riklam

عوسمان بانیمارانی: ده‌بێت خوێن و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌مان له‌به‌رچاوبێت

ی.ن.ک‌‌ 12:09 PM - 2016-02-02
.

.

عوسمان بانیمارانی: دەبێت پێش هەموو شتێك هەموومان خوێن و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەبەرچاو بێت و نەهێڵێین بەفیڕۆ بچێت
عوسمان بانیمارانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لەدیمانەیەكی تایبەتی بەرنامەی گەرماو گەرمی گەلی كوردستان دا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆبوونەوەی لاینە سیاسییەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی هەوڵێكی باشە بۆ ئەم بارودۆخەو پێویستە گۆڕەپانەكە بۆ پارتی چۆڵ نەكرێت، كە بەرەو لایەك بڕوات زۆربەمان بەدڵمان نەبێت، هەربۆیە ئێستا پارتی پێویستی بەدەستگرتنە نەك دووركەوتنەوە. پێمان باشه‌ له‌ کوردستانی نوێشدا ئه‌و دیمانه‌یه‌ بڵاوبکه‌ینه‌وه‌.

كێشەوگرفتەكانی هاووڵاتیان
پ: بۆچی تا ئێستا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیان و ژیان و گوزەرانیان بە هێند وەرناگرن و كێشەكانیان چارەسەر ناكەن؟.
 عوسمان بانیمارانی: دەبێت پێش هەموو شتێك هەموومان خوێن و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەبەرچاو بێت و نەهێڵێین بەفیڕۆ بچێت، كە ئێستا ئەوان لەبەردەم دڕندەترین تیرۆریستاندا بەرگری لەم نیشتیمانە دەكەن، هەموو ئەو هەوڵ و كۆبوونەوانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەدرێن هەر كەس و لایەنەنێك بەهەربیانوویەك خۆی لێبباتە دەرەوە خزمەت بە چارەسەركردنی كێشەكان ناكات و رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ تێكدانی بارودۆخی هەرێم و لەباربردنی ئەم ئەزموونەی كە هەمانە، راستە حكومەت كەمتەرخەم بووە، پلان و بەرنامەی نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە داراییەی كە بەرۆكی هەموو خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانی گرتووەو نەیتوانیوە بەباشی لەگەڵ قۆناغەكان و ژیانی خەڵكیدا بڕوات و بەرپرسیشە لە ژیانیان، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە ئێمە بەهۆی ئەم بارودۆخە نالەبارەی داراییەوە دۆخەكە هێندەی تر خراپتر بكەین..
پ: ئایا راگرتنی بارودۆخەكەو رێگەگرتن لە خراپكردنی بە چ شێوەیەك دەبێت؟
عوسمان بانیمارانی: لەماوەی رابردوودا بەشێك لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و كادرو جەماوەری حزبەكان پێیانوابووە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی شەراكەتی راستەقینە نەبووەو لایەنێكی سیاسی دیاریكراو قۆرغی هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كردووەو رێگەی بەشەراكەتی كەس نەداوەو لە بەڕێوەبردنیشدا شكستی هێناوەو نەیتوانیوە بە بەشێوەیەكی تەندروست بەڕێوەی ببات و ئەم بارودۆخە دروست بووە، ئەمە لەبری ئەوەی بێن دەستی بگرن و لەو شكستە دەریبێنن و رێگا راستەكەی نیشان بدەن، چونكە بیرمان نەچێت ئەم ئەزموونەو ئەم وڵاتە، هی هەمووانەو هی لایەنێكی دیاریكراو نییە، رۆحییەتی تۆڵەسەندنەوەو رووخاندن و لێك هەڵوەشاندنەوەی ئەم ئەزموونەو حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا خزمەت بە هیچ لایەكیمان ناكات، بۆیە پێویستە ئەگەر بەشێكی حزبەكان و خەڵكیش پێیانوایە لایەنێكی دیاریكراوو قۆرغی دەسەڵاتی كردووەو شكستی هێناوە، قسەی خۆیان و رای خۆیان لە كۆبوونەوەدا بە راشكاوی باس بكەن و خۆیان دوور نەخەنەوە.
كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ مەسعودبارزانی
پ: تاچه‌‌نده‌ کۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان له‌گه‌ڵ مه‌سعود به‌رزانی سه‌رکه‌وتووبو؟ وه‌ له‌ کۆبوونه‌وکه‌دا باس له‌ چی کراوه‌؟
عوسمان بانیمارانی: ئەو كۆبوونەوەیە دەرگایەكی كردەوە بۆ قسەكردن و گفتوگۆكردن، هەرچەندە بەشێك لە هاوڕێیانم رەنگە پێیان سەیر بێت كە من بۆچوونم لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە بەم شێوەیە بێت، لەبەر ئەوەی من پێموایە ئەم بارودۆخەی ئێستا لەگەڵ بارودۆخەكانی رابردوو جیاوازەو هەلومەرجەكەش جیاوازە، لەم سۆنگەیەوە بڕوام بەوە هەیە كە ئەم كۆبوونەوەیە دەرگایەكی باشی كردەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆبوونەوەكە سێ‌ خاڵی گرنگی تێدا وروژێنراوەو بڕیاری لەبارەوە دراوە، كە یەكێكیان تایبەتە بەوەی كە كورد نابێت لەم بارودۆخەی ناوچەكەو شەڕی جەمسەرەكان، نابێت ببێتە بەشێك یان جەمسەرێكی ئەو شەڕە، هەروەها قسەكردن لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و بڕیاردراوە كە كار بكرێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەربكرێت، نابێت لەم قۆناغەدا باس لە جیابوونەوەو زۆر شتی تر بكرێت، چونكە هەر وەك چۆن لە رابردوو یەكێتی مافی چارەی خۆنووسین و زۆر شتی تری لەبارەیەوە خستۆتەڕوو كە پێویستە بۆ ئەم مەسەلەیە ئامادەكاری تەواو بكرێت و تا ئەو كاتەی خۆمان بۆ ئەوە ئامادە دەكەین دەبێت پەیوەندی باشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەگەر جیاش بووینەوە ئەوا با بەخۆشی بێت و دوو دراوسێی باش بین بۆ یەكتری، خاڵی سێیەم دروستكردنی ئەو لیژنەیەی كە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم و نێوانی لایەنە سیاسییەكان، كە بێگومان ئەمەش هەنگاوێكی باشەو ئەوانەشی كە بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردووە لەمانە باشتریان بۆ نه‌ده‌کرا.
کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم
پ: بۆچوونی ئێوه‌ له‌باره‌ی کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ چۆنه‌؟
عوسمان بانیمارانی : سەرۆكی هەرێم لە رووی یاسایی و شەرعییەوە ماوەكەی بەسەرچووەو سەرۆكی هەرێم نەماوە ئێمە بیڵێین یان نەیڵێین ئەمە راستییە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەوەكراوە كە سیستمی وڵات سیستمی پەرلەمانیی بێت و پەرلەمان كارابكرێتەوەو كەس پەراوێز نەخرێت و پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكرێت، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی نەبوایە كەس قسەی لەسەر نه‌دەكرد، نەخێر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم هەیە بۆیە هەموومان باسی دەكەین و دەبێت پێكیشەوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین.

