riklam

نەوزاد رەسوڵ: دەكرا سوود لەئەزموونی مام جەلال وەربگیرایە

چاوپێکەوتن 12:52 PM - 2015-12-17
.

.

پرسگەلی زۆر هەیە پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا قسەی لێبكەن، رەخنەی جددیان لەنەبوونی یەكدەنگیی و بارودۆخی هەرێمی كوردستان هەیە، پێیانوایە بەغدای دوای مام جەلال وەك جاران گەرموگوڕ نییە بۆ ئەندامانی پەرلەمان و كاربەدەستانی كورد لەحكومەت و دامودەزگانی بەغدا، رەخنەشیان هەیە لەناهەوسەنگی پەیوەندیی كوردو لایەنە لەگەڵ عیراقییەكان و وڵاتانی دەوروبەر.
نەوزاد رەسوڵ ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێیوابوو پێویست دەكات ژوورێك یان مەتبەخێكی سیاسی بكرێتەوە بۆ راوێژو قسەكردن لەسەر هەموو پرسە پەیوەندیدارەكان بەعیراق و نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەكانیش لەخۆبگرێت.
دیداری: كاوە عەزیز حەمە
+ لەدوای نەخۆشكەوتنی سەرۆک مام جەلال و تەواوبونی خولی رابردوو، هەستدەكرێت كورد لەبەغدا وەكجاران نییەو رۆڵی جاران ناگێڕێت، بەكورتی ئێوەش وەك ئەندامانی كورد لەپەرلەمانی عیراق لەراگەیاندن وەك پێویست دیارنین جێی گرنگی پێدان نین، ئەمە وایە؟
- دەتوانم بڵێم غیابی سەرۆک مام جەلال لەبەغدا نەك تەنها كاریگەری لەسەر لایەنە سیاسییە كوردییەكان جێهێشتوە لەپرۆسەی سیاسی عیراق، بەڵكو كاریگەری لەسەر لایەنە عیراقییەكانیش جێهێشتوە، بەئیعتیرافی هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەتایبەت كوتلەی مواتین بەسەرۆكایەتی بەڕێز عەممار حەكیم هەروەها كوتلەی تەحریری (سەدرییەكان) و تەنانەت كوتلەی دەوڵەتی قانون و لایەنەكانی دیكەی سیاسی لەپەرلەمانی عیراق و دامودەزگا تەنفیزییەكانی بەغدا، لەناوخۆی كوردستانیش برادەرانی پارتی و گۆڕان و یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی و هەموان پێیانوایە غیابی (مام) بووە مایەی ئەو هەموو ئاڵۆزییەی لەپرۆسەی سیاسی عیراق هەیە.
+ كەسی دیكە نییە بتوانێت رۆڵی مام جەلال بگێڕێت لەكوردستان؟
- پێموانییە، بەڵام دەكرا سوود لەئەزموون و تێڕوانین و تێگەیشتنەكانی مام جەلال وەربگیرایە، لەئێستادا لەكوردستان كەس نییە هەڵگری ئەو دونیابینیەی ئەو بێت، ببێتە چەتری كۆكەرەوەی لایەنەكان، لانی كەم لایەنە كوردستانییەكان.
+ دەوترێت ئەندامانی پەرلەمانی عیراق كۆبوونەوە ناكەن یان یەكتر نابینن مەگەر لەفڕۆكەخانە، رێوشوێنێك نییە بۆ هەماهەنگیی، یان بۆ راوێژكاریی و بڕیاردان، ئەمە وایە؟
- بەمشێوەیە نییە، دەتوانین بڵێن ئەو ناكۆكیانەی كە لەهەرێمی كوردستان هەبووە لەچەند ساڵی رابردوو كاریگەریی دروستكردووە لەسەر پەیوەندی و یەكڕیزیی یەكدەنگی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەبەغدا. یەكتر دەبینین، كۆبوونەوەش دەكرێت، راستە تائێستا هاوپەیمانییەك یان كوتلەیەكی كوردی یەكگرتوو نییە وەك لەخولی رابردوو هەبوو، بەڵام گفتوگۆو راوێژ لەنێوان هەر پێنج لایەنە سیاسییەكە هەیە، هاوكات جیاوازییش هەیە. تائێستا جیاوازییەك لەنێوان كورد لەپەرلەمانی عیراقدا نەبووەو روینەداوە لەسەر هەموو شتێك خۆشبەختانە كۆدەنگی هەبووە.
+ كورد ئەو قورساییەی جارانی ماوە؟
- کورد وەك جاران قورسایی نەماوە، ئەمەش پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەیە، یەكەمیان لەدوای مام جەلال ئەقلییەتی ئیدارەدانی سیاسەتی كورد لەبەغدا لاوازە ، دووەمیش لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەكەی بەڕێز عەبادی شیعەو سوننە بەبێ‌ رەزامەندی و رازیبوونی كورد رێككەوتن و چاوەڕێی كوردیان نەكرد، لەو كاتەوە كورد لاواز بەشداربوو، ئیدی ئەو لاوازییە تائێستا كاریگەرییەكەی ماوەو بەردەوامە.
+ ناكۆكییەكانی ئێستای هەرێم بەتایبەت لەپرسی كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێم و رێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمان كاریگەری بەسەر یەكدەنگی كورد جێهێشتوە؟
- دەتوانم بڵێم ئیحراجییەكی زۆری بۆ ئێمە دروستكردووە، بەبەڵگەی ئەوەی لەسەرتای دروستبوونی ئەو ناكۆكیانەی هەن، ئەو كارە نایاساییانەی روویانداوە بەتایبەتیش بەرامبەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەزیرەكانی گۆڕان كرا، حكومەتی عیراق و پەرلەمانی عیراق هاتنە دەنگ و لەسەفەری پێشوومان كە گەڕاینەوە بەغدا سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەیانێكی خوێندەوە تێیدا داوای چارەسەركردن و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كرد، تەنانەت سەرۆكی پەرلەمان هاتە هەولێرو سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كرد.
+ پێتواییە ئەو هەڵسوكەوتانەی هەولێرو ئەو بارودۆخە قانونی و شەرعییەی ئێستای دەسەڵات لەكوردستان وایكردووە بڵێن بەغدا كەوتە پێش كوردستان لەئاستی سیاسی و ئابووریی؟
- لەسەرەتاوە كاتێك وتیان ئەزموونی هەرێمی كوردستان بگوێزرێتەوە بەغداو ئەوان چاو لەئێمە بكەن، تێبینیم لەسەر ئەم قسەیە هەبوو، چونكە ئەزموونی هەرێم زۆر پێشكەوتوو نییە، ئەزموونێكە تا ئەم ساتەی ئێمە تێیدا قسەدەكەین تێبینی و رەخنەی زۆر هەڵدەگرێت و كەموكوڕی زۆری هەیە. لەساڵانی رابردوو باس لەوەدەكرا كە دیموكراسی لەعیراق بوونی نییە، یان دەوترا سەرۆك وەزیرانی پێشوو نوری مالكی تاكڕەوانە كاردەكات، بەڵام دەبینین لەخولی رابردوو مافی ئەوەی هەبوو دووبارە خۆی كاندید بكاتەوە كەچی لەبەرئەوەی كۆدەنگییەك هەبوو لەسەر ئەوەی دەستبەرداری دەسەڵات بێت و خۆی كاندید نەكاتەوە، ئەو خۆی كاندید نەكردەوەو ئاشتیانە دەسەڵات دەستاودەستكراو نوری مالكی ئاشتیانە پاشەكشەیكردو هەڵسوكەوتێكی وەك ئەوەی لەكوردستان روویدام لەبەغدا روینەدا، ئەمەش بەڵگەیە كە بارەدۆخی بەغدا لەهی ئێمە باشترە.
+ گۆڕانكاری گەورو خێرا لەناوچەكە بەڕێوەیە، ئایا كورد خۆی ئامادەكردووە؟ بەتایبەتی ماوە ماوە باسی دەوڵەتی كوردی گەرم دەبێت و دوایی بێدەنگی لێدەكرێت؟
- ناوچەكە دەكوڵێت و رووداوی یەك لەدوای یەك هەیە، وەك دەوترێت گۆڕانی گەورە بەسەر نەخشەی ناوچەكەدا دێت، نەك خۆمان ئامادەنەكردووە بەڵكو بۆ پرسە چارەنووسسازە هەستیارەكانیش ئامادەنین. ناكرێت دونیا لەگۆڕەپانێكی گەورەو خێرادا بێت و ناوچەكە لەبەردەم دووبارە داڕشتنەوەبێت، لەڕووی دیموكراسیی و ئالوگۆڕی دەسەڵات پاشەكشە بكەین. كاتێك ناوبانگ و سومعەی سیاسی خۆمان پاراست و پارێزگاریمان لێكرد مانای وایە لەخەمی ئایندەی خۆمانین و ئامادەین بۆ پێشهاتەكان، خۆ ئەگەر قسە لەسەر دەوڵەتی كوردی بكەین ئەوا دەبێت دیسان ئامادەبین و ئامادەكارییمان كردبێت.
ئەو ناتەبایی و نا یەكڕیزییەی لەكوردستان هەستی پێدەكرێت و ئەو رووداوانەی لەكوردستان روودەدات پێمان دەڵێت هێشتا ئامادەنین بۆ پێنانە قۆناغی نوێ‌ و ئامادەنین بۆ دەوڵەتی كوردستان، كەوایە نەك خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بەڵكو بۆ ماوەیەكی درێژی دیكە لەگەڵ عیراق دەمێنینەوە بەم هەموو كێشەو گرفتەوە.
+ هەماهەنگی نێوان وەزیرە كوردەكان یان كاربەدەستانی دیكەی كورد لەبەغدا لەگەڵ ئێوەی پەرلەمانتار هەیە بۆ گۆڕینەوەی تێگەیشتن و بۆچوون لەبارەی پرسە جیاوازەكان و ئاگاداربوونی بارودۆخ؟
- بەشێوەیەكی گشتیی ناڕێكوپێكی و پەرتەوازەیی لەئیشوكاری لایەنە سیاسییەكان و كاربەدەستانی كورد لەبەغدا هەیە، چ لەسەر ئاستی پەرلەمانی عیراق یان وەزیرو كاربەدەستانی دیكەی ناو حكومەت و دامودەزگا جیاوازەكان، نەخێر هەماهەنگیی و هاوكاریی نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا زۆر كەمەو لەسەر ئاستی حزبییە، بۆ نموونە دەتوانم بڵێم ئەو كاربەدەستانەی سەربەپارتی دیموكراتی كوردستانن رەنگە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی حزبەكەیان یەكتر ببینن، بەڵام لەسەر ئاستی كوتلەی كوردستانییەكان لەگەڵ وەزیرە بەڕێزەكان تائێستا هیچ دانیشتنی رەسمیی و كۆبوونەوەی دەوریی یان گفتوگۆی جددی یان گۆڕینەوەی بیروڕا نەبووە.
+ ئێوە یەكتر نابینن و یەكتر نابینن ئەی بۆ بڕیاردان ئیلهام لەكوێ‌ وەردەگرن بەتایبەت بۆ یەكدەنگیی لەپەرلەمانی عیراق؟
- بەداخەوە زۆرجار باسمكردووە كە پێویستە لەهەرێمی كوردستان ژوورێك یان كۆمیتەیەك یان مەتبەخێكی سیاسی هەبێت بۆ ئاراستەكردنی ئەندامانی كورد لەپەرلەمانی بەغدا یان حكومەتی بەغدا، چونكە جگە لەپەرلەمانتاران ژمارەیەكی زۆر كاربەدەستی كورد لەبەغدا هەیە، پێویستدەكات ژوورێكی سیاسی هەبێت و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تێیدا بەشداربن و بەردەوام چاودێریی و سەرپەرشتی ئەوانە بكات كە لەبەغدا كاردەكەن و راسپاردەیان پێبدەن و رێنماییان بكەن. تا ئەم لەحزەیە هیچ جۆرە پەیوەندییەك لەنێوان كاربەدەستانی كورد لەبەغداو هەرێمی كوردستان نییە، تەنها پەیوەندی پەلەمانتارو وەزیری حزبەكان لەنێوان خۆیاندا هەیە، ئێمە وەك كوتلەی یەكێتی پەیوەندییمان لەگەڵ دەستەی كارگێڕیی و بەڕێز مەلابەختیار هەیەو لەوێ‌ رێنمایی وەردەگرین و رادەگۆڕینەوە.
+ لەبەغدا كێ زاڵە بەسەر بڕیارو تێگەیشتنی سیاسەتی كورد، یان دەتوانین بڵێن تێگەیشتن و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری بەسەر كارو تێگەیشتنی ئێوەوە هەیە لەوێ‌؟
- بێگومان ئەمە كەموكوڕیی ئێمەیە، بەناچاری روودەكەینە حزبەكانی خۆمان و هەڵویستی حزبەكانی خۆمان كە لەگەڵ رووداوەكان دەردەبڕدرێت، بۆ نموونە، سیاسەتی رۆژی ئەوكاتی حزبەكەم خۆم دەبینم پیادەی دەكەم یان تەوجیهات لەسەرۆكی كوتلەكەم وەردەگرم و ئاراستەمان دەكات.
+ ئێمە لەگەڵ شیعەكان وەكجاران هاوپەیمان نین، ئەم ئاراستە گۆڕینە یان نەبوونی ستراتیژییەتە كاریگەری لەسەر سەنگایی كورد جێهێشتوەو چەندە كاریگەری لەسەر لۆبی كورد لەبەغدا دروستكردووە؟
- لەیەكێك لەپێناسەكانی سیاسەتدا دەڵێت سیاسەت بریتیە لەهونەری ئیدارەدان و راگرتنی هاوسەنگیی لەپەیوەندیدا. لەدوای نەخۆشیی مام جەلال سیاسەتكردن و پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق و وڵاتانی دراوسێ‌ هاوسەنگیی لەدەستداوە، نەمانتوانیوە هاوسەنگیی رابگرین، مام جەلال رۆڵێكی گرنگی دەبینی، پەیوەندییەكی زۆرباشمان لەگەڵ ئێران هەبوو، ئەمریكا پێی دەزانیی بەڵام نیگەران نەبوو، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا هەبوو بەڵام ئێران پێی نیگەران نەبوو چونكە پەیوەندییەكە مایەی مەترسی نەبوو بۆسەر لایەنی دیكە، یان لەناوخۆدا پەیوەندیمان لەگەڵ شیعە هەبوو بەڵام سوننەكان ئەم هاوپەیمانێتیەیان بەمەترسی نەدەزانی، بۆ شیعەكانیش بەهەمانشێوە..تد. بەڵام ئێستا كە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەیە، بەجۆرێكە ئێران لەم پەیوەندییە دەترسێت یان پەیوەندیمان لەگەڵ سوننە مایەی ترسی شیعەكانە.. هتد.
ئەمەی رابردوو بەهۆی ئەم هەوڵ و هونەرەی مام جەلال بوو لەئیدارەدانی سیاسەت و ململانێی لەناوخۆ و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا، لەئێستادا سەركردایەتی سیاسی لەكوردستان بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بەباڵادەست دەزانن دەبێ‌ ئەم هاوسەنگییە بگێڕنەوەو رەوشەكە ئارامبكەنەوەو رەوشەكە لەو لێڵییە دەرباز بكەن، نەك پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ببێتە هۆی هاتنی سوپای وڵاتانی دراوسێ‌ و دەستوەردان لەبارودۆخەكە.
+ بۆ نموونە توركیا سوپای هێناوەتە خاكی كوردستان؟
- بێگومان ئەمە زۆر خراپە، هەرێم سیاسەتی روون نییە، رەنگە ئێران لەم پەیوەندییەمان لەگەڵ توركیا نیگەران بێت و ترسی هەبێت.
+ هاتنی ئەم سوپایە چەندە رەنگدانەوەی خراپی دەبێت بەسەر بارودۆخی هەرێم و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو دونیا؟
- بەر لەهەموو شتێك سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕەسمی هاتنی ئەو سوپایەیان رەتكردۆتەوەو نیگەرانیی خۆیان دەربڕیووە، سەبارەت بەهەڵوێستی هەرێمی كوردستان پێموایە جگە لەپارتی چوار لایەنەكەی پەرلەمانی عیراق هاودەنگن لەسەر هاتنی ئەو هێزەی توركیا و پێیانوایە بەزاندنی سەروەریی خاكی كوردستان و عیراقە. بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە بۆبڕیاردان، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە رێگە بەهاتنی سوپای وڵاتێكی بێگانەبدات بۆ هاتنە خاكی كوردستان .
+ ئەم هێزە مەترسی بۆسەر هەرێمی كوردستان نییە، لەكاتێكدا سوپای توركیا لە 1997 بەشێك بووە لەململانێی ناوخۆی كوردستان و بەشداری شەڕی ناوخۆی كرد لەسەر داوای لایەنێك؟
- تاكە بیانووی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە شەڕی داعش و رزگاركردنی موسڵە، بەڵام دەپرسم كاتێك مەخمورو گوێر كەوتە دەست داعش و هەولێر مەترسی كەوتەسەر بۆ ئەو هێزە نەهات بۆ پاراستنی كوردستان و دورخستنەوەی داعش!؟ ئێستا لەكاتێكدا هێزی پێشمەرگە و عیراق بەهاوكاریی هاوپەیمانان داعشیان دوورخستۆتەوەو لەسەركەوتنی بەردەوامدان بۆچی توركیا سوپا دەهێنێتە كوردستان و چەكی قورسیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت؟
ئەمە لەلایەك گومان لای عیراق دروستدەكات بەهێنانی دەستی بێگانە لەلایەكی دیكە گومان لەلایەن پەكەكە دروستدەكات كە گەریلایان لەشنگال هەیەو شارەكە دەپارێزن و رەنگە ئەو مانایە بگەینێ‌ كە بۆ لێدانی پەكەكەو بەلاداخستنی ململانێی ناوخۆی كوردستان و ئەجێندای دیكەیە، رەنگە لایەنە سیاسیەكانی دیكەی باشووریش ئەو گومانە بكەن كە لەداهاتوودا ئەو هێزە ببێتە بەشێك لەململانێی ناوخۆیی كوردستان.

 

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket