیا له ناوچه‌و سه‌باره‌ت به داعش، دڵخۆش نیم. له لایه‌كی دیكه‌وه شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ كورده‌كانی خۆی له كاتێكدا له‌سنووره‌كانماندا داعش بوونی هه‌یه، هیچ شتێك جگه له شه‌ڕ و شه‌ڕی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه. پێموایه به دانوستان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بابه‌تێكی دیكه سیاسه‌تی توركیایه سه‌باره‌ت به داعش. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه دائش بێ پشتیوانی‌كردنی بڕێك له هێزه‌كان نه‌یده‌توانی ئاوه‌ها به‌ره‌وپێش بچێت و له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌شێكی زۆر له عیراق داگیربكات. داعش خۆ له ئاسمانه‌وه نه‌هاتووه و له ناوچه‌یه‌كه‌وه هاته ناوه‌وه‌و هه‌روه‌ها پشتیوانی ده‌كرێت، و به پێی ئه‌و شته‌ی له راگه‌یاندنه‌كاندا باس ده‌كرێت، له پشتیوانی‌كردنی داعش‌دا ناوی وڵاتانێك وه‌كو عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر، ئیمارات و توركیا ده‌بیندرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه و به بڕوای من، داعش ئاكامی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵه‌ی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌كه به تایبه‌ت سه‌رده‌می ئاغای مالكی بووه. له راستیدا ئه‌و بارودۆخه‌ی داعشی پێكهێنا، ئه‌گه‌ڕ چاك نه‌كرێت و له‌ناو نه‌چێت، داعش‌یش له‌ناو ناچێت. له‌وانه‌یه لاواز بێت، به‌ڵام له‌ناو ناچێت.
هه‌ڵوێستی هه‌رێم سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی به‌غدا و مانگرتنی موقته‌دا سه‌در و رووداوه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز چییه؟
هه‌ڵوێستی هه‌رێم هه‌میشه پاراستنی هێمنی و ئارامی به‌غدا و عیراق بووه، بابه‌ته‌كه هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵه‌یه كه باسم كرد. له راستیدا حكومه‌تی عیراق ده‌بێت به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو نه‌ته‌وه‌و لایه‌ن و گروپه‌كانی عیراق بكات. بابه‌تێكی دیكه گرنگی چاكسازییه، كه پێویستیی ئێستای حكومه‌تی عیراقه تاوه‌كو له‌م رێگایه‌وه بارودۆخی ژیان و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی عیراق باشتر بێت. بابه‌ته‌كانی به‌غدا په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه هه‌یه و ئێمه وه‌كو هه‌رێم به‌رده‌وام خوازیاری ئارامی و هێمنی و چاكسازی حكومه‌تی عیراق بووین. له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌رێم به‌رده‌وام به‌دوای خواسته‌كانی خۆیه‌وه بووه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا. ده‌ستووری عیراق، مافی كوردی به فه‌رمی په‌سه‌ند كردووه و ناوه‌ندی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیشی دیاری كردووه.
یه‌كێك له بابه‌ته باسكراوه‌كان، باسی فرۆشی نه‌وتی هه‌رێمه كه دوای پاشه‌كشه‌ی داعش له ناوچه‌ی كه‌ركووك، هه‌رێم ئه‌م مافه‌ی بۆ خۆی به ره‌وا بینی كه راسته‌وخۆ نه‌وت بفرۆشێت، رای ئێوه چییه؟
به‌ڵێ، یه‌كێك له بابه‌ته‌كانمان یاسای نه‌وتر. یاسای نه‌وت پرۆژه‌كه‌ی ئاماده كراوه و بڕیار بوو له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی عیراق مۆڵه‌تی نه‌داوه په‌سه‌ند بكرێت. كاتێك ئه‌وه یاسایه په‌سه‌ند بكرێت، بابه‌تی ئابووری و بابه‌تی نه‌وت، چاره‌سه‌ر ده‌بێت. هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێم به پێی ئه‌و یاسایه ئه‌نجام ده‌درێت. له دوو ساڵ پێش ئێستاوه كه حكومه‌تی ناوه‌ندی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی، ئێمه ناچارین بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی، بیر له هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له رێگای ئێران و توركیاوه بكه‌ینه‌وه ، تاوه‌كو بودجه‌ی هه‌رێم دابین بكرێت.
واتا نزیكه‌ی دوو ساڵه كه ئه‌و ١٧%ه‌ی له بودجه‌ی عیراقدا بۆ هه‌رێم دانراوه، بڕاوه؟
به‌ڵی، نه ته‌نها ئه‌و ١٧%ه، به‌ڵكوو مافی پێشمه‌رگه‌كان كه ده‌بینین چۆن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش‌دا فیداكاری ده‌كه‌ن و تا ئێستا زیاتر له ١٥٠٠ شه‌هیدیان داوه، بڕاوه. به شێوه‌یه‌ك كه بڕێك له هاوپه‌یمانه‌كان، پێداویستییه‌كانی ئێمه دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ یارمه‌تییه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه به هه‌رێم ناگات.
ئاغای بارزانی له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "زمان"ی توركیا له 2013 باسی رۆڵی سه‌ردار سلێمانی كرد له شه‌ڕی داعش و ئێوه‌ش له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا به پیاوی یه‌كه‌می رۆژهه‌ڵاتی ناوین ناوتان هێنا. رۆڵی گرنگی ئێران و سوپای قودس به تایبه‌ت له قۆناغی ئابڵۆقه‌ی هه‌ولێر له لایه‌ن داعشه‌وه چۆن ده‌بینن؟
به‌ڵێ، چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش ئاغای نێچیرڤان بارزانی باسی رۆڵی ئه‌رێنی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رپرسانی ئێرانی كرد له‌و قۆناغه‌دا. هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌یناتوانی پشتیوانی له ناوچه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام یارمه‌تییه‌كان و هاوكارییه‌كانی ئێران له كاتێكدا كه هه‌رێم له قۆناغێكی هه‌ستیاردا بوو، توانی وره‌ی پێشمه‌رگه به‌رزبكاته‌وه تاوه‌كو بتوانن پشتیوانی له هه‌رێم و ئه‌و ناوچانه بكه‌ن كه له لایه‌ن داعشه‌وه هێرشی كرابووه سه‌ر. دوای ئه‌و قۆناغه‌ش، ئێران و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان یارمه‌تی زۆریان به پێشمه‌رگه گه‌یاند. هه‌رێم به‌رده‌وام گرنگی رۆڵی ئه‌رێنی و به‌شداری سودمه‌ندانه‌ی ئێران و به تایبه‌ت سه‌ردار سلێمانی له دژایه‌تیكردنی داعش، باسكردووه، هه‌م بۆهه‌رێم و هه‌م بۆ عیراق به گشتیی. رۆڵی ئه‌رێنیی ئێران له دژایه‌تی داعش، به‌رچاو و گرنگه.
PUKmedia به‌شی هه‌واڵی نوسینگه‌ی GKsat له تاران
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28