ڕیفراندۆم
پ: ئه‌مڕۆ به‌گشتی قسه‌وباسێکی زۆر له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌کرێت  و حزبێکیش ده‌یه‌وێت خۆیبکاته‌ خاوه‌نی ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌؟ .
عوسمان بانیمارانی: ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیش دیسان وەك كێشەكانی تر پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و كۆبوونەوەو رێككەوتنی لایەنەكان هەیە، بیریشمان نەچێت ئێمە لەماوەی پێشویش ریفراندۆممان كردووەو دەكرێت ئێستاش لەسەر پرسێكی وا چارەنووسسازو نیشتمانی كە مەسەلەیەكی هەموومانەو كەس بۆی نییە خاوەندارێتی بكات، وە ئەگەر حزبێكیش دەیەوێت بیكاتە بابەتێكی خۆی، ئەگەر واقیع و بارودۆخەكە گونجاو بێت ئەوا سەر دەگرێت و بۆ ئەوەش ئەگەر وابێت پێویستە هەوومان بۆ ئەمە خۆمان بكەینە شەریك، بۆ ئەمەش ئەگەر حزبێك خۆی كردۆتە خاوەنی هەموو ئەزموون و پرسەكانی ئەم وڵاتە ئێمە بچین لێی تێك بدەین باشە یان نەخێر هاوكار بین، ئێمە ئێستا ناتوانین مووچەی خەڵك بدەین،  ریفراندۆمی چی، ئێمە ئامادەسازیمان نەكردووە. بەڵام دیسان وەك لە پێشتر وتم ئەگەر رۆحی تۆڵەكردنەوەمان تێدا بێت هیچمان بۆ ناكرێت، یەكێتی زۆر غەدری لێكراوە بەتایبەتی پارتی غەدری لە یەكێتی كردووەو دەبێت پێی بوترێت، لەماوەی رابردوو یەكێتی لەگەڵ پارتی حكومەتی هەبووە، هەموو غەدرەكانی تەنانەت ئیهانەكردنیشی لەپارتی قبووڵكردووە، ئەمە تەنها لەبەر ئەم بارودۆخەو ئەزموونی وڵاتەكەمان یەكێتی رۆحی تۆڵەكردنەوەی نییە.
رۆڵ و پێگەی یەكێتی
پ: ئه‌مڕۆ ڕۆڵ و پێگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان چۆن ده‌بینیت و تاچه‌نده‌ کاریگه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌ زۆره‌کانی هه‌رێم؟
 عوسمان بانیمارانی: یەكێتی حزبێكی گەورەو خاوەن پێگەیە لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش، یەكێتی بەرپرسە لە رووبارێك خوێنی شەهیدەكانی، یەكێتی ئەو حزبەیە كە ژمارەی شەهیدەكانی هێندەی چەند حزبێكە لە كوردستان، یەكێتی لەم دۆخەو لە هیچ بارودۆخێكدا ناتوانێت بێدەنگ بێت و بێدەنگیش نییە، بیرمان نەچێت ئەم حزبە لەسەرجەم پرسەكانی ئەم وڵاتە یەكێتی رۆڵی هەبووەو هەیە، لەسەر پرسی نەوت و پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەم وڵاتەو پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداو دۆخی هەرێم ئەم حزبە قسەی خۆی هەبووەو رۆڵی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەناو ئەم هەموو رۆڵە میحوەرییەدا یەكێتی غەدری لێدەكرێت و قسەی ناڕەوای بەرامبەر دەكرێت، لەلایەن زۆریك لە حزبەكانەوە، بەڵام یەكێتی هەر دەیەوێت رۆڵی خۆی هەبێت و هەوڵی ئاشتەوایی بدات و تۆڵە لەكەس ناكاتەوە، گۆڕان غەدری لێدەكات و هەوڵی زۆریدا كە یەكێتی هەڵوەشێنێتەوە كەچی هەوڵی باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان دەدات كە بە باوەڕی من كارێكی باش دەكات، پارتی غەدری لێكردووە هەوڵی باشكردنی پەیوەندییەكانی دەدات لەگەڵی، ئەمە ئەگەر بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو نەبێت چی دەبێت، قسەیەكی تریش دەكرێت كە یەكێتی بۆ كۆمپانیای هاوبەش و پارەو زۆر شتی تریش قسەی لەسەر دەكرێت، ئێستا لەم وڵاتە پارە نییە خەڵك مووچەی نییە، خەڵك لە پۆست رادەكات، بۆچی یەكێتی بۆ ئەمانە بكات وە ئەو پرۆژانەشی كە پێشكەشی لایەنە سیاسییەكانی كردووە، سەیری بكەیت لە بەروەژەوەندی خۆی نییە وەك حزب، بەڵام ئەو بەرژەوەندی خەڵكی دەوێت، یەكێتی ئەو هێزەیە كە پارتی و گۆڕان و تەنانەت خەڵكەكەشی سزای دەدات، بەڵام هەر پەرۆشی ئەم بارودۆخەو ژیانی خەڵكە، لەسەر پرۆژەكەشی بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی پرۆژەی لەگەڵ گۆڕان و دوولایەنە سیاسییەكەدا هەیەو نە پاشگەزبووەتەوە نە پاشگەزیش دەبێتەوە، پێیوایە دەبێت سیستمی حوكمڕانی سیستمی پەرلەمانی بێت و كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر ببێت، بەڵام یەكێتی نایەوێت خۆی بەته‌نها ئەم كێشەیە چارەسەر بكات و دەبێت هەمووان بەشداربن لەچارەسەری كێشەكان، بۆیە من پێموایه‌  یه‌کێتی رۆڵی گەورەو یەكلاكەرەوەی هەیە، ئەگەر ئێستا یەكێتی هەر رۆڵێكی هەبێت بارودۆخ دەكەوێتە لایەكی ترەوە، بۆنموونە ئه‌گه‌ر  یه‌کێتی لە حكومەت بكشێتەوە ، ئه‌وا خەڵكی سلێمانی و هەولێر ده‌بێت بە پاسپۆرت سەردانی یەكیتری بكەن.

سازدانی: لەتیف حسێن / كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket