riklam

جه‌نگیز چاندار: ترسی‌ روودانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی‌ ترم هه‌یه‌ له‌باكوور

ریپۆرتاژ‌ 02:39 PM - 2016-02-25
جه‌نگیز چاندار: ترسی‌ روودانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ ترم هه‌یه‌ له‌باكووری‌ كوردستان

جه‌نگیز چاندار: ترسی‌ روودانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ ترم هه‌یه‌ له‌باكووری‌ كوردستان

له‌دیدارێكی‌ تایبه‌تدا له‌به‌رنامه‌ی‌ گه‌رماوگه‌رمی‌ گه‌لی‌ كوردستان، جه‌نگیز چاندار له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و كوردانی‌ باكوورو رۆژئاوا ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ رووداوه‌كان و كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رباس، چاندار رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری‌ ناوداری‌ توركیاو دۆستی‌ دێرینی‌ كورد، له‌رێگه‌ی‌ نووسین و چاوپێكه‌وتنه‌كانی‌ داكۆكیكارێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ دۆزی‌ كورد بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌باكوری‌ كوردستان و دۆستێكی‌ دێرین و تایبه‌تی‌ مام جه‌لالیشه‌، له‌به‌ر گرنگی‌ دیداره‌كه‌و راوبۆچوونه‌كانی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كوردستانی‌ نوێ‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

هه‌رێم و به‌غدا
چاندار ده‌سپێكی‌ قسه‌و وه‌ڵامه‌كانی‌ له‌عیراق و باشووری‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و كێشه‌كانی‌ هه‌رێم و به‌غداو هه‌روه‌ها داعش ده‌خاته‌ڕوو ئه‌ویش له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌دا هات كه‌ له‌ئێستادا سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌كێشه‌ی‌ قوڵی‌ سیاسی‌ و ئابووریدان، پێكه‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدان و چاندار ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ داعش و تیرۆریستانیش نه‌بوایه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌رێم و به‌غدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ خۆی‌ هه‌ر ده‌بوو، چونكه‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی‌ له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ وابه‌سته‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش نییه‌، به‌ڵام هاتنی‌ داعش و بوونی‌ داعش له‌م نێوانه‌دا هه‌ستیاری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیانی‌ هه‌ستیارتر كردووه‌، كه‌وتنی‌ موسڵ و هاتنی‌ داعش هه‌تا نزیكی‌ حه‌ویجه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی‌ له‌لای‌ كورده‌كان زیاتر كرد به‌تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زانرا حكومه‌تی‌ عیراقی‌ نیگه‌ران بووه‌و ناتوانێت ناوچه‌كانیان بپارێزێ‌ و ناشتوانێ‌ كورده‌كان بپارێزێ‌ و هه‌ستی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ لای‌ كورده‌كان زیاتر كرد، ئێستا كورده‌كان خاكی‌ خۆیان به‌خوێنی‌ خۆیان و پێشمه‌رگه‌كانیان ده‌پارێزن و ئه‌و هه‌سته‌ به‌هێزتر ده‌كه‌ن كه‌ ئیتر چ پێویستییه‌كمان به‌حكومه‌تی‌ عیراقی‌ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت چوارچێوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و باشووری‌ كوردستان له‌چوارچێوه‌ی‌ عیراقدایه‌، له‌سه‌ر زه‌مینێكی‌ تر نا به‌ڵكو هه‌ر لێره‌ له‌م عیراقه‌دا، به‌ڵام ئاینده‌و ئاسۆی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان و كێشه‌كانیان به‌ند ده‌بێت به‌و گۆڕانكاریی و رووداوانه‌وه‌ كه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا رووده‌ده‌ن، چونكه‌ رووداوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ رووداوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غداوه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی‌ راسته‌و عیراقیش له‌ژێر كاریگه‌ری‌ رووداوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت.

چاندار له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا زیاتر دواو ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ كێشه‌ی‌ نێوان به‌غداو هه‌رێم نوێ‌ نییه‌و مێژوویه‌كی‌ دوورودرێژی‌ هه‌یه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق و عیراقیش بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سنوورانه‌ی‌ وه‌ك خۆی‌ بهێڵێته‌وه‌ باجی‌ زۆری‌ داوه‌و خوێنی‌ زۆری‌ بۆ رشتووه‌، به‌ڵام كێشه‌كان هه‌ر به‌رده‌وام بوون، له‌ئێستاشدا كێشه‌ی‌ ئابووری‌ و بڕینی‌ موچه‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم كێشه‌كانی‌ قوڵتركردۆته‌وه‌.

چاندار له‌وه‌ زیاتر نه‌یویست قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكات و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ئێستا پێویسته‌ رێگه‌ی‌ ده‌ربازبوون له‌كێشه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌دوو ره‌هه‌نده‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی‌ به‌دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌وی‌ تریان په‌یوه‌ندی‌ به‌پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌كوێی‌ دونیا هه‌یه‌ رێگه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان نه‌درێت و رێگه‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ ده‌گیرێت و به‌مه‌ش پرسیاری‌ زۆر ده‌خه‌ینه‌سه‌ر ئه‌زموونی‌ دیوكراسی‌ له‌هه‌رێمدا، بۆیه‌ ئه‌بێت زۆر وریابین و بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ بچه‌سپێنین و سوودی‌ خراپ له‌گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ وه‌رنه‌گرین و ئه‌زموونی‌ خراپمان دووباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌، له‌كوردستان پێویسته‌ نیازپاكی‌ به‌رامبه‌ر به‌دیموكراسی‌ نیشانبده‌ین و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵه‌كان راستبكه‌ینه‌وه‌.

جه‌نگیز چاندار له‌ناو چوارچێوه‌ی‌ عیراق و هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌رۆڵ و پێگه‌ی‌ مام جه‌لال-دا، له‌مكاته‌ی‌ ئێستادا كه‌ ئه‌و له‌ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراقدا نه‌ماوه‌و دووركه‌وتۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ تاڵه‌بانی‌ یه‌كێكە له‌سیاسه‌تمه‌داره‌ گرنگ و كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌، له‌ناو مێشك و جه‌سته‌ی‌ خۆیدا هه‌موو زانیارییه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌و جیهانی‌ هه‌ڵگرتبوو، له‌ناو سیاسه‌تیشدا له‌ناوچه‌كه‌و جیهانیشدا سیاسه‌تێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یە، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایده‌كرد كه‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بوو، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزانه‌ی‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا بوونی‌ هه‌یه‌ به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ زیاتر قوڵبوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت تاڵه‌بانی‌ فێری‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووین كه‌ ئه‌زموونی‌ لێوه‌ربگرین و ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ین.

رۆژئاوای‌ كوردستان و ئاینده‌ی‌ سوریا
بارودۆخی‌ سوریاو رۆژئاوای‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و كێشه‌و ململانێكان تادێت په‌ره‌ده‌سێنێت، له‌ئێستاشدا قسه‌وباس له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی‌ هێنان به‌كێشه‌ی‌ سوریا بۆته‌ رۆژه‌ڤ و له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌شدا كورد رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌به‌ره‌نگاری‌ و به‌رخودان به‌رامبه‌ر به‌داعش و تیرۆرریستان، به‌ڵام له‌گفتوگۆو دانوسانه‌كانی‌ سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ سوریا به‌هۆی‌ ده‌ستتێوه‌ردانی‌ توركیاو وڵاتانی‌ تر، كورد خه‌ریكه‌ په‌راوێز ده‌خرێت، كه‌ دوا هه‌وڵیشیان بانگهێشتنه‌كردنیان بوو بۆ كۆنگره‌ی‌ ژنێف سێ‌ له‌سه‌ر داوای‌ توركیا، به‌ڵام گۆڕانكاری‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌كوردو په‌یه‌ده‌ له‌ئێستادا جێی‌ قسه‌كردنه‌.

جه‌نگیز چاندار له‌سه‌ر بارودۆخی‌ سوریاش قسه‌و راوبۆچوونی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌: سوریا شوێنێكی‌ تایبه‌ته‌و بۆته‌ جێگه‌ی‌ ململانێی‌ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك گۆڕه‌پانێكی‌ تۆپی‌ پێ‌ و تیپی‌ جۆراوجۆر به‌درێسی‌ خۆیانه‌وه‌ یاریده‌كه‌ن، تیپه‌كان له‌وڵاتی‌ تره‌وه‌ هاتوون و یاریگاكه‌ش سوریایه‌، شه‌ڕی‌ ته‌سفییه‌كردنی‌ تائیفی‌ و مه‌زهه‌بی‌ لایه‌نه‌كانه‌ و روسیاش دوای‌ یه‌كێـتی‌ سۆڤیه‌ت ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌و له‌بری‌ ئۆكرانیا سوریای‌ هه‌ڵبژاردووه‌و بۆئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، له‌ناو سوریاداو له‌به‌شێكی‌ ئه‌م وڵاته‌دا كورد ده‌ژین و كورده‌كانیش درێژكراوه‌ی‌ مێژوویی‌ و كه‌لتووری‌ پێكهاته‌یی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كورده‌كانی‌ توركیان، كورده‌كانی‌ سوریا له‌گه‌ڵ كوردی‌ عیراق و ئێران بران، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كورده‌كانی‌ توركیا زیاتر بران و ده‌توانم بڵێم له‌براش زیاترن و وه‌ك دوو برای‌ دوانه‌ وان، هه‌ربۆیه‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌م دوو به‌شه‌ی‌ كوردستان له‌سه‌ر یه‌كتری‌ زیاتره‌ له‌پارچه‌كانی‌ تر، چونكه‌ سنووری‌ توركیاو سوریا، جیاوازه‌ له‌سنووری‌ كوردانی‌ سوریا له‌گه‌ڵ كوردانی‌ ئێران و عیراق، بۆیه‌ هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌ك یان هه‌ر شتێكی‌ دیكه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتری‌ ده‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌بینرێت كورده‌كانی‌ عیراق له‌ 1991دا كردیان، واته‌ شوێنێكی‌ جیاوازیان بۆ خۆیان دروستكردووه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوودا ببێته‌ به‌شێك له‌فیدراڵیه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوریاو كانتۆنی‌ خۆیان دروستكردووه‌، به‌ڵام جیاوازی‌ له‌نێوان رۆژئاواو كوردستانی‌ عیراق هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی‌ نزیكی‌ پارته‌كانی‌ ئه‌وێ‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ زیاتر ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، بۆیه‌ توركیا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ و هه‌ر شتێكی‌ تر بۆی‌ بكرێت نه‌هێڵێت له‌وێش كورد شتێكی‌ جیاواز بكات، هه‌روه‌ها له‌ ێگه‌ی‌ ئه‌مریكاشه‌وه‌ فشار ده‌خات كه‌ نه‌هێڵێت شتێك بۆ كورد بكه‌ن و بۆیه‌ ئه‌ردۆغان راسته‌وخۆ هاوار ده‌كات و به‌ئه‌مریكا ده‌ڵێ‌ یان ئێمه‌ یان كوردانی‌ رۆژئاوا هه‌ڵبژێرن، ئه‌وله‌ویه‌تی‌ توركیا رێگه‌گرتنه‌ له‌دروستكردنی‌ پێكهاته‌ی‌ كوردی‌ و روسیاش ئه‌وله‌ویه‌تی‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌سه‌ده‌و ئه‌مریكاش له‌ناوبردنی‌ ئه‌سه‌د بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وایكردووه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ ته‌واو ئاڵۆزبێت.

سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكاری‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌كورد، چاندار رایگه‌یاند: ئه‌مریكا ئه‌وله‌ویه‌تی‌ له‌ناوبردنی‌ داعشه‌، نه‌ك له‌سوریا به‌ڵكو له‌عیراقیش، بۆیه‌ له‌رۆژئاواش شه‌ڕی‌ داعش كوردو یه‌په‌گه‌ ده‌یكات، بۆیه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ده‌گۆڕێت و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌مریكاش ئه‌وه‌ ده‌خوازێت، نوێنه‌ری‌ كوردو شه‌ڕی‌ توندیش به‌رامبه‌ر به‌داعش كورد ده‌یكات كه‌ په‌یه‌ده‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا پشتگیریی‌ ده‌كات، به‌جۆرێك له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانی‌ خۆی‌ كه‌ توركیایه‌ ئه‌مه‌ ده‌كات، بارودۆخی‌ ئێستاش ره‌گه‌زێكی‌ قوڵی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر له‌نێوان ئه‌مریكاو توركیا رێكه‌وتن نه‌كرێت كێشه‌كان قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، له‌ئێستادا دوژمنه‌كانی‌ هه‌ردولاش جیاوازه‌، هه‌موو دونیا ده‌زانێت كه‌ دوژمنی‌ توركیا له‌سوریا كورده‌كانه‌، كاتێك داعش كۆبانی‌ وێرانكرد توركیا له‌دووره‌وه‌ سه‌یری‌ ده‌كرد، توركیا بوونی‌ داعش له‌جه‌رابلوس به‌كێشه‌ نازانێت، به‌ڵام كاتێك كورد كۆبانێ‌ و گرێ‌ سپی‌ رزگاركردو هه‌وڵی‌ رێكخستنه‌وه‌یان داو هه‌وڵی‌ جه‌رابلوسیاندا توركیا قیامه‌تی‌ هه‌ستاندو به‌مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بینی‌.

كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ توركیاو باكوری‌ كوردستان
جه‌نگیز چاندار له‌دوایه‌مین ته‌وه‌ری‌ گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی‌ گه‌رماوگه‌رم تیشكی‌ خسته‌سه‌ر كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ توركیا، قه‌تڵوعامی‌ كوردانی‌ باكورو سیاسه‌تی‌ توركیا له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ چاندار وتی‌: به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ‌ رووداوی‌ جه‌رگبڕ له‌توركیا خه‌ریكه‌ رووده‌ده‌ن، هه‌ندێك شاره‌ كوردییه‌كان، وه‌ك ئامه‌د به‌هۆی‌ پێكدادانه‌كان خه‌ریكه‌ وێران ده‌بێت، كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌به‌هاری‌ ئه‌مساڵ شتی‌ خراپتر رووده‌دات، بۆیه‌ پێویستی‌ به‌پێشگیرییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابڕوات له‌توركیا ترسی‌ روودانی‌ كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی‌ بچووك ده‌كرێت، به‌گازی‌ كیمیایی‌ نا به‌ڵكو به‌قه‌تڵوعامكردنی‌ كوردان، بۆ رێگه‌گرتن له‌م بارودۆخه‌ ته‌نها رێگه‌چاره‌ی‌ ئاشتی‌ و دانوسانه‌، ئه‌گه‌ر كورد شكست بخوات توركیاش شكست ده‌خوات، ئه‌گه‌ر كورد سه‌ربكه‌ون توركیاش سه‌رده‌كه‌وێت و بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ش ئه‌مه‌ هه‌ر راسته‌، من متمانه‌م به‌كورد هه‌یه‌و ده‌توانن رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ بدۆزنه‌وه‌و ئێستا جیاواز له‌قۆناغه‌كانی‌ تر كورد ئه‌كته‌رێكی‌ ده‌ركه‌وتووتره‌و به‌شبه‌حاڵی‌ خۆم هاوكاری‌ پاڵپشتی‌ كوردانم له‌و رێگایانه‌ی‌ گرتویانه‌ته‌به‌ر.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket