حەوت ساڵە نووسەر و رووناكبیرێكی بەتوانامان لەدەستداوە
کوردستان 03:05 PM - 2025-12-16
PUKMEDIA
مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم
حەوت ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نووسەر و رووناكبیر و رۆژنامەنووسی بەتوانای گەلەكەمان مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم تێدەپەڕێت.
سەرلەبەیانی رۆژی 16ی 12ی 2018 یەكێك لەكۆڵەكەكانی میدیا و ئەدەب و رۆشنبیری كوردی و قەڵەمێكی بە ئەمەك و نووسەری لێهاتوو و زمانزان، مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و هەر لەسلێمانیش بەخاكسپێردرا.
مستەفا ساڵح كەریم كێیە؟
مستەفا ساڵح كەریم لە ساڵی 1933 لەدایك بووە، لە سەرەتای لاوییەوە چووەتە ریزی حزبی شیوعی عیراقەوە.
- لە مانگی 11ی ساڵی 1948 لە قۆناغی چوارەمی ئامادەیی بەشی زانستی لەسەر چالاكی سیاسی بۆ ماوەی ساڵێك فەسڵكراوە، دوای تەواوبوونی فەسڵەكەی بەپێی بڕیاری تەحقیقات – ئەمن لە ئامادەیی وەرنەگیراوەتەوە، لەبەرئەوە چووەتە – خانەی مامۆستایان- لە بەغدا.
-ساڵی 1951 لەلایەن تەحقیقاتی جینائیەوە لە بەغدا گیراوە.
- لە 4/6/1951 ئازادبووە بە كەفالەتی كەسی زامن، یان بەندكردنی بۆ ماوەی ساڵێك.
- دوای تەواوكردنی خوێندن بەپێی بەرزی نمرەكانی پاڵێوراو بووە بۆ چوونەدەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام تەحقیقاتی جینائی رێی پێنەداوە.
- لەبواری پەروەردەدا ماوەی 32 ساڵ مامۆستاو بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە لە قەڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتاو سلێمانی و فەلوجەو رومادی.
- ساڵی 1973 لە كۆرسی سەرپەرشتیارانی پەروەردە لە زانكۆی موستەنسریە بە سێیەمی عیراق دەرچووە.
- ساڵی 1963 دوای كودەتای بەعس گیراوەو ساڵ و نیوێك لە بەندیخانەی سلێمانی و مەوقیفی عام لە بەغداو مەوقیفی خلف السدەو مەوقیفی سەرای بەغداو مەوقیفی كەركوك تەوقیف بووە. پاشان دوای رووخانی بەعس دیسان هەر بە كەفالەتی كەسی زامن یان بە حەپسی ساڵێك ئازادبووە.
- لەژیانی مامۆستایەتیدا چەندینجار توشی دوورخستنەوە بووە چ لەناو پارێزگای سلێمانی و چ لەدەرەوەی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو بۆ رومادی دوورخرایەوەو سێ ساڵ لەوێ مایەوە.
- لەسەر هەڵوێستی بەرامبەر بەعس و قسەكردنی لەچەند كۆڕێكی ئەدەبی و پەروەردەییدا، ساڵی 1984 لە وەزیفە دوورخرایەوە، لەسەر داوای ئەمن دوور لەویستی خۆی خانەنشین كرا، دوای ئەوەش تا راپەڕین هەمیشە لەژێر فشارو گوشاری ئەمندا بوو.
-لەبواری ئەدەبیدا زیاتر لە نیو سەدە نووسيويەتی و هەمیشە قەڵەمی لەخزمەتی گەلدا بووە، چەندین بەرهەمی ئەدەبی بەچاپ گەیاندووە، لەبواری نووسین و چیرۆك نووسین و وەڕگێڕاندا بە كوردی و بە عەرەبی رۆڵی دیاری هەبووە.
بەرهەمەكانی:
1- زڕەی زنجیر/ چیرۆكێكی درێژە.
2- شەهیدانی قەڵای دمدم/ كۆمەڵە چیرۆكێكی كورتە، (چیرۆكی/ شەهیدانی قەڵای دمدم بەجیا سێ جار لەعیراق و لەئێران چاپكراوە.
3- پەتا سپیكە/ شانۆنامەیەكی چیكی-یە لەعەرەبییەوە كردوویەتی بە كوردی.
4- دایكی ئازادیخوازان/ كۆمەڵە چیرۆكێكی بیانییە لەعەرەبیەوە كردوونی بە كوردی.
5- رەشپۆشێكی جیهانی چوارەم/ كۆمەڵە چیرۆكێكی بەرەنگاربوونەوەیە، سێ جار چاپكراوە.
6- هونەری كورتەچیرۆك نووسین/ كۆمەڵە وتارێكی رەخنەگرە بیانییە بەناوبانگەكەكانە.
7- باخێك لەوشە/ ژیاننامەو لێكۆڵینەوەیەكی فراوانە لەسەر شاعیری گەورە پیرەمێرد.
8- رحلە الی بلاد الراین/ بەعەرەبی، دەربارەی گەشتێكی نووسەرە بۆ ئەڵمانیا ساڵی 2005.
9- الیوم الثالث/ بەعەرەبی: كۆمەڵێك وتاری ستونەكەیەتی كە لە (الاتحاد)دا بڵاوكراونەتەوە.
10- (ومیض الكلمات) بەعەرەبی، بەشی دووەمی وتارەكانی ستونەكەیەتی كە لە (الاتحاد)دا بڵاوبووەتەوە/ 2012.
11- یەكێتی نووسەرانی كورد.. رێبازو هەڵوێست/ 2012
12- بەهاوكاری لیژنەیەك لەنووسەران رۆڵی دیاری هەبووە لەساغكردنەوەو كۆكردنەوەی دیوانی پیرەمێرد كە بە سێ بەرگ لەلایەن دەزگای خاكەوە چاپكراون، هەروەها پەندەكانی پیرەمێرد كە بە دوو بەرگ لەسەر ئەركی كتێبخانەی سلێمانی چاپكراوە.
لەبواری رۆژنامەنووسیدا:
- سەرەتا وەك خۆبەخش دوو ساڵ لەڕۆژنامەی (ژین) كاریكردووە. بۆ یەكەمجار لەو رۆژنامەیەدا (ستونی رۆژنامەنووسی) داهێنا.
- بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەجیهانی رۆژنامەنووسی كوردیدا هەبوو لەنێوان 1963-1969 ئەو بەناوی قوتابخانەی شێخ مەحمودەوە گۆڤارێكی دەركردووە بە عەرەبی و بە كوردی بەناوی (رابەر - المرشد) خۆی سەرنووسەری بووەو گەلێك لە نووسەران و شاعیرانی وەك هەردی و كامەران و دیلان و محرم و شەونم و ئالانی هاوكارییان كردووە.
- دوای رێككەوتننامەی ئازاری 1970 بووە بە لێپرسراوی راگەیاندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، هەروەها دامەزرێنەرو یەكەم سكرتێری گۆڤاری (دەنگی مامۆستا) بووە كە بەپێشنیاری ئەو دەرچوو.
-لە كۆنگرەكانی مامۆستایان و ئەدیبان و لاواندا لە بەغداو شەقڵاوەو هەولێرو سلێمانی بەشداربووە.
- لە 1970-1974 لە چوار كۆنفراسی یەكێتی نووسەرانی كورد دا چوار جار بە سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی نووسەران هەڵبژێردراوەو ساڵی 1978 دوای گەڕانەوەی لە رومادی بە سەرۆكی لق هەڵبژێردراوەو بەشداری لەهەموو چالاكییەكانی یەكێتی نووسەرانی كورد دا لە سلێمانی و بەغداو كەركوك و هەولێرو لە سەری رەش و سەڵاحەدین و دهۆك كردووە.
- وەك رووناكبیرێكی سەربەخۆ لەسەر خواستی شەهید دارا تۆفیق كرا بە لێپرسراوی مەكتەبی رۆژنامەی (التاخی) لە سلێمانی 1971-1974
- ساڵی 1974 وەك ئەدیبێكی سەربەخۆی خاوەن هەڵویست چووەتە ریزی شۆڕشی ئەیلولەوە، بە پێشنیاری شەهید دارا تۆفیق و پشتیوانی هەژاری موكریانی و د.كەمال مەزهەر كراوە بە بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردستانی عیراق.
-لەدوای راپەڕینەوە لە (كوردستانی نوێ) و لە (الاتحاد) كاریكردووە، لە 2000 جێگری سەرنووسەری الاتحاد بووەو لێپرسراوی نوسینگەی (الاتحاد) بووە لە سلێمانی، لە 1998ـەوە ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و دوا پۆستیشی یاریدەدەری لێپرسراومەكتەبی ناوەندی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بووە .
- لەساڵی 2001 تا 2011 لە كۆنگرەیەكی سلێمانی و دوو كۆنگرەی هەولێردا بە جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان هەڵبژێردراوە، لە كۆنگرەی سێیەم 2011 خۆی نەپاڵاوتەوە.
-لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە (لەندەن) 2002 بەشداربووە.
- بەشداریكردووە لە كۆنگرەی رووناكبیرانی عیراق لە (لەندەن) 2002.
- لە كۆنگرەی بیست و پێنجەمینی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە ئەسینا 2004 و كۆنگرەی 26 لە مۆسكۆ 2007 و كۆنگرەی 27 لەگادیز لە ئیسپانیا 2010 بەشداریكردووە، هەروەها لەیادی 100 ساڵەی رۆژنامەنووسی كوردیدا یەكێكبووە لەو چوار كەسەی كە نوێنەری كوردستان بوون لە میهرەجانی مۆسكۆ ساڵی 1998.
- بەداوەتنامەی مەڵبەندی رووناكبیری كوردیی لە بۆن ساڵی 2005 بەشداری گەلێك چالاكی رووناكبیری و رۆژنامەنووسی كردووە لە ئەڵمانیا.
- بەشداری میهرجانی بەدرخانی كردووە ساڵی 2011 لە پاریس و ساڵی 2012 لە جۆرجیا.
- جارێكی تریش ساڵی 2010 بە داوەتنامەی مەڵبەندی كلتوری كورد لە بەرلین بەیاوەری وەفدێك لە ئەدیبان چووە بۆ ئەو وڵاتە.
- ساڵی 2006 بەشداریكردووە لە ئاهەنگی رێزلێنان لە رۆژنامەنووسی ئێرانی زیندانی، ئەكبەری لە تاران دوای ئازادبوونی.
- ساڵانی 2004، 2006، 2009، بەشداری لە وۆركشۆپەكانی یەكێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی كردووە لە عەممان و قاهیرەو هەولێرو بەغدا.
- ساڵی 2012 بەشداری ئەم چالاكییانەی لە بەغدا كردووە:
ا- رێزلێنانی محەمەدی مەلا كەریم.
ب- میهرەجانی رووناكبیری كوردی-عەرەبی.
ج-كۆنگرەی ئاشتبوونەوەو لێبوردن.
د- رێزلێنانی د.عزالدین مستەفا.
- ئەیلولی 2012 بەشداریكردووە لە میهرەجانی رووناكبیری هاوبەشی نووسەرانی عیراق و بنكەی گەلاوێژ لە شاری (بەسرە).
مستەفا ساڵح كەریم دواین پۆستیشی یاریدەدەری لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:عیراق موچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی رابردوو بنێرێت
04:40 PM - 2026-01-14 -
ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاو کرایەوە
04:29 PM - 2026-01-14 -
فراكسیۆنەکانی پەرلەمانی فەرەنسا بۆ ماکرۆن: لە حەلەب تاوانی جەنگ ئەنجامدراوە
03:45 PM - 2026-01-14 -
وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی خوێندنی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکان کەمکردەوە
03:21 PM - 2026-01-14
ئەمانەش ببینە
كەمئەندامان بێ نەوتن و داوای هاوكاری دەكەن
11:28 AM - 2026-01-15
ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرزدەبێتەوە
10:01 AM - 2026-01-15
سیناتۆری کۆمارییەکان: هەر جوڵەیەک دژی کورد کاردانەوەی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە
07:46 PM - 2026-01-14
د.یوسف گۆران: یەکێتی مەبەستی زامنکردنی مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانە
06:10 PM - 2026-01-14
زۆرترین خوێنراو
-
كەریم كابان، پیاوێک لە پەڕەی گوڵ
بیروڕا 02:27 PM - 2026-01-14 -
جیهان لەژێر رەحمی سەودا و مامەڵەی زلهێزەكاندا
بیروڕا 02:07 PM - 2026-01-14 -
حکومەتی سوریا چەکداری زیاتر رەوانەی دێر حافر دەکات
کوردستان 01:56 PM - 2026-01-14 -
كورسييهك و 81 بهربژێر
بیروڕا 01:50 PM - 2026-01-14 -
تەواری شەهید
بیروڕا 12:14 PM - 2026-01-14 -
بەراورد بە ساڵى رابردوو نرخى زێڕ دوو هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە
کوردستان 12:08 PM - 2026-01-14 -
بەڕێوەبەری خۆراک: کێشەی راگرتنی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان چارەسەرکرا
کوردستان 11:00 AM - 2026-01-14 -
زۆرترین رێژەی بارانبارین لەسلێمانی بووە
کوردستان 10:28 AM - 2026-01-14



.jpg)

.jpg)

دابەزێنە

