riklam

نوكتەكانی مام جەلال

بیروڕا 10:22 AM - 2025-12-01
کاروان ئەنوەر PUKMEDIA

کاروان ئەنوەر

بیروڕا

وتم جەنابی مام جەلال ئاگادارن چەندە نوکتە لەسەر ئێوە کراوە؟
وتی بەڵێ ئاگادارم، راتدەسپێرم چی نوکتە لەسەر من هەیە بە کوردی و عەرەبی، هەمووم بۆ کۆبکەیتەوە و لە دانیشتنی داھاتووماندا بۆم بهێنیت.

ئەم قسانەی من و مام جەلال بە ئامادەبوونی زیاتر لە بیست میدیاکار و رۆژنامەنووسی یەکێتی بوو، لە دەباشان لە ماڵی مام جەلال.
هاوینی ساڵی 2012 بوو، میوانی مام بووین لە ماڵی خۆی لە دەباشان، كۆمەڵێك نوكتەی زۆر خۆش و سیاسیی بۆ كردین و دنیای سیاسەتی بەستەوە بە رەنگدانەوەی رای شەقام لە نوكتە و قسەی خۆش و هەندێك جار بەند و بالۆرەی سەرزاری خەڵك.
جەنابی مام باسی بەشێكی بۆ كردین، كە لە دەزگا هەواڵگرییەكانی سەدام حسێندا هەبووە، كاریان تەنها دروستكردنی نوكتە و بڵاوكردنەوەی بووە لەناو شەقامی عیراقیدا، بە نموونە ئەو نوكتانەی لەسەر كورد دروست دەكران، هەموو نوكتەی سیاسیی رەش بوون.

 هەندێك جاریش هەواڵگریی بەعس نوكتەیان لەسەر سەرانی رژێمی عیراق جگە لە سەدام حسێن بڵاودەكردەوە، مام جەلال جۆری نوكتەكانی بۆ باسكردین كە هەندێك نوكتە هەیە، سیاسەت تێیدا رەنگدەداتەوە، هەندێكی تریان نوكتەی ئاسایین، نیەتی خراپیان نيیە، وەک ئەو نوکتانەی لەسەر من دەکرێن، زۆر ئاساییانە لە شەقامەوە بۆ شەقام دروستكراون.

دانیشتن لەگەڵ مام، بۆ ئێمەی میدیاكار یەك پارچە رێنمایی و زانیاری و بەرچاوڕوونی بوو لەسەر كۆی باس و رووداوەكان، تەنها پەیوەست نەبوو بە سیاسەت و حزبایەتی، بەڵكو زۆرجار باسی چیرۆك و رۆمان و زمان و بێ بارانی و بەنداوەكان و گوڵ و درەخت و مێژوو و جوگرافیای كوردستانی بۆ دەكردین.

 مانگانە لەگەڵ ئێمەی میدیاكار كۆدەبووەوە، تەنانەت لەو كات و ساتانەشدا كە پشێوی و شەڕوشۆڕ هەبوو، كۆبوونەوەكانی مام هەر بەردەوام دەبوون.

وا بزانم زیاتر لە دوو مانگ من خەریكی كۆكردنەوەی ئەو نوكتە و بەسەرهاتانە بووم، كە لە شەقامی كوردستان و عیراقدا لەسەر مام جەلال دەوتران و دەوترانەوە، هەموو بابەتەكانم بۆ تایپ كرد و بە فۆنتێكی گەورە، ئەوەی كوردستان بە زمانی كوردی و ئەوەی شەقامی عیراقیش بە زمانی عەرەبی (هەردوو جۆرەكە الفصحی و العامیة) بۆم ئامادە كرد.

لە دوایین دیداری ئێمەدا، كە چەند رۆژێك پێش نەخۆشكەوتنیان بوو، لە دەباشان یەكترمان بینییەوە، پێم وت، مامە گیان ئەو شتانەی داوات كردبوو هەموویم بۆ ئامادە كردوویت بە كوردی و عەرەبی، ئەوەتا بۆم هێناویت، بە گەورەییەكەی خۆی زۆر سوپاسی كردم و وتی: (ماكۆك) ئەو نووسراوانە وەربگرە.

جگە لە مام جەلال، هیچ سەركردەیەكی كورد ناناسم توانیبێتی شەقام بە هەموو جۆرەكانییەوە بخوێنێتەوە و بناسێتەوە، تەنانەت لە نوكتە و گاڵتە و گەپەكانی خەڵكەوە رای گشتی بۆ ئاشكراتر دەبوو.

 مەبەستم لەم گۆشەیەی ئەمجارەم ئەوەیە، پیاوی گەورەی راستەقینە حەز دەكات بزانێت لەناو خەڵكدا چۆن باس دەكرێت؟ ئەگەر رەخنەیەكیشی ئاڕاستە بكرێت، خەڵكی لەسەر ناكوژێت و لە دڵی ناگرێت، بەڵام سەركردەی بودەڵە و ترسنۆك لەبەردەم رەخنەكانی میللەتدا دەڕوخێن و ئاڵای سپی هەڵدەكەن، بە نموونە لە عیراقی پێش ئازادیدا بە هەزاران كەس لە سێدارە دران تەنها لەبەرئەوەی نوكتەیەكیان لەسەر (سەدام حسێن) یان رژێمەكەی كردبوو.
ئەمەش لە سیگۆشەی خڕ دەچێت

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket